هەوڵەکانی پارتی و یەکێتی بۆ رێکەوتنی تر، لە چ هەلومەرجێکی تازەدا دەچێتە پێشەوە؟

عەبدوڵا مەحمود
  2023-01-26     363

گرژییەکانی نێوان پارتی و یەکیتی لەسەر دەسەڵات و هێشتنەوەی هەیمەنەی حزبیان بەسەر هەرێمدا درێژەی هەیە، هاوکات هەندێک هەوڵی ناچاری هەن بۆ خاوکردنەوەو کەم کردنەوەیان. هۆکاری بوونی هەوڵی ناچاری بۆ خاوکرنەوەو تەنانەت رێکەوتنێکی تر لە نێوان پارتی و یەکێتیدا، پەیوەندی بە ئاینندەی پارتی و یەکێتی و سەرجەم دۆخی سیاسی هەرێمی کورستان و ئاینندە سیاسیەکەیەوە هەیە.

گۆرانکارییە جیهانی و ناوچەییەکان، کاریگەریان لەسەر دۆخی عێراق و هاوکات کوردستان هەیە، دیارە دۆخی عیراقیش کاریگەری لەسەر سیاسەت و پرۆژە جیهانی و ناوچەییەکان، دەبێت و لەو نێوەشدا ئەوە هەرێمە دوبارە کاریگەری لەسەر دەبێت، بەڵام خودی دەسەڵاتی سیاسی و جغرافیای هەرێم بەهۆکاری ئەوەی وابەستە بەدەسەڵاتی ناوەند و دنیاو ناوچەکەش مامەڵەی فەرمی لەگەڵ عێراق دەکەن، کاریگەری جدی لەسەر هیچ جێگاو شوێنێک نییە... بۆیە ئەوە هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتە سیاسیەکەیەتی کە هەمیشە لەچاوەرونیدایەو ئاڵوگۆرەکان دەتوانن، کاریگەری لەسەر دابنێن و ئەوان تەنها دەتوانن پرۆژەی خۆ گونجاندن و مانەوە پەیڕەو بکەن.

لە ئاستی ناوچەکەدا بەوهۆیەیەوە کە ناوچەکە چیتر قەڵەمرەوی و گۆرەپانی باڵادەستی ئەمریکاو غەرب نییە بەتەنها، و روسیا بۆتە کاراکتەرێکی دیار لەناوچەکەدا، ئەوە وای کردووە کە ئاڵوگۆرێکی بەرجەستە لە هاوسەنگی هێزە ناوچییەکانێشدا پێک بێت و وڵاتەکانی ناوچەکەش ببنە کاراکتەری ئاڵوگۆڕ و چەقی ململانێی زل هیزەکان لەسەریان. لەو نێوەدا دەوڵەتی توکیا سەرباری گرفتە قوڵە ئابوری و سیاسیی و ئەمنی و  ئەزمەی حکومەتی لە ئاستی ناوخۆدا، بەڵام بەکەڵک وەرگرتن لە ناکۆکی و ململانیی قوتبە جیهانیەکان لەناوچەکەدا، بەتایبەتی لە کێبەرکێی نێوان ئەمریکا و روسیا، و دۆخی جەنگ لە ئۆکرانیادا، توانیویەتی وەکو بلۆکێکی بەهێز دەربکەوێت و دەستێوەردانەکانی بەشێوەی بەرجەستەو حاشاهەڵنەگر زیاد بکات. هێرشە بەردەوامەکانی لەسەر لەسنورەکانی عێراق بە پاساوی پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ تا دەگاتە گوشار خستنە سەر دەوڵەتی عێراق بە هاوکاریکردن و گوشارهێنانی بەوەی جێگەو رێگەی تورکیا و هیزە سیاسیە وابەستەکانی، لە پرۆسیسی سیاسی عێراقدا زۆرتر بکات، تا دەگاتە پەرەدان و فراوانکردنەوەی دەستێوردانەکانی لە کوردستانی سوریا و هەوڵی بۆ نزیک بوونەوەی لەگەڵ ئەسەدا، وەکو سەرەتایەک بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخی سیاسی لە کوردستانی سوریادا. هاوکات ئەو ئاڵوگۆرەی لە ئیراندا بەڕێوەیەو ئەو بزوتنەوە و راپەڕینە شۆرشگێرانەیەی چەندین مانگە شانۆی سیاسی ئیرانی داگرتووە، توانستی ئیران و دەستێوەردانەکانی سنوردار دەکات. لەو نێوەدا دەوڵەتی تورکیا چاوی لەوەیە ئەو بۆشاییەی بەهۆی کەم بوونەوەی رۆڵی ئێران دێتە پیش پڕ بکاتەوە و ببیتە هێز و بلۆکی باڵادەست لە ناوچەکەدا.

جیا لەو ئاڵوگۆرەی لە هاوسەنگی ئیران و تورکیا لەناوچەکدا بەڕێوەیە بەسودی دەوڵەتی تورکیا، گوشارەکانی دەوڵەتی ئیران لەسەر عیراق بە پاساوی پاراستنی سنورەکانی بۆ رێگەگرتن لە دزەکردنی هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی بەوەی ناوچە سنوریەکان درز بڕ بکات و ئاسایشەکەی بەدەستەوە بگرێت، ئەوە دیسان کاریگەری لەسەر دۆخی هەرێم دەبێت و دەستی هیزەکانی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم نەک هەر کورت دەکاتەوە بەڵگو ئیرادەی سیاسییان هێندەی تر لەقاڵب دەدات.

دەسەڵاتی ناوەندیش لە عێراقدا، بەلەبەرچاوگرتنی نەبوونی کارتی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و حقوقی هەرێم، بەدەست هیزە سیاسیەکانی بۆرژوازی کوردەوە، هەژموونی خۆی لە رێگا و بەئامانجی قوتبی کردنەوەی دەسەڵاتی لەسەر ئاستی عیراقدا، دەباتە پێشەوە. عێراق پرسی نەوت و غازی وەکو کارت و دۆسیەیەکی یاسایی لەبەرامبەر دابینکردنی بودجەی هەرێم!! دا، بەدەستەوە گرتووە، واتە دەسەڵاتی ناوەندی پرسی رادەستکردنی داهاتی نەوت و غاز و تەنانەت داهاتە ناوخۆیەکانی هەرێمی کوردستانی کردۆتە مەرج بۆ ناردنی موچە و بودجەی هەرێم!!.

هەموو ئەو ئاڵوگۆرانە، بە زیانی ئاییندەی سیاسی هەرێم!! و دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردە. لەو نێوەدا دەسەڵاتی سیاسی هەرێم هیچ بژاردە و هیچ پرۆژە یان نەخشەیەکی سیاسی دیاریکراو و رۆشنی نییە. وە مەوقعیەتەکەی لە هیچ روویەکەوە لەو ئاستەدا نییە، بتوانێت ببێتە یاریزانێکی جوڵاو لەناو ئەو ئاڵوگۆرانەدا، بۆیە ناچارە وەکو هەمیشە لە لەلایەکەوە لە چاوەروانیدا بمێنێتەوە و لەلایەکی تریشەوە خۆی بە لایەکی ناو یاریزانەکانی ناوچەکە هەڵبواسێت. لەو نێوەدا دەسەلاتی بۆرژوازی کورد جگە لە خۆبەستنەوە و خۆ گرێدانەوە بە دەسەڵاتی گەندەڵ و فشەڵی بەغداوە،  هیچ رێگاو دەروازیەکی تر و پرۆژەیەکی تری نییە.

جیا لەوەی کە پارتی و یەكێتی لە جەرگەی ئاڵوگۆرەکانی ئێستای ناوچەکەدا، هیچ پرۆژەو ئاسۆیەکیان نییە، لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش، دەرگیری سەرەکیترین گرفتن، کە پشتی ئەوانی خاڵی هێشتۆتەوە. دەسەڵاتی پارتی و یەكیتی و هاوبەشەکانیان، نەک هیچ متمانەیەکیان لای زوربەی هەرەزۆری خەڵکی کوردستان نەماوە، بەڵکو رووبەروون لەگەڵ تورەییەکی قوڵی جەماوەری و زیاتر لەوەش خەڵکی هەرێمی کوردستان، خوازیاری کۆتایهینان بەو دەسەڵاتەن، کە بۆتە مۆتەکەیەکی قێزەون بەسەر ژیان و گوزەران و ئاینندەی سیاسیانەوە. وە هەموو تاڵە داوەکانی دروستکردنەوەی متمانەش لەوە لاوازترن جارێکی تر بتوانن متمانەی ئەم دەسەڵاتە بۆ خەڵک بگێڕنەوە. تەنانەت فایلی هەرەشەی دەرەکیش لەسەر هەرێم، کە هەمیشە دەسەڵات بۆ ترساندنی خەڵک بەدەستیەوە گرتووە، کەس ناجوڵێنی. هاوکات ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی کورد، لەوە لاوازترو بەپێی کارنامەیەکیش کە خستوەیەتە روو، زۆر لەوە بودەوڵە ترە، کە هەم پرۆژەی جیاوازو ئاسۆی جیاوازی لەسەر پرسە بنەرەتیەکان لەگەڵ دەسەلات هەبێت و هەم بتوانێت جەماوەری نارازی لەدەسەڵات لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە. 

ئەمریکاو غەربیش، وەکو جاران و پێشوو لە پێگەی پارتی و یەکێتی و دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد ناڕوانن و پشتیوانی ناکەن، بەڵکو کارێکی سەرەکیان بە بوونی ئەوان نەماوە. زۆرتر مامەڵەکردنیان لەگەڵ بەغدا و لەوەش گرنگتر دەسەڵات لەوێ بۆ گرنگە و هەوڵیان ئەوەیە وەکو دۆستی خۆیان بیهێڵنەوەو هیندەی بکرێت لە ژیڕ هەژموونی ئیران دوری بخەنەوە و رۆڵی روسیاو چینیش بۆ کەڵک وەرگرتن لە عیراق، کەنار بخەن و ڕیگری لێ بکەن.

هەوڵەکانی پارتی و یەكیتی بۆ دەرچوون لەو ئەزمەو بێ ئاسۆییە، و لەو نێوەدا ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانیان، تا رادەی دەست بەکاربوون بۆ ئیمزاکردنی رێکەوتنی ستراتیجی نوێ، دەبێ لەدڵی ئەو ئاڵوگۆرو ئەوزاعە تازەیەدا تەماشا بکرێت.

هەروەها ئاڵوگۆر لە تەلاری رێکخراوەیی هەردوو حزبیشدا، فاکتەرێکی نوێیە بۆ مامەڵەی نوێ لەگەڵ یەکتری... یەکێتی بەدوای کۆنگرەی چوارەوە یەکێتیەکی تازەیەو رایەڵ و تاڵەکانی بە یەکێتی پێشووەوە، میراتێکی میژووی دیاریکراوە بۆ مانەوە وەکو ژمارەی شەهید و داستان و جەنگی دەسەڵات، بەڵام دابرانێکی سەرەکی لەگەڵ خودی یەکێتی پێشوو هەیە. بۆ پارتیش بەهەمان شیوە، بەدوای دوا کۆنگرەوە، پارتی لەهەلومەجیکی راگوزەردایە... چۆن یەكێتی دوای تاڵەبانی، یەکێتیەکی ترەو و بەهەمان شیوە پارتی دوای کۆنگرە، پارتی، دوای مەسعود بارزانییە...

گوشارەکانی یەکێتی بۆ سەر پارتی و لەژێر ناوی راستکردنەوەی ڕێڕەوی چەوتی حکومرانی و راستکردنەوە ناو هاوسەنگی  دەسەڵات و نەرمی و ئامادەیی پارتی بۆ وەڵامدانەوە بە خواستەکانی یەکێتی، ریشەیان لەو ئاڵوگۆر و هەرەشانەدایە کە لەسەر دەسەڵاتیان هەیەو دەیانەوێت توانایەکی بەرگری کارانە بۆ مانەوەیان بەدەستەوە بگرن. لەناو ئەو هەرەشە هەمەلایەنە جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆیەدا، پرسی بنبەست لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و گۆڕانی قیبلەیان بۆ بەغدا و بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و نەمانی هیچ دەروازەیەک بۆ خاوکردنەوەی نارەزایەتی جەماوەری... گرفتە هەرە بناغەیی بەردەم پارتی و یەکێتین.

پارتی و یەكیتی دەتوانن، لە ئاستی هەرێمدا ڕیکەوتنامە تەنانەت ریکەوتنی ستراتیجی تریش مۆر بکەن، بەڵام ناتوانن ناکۆکیەکانیان کۆتایی پێ بهێنن، چونکە پایەکی سەرەکی هیشتنەوەی هەیمەنەی خۆیان بەسەر ئەو هێزەی لەگەڵیانە، دەستگرتنە بە بەشێک لە ناکۆکییە کۆن و میژوویەکان و بەشێک لە ناکۆکی بەردەوامی ئێستایی. ڕیکەوتنی ستراتیجیش یان هەر ڕیکەوتنێکی تر بۆ پارتی و یەكیتی، دابەشکردنەوەی دوبارەی بودجەو دەست بەسەراگرتنی داهات و پۆست و بەفەرمی ناسینی پیگەی حزبییە بەسەر زۆنەکاندا، لەگەڵ داننانیان بە بەحکومەت و پەرلەمانی کارتۆنیدا، بۆ شێواندنی رای گشتی ناوخۆ و دەرەوە. وە ئەو راستیە دەزانن کە چارەنووسی سیاسیان بەندە بە یەکتریەوە. ئەمڕۆ بەوە گەیشتون، کە مانەوەی هەر کامیان و هەر زۆنێک بەندە بەمانەوەی هەردوولایان، لەدڵی هەلومەرجی ئیستادا. هیچ لایەکیان بەتەنها شانسی گەرانەوە و خۆبەستنەوەی بەغداوەی نییە، و هیچ کامیشان بەتەنها ناتوانن وەڵام بەداواو ویستەکانی نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان هەرەشە بەردەوامەکانیان بدەنەوە، بۆیە ناچارن چوارچێوەیەکی تر بە ڕیکەوتن و ململانێکانیان بدەن... ئەو هەوڵانەی ئیستای هەردوولا بۆ ڕیکەوتن، هەوڵی پاراستنی دەسەڵات و مانەوەیە، لە جەرگەی هەلومەرجی ئێستادا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×