پەرلەمانی عێراق و دەنگدان بەپرۆژەی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر مناڵان!

عەبدوڵا مەحمود
  2025-02-04     173

٢١ مانگی رابردوو، پەرلەمان عێراق، لەیەک کاتتدا دەنگی لەسەر سێ پڕۆژە یاسادا... واتە سێ یاسای کرد بە پاکیجێک و لە دەنگدانێکی مێژووییدا!! هەر سێ یاساکەی پەسەند کرد. ئەو سێ یاسایە پێکهاتبوون لە پرۆژە یاسای لێبوردنی گشتی، پڕۆژە یاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان، پرۆە یاسای باری کەسێتی ١٨٨ ساڵی ١٩٥٩. 

ئەوەی جێگای گاڵتەجارییە، پەسەندکردنی هەمواری یاسای باری کەسێتی لەبەرامبەر بە پەسەندکردنی دوو پرۆژە یاساکەی تردا بوو، یاسای لێبوردنی گشتی و گێرانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان لەوانە کورد و تورکمان.

سەرەتا هێنانی سێ پرۆژە یاساو کردنی بە پاکیجێک و مامەڵەو سازانی فراکسیۆنەکان لەسەری کە هەرسێ پرۆژەکە بەیەکەوە و بەیەک دەنگدان پەسەند بکرێن، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پرۆژە یاسای هەمواری یاسای باری کەسێتی و پرۆە یاسای ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی "کە زوربەیان تۆمەتبار"ن، هێندە نائینسانی و کۆنەپەرستانەو وەحشیانەن، تەنانەت پەرلەمان بەو کۆنەپەرستییەی خۆی ناتوانێت هیچ کامێکیان بەجیا بخاتە دەنگدانەوەو دەنگ بهێنێت، بۆیە پەنایان بۆ ڕێکەوتنی سیاسی بردووە، کە هەرکام لە فراکسیۆنەکان لە پێناو پرۆژە یاسای دڵخوازی خۆیدا، سازش بکات و چاو لەو تاوانکارییە بپۆشێت کە لە پرۆژەکانی تردا هەیە. لەو نێوەدا پرۆژە یاسای هەمواری باری کەسێتی کە ماف دەدات بەسەرۆک هۆز و خێڵەکان و پیاوانی هەوسباز لەدەرەوەی دادگا، پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجام بدەن و لەوەش مەترسیدار تر و دڕندانە تر، بە یاساییکردنی زەواجی مناڵی تەمەن نۆ ساڵە!!یە.

زەوی داگیرکراو کە مافی بێ ئەولاو لای خاوەنەکانیانە وەری بگرنەوە، دەکرێتە مەرجی دەنگدان بە پرۆژەی هەمواری یاسای باری کەسێتی و یاسای لێبوردنی گشتی. لە بەرامبەردا دەنگدان بە پرۆژەی یاسی لیبوردنی گشتی دەکرێتە مەرجی دەنگدان بە هەمواری یاسای باری کەسێتی و گێرانەوەی زەوی بۆ کورد و تورکمانەکان. بەم شێوەیە لە ڕیکەوتنێکی سیاسیدا، کە ریشەی لە فیدرالیزمی قەومی و دابەشکاری هاوڵاتیان عێراقدایە بەسەر "کورد، عەرەب، شیعەو سونە" دوو پرۆژە یاسای زۆر نائینسانی و مەترسیدار لەلایەن ژمارەیەک ئەندام پەرلەمانی ویژدان تۆپیوو، بێ بەری لەهەر هەست و ویژدانێکی ئینسانی، پەسەند دەکرێن. ئازادکردنی دەیان هەزار زیندانی کە تۆمەتبارن بە کردەوەی ئینسانکوژی و تیرۆریستی و هاوکاری داعش و تاوانی مەترسیدار، لەگەڵ پەسەند کردنی یاسای هەمواری باری کەسێتی کە رەوایەتی دەدات بە توندوتیژی لە دژی مناڵان و ئیغتیساب کردنیان، نیشانی دەدات کە خەڵکی عێراق و کوردستان لەگەڵ چ دێوەزمەیەکی دەوڵەتی و یاسایی!! بەرەو روون.

هەر سێ فراکسیۆنەکەش شانازی بە پەسەندکردنی ئەو پرۆژە یاسایانە دەکەن و شایی لۆغانی سەرکەوتن، دەگێرن. وەرگرتنەوەی زەوی لە بەرامبەر بەسەندنەوەی مافی مناڵی و دەستدرێژی بۆسەر مناڵان... بەسەرکەوین دەزانن!! ئازادکردنی هەزاران زیندانی تۆمەتبار و تاوانکار، لە بەرامبەر بە ڕیگەدان بە بەشودانی کیژۆڵەی ٩ ساڵە بە دەستکەوت دەزانن... وەرگرتنی پەنجە مۆر بۆ هەمواری یاسای باری کەسێتی، لە بەرامبەر بەخشینی گێرانەوەی خاوەندارێتی زەوی و ئازادکردنی هەزاران جەلاد، بە بردنەوە دەزانن... ئەوەیە پەرلەمانی عێراق و ئەوانەن ئەندام پەرلەمانەکانیان. گومان دەکرێت و سەختە باوەڕ بەوە بکرێت هیچ کام لەو ئەندام پەرلەمانانە، ئامادەبن مناڵی نۆ ساڵەی خۆیان بەشوو بدەن و لە ژیان و مافی مناڵی بێبەشیان بکەن، کەچی لە سات و سەودایەکی کۆنەپەستاندا، ئامادەن ئەم تاوانکارییە پەسەند بکەن و بەرگی یاسایی بکەن بەبەر دەستدرێژی بۆسەر مناڵانی عێراقدا.

هەموو فراکسیۆنەکان و بەتایبەتی هەر سێ فراکسیۆن" شیعەی سیاسی، سونەی سیاسی، ناسیونالیزمی کورد"، بە پەسەندکردنی ئەم پاکیجە لە یاسا، روبەرووبونەوەیەکی ئاشتی هەڵنەگر و دوژمنایەتیەکی ئاشکرا لەگەڵ هەموو خەڵکی عێراق و کوردستان و سەرەتاییترین مافی ئینسان، بەیان دەکەن، لە پێناو خزمەتکردن بە توێژێکی شەهوەت هەڵچووی پیاو سالاری عەشایەر و سەرۆک هۆز و مۆخ بەستووی ئیسلامی و بەرژەوەندییە سیاسییەکانیان.

پەسەندکردنی یاسای هەمواری باری کەسێتی، پەسەندکردنی پرۆژە یاسایەکە لەلایەن ئەم فراکسیۆن و رەوتانەی کە دوور و نزیک نوێنەرایەتی خەڵکی عیراق و هیچ مافێکی فەردی و مەدەنی و ئینسانی و ئاساییان ناکەن، بەڵکو لەبەرامبەریدا وەستاونەتەوە. خەڵکی عیراق بە عەرەب و کورد و تورکمان و کلد و ئاشوری و سونی و شیعی و مەسیحی و... تاد، هیچ کاتێک مل بە یاسایەکی ئاوا کۆنەپەستانە نادەن و دەزانن مناڵی نۆ ساڵە، پێویستی بە یاری و ژیانکردن و مافی منالانەو نازی دایک و باوک و کۆمەڵگە هەیە، و ئەم یاسایاش بە پێچەوانەو دژ بە مناڵانی خۆیان و توندوتیژی و هیرشێکی نەخشەمەندانە بەرامبەر بە کۆمەڵگە دەزانن.

مناڵان کە خۆیان توانای بەرگری لە خۆکردنیان نییە و دەبێ گەورەکان و کۆمەڵگە و یاسا، بەرگری لە ژیانی مناڵانەو مافەکانیان بکات و ژینگەی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و شیاو ئارامیان بۆ دەستبەر بکات، کەچی پەرلەمانی عێراق و فراکسیۆنەکانیان دژی ئەم دیدە سادە و خواستی منالان دەوەستنەوە. ئەم فراکسیۆنانەی دەنگیان بەو یاساییە داوە، تۆمەتبارن و پێویستە رووبەرووی نارەزایەتی شەقامی کۆمەڵگە، رووبەرووی یاساو لێپرسینەوە، لە ئاستی ناوخۆ دەرەوە بکرێنەوە.     

هێنانی پرۆژە یاسای هەمواری باری کەسێتی، و هەموارکردنەوەو ڕیکەوتنی شەرماوەری سیاسی لەنیوان لایەنەکان، بەر لەوەی هەمواری یاسایەک و تژی کردنی بێت لە پۆخڵەواتی مەزهەبی و یاسایی جەعفەری، هیرشێکی فراوانە بۆسەر مەدەنیەتی کۆمەڵگە. نارەزایەتی نوخبەیەکی سیاسییە هەوەسبازە، لەو ئاستە لە ئازادی و مافەکانی ژنان و مناڵان کە ساڵی ١٩٥٩ پەسەند کراوە. واتە ئەو نوخبە سیاسییە زۆر لە نوخبەی سیاسی نزیک بە ٧٠ ساڵی رابردوو، دواکەوتووترە و بەکردەوەش نیگەرانی ئامادەیی ژنان و مافەکانیانە، کە لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا پەیرەوی دەکەن و بۆتە شیوە ژیانی ژنانی عێراقی.

کاردانەوەی چەند مانگەی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و رێکخراوەکانی مناڵان و ئینسان دۆستەکان، بۆ بەرگرتن بە هەمواری یاسای باری کەسێتی، هێندە کاریگەر بوو کە نەدەتوانرا لە پەرلەمان تێ بپەرێنرێت، بۆیە ناچار پەنایان بۆ ڕیکەوتنی سیاسی" پلانی سیاسی" برد و ئەم یاسا شەرماوەر ئاسایەی هەمواری باری کەسێتیان، خستە مزایەدەی سیاسییەوە. وە لەسەر بنەمای فیدرالیزمی پوچی قەومی و تایفی و مەزهەبی، ڕیکەون و ئەو یاساییە لەگەڵ دوو پڕۆژە یاسای تردا تێپەرێین. پەنا بردنی لایەنە سیاسیەکان، بۆ ڕیکەوتنی سیاسی بۆ دەرکردنی یاسا و تێپەراندنیان، هێرشیکی ئاشکراو مەترسیدارە بۆ ئێستاو داهاتوو، کە مافی هاوڵاتی بوون، دەکاتە قوربانی مافی بەش و بەش بەشینە لەسەر بنەمای قەومی و دینی و مەزهەبی و تایفی و بەم شیوەیە ناوەرۆکی ئینسانی و هاوڵاتی بوون هاوبەشی، لە هەموو پرۆژە یاساکاندا، خاڵی دەکاتەوە.

بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و بەرەی ئازادیخوازی کۆمەڵگە، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەرگری لە مافە جیهانداگرەکانی ئینسان و مناڵان و ریکخراوەکانی مافی مرۆڤ و...تاد چۆن لەماوەی رابردوودا توانیان ڕیگە لە هەمواری ئەم پرۆژە یاسایە بگرن و نەهیڵن لە پەرلەمان تێبپەرێت، ئێستاش ئەرکیانە بە کاری رێکخراو و هاوبەش و نەخشەمەندانە لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەو بە راکیشانی پشتیوانی ملیۆنی کۆمەڵگە، تیپەراندنی هەمواری یاساکە لە رێگەی ریکەوتنی سیاسیەوە، هەڵبوەشێنەوەو وەکو ماڵی قەڵپ بیدەنەوە بە ناو چاوانی خاوەنانیدا و ریسوایان بکەن.... بیگومان کۆمەڵگەی مۆدیرنی عیراق و ئازادیخوازی لە ئاستی ناوچەکەو دنیادا، رێگە بە یاسایەکی ئاوا شەرماوەر نادات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×