کاندید بۆ سەرۆک کۆمار، ململانێی بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە جارێکی تر ڕوپۆشی لەسەر دیوی ناوەوەی ململانێی پارتی و یەکێتی هەڵدایەوە. ئەوەی خستەوە روو کە ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی هێندە قوڵ و هەمەلایەنەیە کە هەموو مەسەلە و گرفتێک دەتوانێت بە قوڵایی کێبەرکی کەیان شۆربێتەوە. هەر ئەوەشە بۆتە هۆی ئەوەی هەموو ڕوداو پێشهات و کێشیەک لە نێوان پارتی و یەکێتیدا، راستەخۆ ئەزمەی قوڵی نێوانیان نیشان بدات.
ناکۆکی و کێشەی ئێستای نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پرسی سەرۆک کۆمار، مەسەلەیەکی روکەشە، کە لەڕێگایەوە دەتوانرێت، قوڵی ئەزمەی نێوانیان لە ئاستی پایەییدا نیشان بدات. پرسی سەرۆک کۆمار هۆکار نییە بۆ دروستبوونی ئەزمەی نێوان پارتی و یەکێتی، بەڵکو دەرهاویشتەی ئەزمەیەکی قوڵترو هەمەلایەنەترە.
چ پارتی و چ یەکێتی دەزانن پێگەی سەرۆک کۆمار لە عێراقدا، کە سیستەمە سیاسیەکەی پەرلەمانییە!!، پێگەیەکی رەمزی و تەشریفاتی هەیە، لەو پێگەیەشدا باسی بەرگری لە پێکهاتەکان و چاودێربوون بەسەر دەستور و جێ بەجێبوونیدا لە عیراقدا، کە وڵاتێکی داوەشاوەو هیچکام لەو هێزە سیاسیانەی قەڵەمرەوی دەسەڵاتیان لە عێراقدا هەیە، وەکو سەرچاوەیەکی جێگیر و بە فەرمی ناسراو دانی پیانانێن، بەڵکو وەکو ڕیکەوتنێکی کاتی لە زەمەنێکی دیاریکراو و لە هاوسەنگی هێزە سیاسیەکانی عێراقی دوای روخاندنی بەعسدا، تەماشای دەکەن و پرسی هەموارکردنەوەی لە پرسی وابەستەبوون و پابەند بووی پێوەی زۆر زیاترە.
دیارە پارتی و یەکێتی درۆیەکی شاخدار دەکەن کە دەڵێن ئەو پۆستە پۆستی کوردە، هەموو کەس دەزانێت لە کورد مەبەستیان حزبەکانی خۆیانە. لەدەرەوەی حزبەکانی خۆیان ئەو پۆستە نابەخشن بە هیچ کەسایەتیەکی سیاسی سەربەخۆ چەندە توانایی و شارەزاییشی هەبێت. بەڵکو وەکو هەموو پۆست و پلەیەکی تر پۆستی سەرۆک کۆماریش حزبییەو حزب قەڵەو دەکات و لێیەوە بناوانی دزی لێ جیادەکەنەوەو بۆ ئەوەی تێکەڵ بە روباری نەوەستاوی دزی و تاڵانی خۆیانی بکەن.
هەروەها رۆڵی سەرۆک کۆمار لە عێراقدا، لە نزیک بە ١٨ ساڵی رابردوودا، هیچ دەستکەوت و رۆلێکی بۆ خەڵکی کوردستان نەک نەبووە، بەڵکو بۆتە مایەی یەکێک لە لاوازییە زەقەکان، تا رادەی بوون بە نوکتەی سیاسی. لەو ماوەیەشدا کە سەرۆک کۆمار و جێگری سەرۆکی پەرلەمان و دەیان وەزیر و ئەندام پەرلەمان کورد بوون، تا هاتووە پێگەی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی بەرەو لاوازی چووە، لەوەش زیاتر کەسایەتیەکانیش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، لاوازتر و بێ کاریگەر و هیچ کارە دەرکەوتوون و باسی سەروەت و سامان و کەڵک وەرگرتن لە ئیمتیازاتە خەیاڵیەکانیان، جێگای قسەوباس بووە، نە کارێک و دەستکەوتێك. لە ماوەی نزیک بە نزیک بە ١٨ ساڵدا، بە سەرۆک کۆمارو دەیان وەزیر و ریزێك پەرلەمانتارەوە، دەسەڵات و پێگەی یەکێتی و پارتی بەرەو داکشان هاتووە، بودجەی هەرێم لە ١٧% لەسەدەوە هێنراوەتە خوارەوە بۆ ١٢% لەسەدا. قەڵەمرەوی دەسەڵاتی بەتەسک کراوەتەوە و کەرکوک و دەیان ناوچەی ناونراو بە کێشەلەسەریان لەدەست دەرهێنراوە، لە هەریمدا رادەی چاودێری دەسەلاتی مەکەزی زیادی کردووە، پرسی خاڵە سنوریەکان و فرۆکەخانەکان و مەسەلەی ئەمنی، لەدەستی دەسەڵاتی هەرێمدا لاواز کراوە. خۆ ئەگەر ئەو دەستورەی پارتی و یەکیتی و نووسەرەکانیان بەشان و باڵیدا خۆش ئاوازی دەخوێنن، لە توانای دەسەڵاتی ناوەندا بوایە بۆ جێبەجێکردن، هێندەی تر دەسەڵات و قەڵەمرەوی سیاسی و توانای دەسەڵاتی هەرێم کلک و گوێی زیاتر دەکرا.
بۆیە بوونی سەرۆک کۆمار و ریزیك وەزیر و پەرلەمانتاری حزبەکان بەتایبەتیش هی یەکێتی وپارتی، نەک خزمەتی بە خەڵکی کوردستان و کێشە سیاسیەکەی نەکردووە، بەڵکو بە کردەوەو بە دەیان بەڵگە و فاکتی زیندو گەورەترین گورزی لە داواو ویستەکانی خەڵکی کوردسان و لە پێش هەمووشیانەوە لەکیشەی سیاسی خەڵکی کوردستان داوەو چارەسەری پرسی سیاسی خەڵکی کوردستانی ئاڵۆزتر و سەختر کردووە. تەنانەت بەو هۆیەوە بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد و پارتی و یەکێتی هیچ بەرنامەو نەخشەیەکی رۆشنی سیاسی و دورنمایەکیان بۆ چۆنیەتی بەشداریکردن لە پرۆسیسی سیاسی عێراقدا نییە، پیگەیان وەکو حزبیش تا هاتووە بەرەو داکشان هاتووە، لە ئێستادا تەنها چاوەروانی بودجەیەکی رەمزین بۆ موچەخۆرانی هەرێم.
ئەوەی ئێستا لە نێوان پارتی و یەکێتیدا لەسەر سەرۆک کۆمار روودەدات، رەنگدانەوەی ئەزمەیەکی سەراپاگیرە کە بزوتنەوەی کوردایەتی و بەتایبەتیش پارتی و یەکیتی دەرگیری بوون. ئەزمەیەکە کە ریشەی لەچەندین مەسەلەی بناغەییدایە، لەوانە لاوازبوون و پاشەکشەی بەردەوامی سیاسییان لە پرۆسەی سیاسی عێراق. نەبوونی ئاسۆیەکی سیاسی دیاریکراو بۆ ئایندەی سیاسی کوردستان. پاشەکشەی هیزە سەربازیەکانی ئەمریکا و لاوازبوونی رۆڵی سیاسیان. چوونەسەری ئاستی نارەزایەتی جەماوەری، کە پاشەپێکردنی لە توانادا نییە... ئەو هۆکارانە سەرچاوەی قوڵبونەوەی ئەزمەی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد و کێشەی نیوان پارتی و یەکیتین و هەر مەسەلەیەکی وەکو پرسی سەرۆک کۆمار یان هاوشێوەی ئەوە لەسەر پۆست و داهات، لەگەڵ یەکتری دەرگیریان دەکات و ئەزمەی قوڵییان لە ئاستێکی فراوانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دەخاتە روو.
دیارە بە جیا لەوانە ململانێ لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، ململانێی دەسەڵاتە لە هەرێمی کوردستاندا... بەجیا لەوەی کادران و بەرپرسانی پارتی بەنەخشەوە و بە بەردەوامی رایدەگەیەنن، کە یەکێتی هاوبەش و هاوکار و هاو دەسەلات و هاو بڕیارە لە هەرێم، یەکێتی هێزی کاریگەری سەر گۆرەپانی هەرێمەو پارتی رۆڵی میژووی و گرنگی یەکێتی بەرز دەنرخێنێت... راستی ئەوەیە پارتی بەپشت بەستن بە ئاکامی هەڵبژاردنەکان!! بە ئەندازەی کورسیەکانی!!، وە بە ئەندازەی دەسەڵاتی بریاردانی، دەیەوێت یەکێتی تەسلیمی ئەمری واقعی دەسەڵاتی خۆی بکات و هەژموونی بە ئەندازەی زیاتر لە رابردوو بەسەر هەرێمدا زاڵ بکات، ستایش کردنی یەکێتی لەلایەن پارتییەوە لەو کاتانەشدا کێشەیان لەسەر پۆست و داهات و دەسەڵاتە، بۆ ئەوەیە یەکێتی غافڵ گیر بکات و بە ستایشی مەکیاڤلییانە، دەسەڵات و توانایی یەکێتی سنوردارتر لەوەی هەیە بکات، لەو راستایەشدا بەهرەبەرداری لە دۆخی ناوخۆی یەکێتی دەکات و کەڵک لەو دۆخە وەردەگرێت کە یەکێتی بەدەستیەوە دەناڵێنێت. پارتی لە دنیای واقعیدا یەكێتی بە کۆسپێک لەبەردەم سیاسەت و پرۆژەکانی خۆی دەزانێت و هەوڵ دەدات لاواز و لاوازتر بێت. بۆ ئەو مەبەستەش لەهەوڵی روتاندنەوەی یەکێتیدایە و دەیەوێت گوێ رایەڵێکی باشی بێت و هەژموونی سیاسی خۆی لەو رێگایە و رێگای موچەخۆرەکانی خۆیەوە بگوازێتەوە زۆنی سەوز. بوونی کاندیدی پارتی لە بەرامبەر بە کاندیدی یەکێتی، بۆ دەستخاڵی هێشتنەوەی یەکێتییە، لە ئاستی عێراق و ناوچەکەدا. لەگەڵ ئەوەدا پۆستی سەرۆک کۆمار رەمزی و تەشریفاتییە، بەڵام پارتی نایەوێت لە عیراقدا یەکێتی ئەو پۆستانەشی هەبێت. دیارە سەرکەوتنی پارتی لەو هەنگاوانەیدا هێندەی تر یەکێتی لاوازتر لە ئاستی سیاسی و دیبلۆماسیدا دەکات و زەمینەی تەسلیم بوونی یەکیتی بە بریار و نەخشەکانی پارتی لە هەرێمدا سانا تر دەکات، بەتایبەتیش کە یەکێتی بە دەست گرفتی رابەری و نەبوونی روئیاو پرۆژەی سیاسی دیاریکراو لەئاستی ناوچەکەو عێراق و هەرێمدا دەناڵێنێت و خەریکی ئافەرین کردن یان خەلاتکردنی چەند بەرپرس و کادری سیاسی و راگەیاندنی ستایشچییە کە بە باڵای و میژووی یەکێتی و رۆڵی ئیستایدا هەڵدەدەن، بێ ئەوەی درکی واقعیەتە سیاسییە زیندوەکانی ئێستای کۆمەلگەو هاوسەنگی هێزەکان بکەن و فەهمی بکەن.