رادەستکردنی دۆسیەی نەوت بە بەغداو هەنگاوەکانی دواتر

عەبدوڵا مەحمود
  2023-04-21     438

دوای بریاری دادگای فەرەنسا سەبارەت بە راگرتنی فرۆشتنی نەوت لەلایەن دەسەڵاتی هەرێمەوە... دەسەڵاتی سیاسی هەرێم هیچ رێگاو دەروازەیەکی لەبەردەمدا نەمایەوە ئەوە نەبێت مل بە بەغدا بدات و پرسی نەوت و فرۆشتنی رادەستی دەسەڵاتی ناوەندی بکاتەوە.

دۆسیەی نەوتی هەرێم و فرۆشتنی بە شێوەی سەربەخۆ و رادەست نەکردنی بە بەغدا و سۆمۆ لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی هەرێمەوە، لە بنەرەتدا هێندەی سیاسی بوو، هێندە پەیوەندی بە ئابورییەوە نەبوو... دیارە تا ئەو جێگایەی بە داهاتی فرۆشتنی نەوت دەگەڕێتەوە ئەوەی لێی سودمەند بوو دەسەڵاتی بۆژوازی کورد و بنەماڵە دەسترۆشتوەکانی بەتایبەتی پارتی و کۆمپانیاکانی بوون. ئەوەش کە زیانمەندی سەرەکی دۆسیەی نەوت لەهەرێمدا بوو خەڵکی کوردستان بوون، کەنەک هیچ دەستکەوتێکیان لە فرۆشتنی نەوت نەبوو، بەڵکو خرانە ژێر قەرزێکی قورسی دەیان ملیارد دۆلارییەوە. بەڵام بەجیا لەوە بۆ دەسەڵاتی بۆرژوای کورد دۆسیەی نەوت کارتێکی سیاسی بوو لەبەرامبەر بە بەغدادا، تا لەڕێگایەوە بەشداری سیاسییان لە دەسەڵاتی ناوەندیدا مسۆگەر بکەن و رەوایەتی بە درێژەدان بە دەسەڵاتی سیاسی سەربەخۆشیان بەسەر خەڵکی هەرێمی کوردستاندا زامن بکەن. ئەوەی هەرگیز دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازی کورد بۆی مەسەلە نەبوو ئەوە بوو کە دۆسیەی نەوت و بەدەستەوە گرتنی دوور و نزیک پەیوەندی بە ئاراستەی سەربەخۆی کوردستانەوە نەبوو لە راستای دەست راگەیشتن بە دەوڵەتێکی سەربەخۆدا.

ئیستا کە دەسەڵاتی ناوەندی نەوتی لەژێر دەستی دەسەڵاتی هەرێم دەرهێناوە، و دەسەڵاتی هەرێم ناچار بوو دوای ١٠ ساڵ دۆسیەی نەوت و غاز رادەستی بەغدا بکات، بەر لەهەموو شت شکستێکی سیاسییە، نەک ئابوری.

لەماوەی ١٠ ساڵی رابردودا، بۆرژوازی کورد دۆسیەی فرۆشتنی نەوتی بەشێوەی سەربەخۆ، بە یاسایی و دەستوری لەقەڵەم دەداو لەبەرامبەر بە گوشارەکانی بەغدا و دادگای فیدرالیدا بەرەنگاری دەکرد و ئامادەنەبوو مل بەداواکاری بەغدا بدات. لەوەش زیاتر دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد لەبەرامبەر بە هەر دەنگ و روانینێکدا کە داوایان دەکرد نەوت هەرزان فرۆش نەکات و رادەستی سۆمۆی بکات بۆ فرۆشتنی، تۆمەتی عێراقچیتی و نۆکەرایەتی بۆ دوژمنانی کوردی!! دەدرایە پاڵ و شانازیان بە فرۆشتی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ دەکرد و وەکو دەستکەوتێکی گەورەو میژووی بەیانیان دەکرد.

دوای ١٠ ساڵ لەشانازی کردن بە فرۆشتنی نەوت و بەرگریی سەرسەختانە لەبەرامبەر بە گوشارەکانی ناوەند و خۆ دزینەوە لە ڕیکەوتنامەکان بۆ رادەستکردنی داهاتی فرۆشتنی نەوت بە بەغدا لەبەرامبەر بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم، سەرئەنجام دوای بریاری دادگای فەرەنسا، داخرانی هەموو دەروازەکانی فرۆشتنی نەوت لە ڕیگای تورکیاو بەندەری جەیهانەوە، دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد رازی بوو فرۆشتنی نەوت بخاتەوە ژێر هەژموون و دەسەڵاتی بەغدا... بەڵام ئەمە تەنها هەنگاوێکە لە راستای هەنگاوەکانی پێشووی بەغدا بۆسەر دەسەڵاتی هەرێم و سنوردارکردنی قەڵەمرەوی سیاسی بۆرژوازی کورد. میدیاو بەرپرسانی سیاسی هەرێم بەتایبەتی پیاوانی!! زۆنی زەرد، ئەمجارە رادەستکردنی نەوت بە یاساییکردنی فرۆشتنی نەوت، بە نیوەدەوڵەتی کردنی دۆسیەی نەوتی هەرێم، بەسەرکەوتنی ڕیکەوتنی کوردی بەسەر بەغدادا، لەقەڵەم دەدەن، بەم جۆرە لە هەراوهۆریای راگەیاندن، لەلایەکەوە درۆی پێشوویان دەخەنە ڕوو، لەلایەکی تریشەوە دەیانەوێت ئەو شکست لە زەمینەی دۆسیەی نەوت، کە بنەرەتدا دۆسیەکی سیاسیە، دابپۆشن کە لەبەرامبەر بە بەغدادا توشی هاتن.

بەشێکی زۆر لە خەلکی کوردستان دڵخۆشن بەو ڕیکەوتنە، چونکە لانی کەم دەتوانێت گوشاری گرانی سوتەمەنی و نەوت و بەنزین لەسەریان لاببات و لە مەسەلەی ناردن و نەناردن و هات و نەهاتی موچەش لەلایەن بەغداوە رزگاریان بێت... تەنانەت یەکێتی نیشتیمانی و لایەنی سیاسی تر لەگەل ئەوەدا نیگەرانن لەوەی کە پارتی ئەم ڕیکەوتنامەی کردووەو گومانیان لەوە هەیە داهاتی فرۆشتنی نەوت لەلایەن بەغداوە بە شیوەی یەکسان بەسەر زۆنەکانی هەرێمدا دابەش بکرێت، بەڵام خۆیان بەسەرکەوتوو دەزانن، کە پرسی فرۆشتنی نەوت لەدەستی پارتی دەرهاتووە و گەراوەتەوە ژیر دەسەڵاتی ناوەندی.

 ئەوەی پارتی و یەكیتی و بزوتنەوەی کوردایەتی بەشێوەی گشتی قیبلەیان گۆرێوە بەرەو بەغدا، پەیوەندی بە بژاردەیەکی دڵخوازانەوە نییە، یان گرتنە بەری سیاسەتێکی بیرلێکراوە نییە، بەڵکو ئاکامی شکست و بن بەستە لەوەی بتوانن هەرێمی کوردستان بەڕێوەببەن و پشت بە توانایی خۆیان ببەستن... ٣٠ ساڵی رابردوو میژوویەکە بۆ نیشاندانی ئەم بێتواناییەو شکستەیان. شکستی بزوتنەوەی کوردایەتی وەکو بزوتنەوەیەکی بۆرژوازی چ لەو ڕوەوە کە بتوانن بە ئاراستەی سەربەخۆی کوردستاندا هەنگاو بنین یان بتوانن لانی کەم دەسەڵاتێکی یەکگرتوو جێگا متمانەی سەراسەری سازبدەن و وەڵام بەلانی کەمی داخوازی و ویستەکانی خەڵکی کوردستان بدەنەوە و چ لەو روەشەوە کە بتوانن تەنانەت پەیوەندیەکی هاوسەنگ لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی ناوچەکە دروست بکەن... لەهەموو ئەو بژاردانەدا شکستیان خوارد، لە کاتێکدا چەندین هەلیان بۆ رەخساوە بۆ کەڵک لێوەرگرتنی.

شکست لە ئابوری سەربەخۆ، و سەرئەنجام گەرانەوە بۆ بەغدا، تەنها دەکرێت وەکو هەنگاوێک و سەرەتای دەورەیەک تەماشا بکرێت، دەورەیەک کە کیرڤی بزوتنەوەی کوردایەتی و دەسەڵاتەکەی بەرەو داکشانی زۆرتر دەبات. بۆ دەسەڵاتی سیاسی لە بەغدا و بزوتنەوەی بۆرژوازی عەرەب بە شیوەی گشتی، هەنگاو نان بەرەوە سنورداتر کردنی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد یەکێک لە ئامانجە سەرەکیەکانیانە... دوای دەرهێنانی دۆسیەی نەوت لە دەستی هەرێم، دەرهێنانی دۆسیەی دەروازە سنورییەکان لەگەڵ ولاتانی ناوچەکە لەڕیگای دۆزینەوەی بەدیل بۆ دەروازە سنورییەکانی ئێستا، بە مەبەستی خنکاندنی هاموشۆی بازرگانی و هاوردەو هەناردە کردن... گێرانەوەی سنورەکانی بە پاساوی ئەمنی و لەژێر ناوی بەرگری کردن بە دزەی هیزە ئۆپۆزسیۆنەکانی وڵاتانی ناوچەکە و جیگیرکردنی سوپای بەرگری سنوری عێراقی... گەران و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ئاسمانی فرین وەکو بەدیکی ئاسمانی تورکیا... هەوڵدان بۆ یەکخستنی دابەشکردنی موچە و بە مەرکەزی کردنی... ئەو هەنگاوانەن کە دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازی کورد هێندە کلک و گوێ دەکات، تا رادەی ئەوەی هیزەکانی بۆرژوازی کورد بکاتە تەیرێکی مەعقولی بێ دەسەڵات و مایەپوچ.

بۆرژوازی لە عێراقدا دەیەوێت دەسەڵاتی مەرکەزی بکاتەوە و کۆتایی بە دابڕ دابڕ بوونی دەسەلات بهیێنیت.

کیشەی بۆرژوازی عێراقی لەو هەنگاوانەیدا بە هەند نەگرتنی پرسی سیاسی خەڵکی کوردستانە، کە ریشەی لە ستەمی نەتەوایەتی و باگراوندنی مێژووی ئەو پرسە و لێک هەڵپیکانی لەگەڵ پرسی نەتەوەیی وڵاتانی ناوچەکەوە هەیە. هەر ئەوەش کۆسپی سەرەکی بەردەم بۆرژوازی عێراقییە لە ناوەندی کردنی دەسەڵات و لەوەش زیاتر ریشەی لە ماهیەتی دەوڵەت لە عێراقدایە، کە هیشتا ئامادەنییە هاوڵاتیانی عێراق وەکو هاوڵاتی مافی یەکسان تەماشا بکات و دانیشتوانی عێراق بێ لەبەرچاوگرتنی قەومی و دینی، مامەڵە بکات... هەر ئەوەشە بۆتە هۆی ئەوەی هیزو لایەنی بۆرژوازی کورد لەگەڵ لاواز بوون و کەنار کەوتنیان بتوانن دریژە بە ئامادەیی سیاسیان بدەن و ببنە کۆسپیش لەبەردەم رێگاچارەی کارساز و دروستی کیشەی کورد.

لە دۆخێکی ئاوادا خەڵکی کوردستان، لەلایەکەوە نابێت دڵخۆش بن بەوەی دۆسیەی نەوت و غاز گەراوەتەوە دەستی بەغدا، چونکە ئەوە لەدیدی بۆرژوازی عێراقیەوە سەرکەوتنێکی سیاسییە، بۆ هەنگاوی سیاسی تر، هەروەها قوتبی بوونەوەی دەسەڵات لەناوەند بە ناوەرۆکی دەسەڵاتێکی دژە دیموکراتیکەوە بە مانا بۆژوازییەکەی، جێگایەک بۆ ئیرادەی سیاسی خەڵکی غەیرە عەرەب نادات و ئامادەنییە بەرێگایەکی مۆدێرن مل بەچارەسەری پرسی سیاسی خەڵکی کوردستان بدات. لەوانەش زیاتر خەڵکی کوردستان نابێت گومانی لەوە هەبێت کە هێزەکانی بۆرژوای کورد، نەک دوور و نزیک هەڵگری رێگاچارەی پرسی کورد نین، بەڵکو بە کردەوە نیشانیانداوە کۆسپی بەردەم چارەسەری ئەو پرسەن و وەکو هەمیشە دەیانەوێت بەشیان لە دەسەڵاتی مەرکەزی هەبێت، ئەگەر ئەو دەسەڵاتە بەعسی بێت یان ئیسلامی و داعشی و شیعی و دیکتاتۆر و سەبازی و کۆنەپەرست.

یەک رێگا لەبەردەم خەڵکی کوردستاندا هەیە لە دۆخی ئیستادا، ئەویش رێگاچارە پشت بەستنە بە توانایی و ئیرادەی خۆیان و کۆبونەوەیە لەدەوری ئاسۆیەکی تەواو جیاواز لە ئاسۆی ناسیونالیستی و شۆڤنیستی و کۆبونەوەیە لەدەوری ئاسۆی شۆرشگێرانەی سۆشیالیستی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×