ڕفاندن و تیرۆری ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان بەشێوەیەکی دڕندانەی کەم وێنەو ئاشکرا، لەشاری هەولێردا، بە خێرایی کاردانەوەی بزوتنەوەی ئازادی و ئازادیخوازی و کۆمەڵکەی کوردستانی بەدوای خۆیدا هێنا. بزوتنەوەیەک کە هەمیشە ئامادەیی هەیەو بۆتە بەشێک لە واقعیەتی حاشاهەڵنەگری کۆمەڵگە کوردستان و گوشارێکی هەمیشەیی لەسەر دەسەڵات و بەرەی کۆنەپەرست و دژە ئازادی.
لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ ڕفاندن و پاشان تیرۆری سەردەشتدا، نەک تەنها بەرەی ئازادیخوازی کۆمەڵگە، نەک تەنها بلۆکی چەپ و کۆمۆنیستەکان، نەک تەنها نووسەر و ڕۆژنامەنووسە ئازا و ئازادیخواز و سەربەخۆکان، بەڵکو ریزێکی بەرین لە نووسەر و رۆژنامەنووس، چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی، تەنانەت بەشێک لە کادر و نووسەری سەر بەدەسەڵاتیش، نەفرەتی خۆیان بەرووی تیرۆری سەردەشت عوسماندا راگەیاند و بەشێوازی جۆراوجۆر کاردانەوەیان نیشاندا. خۆیان بە بزوتنەوەی ئازادیخوازی و نەفرەت لە تیرۆر و تیرۆریزم هەڵواسی. هێندەی بۆیان کراو لوا، نمایش و بەرگی بەرگری لە ئازادی و ئازادیخوازی و ئازادی کاری رۆژنامەنووسیان کردە بەریان. بەڵام هاتنە مەیدانی بەرەی بۆرژوازی و ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی و خۆ هەڵواسینی بە بەرەی ئازادیخوازی کۆمەڵگەدا بۆ بەرگری لە ئازادی و ئازادی کاری رۆژنامەگەری... نەبوو، بەڵکو ڕێگایەک بوو بەمەبەستی خۆڵکردنە چاوی جەماوەری نارازی بەسەرکوت و بێ مافی، دەروازیەک بوو بۆ خۆت جوتکردن لەگەڵ نەفرەتی جەماوەریدا بەرووی تیرۆری سەردەشت و تیرۆریزم و سەرکوتی ئازادی کاری رۆژنامەگەریدا، بەمەبەستی کۆکردنەوەی زەخیرەی گوشار بۆسەر دەسەڵات لە پێناو ئامانجەکانی خۆیاندا.
ئەو کاتەی سەردەشت عوسمان تیرۆر کرا، کۆمەڵگەی کوردستان لەجەرگەی ململانێی نیوان دەسەڵات و بەرەی بۆرژوزیدا بوو، ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی توانیبووی بزوتنەوەی نارەزایەتی فراوانی جەماوەری جڵەو بکات و خۆی بەخواستەکانیەوە هەڵبواسێت، تیرۆری سەردەشت عوسمان لەو هەلومەرجەدا، بووە دەروازیەک تا بەرەی بۆرژوازی بەگشتی و بزوتنەوەی گۆڕان، بەتایبەتی بەهرەبەرداری لە تیرۆری سەردەشت عوسمان بکات. بەو جۆرە ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی کورد چۆن توانی سواری بزوتنەوەی نارەزایەتی فراوان و کەڵەکەبوونی چەند ساڵەی دوای روخانی دەسەڵاتی بەعس بێت، ئاواش ویستی بەخۆ هەڵواسین بەدۆسیەی تیرۆری سەردەشت عوسمان، پرسی ئازادی و بەرگری لە ئازادی و کاری رۆژنامەگەری... بکاتە دەستمایەی سات و سەودا لەگەڵ دەسەڵات و زیاتر لەوەش لە چوارچێوەی ئامانجەکانی خۆیدا پرسی ئازادی لە قاڵب بدات.
ئەو لەشکرە لە ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی کورد کە لە کاتی تیرۆری سەردەشت عوسماندا هاتنە مەیدان و ئەم کردەوە تیرۆریستیەیان ئیدانە کرد، لە بنەرەتدا بروایان بە ئازادی سیاسی بێ قەیدو شەرت نەبوو، بەڵکو بەرگریان لە ئازادی بەدەیان مەرج و بەند و پێشگر و پاشگر و ئەگەر و مەگەر و بەڵامەوە... گرێدابوو، کاردانەوەشیان بەرامبەر بە تیرۆری سەردەشت عوسمان و تیرۆرەکانی تر، بەدەستەوەگرتنی کەیسەکانیان بوو بۆ مەرامی سیاسی و تەماحی حزبی و دەستگیربوون لەدەسەڵاتی سیاسی و بوون بە هاوبەشی دەسەلاتی بکوژی سەردەشت و کاوە و ویداد و ...تاد.
ئەوەی بەکردەوە لە گۆرەپانەکە بۆ بەرگری لە ئازادی و ئازادی بێ قەیدوشەت مایەوەو ئێستاش لەمەیداندایە و سنوربەندیەکی رۆشنی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی هەیە، چەپ و کۆمۆنیستەکان و ئەو نووسەر و رۆژنامەنووسانەن، کە نەک تەنها بڕوایان بە ئازادی بیقەید وشەرتی ئازادی سیاسی و ئازادی کاری رۆژنامەنووسی هەیە، بەڵکو بە کردەوە بەشێکن لە بزوتنەوەی نارەزایەتی فراوانی جەماوەری بۆ کۆتاییهێنان بەدەسەلاتی بۆرژوازی کورد و بەدەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە.
بۆرژوازی کورد، بە قەومی و ئیسلامیەکەیەوە، چۆن پرسی نان قوتی خەڵکی کوردستان، دۆسیەی گەندەڵی و چاکسازیان، بەدەستەوە گرت بۆ ئەوەی بگەنە دەسەڵات و دەستیان لە پۆست و پارە گیر بێت، ئاواش دۆسیەی ئازادی و ئازادییەکانیان بە دەیان ئەمماو ئەگەر و پەروەندەی تیرۆری رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان، بەدەستەوە گرت بۆ هەمان مەبەست...
دیارە رابەری و کاراکتەرە سەرەکیەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و ئیسلامیەکان، کارنامەیان لە پەیوەند بە پرسی ئازادی و ئازادی سیاسی، ئازادی رۆژنامەگەری و بیروباوەر و چاپەمەنی، و مافە فەردی و مەدەنیەکان، زۆر لەوە رۆشنتر بوو، کە بتوانن تاسەر خۆڵ بکەنە چاوی خەڵکی کوردستان و هەر زووش بەرەی چەپ و کۆمۆنیزم، کۆمەڵگەیان لە پڕوپاگەندەو درۆسازی بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانەکانیان ئاگادار کردووە، کە ئەمانە نەک هیچ تەباییەکیان لەگەڵ ئازادی و ئازادییەکان نییە، بەڵکو بەشێکن لە هێز و پایەکانی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردو لە بنەرەتیشدا ئەو بزوتنەوەیە لەدەسەڵات بێت یان ئۆپۆزیسیۆن هێزی دژە ئازادی و دژە شۆرش و دژی ئازادی و مافە فەردی و مەدەنیەکانن.
بۆیە کاتێک ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی بەناوی "راگرتنی ٤ ساڵی ئارام" بەرەو بارەگای دەسەڵات دەچن و دەبنە بەشێک لە دەسەڵات، درۆو پروپاگەندەی بەرگری لە ئازادی و بەدەستەوەگرتنی دۆسیەی سەردەشت عوسمان و دۆسیەی ئازادی کاری رۆژنامەگەری... بەکردەوە خۆی نیشان دەدات و کاریان بەسەر پرسی ئازادی و ئازادییە سیاسیەکان و دۆسیەی سەردەشت عوسمانەوە نامێنێت و دواتریش لەبەرامبەر دەیان دۆسیەی تر لە دۆسیەی بکوژانی خۆپیشاندەرانی ١٧ شوباتەوە تا دەگاتە دۆسیەی گیراوەکانی بادینان، بێدەنگە هەڵدەبژێرن.
ئێستا کە بەرەو یادی ١٢ ساڵەی تیرۆری سەردەشت عوسمان دەچین، بەرەی بۆرژوازی کورد، لە بارەگای دەسەڵاتی کوردیدا، جێگایان گرتووەو بەشێکن لەو دەسەڵاتەی دەستی بەخوێنی سەردەشتەکانی کوردستان سورە، بەشێکن لەو دەسەڵاتەی قوتی خەڵکی کوردستان بە ئاشکرا لوش دەدەن و موچەی کرێکاران و کارمەندان دەبڕن و دوادەخەن، خزمەتگوزارییەکان بەرەو نابوت بوون و نەمان دەبەن، دزی و تاڵانی لەگەڵ دەسەڵات بەش دەکەن. لەگەڵ دەسەڵاتیش بەرووی هەر دەنگێکی ئازادو ئازادیخوازانەدا دەوەستنەوە. لەپاڵ بلنگۆی مزگەوتەکاندا، ئاوازی کۆنەپەرستی دژە ژنی دەچڕن، لەگەل ئیسلامیە ئیخوانی و وەهابیەکانی هاوپەیمانیاندا، دەستیان لەناو دەستی یەکترییەو بەدژی مافە فەردی و مەدەنیەکان، دەوەستنەوە.
بۆرژوازی کورد و ئۆپۆزیسیۆنەکەی کە ئامانجیان پارێزگاری لە دەسەڵاتی چەوسێنەری سەرمایەدارییە و توند دەستیان بە پایەکانی سەرمایەدارییەوە گرتووە، هیچ کاتێک ناتوانن ئازادیخواز و بەرگری لە ئازادی بکەن.. بەرگری دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی کورد لە ئازادی و ئازادییە سیاسیەکان، هەر هێندەی بەرگری جۆرج بۆش و کلنتن و ئۆباما و حەسەن روحانی و ئۆسامەبن لادن و ئەبوبەکر بەغداد و مقتەدا سەدرە ...تاد. کە ناچارن ماسکی ئازادیخواز بوون و بپۆشن، تا بەو بەرگ و ماسک و لباسەی دیموکراسی بۆژوازییەوە، پەلاماری ئازادییەکان و تابۆ شکێنەکان بدەن. بەرگری لە ئازادی تا ئەو جێگایە بۆیان مانای هەیە، کە نەبێتە هەرەشە بۆسەر پایەکانی کۆمەڵگەی چینایەتی سەرمایەداری. ئازادی و ئازادیخوازی بۆرژوازی هێندە بڕ دەکات، کە بەرەو شۆڕش و ئاڵوگۆری شۆرشگێرانە نەڕوات. ئازادی و ئازادیخوازی بۆرژوازی لە پایەترین ئاستیدا دیموکراتی بۆرژوازییە، کە تەنها لەچوارچێوەی نیزامی باڵادەستی سیاسی ئێستای سەرمایەداریدا بۆی هەیە لەشەقەی باڵ بدات، بەڵام کاتێک خودی نیزام و پایەکانی دەسەڵات و رەمزە بەپیرۆزکراوەکانی دەکاتە نیشانە باڵەکانی دەشکێنن.
بۆرژوازی کورد، وەکو رۆڵەی بەوەفای بۆرژوازی، زۆر لە ئاستی ئەو دیموکراسیەی بۆرژوازیەش لەدواترە کە بۆرژوازی لە دنیادا شانازی پێوە دەکات. هێشتا یاساکان لە کوردستان، یاسای سەردەمی بەعس و دەرکێشراوی ئیسلامی محەمەدین کە داعش روڵەی وەفاداریان بوو. هێشتا ناتوانن و زاتی دەستبردن بۆ گۆڕینی یاساکانی سەردەمی بەعسیان نییە. هێشتا رۆژنامەنووسان و هەڵسوڕوانی سیاسی، بە یاسای سزادانی عیراقی دەخەنە کونجی زیندانەکانەوە و بێ دادگایی بەساڵ دەیانهێڵنەوە. هێشتا دۆسیەی دەیان هەزار ژنی کوژراو ناچار بە خۆسوتاندن کردن و خۆکوشتن کراو، بە کراوەیی ماوەتەوەو بکوژانیان ئازادن. هێشتا بکوژی هیچ تیرۆرێکی سیاسی لەلایەن دەسەڵاتەوە، دەستی یاسای پێ نەگەیشتووە. هێشتا پەروەندەی تیرۆری هیچ رۆژنامەنووسێک ئاشکرا نەکراوەو بکوژانی نەک سزا نەدروان، بەڵکو تا ئێستا رۆڵی جەلاد دەگێرن و خەریکی سزادانی ئازادی و ئازادیخوازین.
دۆسیەی تیرۆری سەردەشت عوسمان، بەرەو دوانزە ساڵ دەڕوات، بەڵام چونکە لە دنیای واقعی ژێر سایەی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی کورد دا، یاسا گاڵتەجارییە، لێپرسینەوە لەدەستی خۆدی جەلاددایە، چ دۆسیەی سەردەشت عوسمان و چ دەیان دۆسیەتی تری پەیوەند بە ئازادی و ئازادییەکان و بە کراوەیی ماونەوەو هەر ڕۆژەش تورەیی جەماوەری لەم کردەوە تیرۆریستیانە و دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەکەی و مۆتۆری پشتیان، بەرەو هەڵکشان دەچێت.
تا ئەو ڕۆژەش ئەو دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەی پارێزەری لە مەیداندابن، باوەڕ بەوەی دەستی یاساو سزای عادلانە بگاتە بکوژانی سەردەشتەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، لە وەهم زیاتر نییە. رێگا شۆرشە بۆ ژێرەو ژوورکردنی ئەم دەسەڵاتە و بەسزاگەیاندنی بکوژی سەردەشتەکان.