ریشەی هێرش بۆسەر چۆمان هەردییەکان لە چییدایە؟

عەبدوڵا مەحمود
  2022-12-01     604

وا جارێکی چۆمان هەردی کەوتەوە بەردەم شاڵاو و چەندین درۆ و تۆمەت و سوکایەتی ئاراستەکراو، دیارە ئەوە یەکەمین جار نییەو دواجاریش نابێت. چۆمان هەردییەکانی کوردستان، دیمەنە هەرە جوانەکانی کۆمەڵگەن، ئەو دەنگە رەسایانەن هەدا نادەن، ئەو رەخنەگرانەن سازش لە باوەڕو بۆچوونەکانیان ناکەن، ناترسێنرێن. کارنامەو رۆڵ و نەخشی چۆمان هەردییەکان لە کۆمەڵگەدا، هێندە رۆشنە، ئاماژە بۆ هەر جوانیەکی کۆمەڵگە و هەر سیمایەکی شارستانی و هەر نوێگەرییەک بکرێت، ئەوان لە ریزی پێشەوەن و دیارن. هۆکاری هێرش بۆسەر چۆمان هەردییەکان و هۆنینەوەی درۆ و بوختان و لێکدانەوەی دڵخوازانە و فریوکارانە بۆ بۆچوون ڕوانینەکانیان و هەڕەشەو چاوسورکردنەوە لێیان... لە بنەرەتدا هۆکارەکەی بێدەنگی دەسەڵاتی کۆنەپەرستی کوردایەتی و دەسەڵاتی دادوەری و داواکاری گشتییە. کەم رۆژ هەیە ئەو خێڵە لە مەلای بەلاشخۆر، کۆلکە نووسەری موچەخۆر و دەربار، هێرش نەکەنە سەرکۆمەڵگەو مافە فەردی و مەدەنییەکان و ئازادییە سەرەتاییەکانی ئینسانی ئەم سەردەمە. کەم رۆژ هەیە ژنان و بەتایبەتی ژنان، لەدەیان مینبەرەوە سوکایەتیان پێ نەکرێت. وە کەم کات هەیە هەڵسوڕاوانی ژنان و بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و سیما ئازادیخواز و بەرابەیخوازەکان، نەکەونە بەر نوکە ڕمی کۆنەپەرستیەکی هەوسار پچراوی دەستەو تاقمە کرێگرتە ئیسلامیەکان و سەلەفی و نووسەر مێشک مەیوەکانیان... کەچی دەسەڵاتی سیاسی و یاساو داواکاری گشتی مێشیش میوانیان نییە.

هەر ئەو جەنابە نۆکەر پیشانەی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیەکان، بۆ بەهرەمەند بوون لە لەوەڕگای دەسەڵات، لەبەرامبەر هەموو ئەو دزی و تاڵانییە ئاشکرایەی حزب و بەرپرسەکانی، حزب و بنەماڵەکان نقەیان لێوە نایەت و لەو دزییە ئاشکرایەی دەسەڵات دەخۆن. ئەمانە کە کۆپی تەواوی داعش و رەوتە ئیسلامیە ئینسان کوژەکانی دنیان، ژن بە ناقس عەقڵ و پلە دوو، ئازادی بە بەرەڵایی، رەخنە و توێژینەوەی زانستی، بە کوفر و وەستانەوە بەڕووی پیرۆزیەکان لە قەڵەم دەدەن... لە کاتێکدا پیرۆزیەکانی کۆمەڵگە نە مل کەچ کردنە بۆ حوکمی نەگۆر و نە ملدانە بەفتوای مەلا و ئیسلامیەکان و نەدەستگرتنە بە میراتی بەگۆڕسپێردراوی سەردەمی جاهیلیەت و خولەفاکانی راشیدین، بەڵکو پیرۆزیەکانی هەر کۆمەڵگەیەک بریتیە لە ئازادی و ئازادی فەردی، بریتییە لە ئازادی بیروباوەر و بەیان و چاپەمەنی، بریتییە لە بەهای یەکسان، بۆ ئینسان ژن بێت یان پیاو... بریتیە لە دەرگاکردنەوە بەرووی زانست و پێشکەوتنی کۆمەڵگە، بریتییە لە بەرگری لە مناڵان، بریتییە لە ئازادی دینداری و بێدینی، بریتییە لە ریزگرتن لە ئینسان و وەستانەوەیە بەرووی نابەرابەری و بێمافی، بەرووی ستەم و جیاکاری و تیکۆشانە بۆ ژیانێکی باشتر بەهەوڵ و خەباتی خودی ئینسان.

بلۆک و فەرهەنگی کۆنەپەرستی کۆمەڵگە، تەنها کەلتورێکی بەجێماوی رابردووە و کەلتور و فەرهەنگی خەڵکی کودستان نییە.. چۆن هێشتا ئەم کەلتورە مۆتەکەی سەر دڵی کۆمەڵگە و پێشرەویەکانیەتی، دەسەڵات بە هەموو جۆریک بەرگری لیدەکات و هیزەکانی پشتیان خەڵات دەکات کە ئیسلامی و سەلەفیەکانن، ئاواش فەرهەنگ و کەلتوری باڵای ئینسانی، و ڕیزگرتن لە مافە ئینسان داگرەکانی جیهان و مافەکانی تاک و ئازادییەکان، کەلتور و فەرهەنگی باڵای کۆمەڵگەی کوردستانە. ململانێی نیوان ئەم دوو کەلتورە رۆشن و دیارە و میژووی هەیە، هەردوو لاشیان قسەکەر و رەمز و میتۆدی خۆیان هەیە... کەلتوری داعشی و ئیسلامی و سەلەفیەکان، خێڵی حەمەیە، سەربڕینی ژنە لەسەر خۆشەویستی، فتوا دانی ئازادیخوازانە، کافراندنی زانست پەروەرانە، بەسوک تەماشاکردنی مناڵە، دژایەتیکردنی گۆرانی و مۆسیقاو هەڵپەرکێ و سەماو خوێندن و شانۆ و شیعر و ئازادی جل پۆشین و هەموو سیمایەکی سەردەمییە. جەنگە لە دژی ئازادی و مافە فەردی و مەدەنیەکانە... کەلتوری ئازادیخوازی و بەرابەریش، گێرانەوەی بەهایە بۆ ئینسان، بەگرییە لە مافەکانی، بەرگرییە لە بەرابەری و لە نێویاندا یەکسانی بێ ئەم لاو لای ژن و پیاوە...بەرگرییە لە ئازادی، کە دوژمنی سەرسەختی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیەکانە... چۆمان هەردیەکان لە بەرگری لە ئازادی و لە سەنگەری زۆرکردنی پەراوێزەکانی ئازادییدان، هەر بۆیە دەکەونە بەردەم هەرەشە و درۆ و بوختانی ئیسلامیانەی دژە ئازادی.

ئێستا کە خەریکە دەسەڵاتی رۆنراو لەسەر پایەی دین لە ئێران، بەرەو ڕمان دەچێت، مەلاو سەلەفیەکانی ناوچەکەو کوردستانی خستۆتە لەرزە، بۆیە هەوسارپچراو ترن و درۆ و بوختان و هەرەشەکانیان، زیاد دەکەن، دەکرێت ئەم هێرشەی ئێستا بۆ سەر چۆمان هەردی هۆکارێکی ئەوە بێت.

دیارە ئەو بەرگرییەی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە چۆمان هەردیان کرد، بەرگرییە لە ئازادی و لە پیرۆزییەکانی کۆمەڵگە، لە بەرامبەر بە رەوتێکی کۆنەپەرستی میژوو لیخن و رەمزەکانی کوشتاری ئینسانی ئەم سەردەمە.                  

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×