برسییەکانی سریلانکا، دەسەڵاتی بنەماڵەی "ڕاجاپاسکا"یان ڕاماڵی

عەبدوڵا مەحمود
  2022-07-20     388

دوای زیاتر لە دوو دەهە لە دەسەڵاتی تاڵانچی و بنەماڵەیی ڕاجاپاسکا، کە هەموو شتێک و ژیانی فیرعەونیان بۆ خۆیان و بنەماڵەکەیان زامن کردبوو، وە هەموو جومگە سەرەکیەکانی دەسەڵاتیان لەدەستی براکان و خێزانی خۆیاندا قۆرغ کردبوو... سەرئەنجام و دوای پرۆسیەک لە نارەزایەتی و خۆپیشاندان، لە هەڵمەتێکی چاوەڕوانکراودا، بە وتنەوەی هەزاران دروشم، کۆتاییان بە دەسەڵاتی ئەو بنەماڵە هێناو سەرەتایەکی نوێ بۆ خەڵکی سریلانکا هاتۆتە پێشەوە.

ئەم ڕاپەرین و ڕاماڵینەی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و ئۆلیگارشی لە سریلانکا، لە بنەرەتدا ڕیشەی لە نابەرابەری چینایەتیدا بوو، لە لایەکەوە بنەماڵەیەکی ئۆلیگارشی و کۆمپانیاکان و دەستیان بەسەر هەموو داهات و ساماندا گرتبوو، لە لایەکی ترەوە جەماوەری ملیۆنی برسییەکان تا دەهات رووبەرووی سەختی ژیان و گوزەران و گرانی و برسێتی و بێکاریی دەبوونەوە، خزمەتگوزارییەکانی وەکو ئاو و کارەبا و وزەو تەندروستی و خوێندن و پەروەردە، بەرەو وێرانی پاڵ دەنران... لەوبارەیەوە ھاوڵاتیەکی شۆڕشگێری سریلانکی لە لێدوانیکیدا بۆ کەنالێ بی بی سی دەڵێت:

"سەرۆکی وڵاتەکەمان شەوان لە کۆشکی ملیۆن دۆلاریدا ئەنووست. ئێمەش سێ رۆژ لەسەرەدا ئەوەستاین بۆ بتڵێک غاز. دواجار بڕیارماندا ئەو جۆرە لە حکوم و ژیانکردن بگۆرین. تا ئەوەی جیھان پێمان نەڵێ سریلانکیەکان خەڵکانی ترسنۆک نا ھۆشیارن. ئێستا ئێوە بەچاوی خۆتان دەبینن کە ھەموو سەرکردەکانی وڵات لەژێر پێماندا ھەڵدێن"

ئەوە لە حاڵیکدا بوو کە سریلانکا یەکێک لە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی خواروی ئاسیایە.

بەم دوایانە رادەی بەرزبوونەوەی نرخی شت و مەک بە رێژەی ٨٠% لەسەد بەرەو هەڵکشان چوو، ئەمە وای کرد، چینی کرێکار و جەماوەری بێبەشی ئەو وڵاتە، توانای کرێنی سەرەکیترین پێداویستیەکانیانی نەبێت، لەلایەکی تریشەوە دەسەڵاتی سیاسی نەک توانای وەڵامدانەوەی ئەو دۆخەی نەبوو، بەڵکو توانای دانەوەی قەرزی هاوڵاتیانیشی نەبوو، بۆیە دروشمی" قەرزەکانمان بدەنەوە" یەکێک لە بەرجەستەترین دروشمەکانی جەماوەری ڕاپەڕیووی سریلانکا بوو.

جەماوەری سریلانکا، بە وەلانانی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و ئۆلیگاریشی، نەک هەر کۆتاییان بە دەسەڵاتێکی تاوانکار و بێدەربەست بە خواستەکانیان دایەوە، بەڵکو ئەوەیان نیشانی دنیادا، کە هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت لەبەردەم توڕەیی و سێلاوی جەماوەریدا خۆی رابگرێت. هاوکات ئەو راستیەیان خستەوە ڕوو، ئەوەی کە دەتوانێت کۆتایی بە دەسەڵاتی سیاسی بهینێت و سیستەمی سیاسی لە ڕەگەوە دەربکێشێت، دیموکراسی بۆرژوازی و درۆی هەڵبژاردنەکان نییە، بەڵکو هاتنە مەیدانی جەماوەری و وەرێخستنی شۆڕشە. ئەمە خۆی ئەزمونێکی بایەخدارە، بەڵام نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت، کە ئەمە تەنها نیوەی هەنگاوێکی شۆڕشگێرانەیە، نیوەکەی تری دەستبردنە بۆ جێخستن و پیادەکردنی دەسەڵاتی جەماوەری. ئەگەر خودی راپەرین و شۆڕش نواندنی ئیرادەی جەماوەرییە بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتێکی ستەمگەر و نابەرابەر، ئەوا جێخستن و بەردەوامی دان بەو ئیرادەیە لە گرەوی ئەوەدایە، فۆرمێکی تری دەسەڵات بینابکرێت، کە ئیرادەی جەماوەری لە کردەیەکی هەڵچوونی جەماوەرییەوە بگۆرێت، بە دوبارە بەرهەم هێنانەوەی بەردەوامی دەسەڵاتی جەماوەری و ڕیگە لەوە بگرێت باڵەکانی تری بۆرژوازی بەرهەمی خرۆشان و راپەڕین و شۆڕش بدزن و بە بانگەشەی پۆپۆلیستی دوبارە دەسەڵات بدەنەوە بە بەشیکی تری بۆرژوازی.

بیناکردنی دەسەڵاتی لەخوارەوەی جەماوەری، کە پشت بە کۆبونەوەی راستەوخۆی جەماوەری لە کارگەو ناوەندکانی کارو بەرهەمهێنان، لە گەرەک و شوێنەکانی ژیان ببەستێت، دەتوانێت ڕیگە لەوە بگرێت کە جارێکی تر و لەسەرەوە دەسەڵات دابسەپێتەوە. هەموو دەسەڵاتێک کاتیک لەسەرەوە دادەمەزرێت یانی پێشێلکردنی ئیرادەی راستەوخۆی جەماوەری لە خوارەوە.

بەهەموو پێوانەیەک کۆمەڵگە لەسەر شانی زەحمەت و ماندوو بوون و بەرهەمی چینی کریکار و توێژە مەحرومەکانی دەچەرخێت، هەر بەو مانایەش خاوەنی راستەقینەی کۆمەڵگە ئەوانن... بۆیە زامنی دەسەڵاتێکی بەرابەر و کەژیان و گوزەرانی تەسەل و ئازادی و مافە فەردی و مەدەنیەکان زامن بکات، تەنها لە گرەوی گرتنە دەسەڵاتی سیاسی لەلایەن چینی کریکاری و رێکخراو جەماوەری بێبەش دایە.

دنیای ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر ریسوایی ماهییەتی دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری و ئایدۆلۆژی و ئیداری و حقوقی و فۆرمەکانی دەسەڵات و باڵادەستی بۆرژوازی، خستۆتە ڕوو. ئەم دەسەڵاتە لەهەر فۆرم و ئەلگۆیەکی دابێت، بەهۆی بە مەبناگرتنی قازانج، لە جێگای بەمەبناگرتنی ئینسان و بەهۆی ئەوەی بەرهەمهێنان بۆ وەڵامدانەوە بە ویست و خواستەکانی جەماوەر نییەو بۆ سودی سەرمایەیە... لە ناکۆکیەکی قوڵدایە لەگەڵ ئینسان و ئینسانیەت و مافەکانیدا.

سریلانکا، دەسەڵاتێکی بنەماڵەیی ئۆلیگارشی ڕاماڵی، ئەمە تەنها سەرەتای کارێکی گەورە و هەنگاوێکە لە رێگایەکی درێژتر. ئەگەر هەنگاوەکانی داهاتوو ڕیگەگرتن نەبێت لە باڵەکانی بۆرژوازی بۆ گێرانەوەی دەسەڵاتی لە فۆرمی تردا، دەستبردن نەبێت بۆ بنیاتنانی دەسەڵاتی راستەوخۆی لەخوارەوەی جەماوەری، کە بەشی چینی کریکاری پێشرەو و جەماوەری بێبەش تیایدا رۆڵی یەکلایی کەرەوە بگێرن، ئەوا دوبارە بۆرژوازی سیریلانی بە پشتیوانی بۆرژوای وڵاتەکان و دەستێوەردانی قوتب و بلۆکەکانی دنیا، بەرهەمی ڕاماڵینی دەسەڵات دەدزن و بە کۆمەڵیک بەڵێن و چاکسازییەکی کورتی روکەش و دەسەڵاتی ئەزمونکراو شکستخواردووی بۆرژوازی بەسەر سەری خەڵکی سریلانکادا دادەسپێننەوە.

دیارە ڕاماڵینی دەسەڵات لە سریلانکا هەر ئێستا کاریگەری لەسەر بزوتنەوەی نارەزایەتی لەسەر سەرجەم وڵاتانی دنیا دەکات، بەتایبەتی کە هەمان ئەو هۆکارانە یان بەشێکی زۆر لەو هۆکارانەی جەماوەری لە سریلانکا هێنایە سەر شەقام، لەوانە پاوانی دەسەڵات، دەسەڵاتی بنەماڵەیی، نابەرابەری ئابوری و نەبوونی و گرانی و بیکارای و لە زوربەی وڵاتانی دنیایدا، بۆتە دیاردەیەکی هاوبەش و دوبارە. ئەگەری هاتنە مەیدانی جەماوەری نەک هەر لە وڵاتانی ئاسیاو ئەمریکای لاتین و ئەفریقیا، کە بارگرانی لێکەوتەکانی کۆرۆنا ڤایرۆس و جەنگ لە ئۆکرانیا بە شێوەی تۆقینەر هەرەشە لە ژیان و گوزەرانیان دەکات و ئاماری برسیەکان دەباتە سەرەوە، بەلکو لەناو جەرگەی ئەوروپادا، واقعیەتیكە و بۆرژوازی توشی نیگەرانی و ترس کردووە. دوبارە تارمایی شۆرش و راپەرین بەسەر سەری دنیاوە دەبینرێت.

لاوازییەکی سەرەکی کە وادەکات، بۆرژوازی لە فۆرم و قاڵبی تردا دریژە بە ژیانی خۆی بدات و لەهەر برگەیەکی دەرگیر لە ئەزمەو راپەرینی جەماوەرییدا، جارێکی بێتە دەرەوە و بە پێوە بمێنێتەوە پەیوەندی بە بەهێزی بۆرژوازییەوە نییە، بەڵکو نەبوونی ئاسۆی شۆرشگێرانەو نەبوونی حزبە کۆمۆنیستەکان و نارێکخرابوونی چینی کرێکارو جەماوەری بێبەشە لە چوارچیوەی ئەم حزبانەو ریکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکانی خۆیاندا... کاری چەپ و کۆمۆنسیتەکانە، کە حزبی چینایەتی و مارکسی و لینینی لەدڵی ئەزمەی بۆرژوازی و بەرین بوونەوەی نارەزایەتییە جەماوەرییەکاندا، دابمەزرێنن و رۆڵی خۆیان بگێرن و پایەکانی هەلومەرجی شۆرشگێرانە بە دەخالەتی خۆیان بینا بکەن و شۆرش وەکو وەڵامی ژێرەو ژورکردنی کۆمەڵگەی بۆرژوازی ئێستا، بەدەستەوە بگرن و سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی کۆمەڵگە بکەنە ئەرکی دەست بەجێی خۆیان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×