تورکیا چی لە هەرێم دەوێت؟

عەبدوڵا مەحمود
  2024-07-24     206

جاریكی تر دەوڵەتی فاشیستی تورکیا خەریکی ئەنجامدانی هێرشیکی فراوانە بۆ ناو هەرێمی کوردستان و پیش وەختەش دەستی بە ئۆپەراسیۆنیکی فراوان کردووە لە پارێزگای دهۆک و ناوچەکانی دەوروبەری و وەکو خاوەن مالێش کەوتۆتە بازگە دانان و لێپرسینەوە لە هاوڵاتیان.

پاساوی دەوڵەتی تورکیا لەو ئۆپەراسیۆن و هێرش و ئەو هەموو بنکە سەربازیانەی لە هەرێمدا دایمەزاندون پاراستنی ئاسایشی سنورەکانی تورکیاو لیدانە لە هێزەکانی پەکەکە.

تورکیا بە جیا لە ناوچە سنورییەکان و ئۆپەراسیۆنی بەردەوام لەلایەکی تریشەوە لە رێگای درۆنەکان و باندە تیرۆریستییەکانیەوە لەناو قوڵایی کوردستان و جەرگەی شارو شارۆچکەکاندا خەریکی دروێنەکردنی کادر و چالاکوان و لایەنگرانی ئۆپۆزیسۆنی تورکیایە.

ئەوەی لە هیرش و ئۆپەراسیۆنی ئەمجارەدا بەرۆشنی دیارە، ئەم هیرشانە بەدوای سەردانی ئەردۆغان بۆ بەغدا و هەولێردا دەستی پیکردووە و بێ دەنگەی دەسەڵاتی هەرێم و حکومەتی عێراقیش بەمانای رەزامەندی نیشاندانی هەردوو لایانە... ئەگەر پێشتر بەشیوەی شەرمنۆکانە دەسەڵاتی سیاسی یان دەوڵەتی عێراق بە پاساوی پیشێلکردنی سەروەری عێراقەوە ئیدانەی هیرشەکانی دەوڵەتی تورکیایان دەکرد، ئەمجارە بێ دەنگەیان هەڵبژاردووە، ئەمەش نیشانە و ئاماژەیەکی ئاشکرایە بۆ رێكەوتنێکی پێش وەختەی تورکیا لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و هاوکاری دەسەڵاتی زۆنی زەرد لەگەڵیدا.

دەوڵەتی توکیا لەگەڵ ئەوەدا پەکەکە پاساوێکی هێرشەکانییەتی، بەڵام بوونی هێزەکانی پەکەکە، هەموو ئامانجی هیرشەکانی دەوڵەتی تورکیا نییە، بەڵكو خودی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی بەسەر کوردستانی عیراقدا ئامانجە.

سەرباری ئەوەی دەوڵەتی تورکیا پەیوەندیەکی پتەوی لەگەڵ دەسەڵاتی پارتی و زۆنی زەرد هەیە و چەندین رێکەوتنامەی ئابوری و بازرگانی ئەمنی و سیاسی لە نێوانیاندایە و بەمانای وشە پارتی مل کەچی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیایە، بەڵام ئەوە هیچ بەربەستێک ناخاتە بەردەم ئامانجەکانی دەوڵەتی تورکیا، کە وەستانەوەیە بەرووی قەوارەی هەرێم و دەسەڵاتی سیاسی ناسیونالیزمی کوردا. ئەردوغان و ئاک پارتی، دەسەڵاتی هیچ باڵ و لاباڵێکی بزوتنەوەی کوردایەتی لە هیچ کام لە بەشەکانی کوردستاندا، قبوڵ ناکەن و ئەوەیش وەکو ئەمری واقیع سەپاوە، لەلایەن تورکیایەوە هەوڵی لەناو بردنی دەدرێت. جیا لەوانە تەنها دەسەڵاتی سیاسی مەبنای هیرشی دەوڵەتی تورکیا نییە، بەڵکو خودی ئیرادەی سیاسی جەماوەر و خەڵکی کوردستان، لەبەردەم هیرشی فاشیستی و شۆفینیزمی دەوڵەتی تورکیادایە.

دیارە چ دەوڵەتی عیراق و چ دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد، توانای بەرگرتن و وەستانەوەیان بەرووی هێرش و ملهوری تورکیادا نییە، بەڵام ئەوە بە هیچ جۆرێک پاساو ناداتە دەستی دەوڵەتی عێراق و ناسیونالیزمی کورد، بێدەنگە بەرامبەر بەهیرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بگرنە بەر و لەوەش زیاتر هاوکاری و رێکەوتنی لەگەڵ بکەن تا بەپاساوی بوونی پەکەکە، رەوایەتی بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بدەن. ئەو مامەڵەیەی دەوڵەتی عێراق و دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد، جگە لە ئابرووچوونی سیاسی هیچ واتایەکی تر هەڵناگرێت. دیارە ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا، دەستی دەوڵەتی عێراق دەکاتەوە کە بە پاساوی هیرشی تورکیا و پاراستنی سنورەکانی هەر کاتێک بەرژەوەندیەکانی بخوازێت، هیزە چەکدارەکانی لەژێر ناوی پاراستنی سنورەکانیدا بگێرێتەوەو هیزی چەکداری حزبە کوردیەکانیش لە چوارچێوەی سوپای عێراقدا، رێک بخات و پرۆسیسی کۆتاییهێنان بە هیزی چەکداری حزبی لە هەرێمدا دەست پێبکات. ئەوەش لەگەڵ ئامانجی دەوڵەتی عێراق بۆ کۆتاییهیان بە قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، یەک دەگرێتەوە...

تورکیا باش دەزانێت، کە بوونی پەکەکە هەر لە سنورەکان و دەرەوەی تورکیا نییە، بەڵکو لەناو خودی تورکیا و لەشارەکاندا پەکەکە وەکو بوونێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە و لەم جەنگەشدا کەلەناوخۆی تورکیا هەیە، تورکیا ناتوانێت ئامانجەکانی بپێکێت. بۆیە تورکیا هەوڵ دەدات لە رێگای هێرشی و ملهوری نواندن و دەستوەردان لە کورستانی عێراق و سوریا و ناوچەکەدا، شکستی خۆی چ لەبەرامبەر بوونی پەکەکە و چ لەبەرامبەر بە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری خەڵکی کوردستان و توکیادا، بشارێتەوە. بەتایبەتیش کە دەوڵەتی تورکیا بەجیا لە کیشەی کورد و پەکەکە رووبەرووە لەگەڵ دەیان گرفت و کیشەی تری ناوخۆیی ناوچەیی و گوشاری جیهانی تا دەگاتە کیشەی دارمانی کیرفی ئاک پارتیی و داروخانی ئابوری و لیرەی تورکی و لاوازی پیگەی لە عێراق و ناوچەکەدا لە بەرامبەر بە پێگە و جەمسەری ئیرانیدا.

دەسەڵاتی زۆنی زەرد هەر چەندە مل بەخواستی تورکیا بدات و پەکەکە بەهۆکاری هێرشەکانی تورکیا پاساو بدات، ناتوانێت بیانو بۆ بیدەنگەی خۆی و هاوکاری توکیا وەکو شکستێکی خۆی بشارێتەوە. لەدۆخی ئیستادا پارتی ناچارە هەم مل بە بەغدا بدات و خۆی لەگەڵ بگونجێنێت هەمیش روو لە ئیران وەکو جەمسەریکی ناوچەیی بکات و پەیوەندیەکانیشی لەگەڵ تورکیا رابگرێت. ئەو واقعیەتەش پارتی رووبەرووی ئەزمەیەکی قوڵتر کردۆتەوە، بەتایبەتی کە لەبەرامبەر بەغدادا، ملی داوە و لە ململانێدایە لەگەڵ یەکێتی نەیاری بۆئەوەی جیگایەکی باشتری لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندی عیراقی پێ بدرێت و لە هەرێمدا نوینەرایەتی دەسەڵاتی فیدرالی بکات.

یەكیتی کە بەتەواوەتی لە زۆن و جەمسەری ئیرانیدایە و کیشەیەکی لەگەڵ دەسەڵاتی بەغداو فیدرالی نەک نییە، بەڵکو مانەوەی بەندە بەهاوکاری دەسەڵاتی فیدرالی و نۆکەر سفەتی بۆ ئیران، لەلایەکەوە هاوکاری و پەیوەندی لەگەڵ پەکەکەو هێزە سێبەرەکانی هەیەو لەلایەکی تریشەوە دەیەوێت، پەیوەندیەکانی لەگەڵ تورکیا ئاسایی بکاتەوە. هاوکاری یەکێتی بۆ توکیا بەتایبەتی بۆ چاوساغی و زانیاری بۆ هێرشە درۆن و تیرۆریستەکانی، هیشتا دڵی دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە ئاوا نادات، چونکە بۆ تورکیا تەنها هاوکاری لە کەیسی پەکەکەدا، بەس نییە، بەڵکو خودی   دەسەڵاتی یەکێتی لە زۆنیکدا قبوڵ ناکات، هەر وەکو چۆن دەسەڵاتی پارتیش قبوڵ ناکات و دەیەوێت کۆتایی بەدەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و بە شیوەی گشتی کۆتایی بە قەوارەی سیاسی هەرێم بێت و لەو نێوەشدا درێغی لە هاوکاری دەسەڵاتی فیدرالی عیراق ناکات.

بۆیە دەتوانین بڵێین، ئامانج لە هێرش و ملهوری ئەم دەورەیەی تورکیا بۆ سەر پەکەکە و هەرێمی کوردستان، خودی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم و قەوارە سیاسیەکەیەتی، نەک تەنها پەکەکەو پاراستنی ئاسایشی سنورەکانی. بۆ تورکیا بوونی قەوارەی سیاسی هەرێم، هەرەشەیەکی گەورەتر لە بوونی هیزەکانی پەکەکەیە. دیارە لەوەش زیاتر تورکیا دژی بوونی کورد و هەموو مافێکی سیاسی خەڵکی کوردستانە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×