لەدرێژەی داگیرکاری و هێرشی درندانەی حکومەتی دەستی راستی نەتانیاهۆ بۆسەر فەلەستینیەکان و غەززەدا، هێرشی درۆنی موشەکی بۆسەر بنکەو بارەگا سەربازی و هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و دۆستەکانی لە عێراق و سوریا و ناوچەکەدا، لەلایەن گروپەکانی سەر بەئێرانەوە درێژەی هەیە. کاردانەوەو بۆردومانی دەوڵەتی ئەمریکاش لەدژی بنکەو بارەگای ئەو هیز و گروپانە بەردەوامە، کە بەدوای خۆیدا قوربانی لەنێوان هەردوو لێ کەوتۆتەوە و ژمارەیەک لە خەڵکی مەدەنیش بوونەتە قوربانی. دوو لایەنی سەرەکی ئەم بەرامبەرکێیە لەلایەکەوە ئەمریکا و داگیرکاریەکەیەتی و نایەوێت بەدەستی خاڵی پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی دوای ناکامیەکی گەورە لە عێراق و ناوچەکەدا دەست بۆ ببات، لەلایەکی تریشەوە ئێران بەوێنەی قوتبێکی ناوچەیی دەیەوێت هەژموونی سیاسی و باڵادەستیەکەی بەسەر بریاری سیاسی ناوچەکەدا بهێڵێتەوەو لە ئاستی دنیای فەرمی و کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتیدا ئەو رۆڵەی بۆ بەرەسمی بناسرێت. بەڵام بەیەکدادانی ئەم دوولایەنە لە گۆرەپانی دوور لە خاکی ئیران و ئەمریکایە و هەردوو لایان لە جێگای ئەوەی هێرشی راستەوخۆ بەرامبەر بەیەکتری و لە گۆرەپانی خۆیاندا بۆسەر یەکتری بکەن، گۆرەپان و جغرافیایی تریان کردۆتە مەیدانی یارییەکی دەست ئاشکرا. یارییەک کە پێمان دەڵێت، ئەوەی روودەدات، لەچوارچێوەی گیرانەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە و خاوکردنەوەی گرژییەکانی ئەمریکا و ئیراندا دەچێتە پیشەوە، نەک بۆ گڕدان و نائارامکردنی زیاتری ناوچەکە. ئیران و ئەمریکا خەریکن رۆڵ و پێگەی خۆیان لە ناوچەکەدا لەنێوان خۆیاندا دابەش دەکەن و بۆ ئەم کارەشیان پێویستیان بە جەنگ و پێکداپژانی راستەوخۆ نییە، بەڵکو دەیانەوێت بە گورزی ناو بەناو و لێرەو لەوێی لەناوچەکەدا بۆ سەر دەست و قاچی یەکتری، سەر و ئەندامانی گرنگی جەستەیان پارێزروا بێت و ژینگەی درێژەدان بە سازان و رێکەوتنیان، ساغلەم بمێنێتەوە.
لێدوانی گەورە بەرپرسانی ئەمریکا و ئیران، کە نایانەوێت شەر بکەن و گرژییەکانیان زیاد ببێت و ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر بچێت، بەڵگەی ئاشکرایە کە ئەمریکا و ئیران توانای هەڵگریساندنی جەنگی راستەوخۆیان لەگەڵ یەکتریی نییەو هەر دوولاش ئەو راستیە دەزانن کە جەنگی راستەخۆ بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان، لە ناوچەکەدا دەخاتە مەترسییەوەو هەموو رۆژهەڵاتی ناوەراستیش دەکاتە کوانویەکی جەنگی درێژ مەودا و سەخت کۆنترۆڵ و رەوەندی زاڵی ئێستاش قڵپ دەکاتەوە. رەوەندیك کە ئاراستەی زاڵی بەرگرتن بە ئاڵۆزبوونی زیاتری ناوچەکەو گێرانەوەی رادەیەک لە ئارامی سیاسییە، بۆ سازکردنی ژینگەیەکی لەبارتر بۆ سەرمایەو سەرمایەگوزاری.
لە ئاستی دنیادا کەم دەوڵەت هەیە هێندەی ئێران بەوێنەی جەمسەرێکی ناوچەیی، دەستێوەردانی لە زۆرترین وڵاتانی ناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناوەراست هەبێت و بەو ئاستەش رووبەڕوو لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێت. ئەم مامەڵەیەی ئیران، دۆخێکی خوڵقاندووە، دەستبردن بۆ رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ و زبر لەگەڵی، زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناوەراست رابکێشێتە ناو دۆخێکی ئاڵۆزی سەختی لە کۆنترۆڵ دەرچوو، بۆیە چ ئەمریکا و غەرب و چ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناچارن رێگای سازش و رێکەوتن وەکو شاڕیی مامەڵە لەگەڵ ئێران بکەنە بژاردەی سەرەکی. لێدانی ناوە ناوەش لە گروپەکانی سەر بەئیران و لە دەرەوەی ئیران، یان هێرشی موشەکی و درۆنی ئیران بۆسەر پیگەی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە، جگە لە مانۆرێک بۆ ئیدارەی ململانیکانیان، لە دۆخی ئیستای ناوچەکەدا شتێکی تر، نییە. پەیوەندی ئێستای نێوان ئەمریکا و ئێران کە ململانێی خۆیان لەڕێگای هیزە بەوەکالەتەکانیان بە بۆردومان و هیرشی موشەکی لێرەو لەوێ دەبەنە پیشەوە، ئاسایی تر لەو دۆخەیە کە ئەم بەیەکدادانە بوونی نەبوو وە کیشمەکێش نیوان ئەمریکاو ئیران لەژێر ناوی کۆنترڵی چەکی ئەتۆمی و گەرانەوە بۆ بەرجام، مەسەلەی سەرەکی بوو. پشتیوانی راستەوخۆی ئەمریکا لە ئیسرائیل و داگیرکارییەکەی و جەنگی لە غەززە و خۆ هەڵواسینی ئیران بە پرسی فەلەستین و پشتیوانی لە گروپەکانی دەست پەروەردەکراوی خۆی لە ناوچەکە، هەر دوولا ناچار دەکات، بۆ بەیەکدادانی نێوانیان، بەڵام لە ئاستێکی دیاریکراوی کۆنترۆڵکراودا. ئەوە ئێستاش روو دەدات لەنیوان ئیران و ئەمریکادا بەتایبەتی دوای دەستپێکی جەنگ لە غەززە، ریشەی لەهەمان واقعیەتدایە.
ئەو لێکدانەوەو بۆچوونەی لای وایە رۆژهەڵاتی ناوەراست و ناوچەکە لەبەردەم بۆرکانی تەقینەوەو و ئاڵۆزی و جەنگێکی گەورەو ناوچەییدایە، خوێندنەوەیەکی زۆر سەر پێییە و ریشەی لە گەورەکردنی رووداوە بچوکەکان و نەخوێندنەوەی ئاراستەی زاڵ و بەرژەوەندییە گەورەترەکانە، کە جەنگ و ئاڵۆزی زیاتر لە ناوچەکەدا دەتوانێت لە باری ببات.
دیارە لەناو ئەم دۆخەدا هێز گەلێک دەبنە قوربانی، بەتایبەتیش ئەوانەی مایەیان لەسەر ململانێی نیوان ئەمریکاو ئێران هەڵچنیوە و بەتەواوەتی خۆیان بەستۆتەوە بەو دوو جەمسەرەوە. لەوانەش ئەوانەی ئەمریکا بە فریاد رەس دەزانن و لەگەڵ ئەوانەی خۆیان هاویشتۆتە ئامیزی سیاسەتەکانی ئیرانەوە.