بێ ئەڵتەرناتیفی بۆرژوازی کورد، لەبەرامبەر هەژموونی بەغدادا

عەبدوڵا مەحمود
  2023-07-23     187

بەجیا لەو دوو هۆکارە "کاڵبوونەوە روحی نەتەوایەتی و کوردایەتی نەکردن!" و " لێکترازانی و ناکۆکی ناو ماڵی کورد" کە وەکو سەرچاوەی هەرەشەی هەرێم لەلایەن سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی دەخرێتە ڕوو، هاوکات زوربەی سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی و نووسەرانیان دەڵێن هۆکاری مەترسی سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان پاشگەزبوونەوەی هیزە عێراقیەکانە لە پابەند بوون بەدەستورو فیدرالیزم. لە کاتێکداو لەبنەرەتدا گوشارەکانی بەغدا بۆسەر هەرێم پابەندبوونی هیزە عێراقیەکانە بە فیدرالیزمی قەومی و دەستور، کە پارتی و یەکێتی بە تەبایی و هاوئاهەنگ پێشوازیان لێکرد و وەکو دەستکەوتێکی گەورە وێنایان کرد و وەکو سەرکەوتنی دیبلۆماسیەتی کوردی رایانگەیاند، بەڵام دەستور و فیدرالیزمی قەومی لە هاوسەنگی هێزی تایبەتی نێوان بەغداو هەولێردا، نووسراو بە تەواوەتی مۆری ئەو هەلومەرجەی پێوەیە... بزوتنەوەی ناسیونالیزمی کورد لەوپەڕێ هیز و تونایی خۆیدا بوو. قەڵەمرەوی دەسەڵاتی لە هەرێمدا بۆ زیاتر لە دەیەیەک زوتر جێگیر کردبوو. لە ئاستی ناوچەکەو دنیادا، کارتێک و یاریچیەکی مایە لەسەر دانراو بوو. وەهمی خەڵکی کوردستان بە دەسەڵات نەرەویبۆوە... لەهەمان کاتدا بۆرژوازی عەرەب لە عێراقدا بەتایبەتی باڵە شیعەکەی، بەسەر ولاتێکی داڕوخاو، دەوڵەتێکی بنەما وێران، بەوپەڕی  بێ ئەزموونیەوە دەستی پێکرد. هاوکات لایەنی باڵادەست لە عێراقدا بە کردەوە لە ژێر هەژموونی رەهای ئیراندا بوو... چ دەستورو چ فیدرالیزمی قەومی وەکو بنەما و چوارچیوەی پەیوەندی هەڕیم بە بەغداوە، لەو هەلومەرجەدا بەناچار تارادەیەک بەشێک لەخواستەکانی بۆرژوازی کوردی جێگیر کردبوو، بەتایبەتیش مافی فەرمانرەوایی بۆ یەکەمین جار لە مێژووی دوورو نزیکی کوردستاندا، بۆ بۆرژوازی کورد بە فەرمی ناساند و ئەم مافەشی لە دەستوردا جێگیر کرد. دەستور مافی فەرمانڕەوایەی بۆرژوای کوردی بەسەدان ئەمما و ئەگەر و بەندی مەتاتییەوە، داڕشتبوو... بەتایبەتیش لەپەیوەند بە مامەڵە بە داهات و سامان و پرسی نەوت و سنورو بەرگری. لاوازی دەسەڵاتی ناوەندی و ململانێی نێوان باڵەکانی بۆرژوازی لە عێراق و بەیەکدادانی تاییفی و قڵشتی ناو هیزە باڵادەستە شیعیەکان و هەوڵی ناسیونالیزمی سونە بۆ جێگا پەیداکردنەوە، وای کرد کە دەسەڵاتی ناوەندی چاوپۆشی لە زیدەڕەوی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد بکات و پێشێلکارییە دەستوری و یاساییەکان، بێدەنگە لێ بکات، بەڵام لەگەڵ خۆگرتنەوەی پەیتا پەیتای بۆرژوازی عێراق و تیپەڕین لە ئەزمە قوڵە ناوخۆیەکانی و هاوکات کۆتاییهاتنی جەنگی سەربازی لەدژی داعش و ١٦ ئۆکتۆبەر... لەڕیگای بەدەستەوە گرتنی خودی دەستور، بەڵام لەهەلومەرج و هاوسەنگیەکی تازەدا، هەوڵەکانی خۆی بۆ پشتراستکردنەوە لەسەراسەری عێراقدا دەستپێکرد و هەرێم و دەسەڵاتی بۆرژوای کورد یەکێک لە نیشانەکانی بوو.

بۆرژوای عێراقی بۆجێگیرکردنی دەسەڵاتی ناوەندی خۆی بەسەر تەواوی عێراقدا، بەر لەهەر رێگاو شێوازێک، پێویستی بە پابەند بوون بەدەستور و دەستگرتن بە یاساکانی دەستور بڕیارلێدراو بوو. بۆ ئەو مەبەستە لەجێگای بەدەستەوەگرتنی کەیسی سیاسی رەها، پیویستی بەجوڵاندنی ئەو دۆسیانە بوو، کە توانایی و لەخۆرادیووی ناسیونالیزمی لەسەر بیناکرابوو، یەکێک لەو دۆسیانە پرسی فرۆشتنی نەوت و کێلگە نەوتیەکان و ئابوری سەربەخۆ... بوو. کە هەرکام لەم دۆسیانە، بەپێی دەستور لە دەسەڵاتی ناوەندی دایەو دەسەڵاتی فیدرالی و هەرێمەکان مافی مامەڵە بە سامانی نەوت و غاز و فرۆشتنی سەربەخۆیان نییە. جوڵاندنی ئەم دۆسیەیە لەلایەن بەغداوە هەم دەستوری و هەم یاسای بوو، وە دادگای فیدرالی بە تەواوەتی لە پشتی بوو، جوڵاندنی ئەم دۆسیەیە، سەرەتای جوڵەی بۆرژوازی عێراقی بوو بۆ کەم کردنەوەی توانایی دەسەڵاتی هەرێم و لەدەست دەرهێنانی توانا ئابوریەکەی کە بۆرژوای کورد لە هەلومەرجێکی تایبەتی و لاوازی دەسەلاتی ناوەندیدا، بەدەستیەوە گرتبوو، دیارە دۆسیەی نەوت لە بنەرەتدا دۆسیەیەکی سیاسی نێوان هەرێم و بەغداو کارتیکی ململانێی نێوانیان بوو. بۆ دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، دۆسیەی نەوت بنەمای سەربەخۆی ئابوری و چەکیكی سیاسی بوو کە دەیویست لەو رێگایەوە سەربەخۆی و تونایی بریاردانی سیاسی بەسەر هەرێمدا درێژە پێبدات و بەغداش ناچار بەوە بکات مل بەو ویستەی بدات... بەڵام بریاری دادگای فەرەنساو دواتر بریاری دادگای فیدرالی... ئەو کارت و چەکەی لە دەستی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد دەرهێناو هاوکات ناچار بوون ئەو بڕیارە بە فەرمی بناسن و پێوەی پابەند بن... ئەوەی جێگەی گاڵتەجارییە، دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد چۆن شانازییان بەسەربەخۆی ئابوری و فرۆشتنی نەوتەوە دەکرد، ئەو کاتەش لەدەستیان دەرهێنان دوبارە کەوتنە شانازی کردن بە دیبلۆماسیەتی کوردی و بەیاسایی کردنی فرۆشتنی نەوت...

ئیستاش کە هەژموونی ناوەند بەسەر دەسەڵاتی شەقبووی هەرێمدا تا دێت زیاتر دەبێت، پارتی و یەکێتی هەر لایەکیان لە هەوڵی ئەوەدان خۆیان لەگەڵ ناوەند بگونجێنن، بەڵام هەردوو لاش نایشارنەوە کە قەوارەی سیاسی هەرێم لەبەردەم دارمان و داڕوخاندایە. وە خەونی بۆرژوازی کورد لە بانگەشەی گەورەو قەبەوە بەتایبەتی بانگەشەی وابەستە بە پرسی کوردەوە هاتووتە خوارەوە بۆ پرسی بەهرەمەند بوون لە بودجە و شایستە داراییەکان لەلایەن بەغدا و دابەشکردنی موچەی موچەخۆران. واتە لە کاتێکدا بەغدا خەریکی چنین و جێ بەجێکردنی نەخشەیەکی هێرش بەرانەیە بۆسەر دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد، بۆرژوازی کورد نەک توانای بەرگری نییە، بەڵکو لەلایەکەوە ئەزمەی ناوخۆیی بۆرژوازی کوردی قوڵ کردۆتەوە و لیکترازانی هیزەکانی زیاتر کردووە، لەلایەکی تریشەوە دەسەڵاتی هەر زۆنێک خەریکن هیواش هیواش دەچنە ناو ئامیزی بەغداوە. بەمەش بەکردەوە شتیک بەناوی قەوارەی سەربەخۆیی هەرێم نامێنێتەوە و پارتی و یەکێتی دەبنە ئامرازی دەستی بەغدا بۆ ئیدارەی هەرێم، بێ ئەوەی توانایی ئابوری و سیاسی و ئەمنی و حقوقیان، هەبێت. ئەمەش بەکردەوە هێرشێ بۆرژوازی عێراقییە بۆسەر دەسەڵات و بۆرژوازی کورد، بەڵام ئەمە تەنها رەوەندێکە و کەڵک لە رەوەندێکی تر وەردەگرێت. رەوەندێک کە ریشەی لە واقعیەتی سیاسی کوردستاندایە... چۆن دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد لە بەرامبەر بە دەسەلاتی ناوەندی عیراقدا زەلیل و لەژێر گوشار و بەرەو لاوازی مل دەنێت، ئاواش لەبەرامبەر بە خەڵکی کوردستاندا رووی لە پاشەکشەیە. متمانەی زوربەی هەرە زۆری هاوڵاتیان بەدەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن نەماوە، هاوسەنگی هیزی نیوان خەڵک و دەسەڵات بەسودی خەڵکی گۆڕاوە، بانگەشەکانی حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی کورد، بەرەو مایەپوچێ چووەو خەڵک ئەوانە وەکو دوژمنی خۆیان دەبینن و قەوارەی هەریمی کوردستان" دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازی کورد" نەک هیچ پیرۆزییەکی لایان نییە، بەلکو بەکردەوە بوونە هیزێک بۆ لاوازکردن و بریاری راماڵینیان داوە. ئەم دوو رەوەندە رەوەندی گوشارەکانی بەغدا بۆسەر هەرێم و رەوەندی نارەزایەتی خەڵکی کوردستان بەدژی دەسەڵاتی هەرێم، پرۆسیسی کۆتاییهاتنی ئەم قەوارە سیاسیەی خێراتر کردووە... خەڵکی کوردستان نەک ئامادەنییە لەبەرامبەر گوشارەکانی بەغدادا کاردانەوەیەک نیشان بدات و بەرگرییەک بکات، بەڵکو بەکردەوە پیشوازی لە هەژموونی بەغدا بەسەر هەرێمدا دەکەن و ئەوە بەڕیگایەک بۆ سوک بوونی باری سەرشانیان و باشتر بوونی ژیان و گوزەرانیان دەزانن... کە دیارە ئەم دید و روانینە هەڵەو هەڵگری خۆشباوەرییەکی یەکجار گەورەو وێران کەرە... خەڵکی کوردستان چۆن توڕەو نارازین لە دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، ئاواش خەڵکی عەرەب زمان تورەو نارازین لەدەسەڵاتی ناسیونالیزمی عەرەب، بۆیە هەردوو دەسەڵات هەولێر و بەغدا دوو دیوی یەک دراون و خەڵکی کوردستان چۆن دژی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردە ئاواش دەبێت دژی دەسەڵات و بانگەشەکانی دەسەڵاتی ناوەندی بێت. کۆتاییهاتنی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان لەسەر دەستی بۆرژوازی عێراقی، بە قازانجی خەڵکی کوردستان نییە و هیچ دەروازیەکی ژیانێکی باشتر بۆ خەڵکی کوردستان و ئاینندە سیاسیەکەی ناخاتە ڕوو... بەڵکو بەرەو دوبارە مەرگەساتەکانی رابردو و تاوانەکانی دەباتەوە...

بۆرژوازی کورد لە بەرامبەر بە دارمانی قەوارەی سیاسی هەرێمدا، هیچ رێگاچارەیەکی نییە، جگە لەوەی کە دەیەوێت بە درۆی هەڵبژاردنەکان وەڵامی ئەم دۆخە بداتەوە، واتە هەڵبژاردنەکان بەڕیگایەک بۆ وەڵام بەبەغدا و بە وەڵام بە خەڵکی کوردستانیش دەزانێت. لەکاتێکدا خودی هەڵبژاردنیش خۆی گرفتە و کۆسپیکە و ئەزموونی هەڵبژاردنەکانی رابردووش پوچی هەڵبژاردنەکانی لە بەرامبەر بە هەژموونی حزب و دەسەڵاتی میلیشیایی نیشانداوە و خەڵکی عێراق و کوردستانیش وەکو نارەزایەتی یان لە درێژەی نارەزایەتیەکانیدا بەدژی دەسەڵاتی بۆرژوازی لە سەراسەری عێراق و کوردستاندا، رێگای بایکۆت و بەشداری نەکردن و بەشکست کیشانی هەڵبژاردووەو و ئەمەش بۆتە مەیدانێکی تری نەبەردی خەڵکی عێراق و کوردستان بەدژی دەسەڵاتی باڵەکانی بۆرژوازی لە ئاستی عێراق و کوردستاندا. بەڵام ئەمە بەبێ دەست راگەیشتن و بەدەستەوە گرتنی ئەلتەرناتیفێکی جیاواز و کارساز بەشوێنێک ناگات، بۆیە رێگاچارەیەکی تر لەبەرامبەر بەم دۆخە و وەکو ئەلتەرناتیفی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و جۆری حکومرانیەکەی، بۆتە پێداویستیەکی لەدواخستن نەهاتوو... لەبەشی داهاتووی ئەم وتارەدا رێگاچارە و ئەلتەرناتیفێکی تر لەبەرامبەر دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد دەخەینە ڕوو....

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×