بازرگانیکردن بە زانستەوە؛ خوێندنی باڵا لە نێوان پارە و فێربووندا

توانا محەمەد نوری
  2026-06-16     183

سیستمی سەرمایەداری تەنها مۆدێلێکی ئابووری نییە بۆ ڕێکخستنی کڕین و فرۆشتن، بەڵکو لۆژیکێکی کلتووری و دەسەڵاتخوازییە کە هەوڵدەدات سەرجەم سێکتەرەکانی ژیانی کۆمەڵگە بخاتە ژێر ڕەحمەتی کێبڕکێی بازاڕی ئازادەوە. لە هەرێمی کوردستاندا، ئەم دیاردەیە بەشێکە لە شەپۆلێکی جیهانیی "نیۆلیبرالیزم لە پەروەردەدا" کە دوای ساڵی ٢٠٠٣ بە شێوەیەکی توندووتیژ و بێبەرنامە، دامەزراوە ئەکادیمییەکانی ئێمەی ڕاپێچی ناو لۆژیکی قازانج کرد و زانستی لە "ماف"ەوە گۆڕی بۆ "کاڵا".

لە چەند ساڵی ڕابردوودا، چەمکی "زانست وەک خزمەتگوزاری و مافێکی گشتی" لە هەرێمی کوردستان پاشەکشەی کردووە بۆ بەرژەوەندی "زانست وەک کاڵایەکی بازرگانی". ئەم پاشەکشەیە وایکردووە زانکۆکان لە جیاتی ئەوەی بببنە مەڵبەندی پێگەیاندنی مرۆڤی زانا و بیرمەند، ببنە ناوەندێک بۆ کۆکردنەوەی سەرمایە و بەرهەمهێنانی بڕوانامە وەک مارکەیەکی بازرگانی؛ لەم دۆخەدا، بایەخی بڕوانامە لە نێوەڕۆکە زانستییەکەیەوە کورت دەبێتەوە بۆ ئەو نرخە مادییەی کە قوتابی لە بەرامبەر کڕینی کورسییەکەیدا دەیدات.

دیارترین نیشانەی ئەم بازرگانیکردنە، زیادبوونی بێشوماری زانکۆ تایبەتەکانە بەبێ هەبوونی چاودێرییەکی وردی ئەکادیمی و نیشتمانی. لە کاتێکدا لە تەواوی هەرێمدا تەنها ٢٠ زانکۆی حکومی هەن، ژمارەی زانکۆ و پەیمانگا ئەهلییەکان گەیشتووەتە نزیکەی ٣٥ دامەزراوە. زۆربەی ئەم زانکۆیانە لەلایەن دەستەبژێری سیاسی و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی سەر بە حیزبەکانەوە بەڕێوە دەبرێن، کە پەروەردە وەک "کەرتی وەبەرهێنان" دەبینن نەک پڕۆژەیەکی نەتەوەیی، ئەمەش جۆرێک لە "ئاپارتایدی پەروەردەیی" و پۆلێنکردنی توندی چینایەتی بەرهەم هێناوە کە تێیدا کوالیتی خوێندن تەنها بۆ منداڵی چینە دەستڕۆیشتووەکان فەراهەم کراوە.

حکومەت بە بیانووی "قەیرانی دارایی"، تاقیگە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی زانکۆ گشتییەکانی پشتگوێ خستووە، لێ ئەم پشتگوێخستنە وەک سیاسەتێکی مەبەستدار دەردەکەوێت بۆ "شکاندنی کەرتی گشتی". ئامانجەکە ئەوەیە زانکۆ حکومییەکان لەبەر چاوی هاوڵاتی بێبایەخ بکرێن، تاوەکو خەڵک ناچار بن بۆ دەستکەوتنی کوالیتییەک کە جاران "ماف" بوو، ئێستا ڕوو لە زانکۆ ئەهلییەکان بکەن و باجێکی قورس بدەن. بەم شێوەیە، خوێندنی باڵا لە دەرفەتێک بۆ "یەکسانی و جوڵەی کۆمەڵایەتی"، گۆڕدرا بۆ "ئیمتیازێکی چینایەتی" کە تیایدا هەژاران تەنها پشکیان لە زانکۆ بێ بودجەکاندا دەبێتەوە.

لۆژیکی بازاڕ تەنها کەرتی تایبەت ناگرێتەوە، بەڵکو کەرتی حکومیشی تووشی جۆرێک لە "تایبەتکردنی ناوەکی" کردووە. بەهۆی بڕینی بودجەی زانکۆکان و نەبوونی چاکسازی لە سیستمی بەڕێوەبردنیاندا، مۆدێلی «خوێندنی پارالێل» و «ئێواران» وەک سەرچاوەی داهات بۆ زانکۆ گشتییەکان سەپێنرا، کە ئەمەش لێدان بوو لە جەوهەری زانکۆ وەک دامەزراوەیەکی سەربەخۆ و گۆڕینی بۆ دوکانێکی حکومی.

لە ژێر چەتری ئەم سیستمەدا، پرەنسیپی "شایستەیی زانستی" تێکشکا؛ خوێندکاران بەبێ گوێدان بە لێهاتوویی و نمرەی ڕاستەقینەیان، تەنها بە هێزی پارە، کورسییە گرنگەکانی خوێندن دەکڕن. ئەم سیاسەتە مانا ئەخلاقییەکانی فێربوونی گۆڕی بۆ دروشمێکی بازرگانیی بازاڕی: «پارە بدە و ببە بە هەر پزیشک و ئەندازیارێک کە خۆت دەیکڕیت!»، ئەمەش متمانەی کۆمەڵایەتی بە بڕوانامە و پسپۆڕییەکان لاواز کردووە.

ئەم بارگرانییە داراییە گەورەیە کە ساڵانە لە نێوان ٢ بۆ ١٢ ملیۆن دیناردایە، وایکردووە وەرگرتن لە زانکۆ چیتر لەسەر بنەمای "ژیری" نەبێت، بەڵکو لەسەر بنەمای "قەبارەی گیرفان" بێت. ئەمە نەک هەر نادادییە، بەڵکو کۆمەڵگە لە لێهاتوویی ئەو گەنجە زیرەکانە بێبەش دەکات کە تەنها تاوانیان هەژاریی خێزانەکانیانە، ئەمەش وێرانکردنی سەرمایەی مرۆیی نیشتمانە بۆ بەرژەوەندی چەند سەرمایەدارێک.

مەترسیدارترین لێکەوتەی ئەم بازرگانیکردنە، گۆڕینی "پێناسی قوتابی"یە. کاتێک پەیوەندی نێوان فێرخواز و زانکۆ لە پەیوەندییەکی "مەعریفی"یەوە دەبێتە پەیوەندییەکی "گرێبەستی دارایی"، کوالیتی زانستی دەبێتە قوربانیی ڕازیکردنی کڕیار. قوتابی چیتر وەک "توێژەر و ڕەخنەگرێک" نابینرێت، بەڵکو وەک "بەکاربەرێک" مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت کە تەنها چاوەڕێی خزمەتگوزارییە لە بەرامبەر پارەکەیدا.

بەڵام خوێندکاران وەک کڕیاری بێدەنگ نەمایەوە؛ خۆپیشاندانە توندەکانی چەند ساڵی ڕابردوو بۆ گەڕاندنەوەی "دەرماڵە" و باشکردنی بەشە ناوخۆییەکان، هاوارێکی ڕەوا بوو لە دژی ئەم سیستمە. ئەم ناڕەزایەتییانە سەلماندیان کە قوتابی کورد هێشتا خۆی بە خاوەنی "ماف" دەزانێت نەک بەکاربەر، و ئامادە نییە بێدەنگ بێت لە بەرامبەر سیاسەتی برسی کردن و وێرانکردنی کەرتی پەروەردەی گشتی.

لێرەدا ئامانجی زانکۆ دەبێتە "ڕازیکردنی کڕیار" نەک "پێگەیاندنی زانا". قوتابیش ناچار دەکرێت تەنها بیر لەوە بکاتەوە چۆن بە پڕکردنەوەی جزدانی سەرمایەداران، ئەو 'پارچە کاغەزە' (بڕوانامە) بەدەست بهێنێت کە تەنها وەک مۆڵەتی کارکردن لێی دەڕوانرێت؛ ئەمەش زانکۆی لە کارگەیەکی فیکرییەوە کورت کردووەتەوە بۆ ئۆفیسێکی چاپکردنی بڕوانامە.

ئەم دۆخە وایکردووە زانستە مرۆییەکان (وەک فەلسەفە، ئەدەب، مێژوو) ڕووبەڕووی سڕینەوە ببنەوە، چونکە بازاڕ وەک بەشی "بێ بەرهەم" سەیریان دەکات. ئەمەش نەوەیەک دروست دەکات کە لە ڕووی تەکنیکییەوە فێرکراوە تەنها فەرمان جێبەجێ بکات، بەڵام لە ڕووی فیکرییەوە بێدەسەڵاتە و ناتوانێت پرسیار لە بونیادە چەوسێنەرەکان بکات؛ ئەمە کوشتنی "بیری ڕەخنەیی"یە لە ناو جەرگەی زانکۆدا.

دۆخی مامۆستایان و ستافی زانستی لە ناو ئەم بازاڕەدا لەوپەڕی خراپیدایە. مامۆستای زانکۆ لە پێگەیەکی پێشەنگی فیکرییەوە، کورتکراوەتەوە بۆ فەرمانبەرێکی کاتیی فشۆڵ کە لە ژێر هەڕەشەی گرێبەستە کاتییەکان و بڕینی مووچە و دەرماڵە زانستییەکانیدایە، ئەمەش ئاسایشی پیشەیی و شکۆی ئەکادیمیی مامۆستایانی تێکشکاندووە.

خەباتی بەردەوامی مامۆستایان و بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن لە پێناو مووچە و شایستە داراییەکاندا، تەنها داواکارییەکی مادی نەبوو، بەڵکو بەرگری بوو لە "کەرتی گشتی" و شکۆی زانست. مامۆستایان بە هەڵوێستەکانیان نیشانیاندا کە زانکۆ ناتوانێت بەردەوام بێت کاتێک زانایانەکەی لە دۆخی دڵەراوکێی نان و گوزەراندا بن، ئەم بەرگرییە تەنها ڕێگەیە بۆ ڕێگریکردن لە هەرەسهێنانی تەواوەتیی پەروەردە.

لە لایەکی ترەوە، کێبڕکێی ناتەندروست لەسەر ڕیزبەندییە زانستییەکان (ڕانکینگ) چیتر بۆ پێشکەوتنی مەعریفە نییە، بەڵکو وەک "ڕیکلامی بازرگانی" بۆ ڕاکێشانی کڕیاری زیاتر بەکاردێت. ئەمە پڕۆسەی زانستی بەتاڵ کردووەتەوە لە مانای ڕاستەقینەی خۆی و زانکۆی کردووەتە کۆمپانیایەک کە تەنها خەمی وێنەی دەرەکییەتی نەک کوالیتی ڕاستەقینەی بەرهەمە فیکرییەکانی.

ئاوێتەبوونی کلتووری حیزبایەتی لەگەڵ بەرژەوەندیی ئۆلیگارشی بازرگانی، زانکۆکانی لە ناوەندی ڕۆشنبیرییەوە بۆ "کۆمپانیای قازانجخواز" کورت کردووەتەوە. ئەمە ڕێک وەسفی "وەبەرهێنان لە بێهیواییدا"یە؛ کاتێک دەسەڵات قەیرانی دارایی و بێکاریی گەنجان بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی بڕوانامەیان بە پارە پێ بفرۆشێتەوە و زانکۆ بکاتە ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە.

پێویستە خوێندنی باڵا لەم "زیندانە بازرگانییە" ڕزگار بکرێت. ئەمەش پێویستی بە خەباتێکی بونیادی هەیە بۆ بەدەستهێنانەوەی "سەربەخۆیی ئەکادیمی"، دابینکردنی بودجەی شایستە بۆ زانکۆ حکومییەکان لە ڕێگەی باجی کۆمپانیا گەورەکان، و گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ مامۆستا و قوتابی. ناکرێت عەقڵی نەوەی نوێ بکرێتە قوربانیی قازانجی چەند بازرگانێک؛ زانست دەبێت ئامرازی ڕزگاریی مرۆڤ بێت، نەک کاڵایەک بۆ فرۆشتن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×