بۆچی ئێستا باسی تەعریب دەکەن؟ ڕاستییەکان لەپشت هاواری میدیاوە

توانا محەمەد نوری
  2026-07-30     36

ئەم ڕۆژانە سۆشیاڵ میدیا و شاشەی تیڤییەکان پڕ بوون لە قسە و باسی "بەعەرەبکردنی شارەکان". سەیرەکە لەوەدایە، کۆمەڵێک کەسایەتی کە ساڵانێکی زۆرە بێدەنگ بوون یان خۆیان بەشێک بوون لە بڕیارەکان، ئێستا لەپڕ خەمی پڕبوونی شارەکانیان لێ نیشتووە و بوونەتە خەمخۆری خەڵک. بەڵام ئەگەر تۆزێک وردببینەوە، تێدەگەین ئەم هەڵڵایە تەنها نمایشێکی سیاسییە بۆ شاردنەوەی کێشە گەورەکان.

ئەگەر سەیری واقیع بکەین، هاتنی خەڵک لە شارەکانی تری عێراقەوە بۆ ئێرە شتێکی تازە نییە کە دوێنێ و پێرێ ڕوویدابێت. لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە ئەم هاتوچۆ و نیشتەجێبوونە هەیە. ئەو کات بۆچی ئەم هاوارە نەبوو؟ چونکە ئەو کات بەرژەوەندییە داراییەکانیان لەوەدا بوو کە بێدەنگ بن، بەڵام ئێستا دەیانەوێت وەک ئامرازێک بۆ ململانێیەکی تر بەکاریبهێنن.

با ڕاستگۆ بین؛ ئەمەی ئێستا ڕوودەدات پڕۆسەیەکی سیاسی نییە کە لە دەرەوە سەپێنرابێت، بەڵکو "بازرگانیکردنە بە شار و ژیانی خەڵکەوە". کێ ڕێگەی داوە ئەم هەموو پڕۆژەی نیشتەجێبوونە دروست بکرێت و بە پارەیەکی خەیاڵی بفرۆشرێت؟ کێ مۆڵەتی وەبەرهێنانی بەو کۆمپانیایانە داوە؟ بێگومان هەر ئەو دەسەڵاتەی کە ئێستا میدیاکانی بۆ ئەم باسە گەرم کردووە.

لێرەدا پێویستە لە ڕاستییەکی تر تێبگەین، ئەویش ئەوەیە کە ئەوەی دەگوزەرێت ململانێیەکی قووڵی چینایەتییە. لە کاتێکدا هاوڵاتییەکی ئاسایی خەریکی کۆکردنەوەی کرێی خانوو و پارەی نانە، چینە دەسەڵاتدار و سەرمایەدارەکە خەریکی ئاڵوگۆڕی ملیۆنان دۆلارن لە پڕۆژە زەبەلاحەکاندا. ئەم چەواشەکارییە تەنها بۆ ئەوەیە کە مرۆڤە چەوساوەکان لە جیاتی ئەوەی سەیری گیرفانی بەتاڵی خۆیان و کۆشکە شاهانەکانی ئێوە بکەن، چاویان لەسەر ئەوە بێت کە کێ لێرە نیشتەجێیە و کێ نییە. ئەوان دەیانەوێت ململانێکە بکەنە شەڕێک لە نێوان مرۆڤە سادەکاندا، بۆ ئەوەی کەس لەو سیستەمە نەپرسێتەوە کە هەموو سامانی وڵاتی بۆ چەند خێزان و بازرگانێک قۆرخ کردووە و زۆرینەی خەڵکیشی لە هەژاریدا هێشتووەتەوە.

زۆر سەیرە دەسەڵاتێک خۆی خاوەنی هەموو بڕیارێکی یاسایی و کارگێڕی بێت و دواتر بێت لای خەڵک گلەیی بکات و بڵێت "شارمان لێ گیرا". ئەگەر ئەمە گرفتە، کێ مۆڵەتی کڕین و فرۆشتنی پێداون؟ ڕاستییەکە ئەوەیە کە گیرفانی چەند بازرگان و دەسەڵاتدارێک پڕ بووە، ئێستاش دەیانەوێت ئەنجامی ئەو بازرگانییە بە شێوەیەکی تر بدەنەوە بە گوێی خەڵکدا.

لێرەدا تاکتیکێک بەکاردێت کە مەبەست لێی "دروستکردنی سەرقاڵییە". کاتێک دەسەڵات لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا تووشی شکست دەبێت و ناتوانێت وەڵامی داواکارییەکانی خەڵک بداتەوە، بابەتێکی هەستیار دەخاتە بەردەم هاوڵاتیان. بەمەش هەموو کۆمەڵگا سەرقاڵ دەکات بە شەڕێکی دەستکرد، تەنها بۆ ئەوەی کەس باسی کێشە ئەسڵییەکانی وەک بژێوی و خزمەتگوزاری نەکات.

وەرن با بۆ جارێکیش بێت، ڕاستەوخۆ ڕووی دەممان بکەینە دەسەڵاتدارانی هەولێر و سلێمانی و لێیان بپرسین: باشە ئەگەر ئێوە ئەوەندە خەمی داهاتووی ئەم شارانەتانە، بۆچی خەمی ژیانی ڕۆژانەی ئەم خەڵکەتان نییە؟ بۆچی لە جیاتی ئەم هەموو چەواشەکارییە، ناچن وەڵامی داواکارییە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیان بدەنەوە؟ کوا مووچەی فەرمانبەران؟ کوا کارەبا و ئاوی خواردنەوە؟ ئێوە کە ناتوانن ژیانێکی ئارام و پڕ کەرامەت بۆ مرۆڤەکان دابین بکەن، چۆن چاوەڕێ دەکەن باوەڕ بەو خەمخۆرییە ساختەیەتان بکەین؟

ئەگەر باس لە یەکگرتوویی و یەکڕیزی دەکرێت، با ئەو یەکڕیزییە لەوەدا بێت کە پێکەوە دژی ئەم پرۆپاگەندەی شاردنەوەی ڕاستییانە بوەستینەوە. با یەکدەنگ بین لەوەی کە بە دەسەڵات بڵێین: چیتر ئەم چیرۆکە ساختانە ناخوات و ناتوانن فێڵمان لێ بکەن. یەکڕیزیی ڕاستەقینە ئەوەیە کە ئێمەی خەڵک پێکەوە داوای مافەکانمان بکەین و ڕێگە نەدەین بە بابەتە لاوەکییەکان لە کێشە ئەسڵییەکانمان دوورمان بخەنەوە.

ئامانجی ئەم هەڵڵایە ئەوەیە کە من و تۆ بیرمان بچێتەوە مووچەمان نییە و خزمەتگوزارییەکانمان لە نزمترین ئاستدایە. دەیانەوێت لە جیاتی ئەوەی بپرسین "بۆچی داهاتی ئەم وڵاتە بۆ ژیانی خەڵک بەکار نایەت؟"، بڵێین "ئای خەریکە خەڵکی تر شارمان لێ داگیر دەکات!". ئەمە باشترین ڕێگەیە بۆ ئەوەی خەڵک لە داواکردنی ژیانێکی باشتر بێدەنگ بکرێن.

لە کۆتاییدا، با ڕێگە نەدەین ئەم جۆرە سیناریۆیانە فێڵمان لێ بکات. مەترسیی ڕاستەقینە لەسەر داهاتووی ئێمە گەندەڵی، بێدادی و ئەو جیاوازییە چینایەتییە گەورەیە کە دروستتان کردووە، نەک ئەو ململانێ دەستکردانەی کە بۆ مانەوەی دەسەڵات دروست دەکرێن. وەرن با پێکەوە یەکگرتوو بین لە دژی هەموو پرۆپاگەندەیەک و داوای ژیانێکی شایستە و دادپەروەری بکەین و نەهێڵین چیتر بە ناوی دروشمەکانەوە چەواشەمان بکەن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×