تەبیبی دەردی كورد

سەرتیپ جەوهەر
  2022-05-08   

كوردستان وەك سێبەڕۆی* گرتبێت رۆژ دوای رۆژ دەردەكەی گرانتر دەبێت، ئەگەر بەمشێوەیەی ئێستاش بەردەوام بێت لێمان موحەقەق بێت هیچ چارەسەرییەك نامێنێت و مەترسی ستراتیژیی دەكەوێتە سەر بوون و مانەوەی ئەم قەوارەیە كە تەنها خوادەزانێت چ قوربانیەك لەپێناویدا دراوە.
ئاخر دەرد لەوە گرانتر؛ لەگارەو مەتین لەقوڵایی خاكی هەرێمی كوردستان شەڕ لەنێوان سوپای توركیاو پەكەكەیە، لەشنگال كە هێشتا برینی كۆمەڵكوژیی داعش خوێنی لێ‌ دەچۆڕێت شەڕو پێكدادان و گرژیی لەنێوان سوپای عیراق و هێزەكانی یەبەشە هەیە، بەشێك لەحوكمڕانانی هەرێم هەموو هەوڵێك دەدەن سوپای عیراق لەوناوچەیە جێگیر بكرێت!
پەرلەمانی كوردستان لەكاركەوتووەو توانای بڕیاردان، قانون دەركردنی نەماوە! حكومەتی هەرێم وەك (پیاوە نەخۆشەكە)ی لێهاتووە، یەك دوو مانگ جارێك كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزیران دەكات و وەزیرەكانی دەبینرێن دەتوانین بڵێین گۆد بووە! ئەوە هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا ناكرێت كە بڕیاربوو مانگی 10ی ئەمساڵ بكرێت، ئیدی چەند مانگێكی دیكەیە دەبێ‌ خۆمان بۆ دەستەواژەی (حكومەت و پەرلەمانی) ماوە بەسەرچوو ئامادەبكەین! حكومەتەكەی نازانێت كەی موچە دابەشدەكات و هی چ مانگێكە؟! نازانین كێ‌ حوكمڕانەو كێ‌ ئۆپۆزسیۆن، چونكە هەرهەمووی ناڕازییە.
لەبەغداش كورد بووە بەئاردی ناو دڕك. لەپرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی عیراق، نەك ئەجێندای هاوبەشی نییە، بەڵكو گولە بەسێبەری یەكتریەوە دەنێن، هەریەكە لەدۆڵێكەو دەنگیشیان ناگاتە یەكتر؟! جاران یەك دەستەو یەك دەنووك بوون، ئێستا دووان و سێیان و وزیاتر.
جاران لەگەڵ پێكهێنانی هەر كابینەیەكی نوێی بەغدا، باسی كەركوك دەهاتەوە گۆڕێ، لەنێو كارنامەی كورد جێی دەكرایەوە، مخابن شەش ساڵە كەس باسی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان ناكات! پارێزگارەكەی كورد بوو، ئەویشمان لەكیس چوو! شەست ساڵە ململانێی و ناكۆكی بزوتنەوەی كورد لەگەڵ بەغدا لەسەر كەركوك بووە، كەچی پێنج ساڵە بەهۆی ناكۆكییەكانەوە ناتوانرێت پارێزگارێكی كورد بۆ شارەكە هەڵبژێردرێت!
ئەوەی سەرەوە، بەشێك لەدیمەنەكانی ناو تابلۆی سیاسی كوردستان لەناوخۆی هەرێم و بەغدا. لەسەرەتای روخانی رژێمی سەدام، كورد لەعیراق كۆكەرەوەی شیعەو سوننە بوو، هەرێمیش عیراقە جیاوازەكە بوو، كەچی ئێستا پێچەوانە بۆتەوە، نەهۆكاری كۆكردنەوەی شیعەو سوننەیەو نە عیراقە جیاوازەكەیە! بەڵكو بەدەست سەد دەردەوە گیرۆدەبووەو تەبیبێكیش نییە چارەی بكا.


* سێبەڕۆ: دەردێكی گرانە، جاران بەنەخۆشی مەلاریا دەگوترا سێبەڕۆ.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
تەسنیم: ئۆکرانیا هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لەهەرێمی کوردستان جێگیر کردووەو تاران ئەم کارە بەدوژمنایەتی دەزانێت
مه‌سعود بارزانی: یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌مواربكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س له‌جێی كریستیانه‌كان بڕیار نه‌دات
یەرەکە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هێزەکانی ئێران لە سنووری مەریوان و کۆساڵان ڕاگەیاند
ئۆکرانیا دەنگۆی ناردنی درۆن و هێزی سەربازی بۆ هەرێمی کوردستان ڕەت دەکاتەوە
پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) بۆ ئاوێنە: کۆبوونەوەکەی عێراق و ئێران تەنیا بۆ پاسەوانیی سنوور بووە و دەنگۆی دەرکردنمان شەڕی دەروونییە
وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق: هه‌ماهه‌نگی باشمان له‌گه‌ڵ توركیاو ئێران هه‌یه‌ بۆ كردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی چه‌كدارانی كورد
شاخه‌وان عه‌بدوڵا: كورد له‌ كه‌ركوك په‌راوێزخراوه‌و ده‌بێت پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌ی بۆشایی ئه‌منیان تێدایه‌
شەڕ و پێکدادان لە یەمەن پێ دەنێتە قۆناغێکی سەختەوە؛ فڕۆکەخانەی عەدەن کرایە ئامانج و تەعز لەبەردەم کارەساتی مرۆییدایە
گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا گەیشتنە لووتکە؛ مەرجی قورس، گەمارۆی دەریایی و پلان بۆ هێرشێکی نوێ
حکوومەتی عێراق باجی گومرگی سەر سیستەمی وزەی خۆری هەڵگرت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×