هەولێر هی كێیە؟

سەرتیپ جەوهەر
  2024-08-17   

وڵامی ئەم پرسیارە لای ئێمەی خەڵكی هەولێرە، چونكە زیاتر لە 30 ساڵە قوربانییەكی گەورەی ململانێی نێوان حزبەكان و ناوخۆی حزبەكانە. بەدڵنیاییەوە هەولێر هی هەركەس بێت هی ئەوانە نییە كەئەمڕۆ دەیانەوێ‌ ناوی هەولێر بۆ تۆخكردنەوەی شارچێتیی و بۆ ململانێی حزبیی و هوتافی حزبیی بۆ هەڵبژاردن بەكاربێنن.

هەولێر جیاواز لەهەموو شارەكانی دیكەی كوردستان گەورەترین قوربانیی شەڕی ناوخۆ بوو، چەقی ململانێی سیاسی و نفوزی ئیقلیمیی بوو، مخابن ئەوەندە بێڕحمانە مامەڵەیان لەگەڵ هەولێر دەكرد، یەكێك لەدیارترین رەمزەكانی بزوتنەوەی سیاسی كوردستان لەگەرمەی شەڕی ناوخۆ گوتی "هەولێر كوێی موقەدەسە تا شەڕی لێنەكرێ!".

بەدڵنیاییەوە هەولێر هی ئەوانە نییە كە بەئاڵای عیراق و لەسەر پشتی دەبابەوە هاتنەوە هەولێرو بوونە حاكمی ئەم شارە. سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی شارەكەو كوردستانیان هەڕاجكردووەو لەوەتەی هەن سەرباری تۆقاندن و برسیكردن و دەم چەوركردن، كەچی تائێستا نەیانتوانیوە نیوەی دەنگی شارەكە بەدەستبێنن. بەڕاستیی جورئەتێكی زۆری دەوێت ئەو مێژووە بكەیتە شانازیی! بێخەبەر لەوەی حەقیقەتی مێژوویی بەكەس ناشاردرێتەوە، هەرچی بكەن هەر وەكوخۆی دەنوسرێتەوە.

بەدڵنیاییەوە هی ئەوانەش نییە كە كۆشك و تەلارو مەزرعەو پیاسەی ئێوارانیان لەسلێمانیە، بەڵام كۆمپانیاو پرۆژە زەبەلاحە بازرگانیانیی و خێرو بێریان لێرەیە. ئێستاو تازە بەتازە كە نوزەیان تێدا نەماوە دەڵێن هەولێر دەگەڕێنینەوە؟! ئەی بۆ لەخۆیان ناپرسن هەموو هەولێر هی ئەوان بوو كەچی لەدوایین هەڵبژاردن تەنها لە 5%ی دەنگەكانیان بەدەستهێنا؟!

ئەوانەی ئەمڕۆش حاكمی ئەم شارەن، هیچ پەیوەندییەكیان بەمێژووی ئەم شارەوە نییە، نەباوانیان لێرەبووەو نەبەتەمان لێرەش بمرن! ئەوەی ئەوان بەم شارە گرێدەدات، كۆشك و تەلارو كۆمپانیاو پرۆژە زەبەلاحەكانیانە، هەولێر بووە بەخێرو خۆشی و 30 ساڵە ئەم شارە دەدۆشن. ئەوانەیشی باسی گێڕانەوەی ئەم شارە دەكەن، جاران خاوەنی ئەم شارەبوون، بەڵام كردیانە قوربانیی میراتگرانیان! كردیانە قوربانیی كۆمپانیاو پرۆژەی بازرگانیی و دەستلەملانێی شەریكە حوكمڕانانیان.

ئەوانەی ئەمڕۆ گوایە شەڕ لەسەر هەولێر دەكەن، شەڕیانە لەسەر گیرفان پڕكردن، شەڕیانە لەسەر دەستكەوت و سامانی ئەم وڵاتە، ئەم شارەو هەموو كوردستان بەدەستكەوت و غەنیمەی دوای شەڕ تێگەیشتوون، شەڕیانە كێ‌ زیاتر ببات و كێ‌ زیاتر وێرانی بكات.

هەولێر هی خەڵكی هەولێرەو پایتەختی كوردستانە، ئێمەی خەڵكی هەولێرو كوردستان بەشێك نین لەو ململانێ حزبییەی نێوانتان، بەشێك نین لەو رابردووەو لەو مێژووە ناشرینە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
تەسنیم: ئۆکرانیا هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لەهەرێمی کوردستان جێگیر کردووەو تاران ئەم کارە بەدوژمنایەتی دەزانێت
مه‌سعود بارزانی: یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌مواربكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س له‌جێی كریستیانه‌كان بڕیار نه‌دات
یەرەکە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هێزەکانی ئێران لە سنووری مەریوان و کۆساڵان ڕاگەیاند
ئۆکرانیا دەنگۆی ناردنی درۆن و هێزی سەربازی بۆ هەرێمی کوردستان ڕەت دەکاتەوە
پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) بۆ ئاوێنە: کۆبوونەوەکەی عێراق و ئێران تەنیا بۆ پاسەوانیی سنوور بووە و دەنگۆی دەرکردنمان شەڕی دەروونییە
وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق: هه‌ماهه‌نگی باشمان له‌گه‌ڵ توركیاو ئێران هه‌یه‌ بۆ كردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی چه‌كدارانی كورد
شاخه‌وان عه‌بدوڵا: كورد له‌ كه‌ركوك په‌راوێزخراوه‌و ده‌بێت پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌ی بۆشایی ئه‌منیان تێدایه‌
شەڕ و پێکدادان لە یەمەن پێ دەنێتە قۆناغێکی سەختەوە؛ فڕۆکەخانەی عەدەن کرایە ئامانج و تەعز لەبەردەم کارەساتی مرۆییدایە
گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا گەیشتنە لووتکە؛ مەرجی قورس، گەمارۆی دەریایی و پلان بۆ هێرشێکی نوێ
حکوومەتی عێراق باجی گومرگی سەر سیستەمی وزەی خۆری هەڵگرت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×