لەسەردەمی هیچ و پوچییدا هەموو كایەكانی ژیان و حوكمڕانیی قێزەون و ناشرین دەبن، هیچ شتێك لەجێگەی خۆیدا نابێت و كورد دەڵێت مەقایس نامێنێت. فەرهەنگی ژیان و حوكمڕانیی و ئایندەی میللەتەكە دەشێوێت، چونكە ئەوانەی حوكمڕانن هیچ پەیوەندییەكیان هیچ پەیوەندیان بەحوكمڕانیەوە نییە، بۆیە هەموو شتێك پوچ دەبێت.
ئالان دۆنۆ خاوەنی كتێبی (سیستمی هیچ و پوچیی) باس لەسەردەمی هیچ و پوچیی دەكات، دەڵێت شارەزاو رۆشنبیران لەحوكمڕانی و پێشخستنی كۆمەڵگا دووردەخرێنەوە، خوێندەواریی هیچ بەهایەكی نامێنێت. لەو سەردەمەدا هەموو شتێك بەئەنقەست لەكۆمەڵگا دەشێوێنرێت بۆئەوەی توانای رەخنەگرتن نەمێنێت، بگرە رەخنەگرتن هیچ بەهایەكی نامێنێت. نەخوێندەواران حوكمی وڵات دەكەن و خەڵكی شیاویش پەراوێز دەخرێن. سیاسەت دەبێتە ئەداتێكی نائەخلاقی بۆ بەتاڵكردنەوەی چەمكەكانی دادپەروەریی و یەكسانیی و حوكمڕانی باش. لەكۆتاییدا هەموو ئەمانە بەسەریەكەوە، دەبێتە سیستمێكی نوێی حوكمڕانیی كەهیچی بەسەرهیچەوە نابێت و ئەو ناوی دەنێت سیستمی هیچ و پوچیی. بەجۆرێك دامەزراوەی حوكمڕانیی دروستنابێت بەڵكو كەمینەیەكی دەسەڵاتدارو حوكمڕان دروستدەبێت لەدەرەوەی یاساو هەموو مەنتقێكی حوكمڕانیی بەپێی بەرژەوەندی خۆیان حوكمی وڵات دەكەن.
ئەوەی بیرمەندی كەنەدی ئالان دۆنۆ باسی دەكات لەكوردستان واوەترە. ئێمە سەردەمی هیچ و پوچییمان تێپەڕاندووە، گەیشتووینەتە سەردەمی بێهیوایی! لەسەردەمی هیچ و پوچییدا هیوایەك بۆ بەدیل و ئەلتەرناتیڤی دۆخی خراپی حوكمڕانیی و كۆمەڵگا بەدیدەكرێت. هیوایەك هەیە فریادڕەسێك بێتە مەیدان و بارودۆخەكە ژێراوژوور بكاتەوەو ببێتە پێشڕەوی خەڵك و جڵەوی گۆڕانكاریی بگرێتە دەست، بەڵام لەكوردستان ئەو هیوایەشمان نەماوە.
بێگومان سەردەمانێك لەكوردستان ئۆپۆزسیۆن هیوای خەڵك بوو. لەپەرلەمان دەنگێكی زوڵاڵ بوو، كاریگەری زۆری لەسەر دۆخی سیاسی هەبوو، بەڵام ئەزموونی ئۆپۆزسیۆن لەسەردەمی دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕأنەوە تائێستا سەركەوتوو نەبوو. لەلایەك لەكاری حزبی لاسایی حزبە دەسەڵاتدارەكانیان كردەوەو ئەوانیش بوونە حزبی پشتاوپشت و بنەماڵەیی، كاتێكیش هاتنە دەسەڵات لەخراپەكاریدا بەشوێنپێی حزبە دەسەڵاتدارەكاندا رۆیشتن. لەلایەكی دیكە لەماوەی چەند ساڵی رابردوو جگە لەپەرتەوازەیی مخابن نەیانتوانیوە ئەو رۆڵە بگێڕن كە پێویستە ئۆپۆزسیۆن بیگێڕێت وەك دەسەڵاتێكی چاودێر لەناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان.
ئێستا ئەو ئۆپۆزسیۆنەی لەكوردستان هەیە ئەوەندەی دەنگە دەنگ و هاواری سەر تۆڕی كۆمەڵایەتیی و بەردەم مایكی میدیاكانن، ئەوەندە خاوەنی تێگەیشتنێكی روون نین بۆ چاككردنی حوكمڕانیی. تائێستا هیچ لایەنێكی ئۆپۆزسیۆنمان نەبینیوە لەپێناو چەسپاندنی داخوازییەك، یان پێشێلكارییەكی یاسا لەلایەن دەسەڵاتداران، یان ستەمكارییەك هاواری شەقام بكات و خۆپێشاندانی جەماوەریی رێكبخات! لەباشترین حالەتدا رەنگە بەیاننامەیەك دەربكەن، یان لێدوانێكی رۆژنامەوانیی بدەن.
دەتوانم بڵێم بەشێكیان ئۆپۆزسیۆنن تاوەكو لەدەرفەتێك بێنە حكومەت و لەتێك لەو كێكەیان بەربكەوێت كە وەك غەنیمەی حوكمڕانیی بەسەر لایەنەكان دابەشدەكرێت. هەیانە دروستكراوی دەسەڵاتە، هەشیانە ئۆپۆزسیۆنە بۆ ئەوەی ئۆپۆزسیۆن بێت و بۆ ئەوە دروستبووە نەیەنە حكومەت چونكە بەركەوتەكەی لەئۆپۆزسیۆن بوونیەتی، هەشیانە بەشێكە لەئەجێندای ئیقلیمیی ..تد
بەبڕوای من ماوەیەكی درێژە خەڵك لەبێهیواییەكی پڕوكێن دەژیت. هاوڵاتیی نازانێت لەنێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن كامەیان هەڵبژێرێت، ئەو دەسەڵاتەی هەیە هەرچی ستەمكارییە بەرامبەر خەڵك دەیكات و هیچ شەرعیەتێكی نەماوە، لەلایەكی دیكە ئۆپۆزسیۆنێكی مردۆخ و تێگەیشتنێكی روونی نییە بۆ گۆڕینی بارودۆخی حوكمڕانیی، بۆیە ئەم سەردەمەی ئێستا بۆ كوردستا سەردەمی بێهیواییە! بێهیوایی لەگۆڕینی ئەم ستەمكارییە، بێهیوایی لەبەدیلێك تابتوانێت كۆتایی بەم دۆخە چەقبەستوەی كوردستان بهێنێت كە هەموو شتێك لەلایەن كەمینەیەكی حوكمڕانەوە دەستی بەسەرداگیراوە. بۆیە ئەگەر ئالان دۆنۆ باسی سەردەمی هیچ و پوچیی كردووە كاتێك كۆمەڵگاو حوكمڕانیی دەگاتە قۆناغێك بەتاڵدەبێتەوە لەهەموو بەهایەك، ئەوا لەكوردستان لەوە واوەترە، ئێستا هەڵك گەیشتۆتە سەردەمێكی دیكە ئەویش سەردەمی بێهیواییە، كەسەردەمێكی كوشندەیە بۆ كۆمەڵگا.