ئەوەی خۆی بەئەمریكا داپۆشێت رووتە

سەرتیپ جەوهەر
  2025-05-24     93

هیتلەر گەورە دیكتاتۆری مێژوو 60 ملیۆن مرۆڤی بەكوشتدا، بەڵام هیچ سەروەت و سامانی لەدوایخۆیدا جێنەهێشت. هەروەك چۆن ستالین هیچی لەدوای خۆی جێنەهێشت بگرە ئامادەنەبوو لەجەنگی دووەمی جیهانیی كوڕەكەی خۆی كە دیل بوو لای ئەڵمانەكان، بەرامبەر ئەفسەرێكی باڵای هیتلەر ئالوگۆڕبكات. سەدام حوسێن یەكێكە لەدیكتاتۆرە هەرە دیارەكانی مێژووی نوێ‌، بەڵام لەدۆزی دوجەیل ویستیان بزانن خۆی و دارودەستەكەی بزانن سامانیان چەندە؟ كەچی دەركەوت شتێكی ئەوتۆیان بەناوەوە نییە!

بەشێك لە ستەمكارو دیكتاتۆرەكان كاتێك دەسەڵات جێدەهێڵن، هەر خۆیان و دارودەستەو دەربارەكانیان دەڕۆن، شتێكی ئەوتۆ لەدوای خۆیاندا جێناهێلن، بەڕۆیشتنیان ژیانی خەڵك و وڵاتەكە دەبوژێتەوەو دوای ماوەیەكی كورت میللەتەكە دەتوانێت دۆخەكە راستبكاتەوە، بەڵام ستەمكار هەیە لەگەڵ رۆیشتنی خۆی و چارەنوس و داهاتووی میللەتەكەی دەبات و بەڕۆیشتنی ئەو، كۆتایی بەئێش و ئازاری خەڵكەكەی نایەت بەڵكو هەرچی سامانی سروشتی سەرزەوی و ژێر زەوی هەیە تاڵانفرۆشی دەكات كە سامانی نەوەكانی ئێستاو داهاتووەو گەلەكەی دەخاتە ژێر قەرزێكی زۆر! جگە لەچارە رەشی و هەشبەسەری هیچی دیكە بۆ گەلەكەی بەمیرات جێناهێڵت.

دەبینین مۆبۆتۆ سیسیكۆ سەرۆكی كۆنگۆی دیموكرات لەپێناو مانەوەی خۆی دوای 32 ساڵ حوكمڕانیی، وڵاتەكەی بەكاولی جێهێشت و هەرچی كانی كانزاو زێڕ هەبوو بۆ دەیان ساڵ رادەستی كۆمپانیاكانی رۆژئاوای كردبوو. میللەتەكەی توشی چارەڕەشی كردو تائێستا لەژێر قەرزی ئەودان.

شای ئێران بۆمانەوەی خۆی لەدوای 1953 چەندین گرێبەستی درێژخایەنی لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكی و بریتانیەكان كرد بەجۆرێك زیاتر لەنیوەی داهاتی نەوتیان ئەو وڵاتەیان دەبرد، بەڵام هەر فریای نەكەوتن، گەندەڵیی و تەخشان و پەخشانكردنی سامانی گشتیی، توڕەییەكی ئەوتۆی بەرهەمهێنا هەموو شتێكی راماڵی، بۆیە ساڵی 1979 لەسەر كاریان لابرد.

چەندین سەرۆك و بەرپرسی دیكە لەمێژووی نوێدا لەڕێی هەرزانفرۆشكردنی سامانی سروشتی وڵاتەكانیان بەكۆمپانیا ئەوروپی و ئەمریكاییەكان وەك (نەوت و گازو كانزاكان) ویستویانە خۆیان بپارێزن، بەڵام سەركەوتوو نەبوون. بەڵام بەرامبەر توڕەیی خەڵك نەیانتوانیوە خۆیان بپارێزن. توڕەیی خەڵك لەقەلغانی كۆمپانیاكان بەهێزتربووە تا ئەوان بتوانن خۆیانی پێ‌ بپارێزن، وەكو موعەمەر قەزافی، عەلی عەبدوڵلا ساڵح، رۆبەرت مۆگابی سەرۆكی زیمبابۆی..تد.

هەموو ئەو دەسەڵاتدارانەی گرەویان لەسەر پارێزبەندی ئەمریكاو ئەوروپا كردووە لەكۆتاییدا سەریخواردوون، ئەوان بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەسەڵاتدارە ستەمكارو دیكتاتۆرەكان دەپارێزن نەك گەلانی ستەمدیدە، بۆیە كاتێك ئیشیان پێیان نامێنێت، لەشەوو رۆژێكدا لێی هەڵدەگەڕێنەوەو ریسوای دونیاو قیامەتی دەكەن، بۆیە دەبینین زۆربەی ئەوانەی ئەمڕۆ ئێمە بەدیكتاتۆر ناویان دەهێنین پێشتر پیاوی خۆیان بوون، هەر لەسەدام حوسێنەوە بگرە تا دەگاتە شای ئێران و ئێستاش دەركەوتووە ئەحمەد شەرعیش هی خۆیان بووە. خولاسە دیموكراسی و پاراستنی مافی مرۆڤ و مافی چارەنوسی گەلان لای ئەوان بۆ لەخشتەبردنی میللەتانەو هیچیتر.

دەبینین لەشەو و رۆژێكدا ئەحمەد شەرع كە چەكداری گروپی تیرۆرستی داعش بووەو تائێستاش ناوی لەلیستی رەشی ئەمریكایە كەچی لەشەو رۆژێكدا كردیان بەسەركردەیەكی ئازاو بەدەستلەملانێ پێشوازییان كرد! هەر ئەو ئەمریكایەی كە ئەمڕۆ كۆمپانیاكانی گرێبەستی ناڕۆشن و ناشەفاف ملیارەها دۆلارو بۆ دەیان ساڵ لەگەڵ هەرێم كردووە، چەند رۆژێكە بەدروشمبازییەوە باسی پاراستنی هەرێم دەكات، هەر ئەو ئەمریكایە بوو بەر لە چەند ساڵێك رێگەیدا حەشدی شەعبی و چەكدارانی عیراقی پەلاماری ناوچە دابڕێنراوەكان بدەن و بەكوردی گوت تەققە بكەن ئێوە تاوانبارن. بۆیە حوسنی موبارەكی سەرۆكی پێشووی میسر كە خۆی پیاوی ئەمریكا بوو راستی گوتووە كە دەڵێت " المتغگی بامریكا عریان" " ئەوەی خۆی بەئەمریكا داپۆشێت رووتە".

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×