تراژیدیای حوكمڕانیی كوردستان

سەرتیپ جەوهەر
  2025-08-26     338

گرتنی شاسوار عەبدولواحید، مەرگەسات و وێنە تراژیدیەكانی هێرش و پەلاماردانی لالەزار لەسلێمانیی و درێژكردنەوەی حوكمی زیندانیانی بادینان لەهەولێر بەسەریەكەوە، دیمەنی راستەقینەو دۆخی سیاسی و كوردستان پێشان دەدات. دیمەنێك دوای 34 ساڵ لەحوكمڕانیی، تروسكایی و هیوایەك بۆ ژیان و ئایندەی خەڵكی كوردستان ناهێڵێتەوە. رووداوەكان بەسەریەكەوە، ئەو راستیەمان بۆ دووپات دەكاتەوە كە لەكوردستان جگە لە بێبەهابوونی دامەزراوەكانی حوكمڕانی و ئازادی و دیموكراسی، هاوكات سەردەمی بزوتنەوەی ئۆپۆزسیۆنیش كۆتایی هات! ئیدی كوردستان وەك دوو ناوچەی جیاوازو دوو زۆنی حوكمڕانیی بێ‌ ئۆپۆزسیۆن و بێ‌ ئازادیی بەتەواوی یەكلایی بۆوە.

بەپێی هەموو مەنتقێك بەكارهێنانی هێزو یان زیندانیكردن و كۆتوبەندكردنی ئۆپۆزسیۆن لەخراپی حوكمڕانیی و لەتوڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵك كەمناكاتەوە، بگرە خراپتری دەكات، ئینكاریكردنی هەقیقەت هیچ لەهەقیقەت ناگۆڕێت. دەبێ‌ دەسەڵاتدارانی كوردستان ئەم راستیە بزانن كاتێك خەڵك دەنگ بەئۆپۆزسیۆن دەدات لەبەرئەوە نییە خاوەنی پرۆژەن، بەڵكو لەبەر بێچارەیی و بێدەرەتانیانە! بۆیە لەباتی كۆتوبەندو توندوتیژیی و بەكارهێنانی هێز، رێگەیەكی زۆر ئاسانتریان هەیە، ئەویش خزمەتكردنی خەڵك و رێگە دیموكراسیەكەیە!

لەسەرەتای دروستبوونیدا، بزوتنەوەی گۆڕان بەردەركی سەرای كردە مەیدانی دەربڕینی ناڕەزایەتی و شەقام و شا رێگاكانیشیان دەگرت، هەندێجار پەنایان بۆ توندوتیژیش دەبرد، زۆربەی چین و توێژەكانی سلێمانی و تەنانەت هەندێجار خەڵك لەهەولێرەوە دەچوونە سلێمانی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین، پڕ بەقورگیان دروشمیان دژی دەسەڵات و شێوازی حوكمڕانی دەگوتەوە، كەچی نە یەكێتیی كەئەوكاتە مەكتەبی سیاسیەكەی رۆڵیان لەبڕیاردانی هەبوو و نە رەوانشاد (مامجەلال) پەنایان بۆ ئەو توندوتیژییە نەبرد كە ئەم چەند رۆژە لەسلێمانی بینیمان! لەماوەی زیاتر لە 20 ساڵی رابردوو سلێمانی مەڵبەندی ناڕەزایەتی و ئۆپۆزسیۆن بووە. سەدان خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی لەسلێمانی بەڕێوەچووەو جارجار لەڕێی پۆلیس و ئاسایشیش بڵاوە بەخەڵك كراوە، ئەم خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیانە سلێمانیان ناشرین نەكرد بگرە جوانتریان كردووە، بەڵام هیچ كات پەنا بۆ ئەو توندوتیژییە نەبراوە كە لەم چەند رۆژە بینیمان.

سەرباری ئەوەی دەمێكە لەهەموو بارودۆخێكی سیاسی هەموو ئیلتیزامێك دووركەوتوومەتەوەو تێبینی زۆرم لەسەر ئۆپۆزسیۆنبوون لە كوردستان هەیە، بەڵام دیمەنە تراژیدیی و نامرۆییەكانی پەلاماردانی لالەزار و شێوەی دەستگیركردنی كاك لاهور و هاوڕێكانی، ویژدانی من و خەڵكی كوردستانیان ئازاردا. دیمەنێك بوون من دڵنیام زیانێكی ئێجگار گەورە بە وێنەی سلێمانیی و ژیانی سیاسی كوردستان دەگەیەنێت، رێگەیەك بوو، پێشبینی نەدەكرا پەنای بۆ ببرێت، ئێستاش نەچووە بچێت، دەكرێت ئەم برینە چارەسەربكرێت.

لەژیانی دیموكراسی و حوكمڕانیی سەقامگیر، گرەوی سەركەوتنی درێژخایەن لەسەر پرۆژەی ئاوەدانیی و پێشخستنی كۆمەڵگا دەكرێت، نەك بێدەنگكردنی خەڵك و پەنابردنە بەر چەك و یەكلاییكردنەوەی ململانێ لەڕێگەی هێزو توندوتیژیی و سەرەنجام دەبێتە برین و شوێنەوارەكەی دەبێتە برین و بەئاسانی چارەسەر ناكرێت. لەمێژووی كۆن و نوێدا دەیان حاكم و حوكمڕانیی هاتن و رۆیشتوون، بەشێكیان دەیان و سەدان پەیكەریان لەدونیا بۆ دروستكراوەو بوونە رەمزو سیمبولی شۆڕشگێڕیی و مرۆڤایەتیی، بەشێكیشیان بەپێچەوانەوە پەیكەرەكانیان شكێنران، چونكە رەمزی ستەمكاریی و خراپی حوكمڕانی بوون.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
عەلی زەیدی لەسەر هێرشەکانی سەر هەولێر هاتەدەنگ و هەڕەشە دەکات
قەیرانی دادوەری لە هەرێمی کوردستان؛ کێشەی دەستوەردانی حزبی و دابەشکردنی پۆستەکان گەیشتووەتە لوتکە
سوپای پاسداران هەڕەشەی توند لە کوەیت دەکات
تاران دەرگای گفتوگۆ دادەخات؛ ململانێی سەربازیی ئەمریکا و ئێران بە ئاڕاستەی نادیاردا دەڕوات
هاوسەرۆکی پژاک: گۆڕانکارییەکانی ناتۆ هەڵوێستی تورکیای بەرامبەر ئێران گۆڕیوە و ناوچەکە بەرەو جەنگێکی گەورە دەچێت
ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری عێراق: ده‌ست به‌سه‌ر 25 ملیار دیناری دیكه‌ی عێراقی، 200 هەزار دۆلار و بڕێك زێڕدا گیرا
باڵیۆزخانەی ئەمریكا: دروستبونی كێشه‌ بۆ گه‌شتكردن و داخستنی ئاسمانی عێراق چاوه‌ڕوانكراوه‌
وه‌زاره‌تی كاره‌با: به‌هۆی گرفتێكی ئه‌منییه‌وه‌ له‌ كێڵگه‌ی كۆرمۆر به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با كه‌مبوه‌وه‌
شاندی ئیمرالیی ده‌م پارتی دوای كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌فدی ئاكه‌په‌و مه‌هه‌په‌: ده‌مانه‌وێت چاومان به‌ ئۆجــه‌لان بكه‌وێت
نه‌وت و كانزاكانی هه‌ولێر رێكاری نوێی بۆ دابه‌شكردنی غاز راگه‌یاند
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×