لەسەربەخۆیی گەڕێن، بۆ 35 ساڵە حوكمڕانیەكی باش ناكەن؟!

سەرتیپ جەوهەر
  2025-09-26   

ریفراندۆمی 2017 رووداوێكی گرنگ بوو لەمێژووی نوێی كوردستان، پێویستە ئێستا توێژینەوەو بەدواداچوونێكی بابەتیانەو دوور لەتێگەیشتنی حزبیی و شەخسی بۆ بڕیاری ریفراندۆم و لێكەوتەكانی دوای ئەو پرۆژەیە بكرێت. بەتایبەت هێدی هێدی بەڵگەو راستیی نوێ‌ دەردەكەون كە بێگومان كاریگەری لەسەر تێگەیشتن بۆ كۆی رووداوەكە دەبێت. لەماوەی 8 ساڵی رابردوو هەموو ئەو قسانەی لەسەر ئەو رووداوە كراوە تێروتەسەل نەبوون، زیاتر لەژێر كاریگەریی تێگەیشتنیی حزبیی یاخود هەڵچوونێكی دلینیی (عاتیفیی) بووە. یارو نەیاری ریفراندۆم دوور لەتێگەیشتنی بابەتیانە لەڕێی میدیاكانەوە ریفراندۆمیان وەك بابەتێكی میدیایی بۆ شەڕی یەكتر بەكارهێناوە، نەك تێفكرینێكی هێمنانە بۆ چاككردنی داهاتوو.

بەپێی واقع و مەنتقی تێگەیشتنی سیاسی، ریفراندۆمی 2017 لەكاتێكی زۆر نەگونجاو و پێنەگەیشتوو كرا، ئەمە جگە لەنەبوونی زەمینەی ناوخۆیی و ئیقلیمیی و نێودەوڵەتی و خراپ تەدارەككردن و بەڕێوەبردنی پرۆژەكە. هاوكات خۆئامادەنەكردن بۆ ئەنجام و لێكەوتەكانی دوای بەجێگەیاندنی پرۆژەكە، بۆیە دەبینین خەسارەتێكی گەورەی مێژوویی بەدوایخۆیدا هێنا.

قسەكانی چەند رۆژی رابردووی دۆناڵد ترەمپ جارێكی دیكە ئەو راستیەی بۆ دووپاتكردینەوە كە وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكا گوێنادەنە هیچ قیەم و بەهایەكی مرۆیی راستیی مێژوویی. سەركردایەتی بڕیاردەی كوردستانیش جگە لەوەی لەناوخۆ هیچ زەمینەیەكیان بۆ پرۆژەیەكی ئاوها دروستنەكردبوو، هاوكات بەتەمابوون ئەو وڵاتانە لانیكەم بەر لەپەلاماری بەغدا بگرن، بەڵام لەراستیدا ئەمە تێگەیشتنێكی ساویلكە بوو، كوردیش دەڵێت "ئەوەی بەتەمای خواردن و شیوی دراوسێ‌ بێت، لەبرسا دەمرێت".

لەڕاستیدا دروستكردنی دەوڵەت یان هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی بریتیی نییە لەحەزێكی شەخسیی یاخود بەرژەوەندی كەمینەیەكی بڕیاردەر. سەربەخۆیی خەونی گەلێكە كە سەدان ساڵە وێڵە بەدوای ژیانێك دوور لەچەوساندنەوە، پێویستیی هاوڵاتیان و دانیشتوانیی كوردستانە بۆ ژیانێكی باشترو كەرامەتمەندانە كە تێیدا لەژێر سایەی حوكمڕانیەكی دادپەروەرو خزمەگوزارو ئاسایش بژین، بەڵام ئەگەر سەربەخۆییەك ژیانێكی كەرامەتمەندانەو هێمنی دابیننەكرد، ئەو سەربەخۆییە چ قیمەتێكی هەیە بۆ هاوڵاتیانی؟!

بەپێی بارودۆخ و واقع و مەنتقی هێزو هەڵكەوتەی جوگرافیی كوردستان، سەربەخۆیی موستەحیل نییە، رەنگە بتوانین بەنابەدڵی بڵێین زەحمەتە لەم كاتەدا، بەڵام پرسیاری گرنگ بۆ هەموو هاوڵاتیانی كوردستان تەنها پرسی سەربەخۆیی نییە، بەڵكو پرسیارە لەبارەی 35 ساڵی حوكمڕانیی كوردستان كە تائێستا نەتوانراوە ژیانێكی كەرامەتمەندانە بۆ هاوڵاتیانی دابینبكرێت، بۆ دوای ئەوەندە ساڵە حوكمڕانیەكەی هیچی بەسەر هیچەوە نەماوە، نە پەرلەمانی كاردەكات و نەحكومەتەكەی شەرعیەتی هەیەو نەهێزێكی یەكگرتووی پێشمەرگەو نەئابورییەكی سەقامگیری هەیە! سەرباری خراپی ئازادیی و لەرووی عەمەلیەوە ئەو هەرێمەی هەیشە دوو ئیدارەو دوو حوكمڕانییە!

خولاسە، رەنگە پرسیاری زۆر لەبارەی سەربەخۆیی هەبێت. پرسیاری هەرە گرنگ ئەوەیە، ئەگەر سەربەخۆیی بۆ دروستكردنی ژیانێكی باشترو كەرامەتمەندانەو لەپێناوی حوكمڕانییەكی دادپەروەرانەیە، ئەوا بێگومان دەستكەوتێكی مێژووییە بۆ هەركەس و حزبێك ئەم میللەتە بگەینێتە ئەو كەنارە ئارامە، بەڵام ئەگەر سەربەخۆیی كوردستان بۆ درێژەدان بەحوكمڕانیی بنەماڵەو كەمینەیەكی دەستڕۆیشتووی حوكمڕان بێت، ئەوا بێگومان ئەو سەربەخۆییە بریتیی دەبێت لەدرێژەكێشانی ستەمكاریی و چەوساندنەوە هەروەك چۆن زیاتر لە 100 ساڵە گەلی كوردستان لەعیراق بەدەستیەوە دەناڵێنێت.

.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
تەسنیم: ئۆکرانیا هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لەهەرێمی کوردستان جێگیر کردووەو تاران ئەم کارە بەدوژمنایەتی دەزانێت
مه‌سعود بارزانی: یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌مواربكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س له‌جێی كریستیانه‌كان بڕیار نه‌دات
یەرەکە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هێزەکانی ئێران لە سنووری مەریوان و کۆساڵان ڕاگەیاند
ئۆکرانیا دەنگۆی ناردنی درۆن و هێزی سەربازی بۆ هەرێمی کوردستان ڕەت دەکاتەوە
پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) بۆ ئاوێنە: کۆبوونەوەکەی عێراق و ئێران تەنیا بۆ پاسەوانیی سنوور بووە و دەنگۆی دەرکردنمان شەڕی دەروونییە
وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق: هه‌ماهه‌نگی باشمان له‌گه‌ڵ توركیاو ئێران هه‌یه‌ بۆ كردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی چه‌كدارانی كورد
شاخه‌وان عه‌بدوڵا: كورد له‌ كه‌ركوك په‌راوێزخراوه‌و ده‌بێت پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌ی بۆشایی ئه‌منیان تێدایه‌
شەڕ و پێکدادان لە یەمەن پێ دەنێتە قۆناغێکی سەختەوە؛ فڕۆکەخانەی عەدەن کرایە ئامانج و تەعز لەبەردەم کارەساتی مرۆییدایە
گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا گەیشتنە لووتکە؛ مەرجی قورس، گەمارۆی دەریایی و پلان بۆ هێرشێکی نوێ
حکوومەتی عێراق باجی گومرگی سەر سیستەمی وزەی خۆری هەڵگرت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×