باوەش بۆ عەرەب بكەنەوەو شمشێر لەیەكتر بسوون

سەرتیپ جەوهەر
  2025-11-24     230

سەرباری ناكۆكیی و جیاوازی سیاسیان، بەڵام لایەنە شیعەكان چوارچێوەو چەترێكی سیاسیان دروستكردووە بەناوی (چوارچێوەی هەماهەنگیی) لەوێدا لەسەر مێزێكی خڕ بەیەكسانیی دادەنیشن. گفتوگۆی ناكۆكییەكانی نێوان خۆیان دەكەن و بەیەكەوە بڕیار دەدەن و بەشی خۆیان لەحكومەت و كابینەی نوێ‌ یەكلایی دەكەنەوە.

دوێنێ سوننەكانیش چوارچێوەیەكی سیاسیان بەناوی هاوپەیمانێتی نیشتیمانیی سوننەیان راگەیاندو بڕیاریاندا لەنێوان خۆیاندا ئەجێندایەكی یەكگرتوو پێشكەشبكەن و بەركەوتەی سوننە لەكابینەی نوێی عیراق یەكلایی بكەنەوە.

مخابن بۆ كورد! نەك هیچ ئەنجومەنێك یان چەترێكی نییە بۆ كۆبونەوەی لایەنە سیاسیەكان بۆ گفتوگۆو تەگبیری دوای هەڵبژاردن و بەركەوتەی گەلی كوردو خەڵكی هەرێمی كوردستان لەبەغدا، بگرە هێشتا ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردن رانەگەیەنرابوو، لایەنە لایەنە سەرەكییەكانی هەرێم (پارتی و یەكێتیی) شمشێریان لەیەكتر دەسوی* (تیژدەكردەوە)! ماوەی هەفتەیەكیشە هەڵمەتێكی توندی راگەیاندن و وڵام و وڵامدانەوە لەنێوان هەردوولا هەیە!

رۆژانە وەفدی شیعەو سوننە دێنە كوردستان و لایەنە سیاسیەكانی كورد دەیان حەببێنن و بەگەرمی باوەش پێشوازیان دەكەن، بەڵام بۆیەكتر چوونەتە تەوقی كێوان و سێرەیان لەیەكتر گرتووە! بەرۆحێكی لێبوردەیی و لەبیركردنی رابردوو مامەڵە لەگەڵ برای عەرەبی شیعەو سوننە دەكەن، بەڵام بۆخۆیان بەرۆحی قینەو تۆڵە سەندنەوە!

جیاواز لەهەموو خولێكی هەڵبژاردن، ئەمجارە شیعەو سوننە پێشوەختە رایانگەیاندووە سەرۆك كۆمار بەركەوتەی كوردە، پێویستە لەنێوان خۆیان یەكلایی بكەنەوە، كەچی لایەنە سیاسیەكانی كورد دەیانەوێ‌ بەدوو كاندید بچنە بەغداو لەوێ‌ برایانی عەرەب بۆمان یەكلایی بكەنەوە!

ئەم دووبەرەكیی دڕدۆنگییەی كورد لەگەڵ یەكتر هی ئەمڕۆنییەو یەكەم ئەزموونی پەرتەوازەییش نییە! وەرن لاپەڕەكانی مێژوو هەڵدەنەوە بزانن چ میللەتێكین؟ هەزاران ساڵە بەهۆی خۆخۆریی و خواستی شەخسی و دەستەگەریی نەگەیشتۆتە مەقسەد.

دەبوو لایەنە سەرەكییەكانی براوەی هەڵبژاردن لەبری بوغزاندنی یەكتر، پێشنیاری پێكهێنانی چوارچێوەیەكی سیاسیان كردبا وەك چەترێك بۆ لەخۆگرتنی هەموو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان. هەركەس ئەوەی كردبا گەورەیی دەنواند. لەناو كورد تەنها رەحمەتیی مامجەلال بوو دەیتوانی ناكۆكییەكانی قووت بدات و دوور بڕوانێت، دەبوو چاوی لێبكرێت. هەركەس ئەمڕۆ ئەمە بكات، دەرفەتە مێژوو بۆخۆی تۆمار دەكات. لەمێژووشدا دەستدرێژكردن بۆ ئاشتی كەسی بچوكنەكردۆتەوە، بگرە زۆر گەورەی كردووە.

كە دەڵێین ئەنجومەنێك هەبێت، تا لەوێدا هەم ئەجێندایەكی كوردستانیی هاوبەش پێشكەشی بەغدا بكەن و هەمیش بەركەوتەی خۆیان لەبەغدا یەكلایی بكەنەوە. لەبیر نەكەین، ئەوانەی ئەمڕۆ دەنگیان هێناوە، ئەگەر دوو ئەوەندەشیان هەبێت، بەتەنها دەبن لەبەغدا، چونكە وەك حزبێكی سیاسی مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت نەك وەك نوێنەرانی میللەتی كورد، سەرئەنجام رەنگە بەرژەوەندی خۆیان یان حزبەكەیان دابینبكەن، بەڵام زیانی گەورە بەگەلی كوردستان دەگەیەنن.

• سواندن: تیژكردنەوە

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
عەلی زەیدی لەسەر هێرشەکانی سەر هەولێر هاتەدەنگ و هەڕەشە دەکات
قەیرانی دادوەری لە هەرێمی کوردستان؛ کێشەی دەستوەردانی حزبی و دابەشکردنی پۆستەکان گەیشتووەتە لوتکە
سوپای پاسداران هەڕەشەی توند لە کوەیت دەکات
تاران دەرگای گفتوگۆ دادەخات؛ ململانێی سەربازیی ئەمریکا و ئێران بە ئاڕاستەی نادیاردا دەڕوات
هاوسەرۆکی پژاک: گۆڕانکارییەکانی ناتۆ هەڵوێستی تورکیای بەرامبەر ئێران گۆڕیوە و ناوچەکە بەرەو جەنگێکی گەورە دەچێت
ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری عێراق: ده‌ست به‌سه‌ر 25 ملیار دیناری دیكه‌ی عێراقی، 200 هەزار دۆلار و بڕێك زێڕدا گیرا
باڵیۆزخانەی ئەمریكا: دروستبونی كێشه‌ بۆ گه‌شتكردن و داخستنی ئاسمانی عێراق چاوه‌ڕوانكراوه‌
وه‌زاره‌تی كاره‌با: به‌هۆی گرفتێكی ئه‌منییه‌وه‌ له‌ كێڵگه‌ی كۆرمۆر به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با كه‌مبوه‌وه‌
شاندی ئیمرالیی ده‌م پارتی دوای كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌فدی ئاكه‌په‌و مه‌هه‌په‌: ده‌مانه‌وێت چاومان به‌ ئۆجــه‌لان بكه‌وێت
نه‌وت و كانزاكانی هه‌ولێر رێكاری نوێی بۆ دابه‌شكردنی غاز راگه‌یاند
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×