پەیوەندییەكەی تۆم باراك، رێككەوتنەكەی پارتی و مالكی لەباربرد

سەرتیپ جەوهەر
  2026-01-29   

پێدەچێت پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق رووبەرووی ئاستەنگی جددی ببێتەوەو تائێستا نە لەسەر كاندیدی سەرۆك كۆمارو نە لەسەر سەرۆك وەزیران رێككەوتن كراوە، بۆیە بەئەگەرێكی زۆرەوە پێدەچێت رۆژی یەكشەممەش سەرۆك كۆمار هەڵنەبژێردرێت و بگرە هەموو ئاماژەكان روو لەوەن كە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق زۆر دوادەكەوێت.

بەپێی زانیاریی نوێ‌، تائێستا پارتی و یەكێتیی هیچ لێكتێگەیشتنێكیان لەبارەی سەرۆك كۆمار نییە. هاوكات لەگەڵ تەلەفۆنەكەی تۆم باراك و دواتریش هەڵوێستەكەی دۆناڵد ترەمپ، ریسەكەی پارتی و مالیكی بوویەوە خوری، چونكە رێككەوتنیان كردبوو سەبارەت بەپرسی سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌.

لەم پرسەدا، ئەمریكا راستەوخۆ ناڕەزایەتی خۆی لەبارەی كاندیدبوونی مالكی گەیاندە بارزانیی، لەڕێی پارتیشەوە بۆ هەموو لایەنەكانی عیراق! بۆیە بۆ پارتی زۆر زەحمەت دەبێت دەنگ بەنوری مالكی بدات تا ببێتەوە سەرۆك وەزیران. ئەگەر شیعەش سوربن و ركەو عینادیی لەگەڵ خواستی ئەمریكا بكەن، ئەوا عیراق دەچێتە تونێلێكی تاریك و ئەمریكا لەوبارەیەوە دەستەوەستان ناوەستێت.

دەتوانین بڵێین ئەمجارەش، وەك خولی رابردووی پەرلەمانی عیراق پارتی كەوتە هەڵەیەكی سیاسیەوە. هەروەك چۆن لەخولی رابردووی پەرلەمان، پارتی رێككەوتنی لەگەڵ موقتەدا سەدركرد، بەڵام سەدر لەپەرلەمان كشایەوەو پارتی نەیتوانی كاندیدەكەی خۆی بۆ سەرۆك كۆمار سەربخات، ناچار لەدوا ساتەكانی هەڵبژاردن دەنگی بەكاندیدێكدا كە كاندیدی یەكێتیی نەبوو، بەڵام لەسەر یەكێتیی حیسابكرا، ئەویش لەتیف رەشید بوو!

بۆ ئەمجارەش رێككەوتنی پارتی لەگەڵ نوری مالكی رووبەرووی ئاستەنگی گەورە بۆتەوە، بۆیە دوای پەیوەندییەكەی تۆم باراك بە كاك مەسعود، جۆرێك لەنەرمی لەلایەن پارتییەوە نوێنراوە، بۆیە رەنگە پێشنیاری نوێ‌ بۆ یەكێتیی كرابێت لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم تاوەكو گرێ كوێرەی سەرۆك كۆماری پێ‌ بكەنەوە، بەڵام تائێستا هیچ پێشكەوتنێك لەوبارەیەوە نییە

باشترین بژاردە بۆ یەكێتیی و پارتیی رێككەوتنە لەگەڵ یەكتر بۆ چوونە گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەتی عیراق، بەتایبەت لەم بارودۆخەدا كە ناوچەكە دەكوڵێت و كورد لەهەمووكات زیاتر پێویستی بەیەكدەنگی هەیە! ئەگەر ئەوە نەكەن، هەركامێكیان سەرۆك كۆمار بباتەوە بەبێ‌ رێككەوتن لەگەڵ ئەویدی، ئاستەنگی جددی بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم دروستدەبێت.

پێشبینی دەكرێت لەئەگەری رێكنەكەوتنی پێشوەختە لەگەڵ پارتی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم، رەنگە یەكێتیی دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، داوای یەكێك لە دوو پۆستە سەرەكییەكەی هەرێم بكات ( سەرۆكی هەرێم یان سەرۆك وەزیران) بەوپێیەی دوای هاوپەیمانێتی لەگەڵ نەوەی نوێ‌ 40 كورسی پەرلەمانیان هەیە لەبەرامبەر 42 كورسی پارتی، ئەمەش جۆرێكە لەگەڕانەوە بۆ سەردەمی فیفتی بەفیفتی. ئەمەش پێكهێنانی حكومەتی هەرێم زۆر زەحمەتتر دەكات لەجاران، كەوایە یان دەبێ‌ هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێتەوە كە ئەمە زۆر زەحمەتە، یانیش ئەم 4 ساڵە دەرگای پەرلەمان داخراو دەبێت و تا خولی نوێی هەڵبژاردن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
تەسنیم: ئۆکرانیا هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لەهەرێمی کوردستان جێگیر کردووەو تاران ئەم کارە بەدوژمنایەتی دەزانێت
مه‌سعود بارزانی: یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌مواربكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س له‌جێی كریستیانه‌كان بڕیار نه‌دات
یەرەکە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هێزەکانی ئێران لە سنووری مەریوان و کۆساڵان ڕاگەیاند
ئۆکرانیا دەنگۆی ناردنی درۆن و هێزی سەربازی بۆ هەرێمی کوردستان ڕەت دەکاتەوە
پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) بۆ ئاوێنە: کۆبوونەوەکەی عێراق و ئێران تەنیا بۆ پاسەوانیی سنوور بووە و دەنگۆی دەرکردنمان شەڕی دەروونییە
وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق: هه‌ماهه‌نگی باشمان له‌گه‌ڵ توركیاو ئێران هه‌یه‌ بۆ كردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی چه‌كدارانی كورد
شاخه‌وان عه‌بدوڵا: كورد له‌ كه‌ركوك په‌راوێزخراوه‌و ده‌بێت پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌ی بۆشایی ئه‌منیان تێدایه‌
شەڕ و پێکدادان لە یەمەن پێ دەنێتە قۆناغێکی سەختەوە؛ فڕۆکەخانەی عەدەن کرایە ئامانج و تەعز لەبەردەم کارەساتی مرۆییدایە
گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا گەیشتنە لووتکە؛ مەرجی قورس، گەمارۆی دەریایی و پلان بۆ هێرشێکی نوێ
حکوومەتی عێراق باجی گومرگی سەر سیستەمی وزەی خۆری هەڵگرت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×