سەردەمی حوكمڕانیی كۆمپانیاكان

سەرتیپ جەوهەر
  2026-02-14     378

لەنرخی كارەبای ماڵانەوە تەماشای دۆخی سیاسی و حوكمڕانی هەرێم بكەین، دەبینین هاوڵاتیان لەنێوان دەسەڵاتدارێتیەكی زۆر خراپ و ئۆپۆزسیۆنێكی پەككەوتوو داماوبوون و هیچ دەرەتان و هیوایەكیان بۆ نەهێشتوونەتەوە.

دەسەڵاتداران هەموو دامودەزگا دەستوریی و دیموكراتیەكانیان پەكخستووە، زەمینەیەكیان دروستكردووە كە هەڵبژاردن و دامەزراوەی پەرلەمان هیچ ئەرزشی بۆ ئەم كۆمەڵگایە نەمێنێت.

هەر بەڕاستیش بەمشێوەیەی ئێستا نەپەرلەمان زەرەرەتی ماوەو نەدامەزراوە چاودێرەكان و نەدادگاو نەئۆپۆزسیۆن و نەدامەزراوە دەستورییەكانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت.

دەسەڵاتدارن ئێستا رێگەیەكی نوێیان بۆ حوكمڕانی داهێناوە، ئەویش بەڕێوەبردن و دابینكردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتیەكانی خەڵكە لەڕێی كۆمپانیاكانەوە (!) لەدەرەوەی دەقە یاسایی و دەستورییەكان! واتە مۆنۆپۆلی دابینكردنی خزمەتگوزارییەكانیان كردووە بۆ كۆمپانیاكانی كە خۆیان دەزانن هی كێیەو هاوڵاتیانیش ناچار دەكەن لەبەرامبەر ئەو خزمەتگوزاریانە كە پێشتر حكومەت دابینیدەكرد، پارەیەكی ئێجگار بدەنە ئەو كۆمپانیایانەی كە ئەم حوكمڕانانە بەسەر خەڵكیان فەرز كردوون! بەجۆرێك ئێستا ئەو كۆمپانیایانە بوونەتە شەریكی داهات و ژیانی هاوڵاتیان و هەرچی دەستیان دەكەوێت دەبێ‌ لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانە بیكەنە برابەش.

ئەم حوكمڕانیەی ئێستای هەرێم هیچ پێناسەو زاراوەیەكی حوكمڕانی نایگرێتەخۆی. دەرگای پەرلەمانەكەی داخراوەو دامەزراوەكانی دیكەی لەرووی شەرعیەوە گۆد بوون. بۆ حوكمڕانانیش بووە بەجەژن، چونكە هیچ دەسەڵاتێكی چاودێرو لێپیچینەوەی بەسەرەوە نەماوە، بەئارەزووی خۆی باج و خەراج دادەنێت یان دەستكاریی دەكات، تەنانەت بارودۆخ گەیشتۆتە ئەوەی كۆمپانیا لەباتی پەرلەمان و دامەزراوەی یاسادانان بڕیاری پشكنینی ئۆتۆمبێل زیاد بكات؟! ئەمەش نیشانەیەكی زۆر مەترسیداری ویرانەیی ئەم حوكمڕانییەی هەرێمی لەكوردستانە. ئەمە لەكاتێكدا لەدەستوری عیراقدا بەڕوونی هاتووە بەهیچ شێوەیەك باج و خەراج دەستكاریی ناكرێت زیاد ناكرێت تەنها بەیاسا نەبێت؟! لەونێوانەدا پرسیاری هەرە گرنگ، ئەو گرێبەستانەی حكومەت لەگەڵ كۆمپانیاكانی كردووەو دەكات بەناوی دابینكردنی خزمەتگوزاریی چەندەی دەستوریی و یاساییە؟

لەبەرامبەر ئەم دۆخە خراپەی حكومەت و حوكمڕانی هەرێم، دەبینین ئۆپۆزسیۆن وێرانەترە! بەدڵنیاییەوە نەمدەویست غەیبەتی ئۆپۆزسیۆن بكەم، بەڵام ناكرێت بەمشێوەیەی ئێستاش هەیە بەردەوامبن.

یەكێك لەگرفتە سەرەكییەكانی ئۆپۆزسیۆن لەكوردستان، نەبوونی پرۆژەی درێژخایەن و یان روونتر تائێستا ئۆپۆزسیۆن لەكوردستان نەبوون بەپرۆژەیەكی سیاسی كارا وەك بەدیل بۆ ئەم حوكمڕانییە. زۆربەی ئەوانەی هەن، زیاتر وەك رەخنەدەگر ناسراون و خۆیان داوەتە پەنای دەستەواژەو ناونیشانی ئۆپۆزسیۆن بوون، زۆربەیان تەنها لەفەیسبوك تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بەناوی ئۆپۆزسیۆن رەخنە دەگرن و توڕەیی دەردەبڕن ، بێئەوەی پرۆژەیەكی عەمەلیی و كردارەكیان هەبێت بۆ جوڵاندنی كۆمەڵگاو بەرگرتن لەخراپەكارییەكانی حوكمڕانان! بۆیە دەبینین لەباشترین حالەت كاتێك كارمەندێكی كارەبا رەخنە لەگرانی كارەبا دەگرێت، ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن سەردانی كارمەندەكە دەكەن و بەشێكیان بەیاننامەش دەردەكەن دەڵێن ئێمە پارێزەری بۆ دەگرین!! ئەمە لەكاتێكدا دەبوو ئۆپۆزسیۆن پلانی رووبەرووبونەوەی پرۆژەی گرانكردنی كارەبای هەبووایەو شەقامی تاودابوایە بۆ خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر حكومەت، نەك ناڕەزایەتیی كارمەندێكی هەژار بكرێتە كاڵایەك بۆ موزایەدەو رەخنەی سەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان. واتە ئۆپۆزسیۆن لەباتی پرۆژەی هەبێت، لەچاوەڕوانی رووبەرووبونەوەی خۆڕسك و ناڕەزایەتی هاوڵاتیانن بەرامبەر ناعەدالەتیی و ناهەقیەكانی حوكمڕانیی، تا ئەوان سواری شەپۆلی توڕەییەكە ببن! دەسەڵاتیش لەباتی بەخۆداچوونەوە بەرامبەر ئەو ناهەقیانە، فشاری زیاتر دەكات تا وەكو خەڵك زیاتر دەستەمۆ و كەوی بێت.

بەكورتی، هەرێمی كوردستان بەقۆناغێكی خراپی حوكمڕانیدا تێدەپەڕێت، چونكە هەموو دامودەزگا دەستوریی و دیموكراتیەكانی پەككەوتوون و ئەرزشیان نەماوە، خەڵكیش لەچاوەڕوانی بەدیل و ئەلتەرناتیڤ بێهیواو نائومێدبووە، بۆیە دەبینین هەر چوار ساڵ جارێك ئۆپۆزسیۆنێك لەدایك دەبێت و یەكێكی دیكە دەمرێت بێئەوەی بگاتە دەسەڵات، بەڵام پێدەچێت بۆ ئەمجارە هەڵبژاردنیش پێویست نەمابێت، چونكە نەپەرلەمان و نەدامەزراوەكان ئەرزشیان نەماوە.

.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
عەلی زەیدی لەسەر هێرشەکانی سەر هەولێر هاتەدەنگ و هەڕەشە دەکات
قەیرانی دادوەری لە هەرێمی کوردستان؛ کێشەی دەستوەردانی حزبی و دابەشکردنی پۆستەکان گەیشتووەتە لوتکە
سوپای پاسداران هەڕەشەی توند لە کوەیت دەکات
تاران دەرگای گفتوگۆ دادەخات؛ ململانێی سەربازیی ئەمریکا و ئێران بە ئاڕاستەی نادیاردا دەڕوات
هاوسەرۆکی پژاک: گۆڕانکارییەکانی ناتۆ هەڵوێستی تورکیای بەرامبەر ئێران گۆڕیوە و ناوچەکە بەرەو جەنگێکی گەورە دەچێت
ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری عێراق: ده‌ست به‌سه‌ر 25 ملیار دیناری دیكه‌ی عێراقی، 200 هەزار دۆلار و بڕێك زێڕدا گیرا
باڵیۆزخانەی ئەمریكا: دروستبونی كێشه‌ بۆ گه‌شتكردن و داخستنی ئاسمانی عێراق چاوه‌ڕوانكراوه‌
وه‌زاره‌تی كاره‌با: به‌هۆی گرفتێكی ئه‌منییه‌وه‌ له‌ كێڵگه‌ی كۆرمۆر به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با كه‌مبوه‌وه‌
شاندی ئیمرالیی ده‌م پارتی دوای كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌فدی ئاكه‌په‌و مه‌هه‌په‌: ده‌مانه‌وێت چاومان به‌ ئۆجــه‌لان بكه‌وێت
نه‌وت و كانزاكانی هه‌ولێر رێكاری نوێی بۆ دابه‌شكردنی غاز راگه‌یاند
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×