ئەمریكای بێ پرۆژەو كوردی بێچارە

سەرتیپ جەوهەر
  2026-03-11     196

بەپێی ئەو پەرەسەندنانەی دەیبینین لەئاسمان و زەوی ناوچەكە دەیبینین، پێناچێت ئەم شەڕە درێژە بكێشێت. هەروەك رۆژنامەكانی ئەمریكا بەدووری نازانن لەمڕۆژانە بەیانیەك لەخەو هەستاین دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بڕیاری راگرتنی شەڕی دابێت و شەڕەكە وەستابێت بێئەوەی بزانین بۆ؟!

جگە لە ئیسرائیل، هەموو وڵاتانی ئەوروپاو ناوچەكە، بەدەنگێكی كزو شەرمنانە پشتیوانی خۆیان بۆ ئەمریكا دەردەبڕن، لێدوانەكانیان زیاتر بۆ رازیكردنی ئەمریكایە نەك دژایەتیكردنی ئێران، ئەمەش لە وزەو بڕستی ئەمریكای سەبارەت بەدژایەتی ئێران كەمكردۆتەوە.

نەناردنی نەوت بۆ بازاڕەكانی جیهان زیانی گەورەی بەوڵاتانی هەناردەكاری نەوت گەیاندووە، بەتایبەت وڵاتانی عەرەبی لەكەنداو، ئەوان دەیانەوێ‌ شەڕەكە رابگیرێت، تائێستا نەبوونەتە بەشێك لەشەڕكردنەكە. هاوكات بەرزبوونەوەی نەوت لەبازاڕەكانی جیهان كاریگەری زۆر خراپی لەسەر ژیان لەئەوروپاو ئەمریكا جیهێشتووە. ئەوروپییەكان بەهۆی شەڕی ئۆكرانیاوە رووبەرووی دۆخێكی ئێجگار خراپی ئابوریی بوونەتەوە بەتایبەت بەهۆی كەمبوونەوەی گازی سروشتیی، ئێستاش كە نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهان گران دەبێت، باری ئەوروپا زۆر گرانتر بووە، بۆیە لێدوانەكانی ئەمڕۆو دوێنێی ئەوروپییەكان ناڕاستەوخۆ ناڕازیبوون بوو لەشەڕ نەك پشتیوانیكردنی ئەمریكا.

ئەمریكاو ئیسرائیل پێشبینیان دەكرد بەچەند رۆژێك شەڕەكە كۆتایی پێبێنن، بەتایبەت دوای كوشتنی خامنەیی، بەڵام وادیارە ئەو پێشبینیەیان وەكخۆی دەرنەچوو، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئێران لەم جەنگەدا زیانێكی ئێجگار گەورەی بەردەكەوێت لەدوو رووەوە. یەكەمیان؛ لەرووی سیاسیەوە تەواو لاواز دەبێت و رۆڵ و پێگەی جارانی لەناوچەكە نامێنێت و ئەو گروپە درێژكراوانەی هەیبوو لە لوبنان و عیراق و سوریاو یەمەن و ناوچەكە یان لەناو دەچن، یان زۆر لاواز دەبن. دیاریش نییە لەكۆتایی ئەم جەنگە چەندە سازش دەكات بۆ راگرتنی شەڕەكە، بەڵام پێناچێت رژێمی حوكمڕانی ئێران نەمێنێت، بەڵكو رەنگە گروپ و دەستەیەكی نوێ‌ بێنە پێشەوە.

دووم؛ بەهۆی ئەم جەنگەوە ئێران لەرووی ئابورییەوە زیانێكی ئێجگار گەورەی بەردەكەوێت كە رەنگە چەندین ساڵی پێویست بێت تاوەكو وەكوخۆی لێدەكاتەوە! بەتایبەت رەنگە گەڕی دووەمی پەلاماردانەكانی ئەمریكاو ئیسرائیل دوای دامەزراوە سەربازییەكان، بۆسەر دامەزراوە ئابورییەكان و سەرچاوەكانی وزەو دامەزراوە بازرگانیەكان بێت.

بەپێی دیمەنەكانی شەڕو لێكەوتەكانی بێت، پێناچێت ئامادەكارییەكانی ئەمریكا زۆرباش بووبێت. نەپرۆژەی رووخاندنی رژێمی هەیەو نەهیچ پرۆژەیەكی بۆ كورد هەیە، بەڵام ئەگەر بڕباربێت بڵێین ئەمریكا وەك پێویست تەدارەكی شەڕی نەكردبوو، ئەوا دەتوانین بڵێین ئێرانیش ئامادەی ئەم جەنگە نییەو نەبوو.

ئێران هەم لەرووی ئابورییەوە لەدۆخێكی ئێجگار خراپدایەو پێشبینی دەكرێت زۆر خراپتریش ببێت، هاوكات بەشێك لە پێكهاتە سەرەكییەكانی ئەو وڵاتە لەسەرووی هەموویانەوە كورد كە لەدەرەوەی دەسەڵات و بەشداریی سیاسیدان و بەمافی نەتەوەیی و دیموكراتی خۆیان نەگەیشتوون، كەوتوونەتە جموجۆڵ و خۆ ئامادەكردن بۆ گۆڕانكاریی لەو وڵاتە. ئەمەش كەموكوڕییەكی گەورەی رژێمی ئێرانە، لەكاتێكدا ئەگەر مافی گەلی كوردو پێكهاتەكانی دیكە لەلایەن رژێمی حوكمڕانی ئێران دابینبكرێت و بەشداربن لەحوكمڕانی خۆیان و ئێران، بەدڵنیاییەوە لەباتی خاڵی لاوازی ئێران بێت، بەپێچەوانەوە كورد دەبێتە پشتیوان و هێز بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام ئەگەر دەرگایان لێ داخرابێت و پەراوێزخراوبن، ئەگەر دەرفەتێك هاتەپێشەوە چیبكەن؟! ترساندن و نكۆڵیكردن هیچ لەراستی مافی گەلی كورد كەمناكاتەوە، تا یەك تاكە كورد مابێت، پرسی كورد هەر دەمێنێت و دەستبەرداری مافەكانی نابێت.

ئەم شەڕە، سەرباری كۆشتوبڕو ماڵوێرانیی كە بەدڵنیاییەوە جێی نیگەرانییە، بەڵام دەرفەتێكە بۆ رژێمی ئێران دوای وەستانی شەڕ، بیرێك لەگفتوگۆ لەگەڵ كورد بكاتەوە. لایەنە سیاسیەكانی كورد لەباتی لەواشنتۆن كۆببنەوە، لەتاران و مەهاباد كۆببنەوەو پرۆژەی چارەسەری پرسی كورد لەگەڵ حوكمڕان و كاربەدەستانی ئێران گفتوگۆبكەن. ئەگەر رژێمی ئێرانیی مافی گەلی كورد بدات، بەدڵنیاییەوە لایەنە سیاسیەكانی كورد لەواشنتۆن كۆنابنەوەو بەشێك نابن لەهیچ پرۆژەیەكی دەرەكیی.

پێویستە بەرپرسانی ئێران ئەو راستیە بزانن كە ئەگەر شەڕیش راوەستێت، ئەمریكاو وڵاتانی رۆژئاوا دەستبەرداری پرۆژەی گۆڕینی رژێمی ئێرانی نابن، بۆ هەر گۆڕانكارییەكیش لەئێران، پرسی كورد وەك پێكهاتەیەكی پەراوێزخراو و بێ ماف، دۆسیەیەكی كراوەیە، ئەگەر لەلایەن تارانەوە دەرگای گفتوگۆی لێ داخرابێت، بەدڵنیاییەوە وەك مۆتەكە هەر بەدوایەوە دەبێت و هەموو ئەگەرێكی گۆڕانكاریی بۆ ئەو دەرفەتێكە بۆ گەیشتن بەمافەكانی، بەپرسیارێتی بەشداریكردنیشی دەكەوێتە ئەستۆی رژێمی ئێران نەك خواستێك بێت لەلای كورد.

.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
عەلی زەیدی لەسەر هێرشەکانی سەر هەولێر هاتەدەنگ و هەڕەشە دەکات
قەیرانی دادوەری لە هەرێمی کوردستان؛ کێشەی دەستوەردانی حزبی و دابەشکردنی پۆستەکان گەیشتووەتە لوتکە
سوپای پاسداران هەڕەشەی توند لە کوەیت دەکات
تاران دەرگای گفتوگۆ دادەخات؛ ململانێی سەربازیی ئەمریکا و ئێران بە ئاڕاستەی نادیاردا دەڕوات
هاوسەرۆکی پژاک: گۆڕانکارییەکانی ناتۆ هەڵوێستی تورکیای بەرامبەر ئێران گۆڕیوە و ناوچەکە بەرەو جەنگێکی گەورە دەچێت
ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری عێراق: ده‌ست به‌سه‌ر 25 ملیار دیناری دیكه‌ی عێراقی، 200 هەزار دۆلار و بڕێك زێڕدا گیرا
باڵیۆزخانەی ئەمریكا: دروستبونی كێشه‌ بۆ گه‌شتكردن و داخستنی ئاسمانی عێراق چاوه‌ڕوانكراوه‌
وه‌زاره‌تی كاره‌با: به‌هۆی گرفتێكی ئه‌منییه‌وه‌ له‌ كێڵگه‌ی كۆرمۆر به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با كه‌مبوه‌وه‌
شاندی ئیمرالیی ده‌م پارتی دوای كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌فدی ئاكه‌په‌و مه‌هه‌په‌: ده‌مانه‌وێت چاومان به‌ ئۆجــه‌لان بكه‌وێت
نه‌وت و كانزاكانی هه‌ولێر رێكاری نوێی بۆ دابه‌شكردنی غاز راگه‌یاند
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×