ئەوە حكومەتی عیراق دروستبوو، ئیدی گەڕی دووەمی ململانێی نێوان پارتی و یەكێتیی لەماوەیەكی نزیكدا دەستپێدەكات. هەرێمی كوردستان لەبەردەم واقعێكی نوێیە، ئەگەر دەستپێشخەریەكەی مامۆستا سەڵاحەدین بەهائەدین سەرنەگرێت و پارتی و یەكێتیی لەسەر دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی حكومەت و پۆستەكانی رێكنەكەون، بەدڵنیاییەوە هەژانێك لەدۆخی سیاسی دروستدەبێت.
پێكهێنانی حكومەتی عیراق راستەوخۆ پەیوەندی بەپێكهێنانی حكومەتی هەرێم هەبوو، بەڵام رێكنەكەوتن! ئەو دەرفەتە لەدەست چوو. رێككەوتنی ئەوكات زۆر هاسانتر بوو، ئێستا ئاڵۆزتربووە.
بەپێی ئەو پێشبینیانەی دەكرێت هەردوو حزب (یەكێتیی و پارتی) خۆیان ئامادە دەكەن بۆ گەڕێكی نوێی رووبەرووبونەوەی یەكتر سەبارەت بەپێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم.
شكستی كاندیدكردنی شاخەوان عەبدوڵڵا بۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق و د. فوئاد حوسێن بۆ سەرۆكی كۆمارو شكستهێنانی رێباز حەملان بۆ وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە، ئاماژەو نامەی ئاگاداركردنەوەی پارتی بوون لەبارودۆخێك كە رەنگە رووبەرووبونەوەی ئاسان نەبێت! پارتی هەموو ئەو شكستانەی بەدەستی یەكێتیی زانیی، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت كە پارتی پلانی نییە، بەڵكو لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتی عیراق دەستی بەجموجۆڵ كردووە بۆ ئەوەی بتوانێت تۆڵەو قەرەبووی ئەو شكستە لەپەرلەمانی كوردستان بكاتەوە.
لەبەرامبەر جموجۆڵی پارتی، یەكێتیش خۆی ئامادەكردووە فشاربكات بۆ ئەوەی یان حكومەتی هەرێم بەپێی خواستی ئەو پێكبهێنرێت یان پەرلەمانی كوردستان هەڵوەشێنێتەوەو هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت، بەڵام پێدەچێت ئەو هەوڵانەی یەكێتیی لەڕێی دادگای فیدراڵ و لەڕێی بەغداوە بێت.
هەوڵ و پلانی یەكەمی پارتی؛ لەگەڵ ئەو حزبانەی دەنگیان لەپەرلەمانی كوردستان هەیە لەڕێی پێدانی پۆستی بەغدا لەبەرامبەر بەشداریكردنیان لەحكومەتی هەرێم. بۆ ئەم مەبەستە لەدوو هەفتەی رابردوو لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لەبەغدا گفتوگۆیان كرد. گفتوگۆكە لەسەر بنەمای (وەرگرتنی پۆست لەبەغدا لەبەرامبەر بەشداریكردن لەپێكهێنانی حكومەت وەك ئەوەی یەكێتیی لەگەڵ نەوەی نوێ كردی)، بەڵام نەگەیشتنە رێككەوتن. بۆیە دەبینین لەسەروبەندی دەنگدان لەسەر وەزیرەكانی حكومەتی نوێی بەغدا، شێروان دووبەردانیی ئەندامی پارتی لە پەرلەمانی عیراق ناڕاستەوخۆ ئاماژەی پێداو گوتی "رەنگە (موسەننا ئەمین) کاندیدی پارتی بێت بۆ جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق".
بێگومان یەكگرتووی ئیسلامیی لەو واقعە تێدەگات ئەگەر لەگەڵ پارتی بەتەنها بەشداری لەكاراكردنەوە یان پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم بكات ئەوا زۆر ناڕەحەت رووبەرووی ناڕەزایەتیی جەماوەرەكەی و هاوكات یەكێتیش دەبێتەوە، بۆیە ئەگەر یەكگرتوو ببێتە بەشێك لەململانێی یەكێتیی و پارتی كە دوو حزبن هێزو زۆنیان بەدەستەوەیە، ئەوا بەدڵنیاییەوە رووبەرووی گرژی و ئاڵۆزیی دەبێتەوە، بەڵام لەبیری نەكەین خواستێكی بەهێز لەناو یەكگرتووی ئیسلامیی دروستبووە كە بەشداربن لەحكومەت و ئەوان تائێستا سودیان لەئۆپۆزسیۆن بوون نەبینیوە، هاوكات بۆچونێك لەناو یەكگرتوو هەیە كە یەكگرتوو زۆر ئامادە نییە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەو لەوانەیە دەنگی رابردوو نەهێننەوە، بۆیە مامۆستا سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین دەستپێشخەریی و پرۆژەیەكی ئاشتەوایی پێشكەش بەیەكێتیی و پارتی كردووە بۆ ئەوەی بتوانن سەرەتا هێور ببنەوە دواتر حكومەتی نوێ دروستبكەن بەجۆرێك یەكگرتووش لێی قازانجمەند بێت.
پوختەی پرۆژەكەی یەكگرتوو "وەك دزەی كردووە" بریتیە لەكاراكردنەوەی پەرلەمان بەهەموو لایەنەكان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەماوەی یەك مانگ و دواتر پێكهێنانی حكومەتێكی بنكە فراوانی خزمەتگوزاری هاوبەش، جگە لەیەكێتیی و پارتی حزبەكانی دیكەش تێیدا بەشداربن بێگومان دیارە یەكگرتووش حەزی بەشداریكردنی هەیە. بەم پرۆژەیە (ئەگەر سەربگرێت) هەم ئاشتەوایی لەكوردستان دروستدەبێت و هەمیش یەكگرتووی ئیسلامیی دەتوانێت ببێتە بەشێك لەحوكمڕانیی هەرێم. لەدیداری نێوانیان، جارێكی دیكە كاك مەسرور بارزانیی داوای لەمامۆستا سەڵاحەدین كردبوو كە وەك پارتی خۆشحاڵن ئەوان بێنە كابینەی نوێی هەرێم، بەڵام م. سەڵاحەدین گوتبووی ئێمە پێمانخۆشە، بەڵام نابینە بەشێك لەململانێی نێوان یەكێتیی و پارتی.
بەدڵنیاییەوە كاری خێر جێگەی دەستخۆشییە، ئەو دەستپێشخەرییەی مامۆستا سەڵاحەدین جێگەی تەقدیرە، هیوادارین سەربكەوێت، بەڵام زۆر زەحمەتە، چونكە گرفتی نێوان پارتی و یەكێتیی كەڵەكەبووەو پەیوەندی بەدابەشكردنی دسەڵات و نفوزەوە هەیە، هاوكات سروشت و پێكهاتەی تیمی دانوستانكاریی هەردولا كە هەریەكە لە كاك (بافڵ تاڵەبانیی و مەسرور بارزانیی) سەرۆكایەتی دەكەن و هەریەكەیان توندو ركن لەگفتوگۆكردن، بەڵام عەرەب گوتەنی "تفاءلوا بالخیر تجدوه).
بەپێی زانیاریی نوێ، لەوڵامی دەستپێشخەریەكەدا، وەفدەكەی ئەمڕۆی پارتی، بە م. سەڵاحەدینیان گوتووە، ئەوان پشتیوانیی لەدەستپێشخەریەكە دەكەن بەجۆرێك یەكێتیی و هەر حزبێكی دیكە دێتە حكومەت بەپێی قەبارەی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت لە وەرگرتنی پۆست و وەزارەتەكان، مەبەست لێرەدا پارتی ئامادەنییە وەك یەك كوتلەی پەرلەمانیی مامەڵە لەگەڵ یەكێتیی و نەوەی نوێدا بكات كە 40 كورسیان هەیە. هاوكات كاك مەسرور بارزانیی راسپێردراوی پارتیە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، ئەمەش بەومانایە دێت پارتی گفتوگۆ لەسەر گۆڕینی كاندیدی سەرۆك وەزیران ناكات هەروەك یەكێتیی ئێستا داوای گۆڕینی دەكات.
هەوڵی پلانی دووەم؛ بەپێی پێشبینی كەمكردنەوەی نیسابی یاسایی كۆبونەوەی پەرلەمانە بۆ 49 كورسی. ئەم باسە دوورو درێژە كاتێكی باسكردنی نییە.
بۆ پارتی، بەردەوامبوونی پەرلەمان و حكومەتی ئێستای هەرێم بەمشێوەیە قازانجە، چونكە تەواوی جومگە سەرەكییەكانی حكومەتی بەدەستەوەیەو لەبەرژەوەندیدایە. حكومەت و سەرۆكایەتی پەرلەمان و ئەنجومەنی دادوەریی و دامەزراوەكانی چاودێریی و پەیوەندییەكان و.. تد لەبەردەستی خۆیەتی، بەڵام لەوەگەیشتووە دۆخەكە بەمشێوەیە بەردەوام نابێت.
لەبەرامبەر پارتی، یەكێتییش نیازی جموجۆڵی هەیە. ئەگەر ئەم دەستپێشخەرییەی یەكگرتوو سەرنەگرێت پێشبینی دەكرێت یەكێتیی پەنا بۆ دوو رێگا ببات. یەكەمیان؛ تۆماركردنی سكاڵایە لەڕێی دادگای فیدراڵ بەهەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بڕیاردان بەدووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن. واتە هەڵبژاردنی پێشوەختە. لەوبارەیەوە پێشینەش هەیە كاتێك لە 2024 دادگای فیدراڵ لەبەرژەوەندی یەكێتیی بڕیاریدا.
هاوكات تانەدان لەهەموو ئەو بڕیارانەی كە حكومەتی هەرێم یان سەرۆكی هەرێم و حكومەت لەماوەی كاربەڕێكاریی دەریانكردووەو ئەو دەسەڵاتانەیان نییە، بۆنمونە گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكان و هاوكات دامەزراندنی پلەی تایبەت لەحكومەتی هەرێم.
من نازانم ئەو پلانەی یەكێتیی سەردەگرێت یان نا، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەگەر ئەو دەستپێشخەرییەی مامۆستا سەڵاحەدین سەرنەگرێت، گەڕێكی نوێی گرژی دروستدەبێت كە بەهۆیەوە سەرئەنجام هەرێم زیاتر بەرەو لاوازبوون دەبات و دەسەڵاتەكانی لەلایەن بەغدا زیاتر سنوردار دەبێت!
بەپێی ئەو دەنگوباسانەی بەغدا لەوانەیە داوابكرێت لەپرۆژە بودجەی ساڵی نوێ چەند بڕگەیەك جێگیربكرێت لەوانە؛ ئیدارەی كێڵگە نەوتەكانی هەرێم رادەستی بەغدا بكرێت، وەك قۆناغی یەكەم ئەو كیڵگانەی دەكەونە ناوچەی جێناكۆك، هاوكات بوجە بۆ هەرێمی كوردستان نەنێردرێت بەبێ بوونی یاسای بودجە لەهەرێم. بوونی یاسای بودجە لەهەرێم بەبێ بوونی پەرلەمانێكی كاراو حكومەتێكی نوێ ناكرێت، كەوایە پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ و پەرلەمانێكی كارا دەبێتە مەرجی ناردنی موچەو بودجە.
ئەوانەی باسمانكردوون بەشێكیان زانیارین و بەشێكیشیان پێشبینین، خولاسە دوو خاڵی گرنگ پێویستە بیخەینەڕوو:
یەكەم: هەرێمی كوردستان لەبەردەم گرژیەكی سیاسی نوێیەو پێناچێت ئاسان بێت دەربازبوون لەم دۆخە. بەهۆی پەرتەوازەییەوە بەغدا زیاتر هەرێم لەچوارچێوە دەدات و دەسەڵات و رۆڵی سنوردارتر دەكات.
دووەمیان: پێكهێنانی حكومەتی هەرێم زۆر زەحمەتتر بووە. یەكێتیی داواكارییەكانی زیاتركردووەو پارتیش توندە لەوڵامی یەكێتیی، بۆیە من پێموایە پێكهێنانی حكومەتی نوێ بووە بەگرێ كوێرەو هیوادارین ئاخیری خێر بێت.