حیکمەتی حەیران و   قەرەباڵغیـی قەڵەمە پەڕپووتەكان

فوئاد سدیق
  2025-07-25     485

  لە گەرووی ئەم زەمەنەدا، کە تێیدا ڕەنگەکان باوکی خۆیان ون کردووە و دەنگەکان لە ناسنامەی خۆیان یاخی بوون، بازاڕێکی گەورە بۆ وشەی بێ گیان ئاوەدانکراوەتەوە. کاروانگەلێک لە قەڵەمبەدەست، بێ ئەوەی توێشووی حیکمەتێک یان چراکانی مەعریفەیان پێ بێت، ڕێگای بیابانێکیان گرتۆتەبەر کە هەر خۆیان بە دەستی خۆیان دروستیان کردووە؛ بیابانی نووسینی بێ خوێندنەوە.

   ئەمانە، میراتگرانی سەردەمی پاشاگەردانیی فیکرن. کتێبەکانیان وەک كۆشكێكی کارتۆنین کە لەسەر لم دروستكراون؛ لە دوورەوە شکۆدار و لە نزیکەوە پووچ پووچ .  قەبارەیان گەورەیە و کێشیان سووک. ناوی نووسەرەکانیان لەسەر بەرگی کتێبەکان بە خەتێکی زەق دەدرەوشێتەوە، بەڵام لە نێو لاپەڕەکاندا، تەنانەت سێبەری یەک ڕستەی ڕەسەنیش بەدیناکرێت. ئەوان لە ژیانیاندا، هەرگیز لە کانیی فەلسەفە قومێکیان هەڵنەقوڕاندووە. هەرگیز بۆ نێو جیهانە قووڵەکانی بوون و نەبوون کە ئەفڵاتون کردی بە سێبەری ئایدیاکان و دیکارت گومانی تێدا چاند و هیگڵ دیالەکتیکی تێدا هەڵخست و نیچە بتەکانی تێدا شکاند و هایدگەر لە پرسیاری بوونەوەردا نوقمی کرد و مارکس کردی بە کێڵگەی شۆڕش و گۆڕانکاری، گەشتیان نەکردووە. ئەوان هەر نازانن ئەو گەشتانە بەرەو کام کەناری ڕۆح دەیانبات، چونکە ڕۆحیان هێشتا لە خەوی نەزانیندایە.

  ئەو کتێبانەی دەیاننووسن، جەستەیەكی مۆمیاكراوی بێ رۆحن . پەرەگرافەکانیان پەرستگایەکی چۆل و هۆڵن کە خوداوەندی جوانی تێیدا نییە. بەڵام لەم چۆلەوانیی مەعریفەیەدا، سەرسوڕهێنەر ئەوەیە کە دەبینین حیکمەت لە شوێنێکی تردا، لە دەرەوەی ئەم بازاڕە درۆزنانەوە، چرۆ دەکات.

  نرخی هەموو کتێبخانەی ئەم نووسەرە ساختانە، ناگاتە بەهای یەک "ئۆف" ـی حەسەن سیساوە کە لە قوڕگی چیایەکی بریندارەوە هەڵدەقووڵا. ئەو کاتەی حەسەن سیساوە حەیرانێکی دەچڕی، ئەو نەخوێندەوارە مەزنە، مێژووی نەتەوەیەک، ئازاری ئاشقانی حەقیقی و شکۆی کێوێکی لە یەک نەفەسدا گەنیو کۆ دەکردەوە.

  هەموو ئەو قەڵەمە بۆشانە، بەقەد یەک لاوکی کاوێس ئاغا بەهایان نییە، کە بە گەروویەکی وشکەوە ئازارەکانی سەرزەمینێکی دەکردە ئاواز و بەسەر مەرگی پاڵەوانەکانیدا دەیگریاند.   بگرە ناتوانن خەیاڵیش بەلای ئەو حەسەن حەیرانەدا ببەن، ئەو دەنگەی کە یاسای خۆی دادەهێناو سنوورەکانی دەبەزاند. کاتێک ئەو تەنها بە چرپەیەک دەیگوت "لەبەر عەوەزعەوەزێ دایمەن سواران، قرمەیێ بڕنۆیان، نووسكەیێ تاژیان"، تۆ دیمەنێکت نەدەبیست، بەڵکو تابلۆیەکی زیندووی ڕاو و ژیانی كوردەواریت دەبینی کە لە قووڵایی وجودی نەتەوەیەكەوە هەڵقوڵابوو؛ وێنەیەک کە هەزاران شاعیری بێ ڕۆح ناتوانن وێنەی بکێشن. ئەو کاتەی لاوکی پاڵەوانێتی، حەیرانی دوو ئەڤین و دوو دڵان و لاواندنەوەی ماتەمینی لە یەک گەروودا دەتەقاندەوە، فەلسەفەیەکی ڕەسەنی نمایش دەکرد ئەویش بریتیبوون لە،  قارەمانێتی، عەشق و مەرگ، سێ ڕەهەندی یەک حەقیقەتی گەورەن.

   ئەوان، حەسەن سیساوە و کاوێس ئاغا و حەسەن حەیران و دەیان ڕەسەنی دیکەی کوردستان، لە ژیانەوە فەلسەفە فێر ببوون، نەک لە کاغەزی مردووەوە؛ هونەریان لە خوێن و خاکەوە دەچنی. بەڵام ئەمجۆرە نووسەرانە وشە لە بازاڕی بێگانەدا سواڵدەکەن.

  ئەم قەڵەمە ساختانە تەنیا نووسەری خراپ نین، بەڵکو ئەندازیاری ناشرینیی کۆمەڵگەن. ئەوان نەک هەر دۆخی هونەر و ڕۆشنبیرییان شێواندووە، بەڵکو چەمکی "ژیانی شایستە"یان لەکەدار کردووە. بوونەتە دوو ڕووی یەک دراوی ساختە: یان "زوڕناژەن"ـی دەسەڵاتن و بە باڵای بۆشاییدا هەڵدەدەن، یان "دژبەر"ـی یاخیبووی هەموو شتێکن، بێ ئەوەی خاوەنی یەک "بۆچی"ـی قووڵ بن. لە هەردوو حاڵەتەکەدا، ئەوان تەنیا دەنگەژەنێکی بێ ئاوازن، کەلێنێکی ڕەشن لەسەر سپیایی کولتوور.

  لەم نێوەندەشدا، وەزارەتی ڕۆشنبیری، وەک ئەسحابی کەهف، لە ئەشکەوتی خەمساردی و بێباکیدا، خۆی بە خەوێکی حەوت سەد ساڵە سپاردووە. خەوێک ئەوەندە قووڵ، کە نەک بە قامچی و دەرزی، بەڵکو ئەگەر برووسکەی ئاسمان و زریکەی حەیرانبێژە ڕەسەنەکانیش لە یەک کاتدا لەسەر جەستەی مردوویان بخوێنن، لەو نووستنە گرانەیدا ناجوولێتەوەو بە ئاگا نایەتەوە. ئەو بووەتە پاسەوانی گۆڕستانێک کە تێیدا مەرگی داهێنان ئاهەنگی بۆ دەگێڕدرێت.

بەڵام هێشتا هیوا لەوێیە کە چرایەک داگیرسێت. هیوا لەو گەنجەدایە کە لە جیاتی سەد کتێبی بێ ناوەرۆک، یەک شیعری شێرکۆ بێکەس بە دڵ دەخوێنێتەوە. هیوا لەو گوێگرەدایە کە جیاوازی لە نێوان قیژەی قەرزکراو و حەیرانی ڕەسەندا دەکات. کاتی ئەوە هاتووە بگەڕێینەوە بۆ کانیاوەکانی خۆمان، گوێ لە چرپەی چیایەک بگرین نەک لە هاواری پڕ لە ژاوەژاوی بازاڕ.

چونکە یەک وشەی ڕاستگۆ کە لە ناخی خاکەوە هەڵدەقوڵێ، هەموو کتێبخانە پڕ لە درۆکانی ئەم سەردەمە دێنێتە لەرزە.

  کاتێک دەرگای کتێبێکی ساختە دەکەیتەوە، تۆ ناچیتە نێو باخچەیەکی فیکرەوە، بەڵکو دەچیتە نێو گۆڕستانێکی بێ ناونیشانەوە كە گۆڕستانی وشەیە. هەر وشەیەک کێلێکی ساردە و هەر پەرەگرافێک ڕیزێکە لە گۆڕێكی بێ ناو. کات ئەو گەوهەرە نەمرەی ژیان، لەم گۆڕستانەدا پارچە پارچە دەکرێت و دەبێتە خۆراکی هیچ. خوێندنەوەی ئەم جۆرە نووسینانە، وەک ڕۆیشتنە بە ڕێگایەکدا کە هەرگیز ناگاتە هیچ کوێ؛ گەشتێکە لە بۆشاییەوە بۆ بۆشایی. ئەو وزە کەمەی لە جەنجاڵی ڕۆژگاردا بۆت ماوەتەوە، وەک دوا قەترەی ئاو، لەلایەن گەرمی وشەی بێ ماناوە هەڵدەمژرێت. تۆ ماندووتر دەبیت، نەک لەبەر قورسیی بابەتەکە، بەڵکو لەبەر سووکیی بێ ئەندازەی ناوەرۆکەکەی. ڕۆحت بێزار دەبێت، چونکە خواردنێکی پێ نادرێت، بەڵکو ژەهری بێهوودەیی دەرخوارد دەدرێت.

  بەڵام لەوپەڕی ئەم ماندووبوونەدا، لەو ساتەی وا هەستدەکەیت ڕۆحت بووەتە مەزارێکی وشک و بێ گیان، لەناکاو لە قوژبنێکی بیرەوەرییەوە، یان لە شەپۆلی ڕادیۆیەکی کۆنەوە، دەنگێک هەڵدەستێت دەنگی حەیرانێک.  ئەم دەنگە داوای کاتت لێ ناکات، بەڵکو کاتێکی نوێت پێدەبەخشێت؛ کاتێک کە بە سۆز و جوانی کێشراوە. ئەم دەنگە وزەت لێ ناسێنێت، بەڵکو وەک بارانێکی نەرم، بەسەر کێڵگەی سووتاوی گیانتدا دەبارێت و چرۆی هیوات تێدا دەڕوێنێتەوە. حەیران، پشوویەکی پیرۆزە بۆ ڕۆحێکی ماندوو. كڵپەیەكە بۆ دڵێکی ساردبووەوە. وەک ئەوە وایە دڵت، ئەو پاترییە کۆنەی ژیانت، بخەیتە سەر شەحنی کانییەکی لە بن نەهاتووی هەستەوە. گەرم و گوڕییەک کە لە هیچ ئاگرێکی ئەم دنیایەدا نییە، لە گەرووی حەیرانبێژێکەوە دێتە دەرەوە و تۆ لەناو خۆیدا دەتوێنێتەوە.

  نهێنیی ئەم هێزە چییە؟ نهێنییەکەی لە داهێناندایە، لەڕاستیدایە. کتێبە ساختەکە، درۆیەکە کە نووسەرەکەی لەبارەی خۆیەوە بۆ ئێمەی دەکات. بەڵام حەیران، ڕاستییەکە کە ژیان لەبارەی ئێمەوە بۆ خۆمانی دەگێڕێتەوە. تۆ لەناو ئاوازە خەمگینەکەیدا، لەناو وشە سادە و قووڵەکانیدا، خۆت دەبینیتەوە. ئەو موعانات و ئازارەی تۆ بە تەنیا دەتچێژت و پێت وابوو هیچی تر لەم جیهانەدا هاوشێوەی نییە، دەبینیت لە گەرووی حەیرانبێژێکدا بۆتە هاوارێکی گەردوونیی. ئەو ئاوێنەیەکە برینە شاراوەکانی تۆ نیشاندەدات، بەڵام نەک بۆ ئەوەی ئازارت بدات، بەڵکو بۆ ئەوەی پێت بڵێت: تۆ بە تەنیا نیت.

   کتێبی ساختە، کۆمەڵێک وشەی ڕیزکراوی بێ پێوەندییە کە لە مێشکی نووسەرەکەیەوە فڕێ دراونەتە سەر کاغەز. بەڵام حەیران، ئەزموونێکی هەزاران ساڵەی نەتەوەیەکە کە لە دڵی حەیرانبێژێکدا خەستبۆتەوەو وەک گڕکانێک دەتەقێتەوە. یەکەمیان، دەنگەژەنێکی بێزارکەرە خەوت لێ دەزڕێنێت. دووەمیشیان، لایلایەیەکی دایکانەیە کە لە باوەشی خۆیدا نەرم نەرم ئارامت دەکاتەوە.

بۆیە، هەڵبژاردنەکە ڕوونە: یان نوقمبوون لە گۆمێکی لێڵی وشەی مردوودا، یان مەلەکردن لە ڕووبارێکی ڕوونی هەستی زیندوودا. یان بەسەربردنی کات لەگەڵ قەڵەمێکی بچووك، یان گەڕانەوە بۆ باوەشی گەرمی حیکمەتێکی میللی کە لە خوێن و خاک و فرمێسككی گەرمەوە لەدایکبووە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×