خوێندنەوەیەکی فەلسەفی بۆ   ئۆجەلان

فوئاد سدیق
  2025-08-04     592

بۆ ماوەی زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە قەفەزی دوورگەیەکدایە،ناوی ئیمرالییە. بەڵام بە درێژایی ئەم ماوەیە هزرو فیكری ئۆجەلان وەک باڵندەیەکی ئەفسانەیی بەسەر چیاکانی زاگرۆس و دەشت و مێرگەکانی میزۆپۆتامیادا هاتووچۆ  دەكات. بێدەنگییەکەی قسەکردن بوو لەگەڵ ویژدانی مێژوو، بانگەوازێكی نەبیستراو بوو بۆ نەوەی داهاتوو . ئۆجەلان ببوو بەو ئاوێنەی جارێك پاك و روون و جارێكیش  لێڵ و شکاو ، كە میللەتێك مێژووی خوێناوی و ئاییندە لێڵەکەی خۆی تێدا دەبینێتەوە. داواکارییەکەی بۆ گوازتنەوەی خەبات لە قۆناخی چەکدارییەوە بۆ قۆناخی مەدەنی، پرسیارێکی بونیادیی ڕووتدەکاتەوە کە لە کڕۆکی فەلسەفەی شۆڕش و ژیانەوە هەڵدەقووڵێت، ئەویش ئەوەیە دەپرسێت مانای خەبات چییە، کاتێک ئامرازەکانی خەبات خۆی دەبێتە دژ بە ئامانجی کۆتایی، کە ژیانە؟ ئایا ئەم بیرۆکەیە لەژێر گوشارێکی دەروونیی تاقەتپڕووکێن و ئازارێکی جەستەیی بێوێنەی سیستەمێکی بێڕەحمی تورکیادا لەدایکبووە؟ یان بەرئەنجامی ڕامانێکی فەلسەفیی قووڵە لەناو بێدەنگییەکی بوونگەرایانەدا گەڵاڵە بووە؟ ئەم پرسیارە، هەرچەندە ڕەوایە، بەڵام لە ڕوانگەی ستراتیژییەوە دووەمەكەیە. یان ڕەنگە ڕاستی، وەک هەمیشە، تێکەڵەیەک بێت لە هەردووکیان؛ زیندانی تاکەکەسی وەک بۆتەی کیمیاگەری وایە، هەم دەتوانێت پۆڵا بتوێنێتەوەو هەمیش دەتوانێت گەوهەر لە قوڕ دەربهێنێت. دەتوانێت ئیرادە بشکێنێت و هاوكات مرۆڤ لە ژاوەژاوی ڕۆژانە داببڕێت و ڕووبەڕووی پرسیارە بنەڕەتییەکانی بوون، مەرگ، مانا بکاتەوە.

   كاتێك ئۆجەلان بۆ ئیمرالی گوێزرایەوە،  دەبوایە گوێمان لە هاوارێک بێت کە لە قووڵایی ئیمراڵییەوە بەرد بشكێنێت و شاخ بڕووخێنێت و دەریا بهەژێنێت. بەڵام هەر زوو نهێنییەكی بۆ پاساوەكانی خۆی دركاند كاتێك گوتی دایكو توركە. لای ئۆجەلان دایك مەزنترە لە باوك. ئەمجارەش هاوارێكی دیكە بوو كاتێك هاواری كرد، چەکەکانتان لە شان بکەنەوە ، ئەم قسەیە وەک زریانێک بوو کە چرپەی بیست و شەش ساڵەی خۆی لە ئیمرالی کردە قریشکەیەکی مێژوویی. بەڵام هەر دەنگێکی گەورە، پێویستی بە وردبوونەوەیەکی قووڵتر هەیە. دەبێت بزانین ئەم دەنگە لە چ گەروویەکەوە هەڵدەقووڵێ، چ هەوایەک جوولەی پێكرد و چ ئاوازێک بۆی ژەنی. ئایا ئاوازی ڕزگارییەکی ڕەسەنە، یان ئاوازێکی کۆنە کە تەنها بە ئامێرێکی نوێ لێدەدرێت؟

   کاتێک لە وێنە گەورە و ئەفسووناوییەکە دێینە دەرەوە و لە وردەکارییەکان ورد دەبینەوە، سێبەرەکان دەردەکەون. سێبەر، هەمیشە ڕاستییەک دەشارێتەوە؛ ئەو ڕاستییەی کە لەبەر تیشکی خۆردا ونە. یەکەم سێبەری گوماناوی، لەسەر چەمکی دیموکراسی خۆی دەنوێنێت. ئۆجەلان، وەک ئەندازیارێکی سیاسی، نەخشەی نەتەوەی دیموکراتی دەکێشا؛ باخچەیەکی خەیاڵی کە تێیدا هەموو گوڵەکان بە ئازادی گەشە دەکەن. بەڵام ئایا لەو باخچەیەی کە خۆی چاندبووی، لەناو پەکەکەدا، ڕێگە بە هیچ گوڵێکی جیاواز دەدرا بڕوێت؟

   مێژووی ئەو بزووتنەوەیە، چیرۆکی یەک دەنگ و یەک ئاوازە. وەک کۆنسێرتێکی گەورە وایە کە هەموو ئامێرەکان ناچارکراون تەنها یەک نۆتە بژەنن، ئەویش نۆتەی سەرۆک ە . هەر دەنگێکی جیاواز، هەر بۆچوونێکی ناکۆک، وەک نۆتەیەکی ناشاز سەیر دەکرا و دەبوو کپبکرێت. لێرەدا گەورەترین جیاوازی سەرهەڵدەدات: چۆن دەکرێت کەسێک بانگەشەی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی فرە دەنگ بکات، لە کاتێکدا لەناو ماڵەکەی خۆیدا تەنانەت چرپەیەکی جیاوازیش قبووڵ ناکات؟ ئایا دیموکراسی تەنها کاڵایەکە بۆ هەناردەکردن، نەک بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی؟ ئەمە وەک ئەو پزیشکە وایە کە چارەسەری هەموو نەخۆشەکان بکات، بەڵام جەستەی خۆی پڕە لە نەخۆشیی چارەسەرنەکراو. ئەو نەتەوە دیموکراتییە لەسەر بنەمایەکی نادیموکراتی بونیاد دەنرا، ئەمەش لە فەلسەفەی سیاسیدا، وەک دروستکردنی کۆشکێکە لەسەر لمی وردی کەنار دەریا.

خالێكی دیكە كاتێك کاتێک ئۆجەلان دەستگیر کرا، لەبری ئەوەی بە دەنگێکی بەرز هاوار بکات بژی کورد و کوردستان، یان پەیامێکی ئاگرین بۆ گەلەکەی و بۆ پەكەكە بنێرێت، كەچی یەکەم قسەی، وەک دڵۆپە ئاوێکی سارد بوو کە بەسەر ئاگرێکی گەرمدا بکرێت گوتی دایکم تورکە، كاتێك پڵنگ  یان شێر دەکەوێتە ناو تۆڕێكەوە، چاوەڕێی نەعرەیەکی پڕ لە شکۆی لێ دەکرێت، نەک سکاڵایەکی غەریب، كە مایەی بەزەیی و بێز لێ كردنەوە بێت. لێرە مەبەستم لە پشكنینی DNA    یان پرسێكی رەچەڵەكناسی و بایۆلۆژی نییە. مەبەستی ئێمە ئەوەیە ئەو لەو كاتەی گەمارۆدراو دەستگیر كرا،  سەرۆك بوو، سەرۆكی بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی تەنانەت هێمایەك بوو زۆر گەورە، ئەو لەو ساتەدا نوێنەرایەتیی ئازار و هیوای ملیۆنان کەسی دەکرد. ئەو قسەیە لەو کاتەدا، وەک شکاندنی ئەو ئاوێنە گەورەیە وابوو کە میللەتێك خۆی تێدا دەبینییەوە. وەک ئەوە وابوو کاوەی ئاسنگەر، دوای کوشتنی زوحاک، بڵێت من نیوەی خوێنم لە زوحاکە. ئەمە تەنها قسەیەک نەبوو، بەڵکو درزێکی قووڵ بوو لەناو ئەو وێنە پاڵەوانییەی کە ساڵانێک بوو دروستیكردبوو. پرسیارەکە لێرەدایە، ئایا ئەمە ساتێکی لاوازیی مرۆیی بوو، یان ئاماژەیەک بوو بەوەی کە بنەماکانی ئەو خەباتە لە بنەڕەتدا هێندە پتەو نەبوون؟

  لێرە دەگەینە قووڵترین و فێڵبازترین سێبەر كە سێبەری فەلسەفەیە. زۆر کەس ئۆجەلان وەک فەیلەسووفێکی داهێنەر دەبینن کە لەناو تەنهایی زینداندا، سیستەمێکی فیکریی نوێی بۆ مرۆڤایەتی داهێناوە. بەڵام کاتێک پەردە لەسەر نووسینەکانی لادەدەین، دەبینین ئەو زیاتر وەرگێڕێکی زیرەک و بازرگانێکی بیرۆکە بووە، نەک فەیلەسووفێکی ڕەسەن.

      ئۆجەلان لای پەكەكەو  لای  كوردانی باكوورو  بەشەكانی دیكەش  تا رادەیەكی زۆر وەك مانگی 14  وایە، ڕووناکییەکی جوان و سەرنجڕاکێشی هەیە، بەڵام ڕووناکییەکە هی خۆی نییە، بەڵکو تەنها ڕەنگدانەوەی ڕووناکیی خۆرێکی دیکەیە. خۆر ەکە لێرەدا فەلسەفەی ڕۆژئاوایە. بیرۆکەی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی  و ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتی، وەک سکە لە کارگەکەی مۆرای بوکچین (Murray Bookchin)ی ئەنارشیزمAnarchismئەمریکی دەرهێنرابوون. بیرۆکەکانی ئازادیی ژن و شۆڕشی فێمینیستی، دەقاودەق هەمان ئەو بیرۆکانەن کە ئەنجێلا دەیڤس (Angela Davis) و بیرمەندانی چەپی ڕادیکاڵی ڕۆژئاوا دەیان ساڵ پێشتر باسیان لێوە کردبوو. تیری ئیگلتۆن (Terence Francis Eagleton) جەختی لەسەر ڕۆڵی گرنگی ئایدیۆلۆژیا، کولتوور و ئەدەب دەکردەوە لە چەسپاندن و بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵات، ئۆجەلان بەتەواوی كەوتبووە ژێر كاریگەریی  فەلسەفەی ئیگلتۆن.

  ئۆجەلان کارێکی زیرەکانەی کرد، ئەو بیرۆکە ڕۆژئاواییانەی هێنا، جلوبەرگێکی کوردیی لەبەر کردن، چەند زاراوەیەکی نوێی بۆ داتاشین (وەک ژیانناسی لەبری بایۆلۆژی)و ، وەک کاڵایەکی نوێ و ڕەسەن، بە گەلی کوردی فرۆشتەوە. ئەمە خۆی لە خۆیدا کارەساتێکی فیکرییە. چونکە وا دەکات نەوەیەکی نوێ پێیوابێت کە چارەسەری کێشەکانیان لەناو فەلسەفەیەکی خۆماڵیدایە، لە کاتێکدا لە ڕاستیدا ئەوان بەبێ ئەوەی بزانن، بیرۆکەی هاوردەکراو دەجوونەوە. ئەمە دروستکردنی وەهمی داهێنانە، لە کاتێکدا کردارەکە کۆپیکردنە.

  کەواتە، ئەو هاوارەی لە ئیمراڵییەوە دێت، دەنگدانەوەی دەنگێکی دیکەیە. ئەو فەیلەسووفەی لە زینداندایە، لەناو قەفەزی بیرۆکەی کەسانی دیکەدا بیر دەکاتەوە. چیرۆکی ئیمراڵی، چیرۆکی ئاوێنە شکاوەکانە؛ هەر پارچەیەکی وێنەیەکی جیاواز نیشاندەدات: پارچەیەک پاڵەوان، پارچەیەک دیکتاتۆر، پارچەیەک ناسیۆنالیست، پارچەیەک دژە نەتەوە، پارچەیەک فەیلەسووف و پارچەیەکیش کۆپیکەر. ڕەنگە گەورەترین ئەرکی نەوەی نوێ ئەوە بێت کە چیتر سەیری ئەم ئاوێنە تەڵخ و پڕ شوختە نەکات، بەڵکو فێر بێت خۆی، بە چاوی خۆی، ڕاستییەکان ببینێت و ڕێگای خۆی بدۆزێتەوە. چونکە ڕزگاریی ڕاستەقینە، تەنها شکاندنی زنجیری دەست نییە، بەڵکو شکاندنی ئەو کۆت و زنجیرە فیکرییانەیە کە وا دەکەن مرۆڤ لەناو سێبەری کەسێکی تردا بژی.

ئیمراڵی و پرسیاری داهاتوو

  دوای ئەوەی لە سێبەری فەیلەسووف و ئاوێنە شکاوەکان وردبووینەوە، ئێستا دەگەینە چەقی گەردەلوولەکە، ئەو خاڵەی کە هەموو پرسیارەکان تێیدا یەکدەگرنەوە و داهاتووی لێوە هەڵدەقوڵێت: ئێستا، ئۆجەلان چۆن بیر دەکاتەوە؟

مێشکی زیندانییەک، بەتایبەت زیندانییەکی وەک ئەو، سندووقێکی ڕەشی داخراوە؛ قووڵ، تاریک و پڕ لە نهێنی. ئێمە تەنها ئەوە دەبینین کە لەو سندووقەوە دێتە دەرەوە: پەیامێک، هاوارێک، ئاماژەیەک. بەڵام نازانین لەناو ئەو سندووقەدا چ گەمەیەکی شەترەنج بەڕێوە دەچێت، کام مۆرە قوربانیی کام مۆرەی تر دەدرێت و پلانی کۆتایی چییە. هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە بیری ئۆجەلانی ئەمڕۆ، وەک کردنەوەی ئەو سندووقە ڕەشەیە، کە ڕەنگە پڕ بێت لە هیوا یان پڕ بێت لە وەهم.

  یەکەم و ترسناکترین پرسیار کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە ئەمەیە: ئایا ئەو بانگەوازەی چەکدانان، کە وەک برووسکەیەک لە ئاسمانی ئیمراڵییەوە دەرکەوت، ڕەنگدانەوەی ئیرادەیەکی ئازادی زیندانییەکە، یان دەنگدانەوەی سیناریۆی بەرپرسانی زیندانەكەیە ؟

لێرەدا دوو وێنەی دژ بەیەک دێتە پێش چاو: وێنەی یەکەم: گەمەی ستراتیژیی زیندانییەکە. لەم وێنەیەدا، ئۆجەلان فەیلەسووفێکی پراگماتیكە، ستراتیژستێکی گەورەیە لەناو قەفەزەکەیدا، گەمەیەکی زیرەکانەتر لە گەمەی بەرپرسی زیندانەکانی دەکات. ئەو تێگەیشتووە کە چەرخی شۆڕشی چەکداری لەم سەردەمەدا وەستاوە و چیتر تفەنگ ناتوانێت ماف بەدەستبهێنێت. بۆیە بڕیار دەدات گەورەترین قوربانی بدات: چەک، کە هێمای شکۆی بزووتنەوەکەی بوو. ئەمە گەمەی زیندانییـە (Prisoner's Gambit)؛ قوربانیدان بە مۆرەیەکی گەورە (شەڕی چەکداری) بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا گەمەکە (مەبەستە سیاسییەکان) بباتەوە. بەپێی ئەم لێکدانەوەیە، ئەو دەوڵەتی تورک بەکار دەهێنێت؛ ئارەزووی ئەوان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ دەقۆزێتەوە تا دەرگایەکی نوێ بۆ سیاسەتی کوردی بکاتەوە. هاوارەکەی هاوارێكی ئەقڵانییە  نەک تەسلیمبوون.

   ئەی  وێنەی دووەم؟ وێنەی دووەم  دەنگدانەوە یەكی گەورەی  دەنگێكە كە وێنەیەكی تاریكترمان دەخاتە بەرچاو. لەم وێنە تاریکترەدا، ئۆجەلان چیتر ئەکتەرە سەرەکییەکە نییە، بەڵکو بووەتە ئامرازێک لە دەستی هێزێکی گەورەتردا. دەزگا هەواڵگرییەکان و ئەندازیارانی سیاسەتی تورکیا، دوای چارەگە سەدەیەک، کلیلە نهێنییەکەی ناو ئەو سندووقە ڕەشەیان دۆزیوەتەوە. ئەوان دەزانن چۆن بیجوولێنن و چ ئاوازێکی پێبڵێن.  ئاخر بۆچی دوای بانگەوازەكەی دەوڵەت باخچەلی، ئۆجەلان پلانی خۆی راگەیاند؟! پەیامی چەكەكانتان لەشان بكەنەوە.  لەم حاڵەتەدا، نووسراوەكە نووسراوی ئەوانەو تەنها بە گەرووی ئۆجەلاندا دێتە دەرەوە. لێرەدا ئۆجەلان  وەک بووکەڵەیەکی شانۆ وایە؛ جوولەکان جوانن، قسەکان کاریگەرن، بەڵام دەستەکان کە کۆنتڕۆڵی دەکەن، دیار نین. ئەمە سیناریۆیەکە ئاشتی تێیدا دەبێتە تەڵەیەکی گەورەتر لە جەنگ و، بێدەنگکردنی تفەنگەکان دەبێتە سەرەتایەک بۆ بێدەنگکردنی ویژدانەکان.

    تا ئەو ڕۆژەی ڕاستییەکان وەک خۆر هەڵدێن، ئەم دوو وێنەیە وەک دوو سێبەری گوماناوی بەسەر داهاتووی کوردەوە دەمێننەوە.

   ئەم گومانە، ڕاستەوخۆ دەمانباتە سەر پرسیاری دووەم: چارەنووسی پەکەکە چی دەبێت؟ ئایا ئەو شمشێرەی بە درێژایی تەمەنی پەكەكە  لە دەستی شۆڕشگێڕێکدا بوو، كە ناوی ئاپۆ بوو، کاتێک دەخرێتە خوارەوە، دەبێتە چی؟ ئایا دەبێتە کێڵانێک بۆ کێڵانی زەوی سیاسەت، یان دەبێتە پارچە ئاسنێکی ژەنگاوی لە مۆزەخانەی مێژوودا؟

   بانگەوازەکە ڕوونە، چەكەكانتان لە شان بێننە خوارەوەو چەك دابنێن. بەڵام ئەوەی ناڕوونە، ئەوەیە دوای ئەوە چی بکرێت؟ ئۆجەلان نەخشەی قۆناخی دووەمی بە ڕوونی نەکێشاوە. ئایا پەکەکە دەبێتە حیزبێکی پەرلەمانی وەک هەموو حیزبەکانی تر؟ ئایا ئەو گەریلایەی کە لە لووتکەی چیاکاندا خەونی بە ئازادیی ڕەهاوە دەبینی، دەتوانێت لەناو هۆڵە تەنگەکانی پەرلەماندا، لەسەر وردەکاریی یاسا و بودجە سازش بکات؟ ئەمە گۆڕانکارییەکی زۆر قووڵە؛ گۆڕینی ڕۆحی شۆڕشگێڕە بۆ ڕۆحی سیاسەتمەدار. شۆڕشگێڕ لەسەر ڕەهاکان دەژی (یان سەرکەوتن یان مردن)، بەڵام سیاسەتمەدار لەسەر ڕێژەییەکان دەژی (گفتوگۆ، سازش، کات). ئایا پەکەکە دەتوانێت ئەم بازە مێژووییە بدات، یان لەم هەوڵەدا باڵەکانی دەشکێن؟ بێ ڕوونکردنەوەیەکی ڕوونتر لەلایەن ئۆجەلانەوە، بزووتنەوەکە لە بۆشاییدا دەمێنێتەوە، کە ئەمەش مەترسیدارترین دۆخە بۆ هەر هێزێکی ڕێکخراو.

  لە کۆتاییدا، دەگەینە تراژیدیترین پرسیار: چارەنووسی ئۆجەلان خۆی چی دەبێت؟ ئەو پیاوەی کە بووەتە هێمایەک، کاتێک ئەرکەکەی (چەک لەشان كردنەوە) تەواو بوو، چی لێ دێت؟

  مێژوو پێمان دەڵێت کە هێماکان کاتێک بەهێزن کە دووربن، کاتێک پیرۆزن کە لە زیندان یان لە یادەوەریدا بن. ئازادکردنی ئۆجەلان، ڕەنگە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نەبێت، تەنانەت خودی بزووتنەوەکەشی. وەک پرۆمیسیۆس وایە کە دوای ئازادبوونی لە زنجیرەکانی قافقاز، چیتر ئەو پاڵەوانە ئەفسانەییە نامێنێت و دەبێتە مرۆڤێکی ئاسایی. ئۆجەلانی ئازادکراو، ڕەنگە ببێتە سەرچاوەی ناکۆکیی نوێ. ئایا ئەو دەتوانێت ببێتە ماندێلای کورد و پرۆسەی ئاشتەوایی بەڕێوە ببات؟ یان دەوڵەتی تورک دوای بەدەستهێنانی ئامانجەکەی، ئەو لەناو قەفەزێکی زێڕین (بۆ نموونە، زیندانیی ماڵەوە)ـدا دەهێڵێتەوە، تا وەک هێمایەکی بێدەسەڵات و کۆنتڕۆڵکراو بمێنێتەوە؟ یان لەوپەڕی خراپیدا، وەک مۆرەیەکی سووتاو لەبیر دەکرێت و لەناو تەنهایی ئیمراڵیدا، چیرۆکەکەی بە بێدەنگی کۆتایی دێت؟

  چارەنووسی ئەو، دەبێتە پێوەری ڕاستگۆیی دەوڵەتی تورک. ئەگەر ئامانج بەڕاستی ئاشتی بێت، دەبێت چارەسەرێکی شایستە بۆ چارەنووسی ئەو بدۆزرێتەوە. ئەگەرنا، ئەوا هەموو پرۆسەکە تەنها شانۆگەرییەکە بۆ بەدەستهێنانی کات و چەککردنی دوژمنەکەیان. کەواتە، ئێمە لەبەردەم کتێبێکی نەنووسراوداین. بانگەوازەکەی ئۆجەلان تەنها دێڕی یەکەمی بەشی کۆتایی ئەو کتێبەیە. ئەوەی دواتر دەنوسرێت، بە قەڵەمی سێ لایەن دەبێت، ئاقڵیی بزووتنەوەی کوردی لە خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخی نوێدا، ڕاستگۆیی دەوڵەتی تورک لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیدا و ، هۆشیاریی گەلی کورد لەوەی کە چیتر چارەنووسی خۆی بە تاکە کەسێکەوە نەبەستێتەوە ، جا ئەو کەسە لە ئیمراڵی بێت یان لە قەندیل یان لە هەر شوێنێکی تر.

مێژووی  خەباتی  نەتەوەكان لە سپارتاكۆسەوە، تا شۆرشی مەزنی فەڕەنساو ، لەوێوەش تا شۆڕشی بەلشەفیكەكان لە ئۆكتۆبەری 1917 ی رووسیاو، هەموو ئەو رووداوانەی سەدەی بیست لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، پێماندەڵێن: ڕزگاریی ڕاستەقینە لەو ڕۆژەدا دەستپێدەکات کە گەلێک فێر دەبێت خۆی بیر بکاتەوە، خۆی پرسیار بکات و خۆی ببێتە نووسەری مێژووی خۆی، نەک تەنها خوێنەرێکی دڵسۆزی چیرۆکی پاڵەوانەکانی بێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×