قەیرانی رۆشنبیران

فوئاد سدیق
  2025-09-13     335

    ڕۆشنبیران، کە دەبوو ببنە چرای ڕێنوێن و ویژدانی زیندووی کۆمەڵگا، ئێستا پەڕش و بڵاون و بێکاریگەرن. جولیان بێندا لە خیانەتی ڕۆشنبیراندا دەڵێت: ڕۆشنبیران خیانەت لە ئەرکی خۆیان، دەکەن کاتێک واز لە بەها گەردوونییەکانی وەک ڕاستی، دادپەروەری و ئەقڵانییەت دێنن و، خۆیان تەسلیمی هەستە سیاسییەکان دەکەن. ڕۆشنبیری کورد، بە بێدەنگییەکەی لەئاست گەندەڵیی، خیانەتی لە ئەرکی ڕۆشنگەریی خۆی کردووە. ئەمە دۆخێکی هۆشیاریی ساختەیە کە کارل مارکس وەسفی کردووە، کاتێک تاکەکان ناتوانن بەرژەوەندیی ڕاستەقینەکانی خۆیان ببینن و لەبری ئەوە، بەرژەوەندیی چینی باڵادەست دەپارێزن. لە چیرۆکەکەی شۆپینهاوەردا، سیخورەکان بۆ گەرمبوون لە یەکتری نزیکدەبنەوە، بەڵام دڕکەکانیان ئازاری یەکتر دەدات. دۆخی ڕۆشنبیرانی کورد لەم چیرۆکە دەچێت: ناتوانن پێکەوە بن، چونکە من و بەرژەوەندیی سیاسی و ڕق و كینەی كەسیی، ئازاری یەکدی دەدەن. ئەمە نیشانەی نەبوونی سەرمایەی کۆمەڵایەتییەكەیە کە بۆردیۆ باسی لێوە دەکات و بەمەش ئینتیمای نیشتمانی لە لاوازیی و دابەشبووندا دەژیێت.

   لەم قەیرانە قووڵەی ناو كۆمەڵگای كوردیدا، دوو جۆری جیاوازی نامۆبوون سەریهەڵداوە کە وەک دوو ئاوێنەی دژ بە یەك، ڕووی ڕاستەقینەی قەیرانێکی بوونگەرایی نیشاندەدەن. ئەم دوو جۆرە نامۆبوونە، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەم کۆمەڵگایەی داکوتاوە. جۆری یەکەمی نامۆبوون، بریتییە لەو نوخبەیە کە بە زۆر خۆی بەسەر کۆمەڵگادا سەپاندووە و نامۆیە بە ڕۆحی نیشتمانپەروەری و ڕاستگۆیی و دڵسۆزی نەتەوەکەی. ئەمە تەنیا نامۆبوونێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو نامۆبوونێکی کۆمەڵایەتییە کە پێکهاتەی دەسەڵات و بەهاکان دەشێوێنێت. ئەم نوخبەیە، وەک کارڵ مارکس باسی نامۆبوون دەکات، نامۆن بەو شتانەی کە دەبێت نوێنەرایەتیان بکەن: نیشتمان، نەتەوە، ڕاستگۆیی. بەڵام جیاوازییەکە لێرەدایە، نامۆبوونەکەی مارکس زیاتر لە چوارچێوەی کاری پیشەسازیدا بوو، لێرەدا نامۆبوونەکە زیاتر سیاسی و ئەخلاقییە، دابڕانێکی تەواو لە نیشتمان و ڕۆحی نەتەوەیی. ئەم نوخبەیە، تەنیا چەند وشەیەکی باق و بریقی ڕازێندراو و بێ ناوەرۆک بەکار دەهێنن. ئەمە دەمانباتەوە سەر چەمکی کۆمەڵگای نمایش ی(گای دیبۆر)، کە تێیدا ژیان دەبێتە کۆمەڵێک وێنە و گوزارشتی پووچ. ئەو وشانەی نوخبە بەکاریدەهێنێت، وەک نمایشێکی گەورە کار دەکەن کە مەبەست لێی شاردنەوەی ڕاستییە تاڵەکانەو دروستکردنی وێنەیەکی درۆیینەیە لە خۆیان. ئەم وشانە، وەک فەیلەسووفی فەڕەنسی میشێل فۆکۆ باسی دیسکۆرس و پێوەندییەکانی بە دەسەڵاتەوە دەکات، بەشێکن لە ئامرازەکانی کۆنترۆڵ. نوخبەی ساختە بەکاریدەهێنێت بۆ مانەوە لە پێگەیدا و دروستکردنی جەماوەرێکی ملکەچ. دیسکۆرسی بێ ناوەرۆک دەبێتە هۆی تەم و مژاویکردنی ڕاستییەکان و لەناوبردنی هەستی ڕەخنەگری لە نێو کۆمەڵگادا. نوخبەیەکی لەمشێوەیە، تەنیا سەرقاڵی نمایشکردنی خۆیانن و هیچ ئینتیمایەکی ڕاستەقینەیان بۆ بەها نیشتمانییەکان نییەو، لە ئەنجامدا، بێباکانە بەهای نیشتمانی دەشێوێنن و، زیانێکی قووڵ بە کۆمەڵگا دەگەیەنن. هانا ئارێندت لە کتێبی کۆڵبەری بەدکاریدا، باس لەوە دەکات کە چۆن بێباکییەکی سادە دەتوانێت ببێتە هۆی تاوانی گەورە، کە ئەمە دەتوانرێت بۆ ئەم نوخبەیە و بێباکیەکەیان لە بەرامبەر دۆخی نەتەوە و نیشتمانیدا بەکاربهێنرێت.

   جۆری دووەمی نامۆبوون، دۆخێکی دڵتەزێنتر و ئاڵۆزترە. ئەمە باس لەو نوخبە ڕاستەقینەیە دەکات کە لەناو نیشتمان و نەتەوەی خۆیان نامۆن. ئەوان هەست دەکەن کۆمەڵگا بەتەواوی لە هێڵی نیشتمانی و نەتەوەیی لایداوەو هیچ شتێک بەهای نەماوە. ئەمە نامۆبوونێکی بوونگەرایی قووڵە، هاوشێوەی ئەو هەستەی کە فەیلەسوفانی وەک ژان پۆڵ سارتەر و ئەلبێر کامۆ باسیان دەکرد. لای سارتەر، مرۆڤ مەحکومە بە ئازادی و بەرپرسیارێتی دروستکردنی واتای ژیانی خۆی، بەڵام کاتێک کۆمەڵگا ئەو واتایە ون دەکات، تاک هەست بە بێ واتایی و نامۆبوون دەکات. لای کامۆ، هەستی نالۆژیکی کاتێک دێت کە مرۆڤ لە جیهانێکی بێ واتا و دابڕاودا بەدوای واتا و یەکگرتووییدا دەگەڕێت. ئەو نوخبە ڕاستەقینەیە، ڕۆشنبیران، هونەرمەندان، یان مامۆستایانی دڵسۆزن، شاهیدی هەڵوەشانەوەی بەهاکان و پووچبوونی ئامانجە نیشتمانییەکانن. ئەوان وەک فریدریك نیچە باسی دۆخی مردنی خودا دەکات، هەست بە مردنی بەها دەکەن. کاتێک بەهاکانی وەک ڕاستگۆیی، دڵسۆزی، دادپەروەری و ئینتیمای نیشتمانی دەپووکێنەوە، ئەوا کۆمەڵگا دەبێتە بۆشاییەکی ئەخلاقی. ئەم نوخبەیە دەبینن کە کۆمەڵگا بە قووڵی تووشی ئانۆمی بووە، وەک ئیمیل دورکهایم باسی دەکات، تێیدا یاسا و بەها کۆمەڵایەتییەکان لاواز دەبن، یان وەک لەم حاڵەتەدا، پێچەوانە دەبنەوەو ڕێز لە گەندەڵیی دەگیرێت. لەم دۆخەدا، ئەو کەسانەی هێشتا بەو بەهایانەوە پەیوەستن و هەستی قووڵی نیشتمانییان هەیە، هەست بە تەنیاییەکی قووڵ و نامۆبوون دەکەن. ئەوان لە ناوەڕاستی نیشتمانەکەی خۆیاندا، وەک بێگانە(بیانییەک) دەژین و پەیامەکانیان، کە پڕن لە نیگەرانی و ڕاستگۆیی، لەناو ژاوەژاو و گێژاوی ساختەدا دەخنکێن.

   گرفتی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە ئەو نوخبە حەقیقییەش ڕۆڵی ون بووە و بە ئاراستەی چاککردنی کۆمەڵگا جوولەی نییە. جوولە ئەگەر هەشبێت زۆر نزم و لاوازە. ئەم بێدەنگی و لاوازییە، زۆر قووڵترە لە تەنها بێئومێدییەکی سادە. ئەمە دەتوانرێت بە نەبوونی کردەی سیاسی لێکبدرێتەوە کە هانا ئارێندت زۆری لەسەر ڕۆڵی لە بونیادنانی جیهانی هاوبەشدا دەکرد. کاتێک نوخبەی ڕاستەقینە ناتوانێت بێتە دەنگ و کاریگەری دروستبکات، ئەوا بۆشایییەک دروستدەبێت کە نوخبەی ساختە بە ئاسانی پڕی دەکاتەوە و هەژمۆنیی خۆی قووڵتر دەکات. ئەم بێدەنگییە دەبێتە هۆی مردنی پەیام و بیرۆکە دروستەکان. نەتوانینی نوخبەی ڕووناکبیر لەسەر دروستکردن و پێکهێنانی کۆمەڵەیەک بۆ ئەوەی یەکگرتوویی خۆیان نیشانبدەن و ڕووی ڕاستەقینەی دۆخەکە نیشانبدەن گەورەترین لاوازییانە. ئەمە نیشانەی نەبوونی ئیرادەی هاوبەشە کە ژان ژاک ڕۆسۆ بە پێویستییەکی سەرەکی بۆ هەر کۆمەڵگایەکی تەندروست دەیزانی. کاتێک ئیرادەی هاوبەش پێک نایەت، یان تێکدەشکێت، ئەوا کۆمەڵگا لەبری ئەوەی بەرەو پێش بچێت، بەرەو پاش دەکشێتەوە. نەتوانینی ئەم نوخبەیە بۆ یەکگرتن و دروستکردنی دەنگێکی کاریگەر، دەبێتە هۆی پەرشوبڵاویی دەنگە ناڕازییەکان و، لە ئەنجامدا بێ کاریگەر دەبن. ئەمە دەکرێت وەک شکستێک لە دروستکردنی هەژمۆنیی دژ لێکبدرێتەوە کە ئەنتۆنیۆ گرامشی باسیكردووە. گرامشی پێیوابوو بۆ گۆڕینی کۆمەڵگا، چینە خوارەوەکان یان لەم حاڵەتەدا نوخبەی ڕاستەقینە پێویستە لە بەرامبەر هەژمۆنیی چینە دەسەڵاتدارەکان هەژمۆنێکی ڕۆشنبیری و سیاسی دروستبکەن. لە دۆخی کۆمەڵگای کوردیدا، نوخبەی ڕاستەقینە، سەرەڕای هەستکردنیان بە قەیرانەکە، ناتوانن ئەم هەژمۆنییە دژەیە دروستبکەن، چونکە ناتوانن پێکەوە کار بکەن و دەنگێکی یەکگرتوو دروستبکەن.ئەمەش قەیرانێكی زۆر قووڵی رووناكبیرانە.

   کۆمەڵگای کوردی لەسەر سێ پایەی لەرزۆک وێستاوە: ڕۆحێکی ماندووی تاک و کۆمەڵ، ئەقڵێکی چەقبەستووی زانکۆ و ویژدانێکی بێدەنگی ڕۆشنبیر. ئەم سێکوچکەی شکستە، وێنەیەکی تۆقێنەری دۆخی ئێستامانە. ڕێگای ڕزگاری، ئەگەر هێشتا مابێت، لە شۆڕشێکی فیکریی سێ لایەنەوە دەستپێدەکات: شۆڕشی تاک دژی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ خوێندنەوە و بەها مرۆییەکان و شکاندنی نامۆبوون ی مارکس و کینەلەدڵبوون ی نیچە. شۆڕش لەناو زانکۆدا بە گۆڕینی لە قوتابخانەی بڕوانامە بەخشینەوە بۆ کارگەی داهێنان و مەعریفەت دێتە دی. شۆڕشی ڕۆشنبیران بۆ یەکگرتنەوە و بوونەوە بە دەنگی بوێر و ڕەخنەگرتنی کۆمەڵگا دروستدەبێت.

   ئەرکێکی قورس لەسەر شانی ڕۆشنبیرانە. دەبێت ئەوان لەو پیانۆ ژەنینە تاک و خەمناکە بێنە دەرەوە و پێکەوە مارشی ڕاچەنین و ڕۆشنگەری بژەنن. کۆمەڵگای کوردی لەبەردەم هەڵبژاردنێکی مێژووییدایە: یان قبووڵکردنی ئەم دۆخە وەک قەدەرێکی حەتمی،ئەمەش  پووچبوونەوەی بوونی رۆحی خۆیانە لە مێژوودا، یان دەستپێکردنی پرۆسەیەکی دروستکردنی ژینگەیەک کە سەرکردەی ڕاستەقینەی تێدا گەشە دەکات. سەرکردەی ڕزگارکەریش لە ئاسمانەوە نایەتە خوارەوە. دەبێت لەناو خەڵکەوە، لەناو زانکۆیەکی زیندووەوەو، لەسەر شانی ڕۆشنبیرێکی بوێرەوە سەرچاوە بگرێت و وەك كانیاوێكی بەهێز هەڵبقووڵێت. ئاخر ئەرکی تاک بە تاکی ئێمەیە  ئیتر چەپڵە بۆ بازرگانە درۆزنەکان لێنەدەین و متمانە بە گەندەڵكارو نیشتنان فرۆشان نەکەین.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×