لەسەر سەكۆی سیاسەتدا، سەرکردە ئەوە نییە تەنیا لەسەر سەکۆكە خۆی نمایش بكات، بەڵکو تەلارسازێکە،دەبێت بزانێ بناغەی تەلارەكەی بەرگەی چەند نهێمی دەگرێت. کەشتیوانێکە، دەبێت بزانێت لەبەرانبەر شەپۆلە بەهێزەكانی زریان و تۆف دا، چۆن دەتوانێت رێ بكات. فەیلەسوف و هونەرمەندێکە هەوڵی شێوەپێدانی چارەنووسی گەلێک دەكات. ئەم گەمەیە، کە تێیدا سبەینەكان پڕن لە بەڵێن و ئێوارانیش پڕن لە گومان، بۆیە بۆ بەڕێوەبردنی هێزە دژبەیەکەکان و بەرژەوەندییە جیاوازەکان پێویستی بە تێگەیشتنێکی فەلسەفی قووڵ و هونەرێکی بێوێنە هەیە. ئاخر سیاسەت چەند زانستە ، دوو ئەوەندەش هونەرە. سەرکردەی سیاسیی ڕاستەقینە، لەناو دۆخە دژوارەكاندا، توانای ڕوانینێکی قووڵتری هەیە لەوەی کە چاوە ئاساییەکان دەیبینن، دەتوانێت نهێنییەکانی داهاتوو هەست پێ بکات، هاوسەنگییەکی ناسک لەنێوان ململانێکاندا ڕابگرێت و لە کۆتاییشدا، وشەکانی بە کردەوە بسەلمێنێت. چونکە لە گۆڕەپانی سیاسەتدا، گوفتاری بێ کردار، لەناو زریانی گۆڕانکارییەکاندا دەبنە دەنگی زڕ و بەتاڵ.
یەکەمین تایبەتمەندی سەرکردەی کاریگەر، وەک هونەرمەندێکی بینەر کە تابلۆیەکی داهاتوو وێنە دەکات، بریتییە لە توانای هەستکردن یان بینینی پێشهاتەکان پێش ئەوەی ڕوو بدەن. ئەمە تەنیا خوێندنەوەیەکی ئەقڵانیی داتای وشک و ڕاپۆرتی بێ گیان نییە، بەڵکو جۆرێکە لە ئیلهام و ڕوانینێکی ناوەکی (Intuition) کە لە ئەزموونێکی قووڵ و تێگەیشتنێکی فەلسەفی لە مێژوو و سروشتی مرۆڤەوە سەرچاوە وەربگرێت. وەک پەیامبەرێک لە فەلسەفەی کۆندا، یان لێكۆڵەرو پێشبینیکەرێک لە ئەدەبیاتدا، سەرکردە دەبێت بتوانێت هەوا ی گۆڕانکارییەکان هەڵمژێت، شەپۆلی داهاتوو پێش دەستپێکردنیان هەست پێبکات. ئەم توانایە، کە فەیلەسوفانی وەک "هایدگەر" (Heidegger)باسی بوون لەناو جیهاندا و گرنگیی تێگەیشتنی مرۆڤ لە بوون دەکەن، یارمەتی سەرکردە دەدات کە ستراتیژییەکانی دابڕێژێت و وڵاتەکەی بەرەو کەنارێکی ئارام ببات، لە کاتێکدا ئەوانی دیکە هێشتا لەنێو گێژاوی ئێستادا گیریان خواردووە. ئەو سەرکردەیە وەک وەستایەکی بە ئەزموون وایە دەزانێت چ کەشتییەک بەرگەی کام زریان دەگرێت و چ ڕێچکەیەک دەبێتە هۆی گەیشتن بە مەنزڵ.
لە کایەی سیاسیدا، هەر هەنگاوێک و هەر وتەیەک، وەک بڕیارێکی شەتڕەنج وایە کە کاریگەرییەکی فرە-ڕەهەندی هەیە. بۆیە، سەرکردە دەبێت شارەزاییەکی قووڵی لە هونەری گەمەی سیاسەتدا هەبێت، ئەویش بریتییە لە ناسینەوەی دۆست و دوژمن و پاراستنی هاوسەنگییەک لەنێوان هێزە دژبەیەکەکاندا. ئەمە تەنیا ناسینەوەی ڕوخسارەکان نییە، بەڵکو خوێندنەوەی قووڵی دۆخەکە و تێگەیشتنە لەو بەرژەوەندییە قووڵانەی کە لایەنەکان پێکەوە دەبەستنەوە یان لێکیان دەکەنەوە. چۆن هونەرمەندێکی دەرهێنەری شانۆیی دەبێت ڕۆڵی کارەکتەرەکانی بە باشی بناسێت و لە پاڵنەرەکانیان تێبگات، ئاوەها سەرکردەش دەبێت تێبگات کە کێ یاریزانێکی ڕاستەقینەیە و کێ تەنیا بووکەڵەیەکە لە دەستی هێزێکی گەورەتردا. ماکیاڤێلیNiccolò Machiavelli، بە شێوەیەکی بێ پەرۆش و واقیعگەرایانە، پێیوابوو فەرمانڕەوا دەبێت هەمیشە گومانی هەبێت و متمانەی بێسنوور نەبەخشێتە هیچ لایەنێک، چونکە بەرژەوەندییەکان هەمیشە لە گۆڕاندان. دۆستایەتیی ئەمڕۆ، دەکرێت ببێتە دوژمنایەتیی سبەینێ. بۆیە، سەرکردە دەبێت وەک چاوبازێکی لێهاتوو بێت، لە هەر دەستێکیدا کارتێكی نهێنیی خۆی هەبێت و ئامادە بێت بۆ هەر گۆڕانکارییەک، كارتەكە بەكاربهێنێت. ناسینەوەی دوژمن تەنیا ناسینەوەی ئەو کەسە نییە کە ڕاستەوخۆ دژت دەوەستێتەوە، بەڵکو تێگەیشتنە لەو هێزانەی کە لە ژێرەوە کار دەکەن بۆ لاوازکردنی تۆ و چۆن بتوانێت بە هونەری شێر و ڕێوی (كە ماكیاڤیلی شەرحی كردووە) دەسەڵات بەدەست بهێنێت و بیپارێزێت.
لەنێو ئەم گێژاوی هێز و بەرژەوەندییانەدا، سەرکردە دەبێت توانای هاوسەنگییەکەی لە هاوکێشە سیاسییەکاندا هەبێت. ئەمە وەک هونەرمەندێکی سەرباز وایە کە لەسەر پەتێک بەسەر گۆڕەپانێکی پڕ لە ئاگردا دەڕوات؛ هەر لادانێک، هەر هەڵەیەک، دەتوانێت کارەساتێکی گەورە بنێتەوە. هاوسەنگی لێرەدا بریتییە لە توانای ڕێکخستن و هەماهەنگیکردنی هێزە دژبەیەک و بەرژەوەندییە جیاوازەکان بە شێوەیەک کە پێکەوە بتوانن ئارامی و پێشکەوتن بەدیبهێنن. ئەمە هاوسەنگییەکە لە نێوان سازان و خۆڕاگری، نێوان بەخشین و وەرگرتن. وەک ئەوەی فەیلەسوفی چینی کۆنفۆشیۆ" (Confucius) باسی ڕێگەی ناوەڕاست (Golden Mean) دەکات، سەرکردە دەبێت هەمیشە ڕێگایەکی هاوسەنگ بدۆزێتەوە دوور بێت لە زیادەڕۆیی و کەمتەرخەمی. ئەم هاوسەنگییە نەک تەنیا لە نێوان لایەنە ناوخۆییەکاندا گرنگە، بەڵکو لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانیشدا، کە تێیدا سەرکردە دەبێت وەک بالانسکەرێک بێت، هێزە گەورەکان بە جۆرێک ڕێکبخات کە نەبنە مەترسی بۆ سەقامگیری وڵاتەکەی. توانای ڕاگرتنی ئەم هاوسەنگییە، نیشانەی باڵایی و لێهاتوویی سەرکردەیەکی سیاسییە.
بەڵام، ئەگەر سەرکردە توانای جێبەجێکردنی قسەکانی نەبێت، بە تایبەتی بەرانبەر ناحەزەکانی لە ناوەوە و دەرەوە، كارەساتێك بەسەر خۆیدا دەهێنێت.ئەمە ئەو خاڵەیە کە تیۆری لە پراکتیک جیا دەکاتەوە و فەلسەفەی کردار (Praxis) لە گەمەی سیاسیدا دەسەلمێنێت. قسەکان، هەرچەندە جوان و قووڵیش بن،با زۆریش عاتیفی و سۆزدار بن،ئەگەر نەكرێنە کردار تەنها دەبنە وشەیەكی بریقەداری مۆمیاكراوو بێ جوولە. ماکیاڤێلی، کە زۆرترین جەختی لەسەر پراگماتیزم لە سیاسەتدا دەكردەوە، پێیوابوو فەرمانڕەوا ئەگەر زانی بەرژەوەندیی دەوڵەتەكەی لەوەدایە دەبێت بتوانێت فێڵ بکات و پەیمان بشکێنێت پێویستە وا بكات. توانای سەپاندنی خواستەکانی بەسەر دوژمندا، نیشانەی هێز و شکۆمەندیی سەرکردەیەکی ڕاستەقینەیە. ئەمە تەنیا بە گوتەی(من وادەکەم) بەدی نایەت، بەڵکو پێویستی بە دامەزراوەی بەهێز، هێزی سەربازیی کارا، ئابوورییەکی پتەو و دیپلۆماسییەکی لێهاتوو هەیە. کاتێک سەرکردەیەک بە قسە هەڕەشە دەکات و بە کردار جێبەجێی ناکات، ئەوا نەک تەنیا متمانەی گەلەکەی لەدەست دەدات، بەڵکو دەبێتە جێگەی گاڵتەجاڕی ناحەزەکانیشی. جێبەجێکردنی قسەکان، نیشانەی پێگەی دەسەڵاتە. ئەمە هونەرێکە تەنیا بە ورەی بەرز و بڕیاری بوێر بەدەست دێت.
لەم گەمەیەدا، کە هەموو چاوێک لەسەر سەرکردەیە، قسە گرنگە، بەڵام لە قسە گرنگتر، هەڵوێست و کردارەکانێتی. وتارێکی گڕوتیندار دەتوانێت بۆ ماوەیەکی کاتی خەڵک کۆ بکاتەوە و وەک گۆرانیبێژێکی دەنگ خۆش دڵیان ببات، بەڵام تەنیا کردارەکانن کە کاریگەرییەکی درێژخایەن لەسەر مێژوو و چارەنووسی گەلێک دروستدەکەن. سەرکردە نەک تەنیا دەبێت بزانێت چی بڵێت، بەڵکو گرنگتر ئەوەیە، دەبێت بزانێت چی بکات و چۆن بیکات. هەڵوێستێکی بەهێز، بڕیارێکی چارەنووسساز، یان کردارێکی بوێرانە، زۆر کاریگەرترە لە هەزاران وشەی بێ کردار. ئەمە وەک پەیکەرێکی گەورە وایە کە لە بەردی قورس دروست کرابێت؛ بەردەوام دەمێنێتەوە و کاریگەرییەکەی ون نابێت. خەڵک لە کۆتاییدا ئەو کردارانەیان لە یاد دەمێنێتەوە کە ژیانیانی گۆڕیوە، نەک ئەو قسانەی کە گوێیان لێ بووە. سەرکردە، وەک دەرهێنەرێک، دەبێت توانای ئەوەی هەبێت فیلمێکی پڕ لە کردار و پڕ لە مانا دروست بکات، نەک تەنها سیناریۆیەک بنووسێت کە هەرگیز كەس نەتوانێت نمایشی بكات.
لە هونەری سیاسەتدا، خاڵێکی سەرەکی کە سەرکردە دەبێت بە قووڵی لێی تێبگات، بریتییە لە سروشتی نەگۆڕی هێزی جەماوەر. سەرکردە نابێت تەنیا پشتی بەوە بەهێز بێت کە جەماوەری لەگەڵدایە، چونکە هێزی جەماوەریبوون نەگۆڕ نییە. وەک ئەوەی فەیلەسوفی سیاسیی فەڕەنسی "ئەلێکسی دو تۆکڤیل (Alexis de Tocqueville) ئاماژەی پێداوە،(تیرۆری زۆرینە) و نائارامیی بیروڕای گشتی، هەمیشە هەڕەشەیەکن بۆ سەر دەسەڵاتی سیاسی. جەماوەر وەک شەپۆلەکانی دەریا وایە، هەندێک جار بەرز و بەهێزە، هەندێک جاریش نزم و بێدەسەڵات. گۆڕانکاریی سیاسی، ئابووری، یان کۆمەڵایەتی، دەتوانێت بە خێرایی بیروڕای گشتی بگۆڕێت و جەماوەرەکەش پشت لە سەرکردەکەی بکەن. سەرکردەیەک کە تەنیا پشت بە ڕەزامەندیی جەماوەر دەبەستێت، وەک کەشتییەک وایە تەنیا دەتوانی لە تەنكاوەكاندا كاری پێبكەیت، ناتوانی بیبەیتە ناو قووڵایی دەریا. پێویستە سەرکردە جگە لە هێزی جەماوەر، خاوەنی بنەمایەکی فەلسەفی قووڵتر بێت لە دەرەوەی سۆزی کاتیی خەڵک کار بکات، خاوەنی هێزی دامەزراوەیی، توانای ئابووری، هێزی سەربازی و ستراتیژییەتی پتەو بێت. ئەم هێزانە بە گۆڕانی بیروڕای گشتی ناگۆڕێن و لە کاتی قەیرانەکانیشدا دەبنە ستوونی سەرەکی پاراستنی دەسەڵات. سەرکردەی ڕاستەقینە دەزانێت چۆن دڵی جەماوەر بەدەست بهێنێت، بەڵام هەرگیز بەتەواوی متمانە بەم دڵسۆزییە نادات و هەمیشە ئامادە دەبێت بۆ ئەو کاتەی کە دۆخەکە بە پێچەوانەوە دەگۆڕێت و پێویستی بە بەکارهێنانی هێزی ڕاستەقینە و بڕیاری قورس دەبێت.
ئەگەر بەشی سەرەتای گەمەی سیاسی بریتی بێت لە بینین و هاوسەنگی و کردەی بوێرانە، ئەوا بەشی دووەمی ئەم کایە قووڵە، بە شێوەیەکی فەلسەفی، بریتییە لە هونەری گۆڕینی ژمارەکان بۆ دەسەڵاتێکی ڕاستەقینە لەسەر مێزی گفتوگۆ. لە گۆڕەپانی دیموکراسیی مۆدێرندا، سندوقی دەنگدان وەک ڕاپرسییەک وایە بۆ خواستی گەل، بەڵام ژمارەکانی ناو سندوق، سەرەڕای گرنگییان، تەنیا خاڵی دەستپێکێکی نوێن، نەک کۆتایی گەمەکە. سەرکردەی سیاسیی لێهاتوو، وەک ئەوەی فەیلەسوفی سیاسی جولیۆس سیزەر (Julius Caesar) بە کردەوە نیشانی دا، دەزانێت چۆن ژمارەی سەربازەکانی لەسەر گۆڕەپانی جەنگ، بگۆڕێت بۆ دەسەڵاتی بێ چەند و چوون لەسەر مێزی گفتوگۆدا.
گرنگە، لە گەمەی سیاسیدا، ئەو قەبارەیەی لە هەڵبژاردنەکاندا وەدەستی دەهێنیت، لەسەر مێزی گفتوگۆ و دانوستانەکان زیاتری بکەیت. ئەمە هونەرێکی وردی سیاسەتە، جۆرێکە لە سیحری سیاسی کە تێیدا ژمارەکان خۆیان نابنە هێز، بەڵکو لێکدانەوەی ژمارەکان و بەکارهێنانیان بە ستراتیژییەتێکی باش، دەبنە دەسەڵات. سەرکردە دەبێت وەک هونەرمەندێکی شەتڕەنج وابێت، هەرچی کارتی زیاتری لە دەستدا بێت، بۆ سەرکەوتن زیرەکانەتر بەکاریان بهێنێت. ئەم پرۆسەیە تەنیا بە ژماردنی کورسییەکان کۆتایی نایەت؛ بەڵکو دەچێتە ناو قووڵاییەکانی دیپلۆماسی، توانا بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتی، بەکارهێنانی کاریگەرانەی ڕاگەیاندن و تەنانەت گوشار خستنە سەر لایەنەکان. پاولۆ فرێیر (Paulo Freire)، فەیلەسوفی پەروەردەیی، جەختی لەسەر گرنگیی کردار (praxis) دەکاتەوە- تێکەڵکردنی تیۆرو پراکتیک- لێرەدا دەکرێت بە واتای گۆڕینی بیرۆکەی سەرکەوتن بۆ کردەی دانوستانێکی سەرکەوتوو بێت. سەرکردە دەبێت خاوەنی ئەو توانایە بێت قەبارەی خۆی لە ڕووی مادییەوە گەورەتر نیشان بدات، باوەڕ بە لایەنەکانی دیکە بهێنێت کە مانەوەی بێ من، مەحاڵە. ئەمەش تەنیا بە هێز و ژمارە ناکرێت، بەڵکو بۆ بەرانبەرەکە پێویستی بە لۆژیکی بەهێز، وتارێکی ڕازیکەرو توانای پێشاندانەوەی ئەلتەرناتیڤی مەترسیدار هەیە.
كارەساتەكە ئەوەیە، ئەو قەبارەیەی وەدەستت هێناوە، خۆت لێ بگۆڕێت، وا بزانی لیستی براوەی یەکەمیت، لەکاتێکدا لە زەمینەی واقیعدا وا نییە. ئەمە ئەو خاڵەیە کە "ئیگۆ"ی سەرکردە وای لێدەکات لە واقیع داببڕێت. سەرکەوتن، بە تایبەتی لە هەڵبژاردنێکدا، دەکرێت وەک خواردنەوەیەکی ژەهراوی بێت کە سەرکردە سەرخۆش دەکات و چاوەکانی لە بینینی ڕاستی دادەپۆشێت. وەک کارەکتەرە تراژیدییەکانی یۆنانی کۆن، کە بەهۆی هوبریس (hubris) یان لووتبەرزییەوە دەڕووخان، سەرکردەش دەکرێت بەهۆی ئەم خۆبەزلزانینەوە بەرەو کارەسات بڕوات. ئەو سەرکردەیەی وا دەزانێت یەکەمە، کاتێک لە ڕاستیدا لە پێگەیەکی لاوازدایە، وەک ئەو کەشتیوانە وایە کە لە ناوەڕاستی زەریادا نەخشەی وندەکردووە و پێیوایە لە کەنارە. ئەم بیرکردنەوەیە نەک تەنها وای لێدەکات گوێ بۆ دەنگە ئاقڵەکان نەگرێت، ئیتر دەرفەتی سازان و دروستکردنی هاوپەیمانێتی لەدەستدەدات. فەلسەفەی واقیعگەرایی (Realism) لە سیاسەتدا، بەردەوام جەخت لەسەر پێویستیی بینینی جیهان وەک خۆی دەکاتەوە، نەک وەک ئەوەی حەزدەکەین ببێت.
ئەم دابڕانە لە واقیع، کاتێک مەترسیدارتر دەبێت کە حیزبەکەی خۆشت لەژێر هەڕەشەدا بێت. لەم حاڵەتەدا، سەرکەوتنێکی کاتیی هەڵبژاردن دەتوانێت وەک خاڵێکی لاوازی گەورەتر دەرکەوێت. وەک نەخۆشێک وایە کە هێشتا نەخۆشییەکی قووڵی هەیە، بەڵام بەهۆی خواردنی دەرمانێکی کاتییەوە، وا هەست دەکات چاکبۆتەوە. هەڕەشەکان دەکرێت ناوخۆیی بن، وەک ناکۆکییەکانی ناو حیزب، لاوازیی دامەزراوەیی، یان کەمبوونەوەی متمانەی گەل. هەروەها دەکرێت دەرەکی بن، وەک فشاری نەیارانی ناوخۆیی یان هێزە دەرەکییەکان. سەرکردەیەکی بێئاگا لەم هەڕەشانە، وەک ژەنەڕاڵێک وایە کە لە سەرکەوتنێکی بچووکدا سەرخۆش بووە و ئاگای لەوە نییە سوپای سەرەکیی دوژمن بەرەو پایتەختەکەی رۆیشتووە. ماکیاڤێلی زۆر جەختی لەسەر پێویستیی هۆشیاریی بەردەوام و بێمتمانەیی لە بەرانبەر هەموو شتێک کردۆتەوە، تەنانەت بەرانبەر نزیکترین دۆستەکانیش. سەرکردەیەک کە لەم ساتەدا خۆی بە یەکەم بزانێت، کاتێک لە ڕاستیدا لە لێواری کارەساتدایە، وەک ئەو فڕۆکەوانە وایە کە بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە ئاگای لەوە نییە کە فڕۆکەکەی بەرەو خوارەوە دەڕوات، یان لە دواوەی ئاگرێكی لەسەرەخۆی گرتووە.
شاسوار عەبدولواحید، نموونەیەک لە دابڕانی سیاسی و سزای واقیع
چیرۆکی سیاسیی شاسوار عەبدولواحید و جوولانەوەی نەوەی نوێ، نموونەیەکی زیندوو و تاڵە لەو دابڕانە سیاسییە و دەرئەنجامە کارەساتبارەکانی لووتبەرزی. کاتێک نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنەکاندا ١٥ کورسی لە پەرلەمانی کوردستان و ٩ کورسی لە پەرلەمانی عێراق بەدەستهێنا، ئەمە نیشانەیەکی بەهێز بوو لە توانای جەماوەری و بەرزبوونەوەیەکی خێرای سیاسی. ئەم قەبارەی دەنگە، سەرەڕای ئەوەی هێشتا نەیدەگەیاندە پلەی یەکەمی سیاسی، دەبوو وەک کارتێکی بەهێز لەسەر مێزی گفتوگۆ بەکار بهێنرایە بۆ گەورەکردنی قەبارەو کاریگەری دەسەڵاتەكەی. بەڵام، شاسوار عەبدولواحید، لەو ساتەدا خۆی لێ گۆڕا. ئەو ژمارە وەدەستهاتووانەی وەک چەکێکی بێئەژمار لە دەستی خۆیدا بینی، نەک وەک خاڵێکی دەستپێک بۆ ستراتیژییەکی نوێ. ئەم خۆبەزلزانینە، کە لە دەرەوەی چوارچێوەی واقیعگەرایی سیاسییەوە درابوو، بووە هۆی بڕیارێکی چارەنووسساز، نە لە بەغدا و نە لە هەرێمی کوردستان، بەشداری لە پێکهێنانی حکومەت نەکرد. ئەم بڕیارە دابڕانێکی گەورە بوو لەو بنەمایەی ماکیاڤێلی جەختی لێ دەکاتەوە: دەبێت دەسەڵات بەدەست بهێنرێت و بپارێزرێت. ئەو نەک تەنیا دەسەڵاتی بەدەست نەهێنا، بەڵکو دەرفەتێکی زێڕینی لەدەست خۆی دا بۆ کۆنسۆلیدکردن (Consolidation - یەكخستن و بەهێزكردن)ی ئەو هێزە جەماوەرییەی کە بەدەستی هێنابوو. ئەو خۆی لە یارییەکە کێشایەوە، بۆئەوەی بتوانێت لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتەوە کاریگەری دروستبکات، بەڵام ئەمە بە زۆرینەی جار تەنیا خەیاڵێکە لە گەمەی سیاسیی پڕ لە ڕاستییە تاڵەکاندا.
ئێستا ئەم هەڵبژاردنەی بەڕێوەیە، نەوەی نوێ بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەمجارە لە بەغدا بەشداری لە پێکهێنانی حکومەت دەکەن. ئەمە نەک تەنیا پاشگەزبوونەوەیەکی سیاسییە، بەڵکو گەڕانەوەیەکی درەنگە بۆ ئەو ڕێچکەیەی کە پێشتر ڕەتیان کردبۆوە. لە کاتێکدا ئێستا ئەستەمە ئەو دەنگانەی پێشوو بهێننەوە،(بەهۆی ئەو دۆخە سەختەی کە سەرۆکی نەوەی نوێ و حیزبەکەی تێی کەوتوون). ئەم دۆخە، وەک ئەوەی فەیلەسوفی سیاسی کارل شمیت (Carl Schmitt) باسی لێوە دەکات، بریتییە لە چوونە ژوورەوە بۆ دۆخێکی نائاسایی (state of exception) تێیدا حیزبەکە لاواز بووە و سەرۆکەکەشی لەژێر گوشاری تونددایە. پرسیارێکی فەلسەفیی قووڵ لێرەدا سەرهەڵدەدات: باشە ئەگەر نەوەی نوێ بەشدارییان لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێم بکردایە و شاسوار عەبدولواحید جێگری سەرۆکایەتی هەرێم یان جێگری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بوایە، ئایا ئێستا لە گرتووخانە دەپەسترا؟ بێگومان هەرگیز نەخێر. ئەمە نیشانەیەکی ڕوونە بۆ کاریگەریی شوێنپێی دەسەڵات (the locus of power) و چۆنێتی پاراستنی سیاسییەکان لە ڕێگەی بەشداریكردنیان لە دەسەڵاتدا. دەسەڵات، نەک تەنها ئامرازێکە بۆ خزمەت، بەڵکو قەڵغانێکیشە بۆ پاراستنی خودی ئەو کەسانەی لە ناویدان. ئەو کاتەی کە شاسوار عەبدولواحید بڕیاری بەشداری نەكردنی دا ، ئەو قەڵغانەی فڕێدا کە دەیتوانی لە هێرشەکانی داهاتوو بیپارێزێت.
ئەمە ئەو ڕاستییە تاڵەیە کە لە گەمەی سیاسی دەردەکەوێت. سەرکەوتنە کاتییەکان دەتوانن چاوەکان لە واقیع دابخەن و سەرکردە بەرەو بڕیاری هەڵە ببەن. ئێستا شاسوار عەبدولواحید هەم جەماوەرەکەی خۆی لەدەست داوە، هەم سامانەکەشی دۆڕاندووە، وەک ئەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە شێوەیەکی زیرەکانە، هەمووی لێ بردو تاڵانی سامانەكەیشی كرد!. ئەمە نیشانەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی دەسەڵات تەنها بە دەنگدان بەدەست نایەت، بەڵکو بە ستراتیژییەت و کردەی سیاسیی زیرەکانەش دەپارێزرێت و گەشە دەکات. لە فەلسەفەی کالڤینیزم دا، جەخت لەسەر چارەنووسی دیاریکراو (predestination) دەکرێتەوە، بەڵام لە گەمەی سیاسیدا، چارەنووس بە دەست بڕیارەکان و کردارەکانی سەرکردە خۆیەوەیە. دڵنیام ئێستا شاسوار پەشیمانە لەوەی بەشدارییان لە حکومەت نەکرد، بەڵام پەشیمانیش هەموو جارێک دادت نادا. کات لە سیاسەتدا، وەک گەوهەرێک وایە تەنها یەک جار دەگەشێتەوە. کاتێک دەرفەتێک لەدەست چوو، زۆرجار بە تەواوی لەدەست دەچێت و گەڕانەوە بۆ خاڵی دەستپێک مەحاڵە. ئەمەش وانەیەکی قووڵە بۆ سەرکردە سیاسییەکان، دەبێت ژمارەکان بە زیرەکییەوە بخوێنرێنەوە، واقیع وەک خۆی ببینرێت و دەسەڵات بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە قایم بکرێت، نەک تەنها وەک خەونێکی گەورە لە سەروەریی سندوقی دەنگداندا ببینرێت.