لە فەلسەفە و میتافیزیکی سیاسەتدا، ئۆپۆزیسیۆن تەنها هێزێکی ڕکابەر یان کۆمەڵە ڕەخنەگرێکی سادە نییە. بەڵکو لە بنەڕەتدا دەبێت ویژدانی بەخەبەرهێنانی کۆمەڵگا بێت، زەروورەتێکی بوونناسانە بۆ تەواوکردنی خودی چەمکی دەسەڵات و کۆمەڵگا بێت. بەردەوام لە ڕێگەی ئامادەگیی تێبینی و و ڕەخنەگرتنیەوە، مانا و سنوور و شەرعییەت بە دەسەڵات دەبەخشێت و هاوکات ڕێگریشی لێدەکات لەوەی بە تەواوەتی خۆی لەناو تۆتالیتاریزمێکی بێ پرسیاردا بتوێنێتەوە. ئۆپۆزیسیۆن، ئەو ئاگرە پرۆمیسیۆسییەی دژەباوە ڕێگە نادات کۆمەڵگە لە تاریکیی یەکدەنگیدا بخنکێت. ئەو، پرۆژەی بەدیل و ئەو ئاسۆ نوێیەیە کە نیشتمان دەتوانێت ڕووی تێبکات کاتێک ڕێگاکانی دەسەڵاتی حاکم دادەخرێن و دەگەنە بنبەستێکی توند. بەڵام، کاتێک ئەم ئاوێنەیە دەشکێت و وێنەیەکی شێواوی دوولەت و چوارلەت و بیست لەت دەداتەوە، کاتێک ئەم ویژدانە دەکەوێتە خەوێکی قووڵی زستانەوە، کاتێک ئەم بەدیلە دەبێتە تەنها کاریکاتێرێکی کاڵ و لاساییکەرەوەی دەسەڵات، كەواتە خەڵكەكە چیتر لەبەردەم ئاریشەیەکی سیاسیی کاتیدا نییە، بەڵکو لەبەردەم قەیرانێکی بوونناسانەی قووڵ و داخورانێکی شارستانیدایە کە بریتییە لە قەیرانی بەتاڵبوونەوەی خودی مانا لە چەمکی ئۆپۆزیسیۆندا.
ئۆپۆزیسیۆنی كوردی بەو هەموو تەمەنەی هەیبووە، نەیتوانیوە ببێتە ویژدانی خەڵك، نەیتوانیوە متمانەیەك بەدەستبهێنێت. دەهۆڵێكە تەنیا لە دوورەوە دەنگی خۆشە. ئەوان رقیان لە گەرمای شەقامەو دانوویان لەگەڵی ناكوڵێ. ئازاری نادادی ئەوان ناگرێتەوە، تەنیا باسی دەكەن. دەیانەوێت یان خۆیان وا دەخەنە روو، كە رۆڵی شۆڕشگێڕێك دەبینن، بەڵام ئەوان خۆیان لەناو بازنەی سیستەمی باوی خۆشگوزەرانیدا رۆژ دەكەنەوە.
ئۆپۆزیسیۆنی ئەمڕۆی ئێمە، لەم ڕوانگە فەلسەفییەوە، بە شێوەیەکی تراژیدی تووشی ئەم داخورانە وجودییە بووە. ئەوان هەرگیز کۆمەڵە حیزبێک نین تەنها لە ستراتیژ و تاکتیکدا جیاواز بن، بەڵکو کۆمەڵە ویستێکی پەرتەوازە و بێ ئیرادەن لە یەک خاڵی پووکانەوەدا یەکدەگرنەوە:ئەویش گەیشتن بە کێکەکەیە. کێکێک کە ڕۆژانە و بە دەنگی بەرز بانگەشەی گەنیوی و ژەهراویبوونی دەکەن و خەڵکی لێ ئاگادار دەکەنەوە. ئەمە پارادۆکسێکی کوشندە و نیشانەی پووکانەوەیەکی ئەخلاقیی بنەڕەتییە. ئەوان ڕەخنە لە سیستەمێک دەگرن کە لە قووڵایی ناخیاندا ئاواتەخوازن ببنە بەشێک لێی و لە ڕێگەی کردەیەکی ڕێوڕەسمێکی پیرۆز تێکەڵی ببن و سوودمەند بن لە ئیمتیازاتەکانی. لێرەدا، ململانێکەیان لەسەر گۆڕینی یاسا و بنەماکانی یارییەکە نییە، بەڵکو لەسەر ئەوەیە کێ لەم خولەی یاریدا کارتی باشتر و پشکی گەورەتری بەردەکەوێت. هەر بۆیە، بەرەنگاربوونەوەکانیان ڕووکەشانە و ناڕەزایەتییەکانیان نمایشکارانەیە؛ ئەوان لەناو خولگەی کێشکردنی دەسەڵاتدا دەخولێنەوە، نەک لە دەرەوەی بۆ بونیادنانی خولگەیەکی نوێی سیاسی کە خاوەنی کێشکردنی خۆی بێت.
بەڵام جەماوەر بە زیرەکییەکی سروشتییەوە ئەم دووفاقییە بوونناسییە هەست پێدەکات. کاتێک دەبینێت ژیانی ئەوانەی بانگەشەی ڕووخاندن دەکەن، لە ڕووی ماددییەوە هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ ژیانی ئەوانەدا نییە کە لە لووتکەی دەسەڵاتدان، پرسیارێکی فەلسەفی قووڵ دێتە ئاراوە: ئایا ئەمە خەباتە بۆ گۆڕینی سیستەم، یان تەنیا کێبڕکێیە بۆ گۆڕینی دەموچاوەکانی ناو هەمان سیستەم؟ وەک چۆن نیچە باسی ویستی دەسەڵات دەکات، جەماوەر درک بەوە دەکات کە هەردوو لا لەلایەن هەمان غەریزەی بنەڕەتییەوە پاڵیان پێوە دەنرێت ئەویش گەیشتن بە دەسەڵات و پاراستنی ئیمتیازاتەکانە. بۆیە، ڕەخنەکانی ئۆپۆزیسیۆن وەک چەکێکی ئەخلاقی نابینرێن، بەڵکو وەک تاکتیکێک بۆ گەیشتن بە هەمان ئەو دەسەڵاتەی ڕەخنەی لێدەگرن، سەیر دەکرێن.
بۆ تێگەیشتن لە ڕەگ و ڕیشەی ئەم قەیرانە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ خودی ئەو کۆمەڵگایەی ئەم حیزبانەی لێ هەڵقوڵاوە. حیزبی سیاسی بوونەوەرێکی نامۆ نییە کە لە بۆشاییەوە هاتبێت؛ بەڵکو شێوەگرتن و چڕبوونەوەی خودی ئاگاهی، ناکۆکی و ناخۆشییەکانی ئەو کۆمەڵگەیەیە کە تێیدا دەژی. حیزب، ئاوێنەی باڵانوێنی کۆمەڵگایە؛ ئەگەر ئاوێنەکە وێنەیەکی شێواو، خواروخێچ و ناشیرین پیشانبدات، کێشەکە تەنها لە پیسی و ناڕێکیی ئاوێنەکەدا نییە، بەڵکو لەو ڕووخسارەدایە کە لە بەردەمیدا ڕاوەستاوە. کۆمەڵگای کوردی ئەمڕۆ لەناو گێژاوێکی بوونناسانەی قووڵ و زەلکاوێکی مێژووییدا دەژی. وەک جەستەیەکی پڕ لە ئازاری درێژخایەن، لەتاو ئازاری برینەکانی دەناڵێنێت، بەڵام توانای دەستنیشانکردنی وردی دەرد و دۆزینەوەی دەرمانی بنەڕەتی نییە. بۆیە لەبری چارەسەری ڕیشەیی، پەنا بۆ کردارێکی دەروونیی سادە و خۆکوژانە دەبات: سڕکردنی ئازار. دەست بەسەر برینە کراوەکەیدا دەگرێت و بەردەوام دەبێت لە ڕۆیشتن، بێ ئەوەی بوێریی ئەوەی هەبێت هەڵیبداتەوە، پاکی بکاتەوە و ڕووبەڕووی ئەو ڕاستییە تاڵە ببێتەوە کە هۆکاری برینەکەیە. ئەم دۆخە، دۆخی سەرلێشێواوییەکی میتافیزیکییە؛ ونبوونێکە لە مانا و ئاراستە و پڕۆژەدا.
لەم زەلکاوی بێ ئاراستەیی و سەرلێشێواوییە، ئۆپۆزیسیۆنێک لەدایکدەبێت کە میراتگری هەمان ئەو نەخۆشی و برینانەیە. ئەویش نازانێت چی بکات، چونکە ئەویش بەرهەمی هەمان ئەو کۆمەڵگا بریندار و شەکەتەیە. کاتێک لەناوەوە هەست بە پووکانەوە و بۆشاییەکی وجودی دەکات، بە غەریزەیەکی لاوازانە پەنا بۆ دەرەوە دەبات. دروستکردنی پێوەندی لەگەڵ هێزی هەرێمی و وڵاتانی دەوروبەر، دانپێدانانێکی بێدەنگە بە نەبوونیی ناوەکیی خۆی. ئەو بەدوای هێزێکی خواستراودا دەگەڕێت بۆ ئەوەی نمایشی هێز بکات، چونکە خاوەنی هیچ هێزێکی ڕەسەن نییە کە لە ئیرادەی جەماوەر و پرۆژەیەکی فیکریی پتەوەوە سەرچاوەی گرتبێت. ئەمە هەوڵێکی بێهوودەیە بۆ داپۆشینی بۆشاییەکی ناوەکی بە ڕووکەشێکی دەرەکیی ناسەقامگیر.
لێرەوە دەگەینە چەمکی سیمولاكرۆم ی ژان بۆدریار، کە باشترین کلیلە بۆ کردنەوەی دەرگای ئەم واقیعە تاڵە. ئۆپۆزیسیۆنی ئێمە بووەتە ئەو کۆپییە کە ئەسڵی نییە؛ وێنەیەکی بێ بنەچە، ڕووبارێکی بێ سەرچاوە، شارێکی بێ شەقامە، کۆپییەکە نوسخە ئەسڵییەکەی ون بووە. ئەو هەموو جوولە و شێوازانەی ئۆپۆزیسیۆنێکی ڕاستەقینە لاساییدەکاتەوە: کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی، بەیاننامەی توند، هاواری ناو پەرلەمان، نمایشی شانۆگەریانەی هەڵبژاردن. بەڵام هەموو ئەمانە تەنها نیشانە و وێنەن کە ئاماژە بە هیچ واقیعێکی بنەڕەتی ناکەن. لە پشتی ئەم نمایشەوە، بۆشاییەکی گەورەی بێ ئیرادەیی و بێ پرۆژەیی هەیە. ئەم ئۆپۆزیسیۆنە لە بنەڕەتدا مشەخۆرە. بوونی خۆی لەسەر برین و ئازارەکانی جەستەی کۆمەڵگا بونیادناوە، نەک بۆ ساڕێژکردنیان، بەڵکو بۆ مژینی دوا پاشماوەی هیوای خەڵکەکەیە. ئەو بوونێکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو بوونێکی پاشکۆییە لەسەر جەستەی ئەویتر دەژی. ئەمە وا دەکات ببێتە حەربایەکی سیاسی؛ بوونەوەرێکی بێ ڕەنگی تایبەت بە خۆی کە بەپێی ژینگەی دەوروبەری ڕەنگی خۆی دەگۆڕێت. کاتێک لە حکومەتدایە، ڕەنگی دەسەڵات وەردەگرێت و دەبێتە بەشێک لە کێشە. کاتێکیش دێتە دەرەوە و دەچێتە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن، ناتوانێت ببێتە چارەسەر، چونکە جەوهەرێکی نەگۆڕی نییە تا پێی بناسرێتەوە.
ئەم دۆخە وا دەکات یادەوەریی گشتی هیچ شوێنەوارێکی ئەرێنیی ئەوانی تێدا هەڵنەگیرێت. خەڵک ناتوانێت ئاماژە بە یەک بڕیاری مێژوویی یان یەک دەستکەوتی ستراتیژیی ئەوان بکات کە لە سەردەمی دەسەڵاتدارییاندا ژیانی گۆڕیبێت، یان ئاماژە بە یەک هەڵوێستی ڕەسەن و کاریگەری ئەوان بکات کە لە سەردەمی ئۆپۆزیسیۆنبوونیاندا هیوا و ئیرادەی دروستکردبێت. بوون و نەبوونیان لە هاوکێشەکەدا یەکسانە، چونکە ئەوان بەدیل نین، بەڵکو تەنها ڕووخسارێکی دیکەی هەمان سیستەمن. بزووتنەوەی گۆڕان وەک نموونەیەکی زیندوو و وانەیەکی تاڵ، تەواوی ئەم تراژیدیایە کورت دەکاتەوە. ئەم بزووتنەوەیە لەسەر بنەمای پەرچەکردارێکی تووڕە لەدایک بوو، نەک لەسەر بنەمای کردەیەکی بونیادنەریی فیکری. ئەو، نەخێرێکی گەورە بوو بەرامبەر بە واقیع، بەڵام بەڵێیەکی ڕوون و خاوەن پرۆژەی بۆ داهاتوو پێنەبوو. هەر هێزێکیش کە بوونی خۆی لەسەر ڕەتکردنەوەی ئەویتر بونیادبنێت، گومانێكی قووڵ لەناو خودی خۆیدا بەخێودەكات. لەگەڵ یەکەمین ڕێککەوتن یان لاوازبوونی ئەویتر، ئەویش مانا و هۆکاری بوونی خۆی لەدەستدەدات. لە پرۆسەیەکی ئاڵۆزدا، وردە وردە لە ئۆبژەی ڕەخنەوە بوو بە سوبژەیەکی بەشدار لەناو هەمان ئەو سیستەمەی کە ڕەخنەی لێدەگرت. ئەمە تەنها شکستێکی سیاسی نەبوو، بەڵکو مەرگی هیوایەک بوو. کاتێک ڕزگارکەر دەبێتە بەشێک لە کێشەکە، کۆمەڵگە تووشی نائومێدییەکی وجودی دەبێت و باوەڕ بە ئەگەری گۆڕانکاری لەدەستدەدات. ئەمەش گەورەترین خزمەتە کە ئۆپۆزیسیۆنێکی لەم جۆرە پێشکەش بە دەسەڵاتی دەکات: کوشتنی ئیرادەی گۆڕان لە ناخی مرۆڤەکاندا.
لێرەوە دەگەینە پرسیارە جەوهەرییەکە: بۆچی ئەم حیزبانە، هەرگیز لە خۆیان ناپرسن: لەبەرچی جەماوەر بە پێی پێویست باوەڕیان پێناکات؟ بۆچی ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە وجودییە نابنەوە: کەم و کورتی و شکستی ئەوان لە کوێدایە؟ وەڵامەکە لە خودی سروشتی ساختەی ئەواندا شاراوەیە. پرسیارکردن لە خۆ، کردارێکی فەلسەفییەو پێویستی بە بوێریی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستی هەیە. ئەم ئۆپۆزیسیۆنە ناتوانێت ئەم پرسیارە بکات، چونکە وەڵامەکەی، مەرگی ساختەی ئەوان ڕادەگەیەنێت. ئەگەر دان بەوەدا بنێن کە کێشەکە لە خودی ئەواندایە، ئەوا دەبێت دان بەو ڕاستییە تاڵەدا بنێن کە ئەوان بەشێکن لە سیستەمەکە، نەک دژبەری.پاساو هێنانەوەش بۆ هەڵەكانیان، كارەساتێكی گەورەیە.
ئەرکی ئۆپۆزیسیۆن، بە پێناسە ڕەسەنەکەی، بریتییە لە چاودێری ڕەخنەگرانە و بونیادنانی بەدیل. ئەو دەبێت بەو پەڕی راستگۆییەوە لەناو ئازار و هیواکانی خەڵکی پەراوێزخراودا بژی، نەک سەرقاڵی بونیادنانی ڤێلا و کۆکردنەوەی سەروەت و سامان بێت. کاتێک ئۆپۆزیسیۆنێک سەرقاڵی باڵەخانەی هەڵچوو بە ئاسماندا دەبێت، ئیتر ناتوانێت چاودێری سیستەمێک بکات کە خۆی بووەتە سوودمەند لێی. ناشتوانێ ببێتە چاودێرێكی راستگۆ و بە ویژدان، بەڵکو هاوبەشە. لەم خاڵەدا، متمانە دەمرێت، ئەخلاق دەمرێت، سیاسەت دەمرێت، کوردایەتی دەبێتە بازاڕی شێواو، چونکە خەڵک بە غەریزە هەستدەکات ئەو دوورییەی نێوان ئێمەی خەڵک و ئەوانی دەسەڵات، ئێستا خودی ئۆپۆزیسیۆن چۆتە بەرەی ئەوان و پشتیکردووەتە ئێمە.
ئەم مۆرفۆلۆژیای پووکانەوەیە بەهۆی سێ هۆکاری کوشندەوە ڕوودەدات: یەکەم، قەیرانی سەرکردایەتی و نەبوونی کەسایەتی خاوەن سەرمایەی ئەخلاقی. تراژیدیایەکی گەورەیە کاتێک دەبینین سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆن، کە دەبوو بژاردەی بژاردە بن، زۆرجار لە ڕووی فیکری و ئەخلاقییەوە لە هاوتاکانیان لەناو دەسەڵاتدا لاوازتر و هەڵپەترن(نموونەی زیندووش لەبەردەستن). دووەم، هەڵوێستی نادیار و سیاسەتی دەستێک لەناو حکومەت و قاچێک لەناو ئۆپۆزیسیۆن کە دۆخێکی شیزۆفرینیای سیاسی دروستدەکات و ناسنامەیان دەسڕێتەوە. سێیەم، ناڕوونیی ستراتیژی و نەبوونی پرۆژەیەکی شارستانیی گشتگیر. دیمەنێکی سوریالییانەیە و هیچی بەسەر واقیعەوە نییە. پێش ئەوەی ئۆپۆزیسیۆن ببێتە جەستەیەکی سیاسی، لە بنەڕەتدا ڕۆحێکی فیکرییە؛ واتە کۆمەڵێک بیروباوەڕ و پرەنسیپ و دیدگایەکی ڕوونە بۆ جیهان و کۆمەڵگا. پرۆژەیەکی شارستانییەو وەڵامی پرسیارە بنەڕەتییەکانی هەیە: چۆن کۆمەڵگایەکی دادپەروەر بونیاد دەنرێت؟ چۆن کەرامەتی تاک دەپارێزرێت؟ چۆن سیستەمێکی پەروەردەیی دروستدەکەین کە مرۆڤی ئازاد و داهێنەر بەرهەمبهێنێت؟ ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە، پێویستی بە ژمارەیەکی زۆری خاوەنی فیکر هەیە کە لە بوارە جیاجیاکانی مەعریفەدا ڕۆڵی بەرچاویان هەبێت، چونکە قەیرانی سیاسی، لە بنچینەدا دەرهاویشتەی قەیرانێکی قووڵتری ئەخلاقی و ڕۆحییە.
هەر هێزێک خاوەنی ئەم پرۆژە فیکری و جەوهەرییە ئەخلاقییە نەبوو، چارەنووسی حەتمی پووکانەوە و مردنێکی سیاسییە. شکستیان لە هەڵبژاردنەکان و نەتوانینیان بۆ بەدەستهێنانی چەند کورسییەک، شکستێکی سادە نییە، بەڵکو گەیشتنە بە کۆتا قۆناخی نەخۆشییەکە. کاتێک حیزبێك ، رێكخراوەیەكی سیاسی، چیتر توانای وەرگرتنی خۆراکی سەرەکیی خۆی (متمانەی خەڵک) نامێنێت، ئیتر بە شێوەیەکی سروشتی دەمرێت. ئەو حیزبەی سەرقاڵی ڤێلا و باڵەخانە بێت، لە ڕاستیدا سەرقاڵی دروستکردنی گۆڕی سیاسیی خۆیەتی. چونکە لە سیاسەتی مۆدێرندا، باڵاترین باڵەخانە، ئەو متمانەیەیە کە لە دڵی جەماوەردا دروست دەکرێت، نەک ئەوەی بە چیمەنتۆ و ئاسن هەڵدەچنرێت. ئەوەی یەکەمیان بناخەی دەسەڵاتێکی ڕەسەنە، ئەوەی دووەمیان تەنها کێلی سەر گۆڕی تەرمێکی سیاسیی مۆمیاکراوە. کاتی ئەوە هاتووە بڵێین: هەر حیزب و ڕێکخراوێک ئەم بنەما فیکری و ئەخلاقیانەی تێدا نەبوو، دەبێت دەستی لێ بشۆردرێت. چونکە لەدایکبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی ڕاستەقینە، دانوستانێکی سیاسی نییە، بەڵکو زەروورەتێکی شارستانی و بوونناسانەیە. ئەگەر لە هەڵبژاردنێکیشدا ژمارەی کورسییەکانی زۆر بوو، جێگای دڵخۆشی نییە، چونکە لە نزیكترین کاتدا دەپووکێتەوە و دەبێتەوە بە سفر. بزووتنەوەی گۆڕان نموونەیەکی زیندووە لەمبارەیەوە.
قەیرانی ئەخلاق لە بونیادنانی حیزبدا
هەڵبژاردن، لە قووڵترین گەوهەری خۆیدا، ئەو ساتەوەختە تراژیدی و ڕووناککەرەوەیەیە تێیدا کۆمەڵگە لە ئاوێنەی شکاو و لێڵی خۆیدا دەڕوانێت؛ ساتێکە بۆ پرسیارکردن لە "بوون"ی خۆی، نەک تەنیا بۆ گۆڕینی میکانیکیی دەم و چاوەکان. ئەمە ئەو چرکەساتەیە تێیدا گیانی گشتی، یان وەک گوستاڤ لۆبۆن ئاماژەی پێدەدات، ۆحی جەماوەر، لە دۆخی شاراوەیی و غەریزەییەوە دێتە دەر و دەیەوێت لە شێوەی دەسەڵاتێکدا خۆی بەرجەستە بکات. بەڵام کاتێک ئەم ڕۆحە، لە بنەڕەتدا ڕۆحێکی مێگەلییە، گیانێکی گەورەی بێ شێوەیە کە بە ئاوەز نا، بەڵکو بە غەریزە و ترس و هیوا کۆنەکان دەجوولێت، ئەوا کردەی هەڵبژاردن لە پرۆسەیەکی سیاسیی ئەقڵانییەوە دەگۆڕێت بۆ ڕێوڕەسمێکی گیانی، بۆ ساتەوەختی خرۆشانی کۆمەڵ و ملکەچبوونی ئەفسووناوی بۆ ئەو بانگە، ئەو ئاوازەی بەهێزتر لەوانیتر دەنگدەداتەوە و دەتوانێت لەسەر ژێی هەستە ناسکەکانی بژەنێت.
لێرەوە، قەیرانێکی ئەخلاقیی قووڵ لەدایکدەبێت. لە روانگەی کۆمەڵناسییەوە پێویستە لە تیۆری خولانەوەی نوخبە تێبگەین، کە پاریتۆ دایڕشتووە. پاریتۆ باسی ئەوە دەکات مێژوو گۆڕەپانی جێگۆڕکێی نێوان نوخبە باڵادەستەکان و نوخبە تازەپێگەیشتووەکانە. ئۆپۆزیسیۆن لەم مۆدێلەدا، نوێنەرایەتی چینی چەوساوە ناکات، بەڵکو نوێنەرایەتی نوخبەیەکی سیاسی-ئابووریی دیکە دەکات کە جێگەی نوخبەی حاکم بگرێتەوە. جەماوەر لەم نێوەندەدا تەنیا کارتێکی یارییە کە هەردوو لا هەوڵی بەکارهێنانی دەدەن. هۆکاری سەرەکیی ئەم بێمتمانەییە ئەوەیە هەردوو نوخبە (دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆن) خاوەنی هەمان هابیتوس ن، بە دەستەواژەکەی پییەر بۆردیۆ. واتە خاوەنی هەمان شێوازی بیرکردنەوە، هەمان ئارەزووی خۆشگوزەرانی، هەمان زمانی سیاسی و هەمان...، هەمان ...هتد. ئاخر کاتێک خەڵک دەبینێت نوێنەرەکەی لە پەرلەمان هەمان ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرزی وەزیرەکەی هەیە و منداڵەکانیان لە هەمان قوتابخانەی تایبەت دەخوێنن، چۆن دەتوانێت باوەڕ بەوە بکات ئەم دووانە دوو جەمسەری دژ بەیەکن؟ ئەم هاوشێوەییە لە شێوازی ژیاندا، سیاسەت لە مانا ڕاستەقینەکەی دادەماڵێت و دەیکاتە شانۆگەرییەکی بێ تام کە بینەران کۆتاییەکەی دەزانن. لێرەوە ئەخلاقناسییەکەی کانت دێتە ناو بابەتەکە وەک ئەوەی مرۆڤ ئامراز نییە، بەڵکو هەمیشە ئامانجە. وەک بابەتی ئەشکەوتەکەی ئەفلاتونیش ئیتر جەماوەر نایەوێت سێبەرەکان بگۆڕێت؛ بەڵکو تامەزرۆی بینینی تیشکی خۆرە. کەواتە تا ئەو کاتەی ئۆپۆزیسیۆن لە شەبەنگێکی بێ جەستەوە نەبێتەوە بە جەستەیەکی زیندوو کە لەناو ئازار و هیواکانی خەڵکدا هەناسە بدات، تا ئەو کاتەی ژوورە فێنککەرەوەکان بەجێنەهێڵێت و گەرمای شەقام لێی نەدات، هەرگیز ناتوانێت ئەو متمانەیە بەدەست بهێنێتەوە کە بناغەی هەر گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینەیە.
حیزب، بەتایبەت ئەو حیزبەی کە لە ناخی ئەم کۆمەڵگە مێگەلییەوە هەڵقووڵاوە، زۆر زوو لەم ڕاستییە تاڵە تێدەگات: بۆ مانەوەی خۆی، پێویستی بە پەیام و بەرنامە نییە، هێندەی پێویستی بە ئاوازی مۆسیقارێكە تەنانەت شماڵژەنینی شوانێکە. حیزب بە هەموو رەنگەكانیانەوە دەزانن مێگەل گوێ لە لۆژیکی وشەکان ناگرێت، بەڵکو سەمای لەگەڵ سیحری ئاوازدا دەکات. عاتیفە – جا یادەوەرییەکی خوێناوی بێت، شانازییەکی نەتەوەیی، یان ترسێک لە ئەوی تر – دەبێتە ئەو ئاوازە ئەفسووناوییە. شوانە سیاسییەکە، وەک دەروێشێکی ساختە، بەڵێنی نان و ئاو و دادپەروەری نادات، چونکە دەزانێت ئەم بەڵێنانە پێویستیان بە کار و ماندووبوون و بەرنامەیەکی ڕوونە. لەبری ئەوە، ئەو بەڵێنی شتێکی گەورەتر و ناماددیتر دەدات: بەڵێنی بوون ی رۆحی، بەڵێنی ڕزگارکردنی تاک لە تەنهایی و نامۆبوونی خۆی و توانەوەی لەناو رۆحە گەورەکە ی مێگەلدا. ئەمە بازرگانییەکی قێزەونی ئەخلاقییە؛ فرۆشتنی وەهمە لە بەرامبەر دەنگ و ملکەچیدا.
کاتێک حیزبێک بە ئاشکرا پشت بەم ئاوازە دەبەستێت، لە ڕاستیدا دان بە هەژاریی فیکریی و پووکانەوەی ئەخلاقیی خۆیدا دەنێت. عاتیفە، وەک ماددەیەکی هۆشبەری بەهێز، سەرمەستییەکی کاتی دەبەخشێت، بەڵام کاتێک کاریگەرییەکەی نامێنێت، واقیعێکی تاڵ و ڕووتی بێکاری، گەندەڵی و نادادپەروەری جێدەهێڵێت. ئەو دەنگدەرەی وەک پەڕێکی وشک بە شنەبای ئەم سۆزە کەوتووەتە جوولە، وەفادارییەکەی بۆ حیزبەکە نییە، بەڵکو بۆ ئەو خەیاڵ و بتەیە کە حیزبەکە بۆی دروستکردووە. کاتێک واقیع ئەو خەیاڵە دەڕەوێنێتەوە، کاتێک سک برسی دەبێت و کەرامەت بریندار دەبێت، وەفادارییەکەش وەک پەپوولەیەک لەسەر چرایەکی کوژاوە هەڵدەفڕێت. پووکانەوەی حیزب لەم خاڵەدا تەنیا ئاشکرا دەبێت، چونکە حیزبەکە هەرگیز بوونێکی ڕاستەقینە و ناوەڕۆکێکی فیکریی نەبووە؛ بەڵكو تەنیا سێبەرێک بووە کە بە ڕووناکیی ئاگری سۆزی خەڵک دروست ببوو. کاتێک ئاگرەکە دادەمرکێت، سێبەرەکەش نامێنێت و دەبێتە قەپێلکێکی بەتاڵ تەنیا بە چەند یادەوەری و هێمایەکی کۆن و ڕزیوەوە خۆی ڕاگرتووە؛ ئیتر نابێتە مەکۆی بەرهەمهێنانی بیرۆکە، بەڵکو دەبێتە گۆڕستانی بیرۆکەکان و مۆزەخانەی شکستەکان.
لە پەراوێزی ئەم سەمایەدا، لە دەرەوەی بازنە ئەفسووناوییەکەی مێگەل، بوونەوەرگەلێکی نامۆ دەژین: مرۆڤە ئاوەزمەندەکان. ئەوانەی لە سەمای مێگەل جیابوونەتەوە و بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە لە دوورەوە سەیر دەکەن. ئەمانە بەشێكی كەم لە پسپۆڕ و ڕۆشنبیرانن، تا رادەیەك دەتوانین بڵێین بوونەتە مێشک ی کۆمەڵگە، بەڵام مێشکێک کە لە جەستەی خۆی دابڕاوە. حیزبی کوردی، وەک شوانێکی ترسنۆک و نەزان، لەم بوونەوەرە نامۆیانە دەترسێت. چونکە ئاوەز، ئاوازی سۆز دەشێوێنێت و ڕاستییە تاڵەکان ڕووتدەکاتەوە. شوان نایەوێت مێگەلەکەی فێری بیرکردنەوە بێت، چونکە دەزانێت یەکەم شت کە مێگەلێکی بیرکەرەوە دەیکات، پرسیارکردنە لە خودی شوانەکە و شەرعییەتی گۆچانەکەی. بۆیە دەرگای قەڵا داخراوەکەی حیزب تەنیا بۆ ئەوانە دەکرێتەوە کە بە جوانی سەمای ملکەچی دەکەن و وەفادارییان بۆ کەسەکانە، نەک بۆ بیرۆکەکان. ئەم دابڕانە، ئەم نامۆبوونەی مێشکی کۆمەڵگە لە جەستەکەی، حیزبی کوردی تووشی وەستان و دواکەوتنێکی مێژوویی و نەخۆشییەکی درێژخایەن کردووە.
تراژیدیای ڕاستەقینە و بێهوودەیی لەوێدا چڕ دەبێتەوە، ئۆپۆزیسیۆنیش کە دەبوو جێگرەوە و هیوا بێت، كەچی هەمان ئاواز دەژەنێت و بە هەمان زمان ی مێگەل قسە دەکات. ئەویش هەوڵدەدات ببێتە شوانێکی باشتر، بەڵام بۆ هەمان مێگەل. ئەو ڕەخنە لە بێتوانایی شوانی پێشوو دەگرێت، بەڵام خۆی هیچ نەخشەیەکی ئاقڵانەو ژیرانەی پێ نییە بۆ بردنە پێشەوەی مێڕییەکە. ئەو تەنیا دەیەوێت هاواری بەرزتر بێت و ئاوازی غەمگینتر بژەنێت. ئۆپۆزیسیۆن لەبری پێشکەشکردنی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی نوێ، کە لەسەر بنەمای بەرنامەیەکی ئەقڵانی و زانستی داڕێژرابێت، دێت و هەمان یاریی سۆز دووبارە دەکاتەوە. ئەو خۆی وەک ئەندازیارێک نابینێت کە نەخشەی بینایەکی نوێ بۆ کۆمەڵگە دەکێشێت، بەڵکو وەک کرێکارێکی تووڕە وایە تەنیا چەکوشەکەی بۆ ڕووخاندنی دیواری کۆن بەکار دێنێت، بێ ئەوەی بزانێت دوای ڕووخان چی بونیاد دەنێت. ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو، وەک ئەوەی لە چارەنووسی گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوودا بینرا، شایەتی ئەم ڕاستییەن؛ ئەوان نەیانتوانی لە ڕۆحی مێگەل و سیاسەتی سۆز داببڕێن، بۆیە یان توانەوە، یان بوون بە بەشێک لە سیستەمە کۆنەکە.
ئەمە قومارکردنێکی کوێرانەیە بە چارەنووسی گەلێکەوە. قومارێکە تێیدا ئۆپۆزیسیۆن پێشوەختە دۆڕاوە، چونکە ئەگەر دەسەڵاتیش بگرێتە دەست، بەهۆی بێتوانایی و نەبوونی بەرنامە و ئەقڵی دامەزراوەیی، هەمان ئەو هەڵانە دووبارە دەکاتەوە کە ڕەخنەی لێ دەگرتن. بەمشێوەیە، ئۆپۆزیسیۆن تەنیا دەسەڵات ناگۆڕێت، بەڵکو بێهیوایی قووڵتر دەکاتەوە و بازنەیەکی بەتاڵی شکست و بێهوودەیی بەرهەمدەهێنێتەوە.