نامەیەکی کراوە لە ڕۆحی نەتەوەیەکەوە بۆ دۆناڵد جەی. ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

فوئاد سدیق
  2026-01-09     1147

سەردار و شکۆی بەرزی بەڕێز دۆناڵد ترامپ

ئەم نامەیە لە قووڵترین چینەکانی ئازار و چاوەڕوانی مێژوویی نەتەوەیەکەوە، بە زمانی فیكرو بە ویژدانی مرۆڤایەتی، دەنووسرێت. ئێوە دیسان لەبەردەم ئاڵنگارییەکی گەورەدان؛ ئاڵنگاری هەڵگرتنی کێشی ئەو ئەمانەتە بێ وێنەیەی کە بە هێزی ئەمەریکا پێدراوە. چونکە حوکمڕانی لەژێر ئاڵای بەهێزترین وڵاتی جیهاندا، تەنها دەسەڵاتێکی سیاسی و سەربازی نییە، بەڵکو زیندانییەكی ئەخلاقی و وجوودییە کە بڕیارەکانی لەناوچەیەکدا، وەک بوومەلەرزە جیهان دەلەرزێنێت. ئەمە پەیامێک نییە بۆ داوای یارەمەتییەکی سادە، بەڵکو هاوارێکە بۆ گەڕانەوە بۆ فەلسەفەی دامەزراندنی وڵاتەکەتان، کە دەبێت دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤ بنچینەی ڕەگەزیی بێت بۆی.

    ئەمەریکا، وڵاتی جەمسەرگرییە قووڵەکانە و لە بنەڕەتدا وڵاتی پارادۆکسە گەورەکانە. لە لایەکەوە، خاوەنی کۆگایەکی سامناکە لەو چەکە ئەتۆمییانەی کە دەتوانن لە ساتێکدا ئەم زەوییە بکەنە خۆڵەمێش و ژیانی ملیارەها مرۆڤ بسڕنەوە. ئەم هێزە وێرانییە، گەورەترین مەترسی مێژووییە کە مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی بووبێتەوە. لە لایەکی ترەوە، ئەم وڵاتە بەردەوام سەرچاوەی دروستبوونی ژمارەیەکی بێ شومارە لە فەیلەسوف و بیرمەندی ڕۆشنگەر، کە هەموو ژیانیان تەرخان کردووە بۆ بەرەوپێشبردنی چەمکی (ئازادی وجوودی)، (دادپەروەری کۆمەڵایەتی) و ڕێزگرتن لە شکۆی مرۆڤ.

   ئەم دوو ڕەهەندە دژبەیەکە، بارێکی قورسی ئەخلاقی خستۆتە سەر شانی هەر سەرۆکێک. بڕیارەکانی ئێوە یان دەبنە هۆی دروستکردنی کەرامەت بۆ نەتەوەیەک، یان دەبنە مۆری ڕازیبوون لەسەر قڕكردنێکی جیهانی. پرسیارەکە لێرەدایە: ئایا تۆ تەنها بەڕێوەبەری هێزی وێرانکەری ئەمەریکایت، یان پارێزەری ویژدانی فەلسەفی ئەم وڵاتەیت؟

  جەنابی سەرۆک، گەر بمانەوێت بە زمانی فەلسەفە پێناسەی بکەین، نەتەوەی کورد نموونەی هەرە زیندووی(تراژیدیای مانەوە)یە لە سەردەمی نوێدا. میللەتێك بە قەبارەی نزیکەی ٥٠ ملیۆن کەس، خاوەنی مێژوویەکی دێرین و شۆڕشێکی خوێناوی بەردەوامن. بەڵام ئەم ژمارە گەورەیە وای نەکردووە ببێتە خاوەنی کەرامەتێکی سیاسی تەواو و ناوچەیەکی ئارام بۆ خۆی. ئەوەی ئێمە داوای دەکەین، قسە لەبارەی تەنها سنوور و جوگرافیا نییە، بەڵکو لەبارەی بنەمایەکی ئەخلاقی دەدوێین کە دەبێت سەرچاوەی یاسا گەردوونییەکان بێت؛ ئەو بنەمایەی کە دەڵێت: هیچ ژمارەیەکی گەورەی مرۆڤ مافی ئەوەی نییە لەژێر داگیرکاریی و نەبوونی ئاسایشدا بژی.

  ئەرکی سەرشانی تۆ، وەک ڕابەری گەورەترین هێزی جیهان، تەنها پاراستنی سنوورەکانی ئەمەریکا و بەرژەوەندییەکانی نییە. بەڵکو لە چوارچێوەی ئەو بنەما فیکرییانەی کە لەلایەن ڕۆشنگەرانی وڵاتەکەت داڕێژراون، ئەرکێکی باڵاتر هەیە کە ناوی لێدەنرێت دادپەروەریی گەردوونی.  کاتێک وڵاتانی هەرێمیی، بە هێزی خۆیان و بێدەنگی جیهانی، بەردەوام لە هەوڵی دروستکردنی خیانەتی ناوخۆیی و لاوازکردنی نەتەوەیەکدان، ئەوە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ شکستی سیستەمی نێودەوڵەتی، کە دەسەڵاتی ئێوە دەتوانێت قەرەبووی بکاتەوە.

  جەنابی سەرۆک، ویستی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی، ئەگەر مەبەستێکی ڕاستەقینەی لەپشتەوە بێت، دەبێت سەرچاوەکەی لە دروستکردنی زەمینەی ڕاستەقینەی ئارامییەوە بێت. بەڵام فەلسەفەی ئاشتی لە دیدی نەتەوە چەوساوەکانەوە، زۆر قووڵترە لەوەی تەنها بە ڕاگرتنی شەڕێک دەستبکەوێت. ئاشتی ڕاستەقینە، بریتییە : لە  سەرەتاوە ڕێگریکردن لە دروستبوونی مۆتەکەی وێرانکاری نەك ئەوەی لە زۆرێک لە ڕووداوەکانی سەردەمی دەسەڵاتی ئێوەدا بینرا، بریتی بوو لە هەوڵدان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شەڕ دوای ئەوەی خوێنێکی زۆر دەڕژا. ئەمە ناوزەد دەکرێت بە(ئاشتی پاش قڕكردن و وێران كردن)،نەک ئاشتی بە پێشگیری. چ ئەخلاقێک ڕێگە دەدات ژیانی مرۆڤەکان وەک کارتێکی سیاسی و بازرگانیکردن بە خوێن مامەڵەی پێ بکرێت؟

ئەگەر بمانەوێت هەڵسەنگاندنێکی فەلسەفی بۆ چەمکی "بەرپرسیارێتی سەرۆکایەتی" بکەین، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو گۆشە تاریکانەی کە هێزی گەورە تووشی ئیفلیجی بوو: وێرانکاری و قوربانییە بێشومارەکانی غەزە، کە لە هەندێک قۆناغی سەرۆکایەتی ئێوەدا بە چڕی ڕوویاندا، نموونەیەکی بەهێزی شکستی ئەخلاقی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوون. سیاسەتی ئەمەریکا لەو کاتەدا زۆرجار وەک بێدەنگی یان تەنانەت ڕەزامەندییەکی پشتگوێخراو لێکدرایەوە. چۆن دەکرێت وڵاتێک بە ناوی دیموکراسی و مافی مرۆڤەوە، لە ئاستی کوشتارێکی بەرفراواندا چاوەڕێ بکات و قسەیەکی یەکلاکەرەوەی نەبێت؟ ئەمە لە فەلسەفەی دادپەروەریدا پێی دەوترێت تاوانی بێدەنگی، کە بە قەد تاوانی کوشتن قورس و دژە مرۆڤانەیە.

وێرانکاری سووریا و پشتکردن لە کورد:
ئەمڕۆ لە سووریا، بە تایبەت لە ناوچەکانی وەک حەلەب، بێدەنگییەکە لێکەوتەی ڕاستەوخۆی کاولکاری هەبوو. کوردەکان، کە قارەمانانە دژ بە تاریکپەرستەکانی داعش دەجەنگان و قوربانیی بێشوماریان دا، دواتر لەلایەن ئەو هێزە خۆسەپێنانەوە لێیان درا و سووتێنران کە دەبوو ئەمەریکا ڕێگرییان لێ بكات.  

جەنابی سەرۆک، ئێوە لە بەردەم پرسیارێکی ویژدانی گەورەدان: چۆن دەتوانن بێدەنگ بن لە بەردەم ئەو سەرکردانەی کە تا دوێنێ بە تیرۆریست و سەرپێچی یاسایی هەژمار دەکران و ئێستا خەریکی هێرشکردنە سەر نەتەوەیەكن کە لە دژی تیرۆری جیهانی ئازاترین و باشترین هاوپەیمانی ئێوە بوون؟ ئایا جەنابتان، لەسەر کورسی دەسەڵات، تەنها سەیری ئەو ڤیدیۆ تراژیدییانە دەکەی کە تێیدا خەڵک بە چەکی پێشکەوتوو لێیان دەدرێت و دەسووتێنرێن، بێ ئەوەی هەست بکەن ئەرکی سەرەکیی خۆتان ون کردووە و خۆتان لە ڕۆڵی ڕابەرایەتی دادپەروەریی گەردوونی بە تەواوی دابڕاندووە ؟

بەڕێز ترامپ، ئێوە باش دەزانن ژمارەیەک لە ناودارترین فەیلەسوف و بیرمەندانی وڵاتەکەتان، وەک چۆمسکی، فۆکۆیاما، مارتا نوسباوم، کۆرنێل وێست، مایکل ساندێل، جگە لە دەیان فەیلەسووفی دیكە لە جیهان  نموونەی  بێرنارد هێنری لێڤی  فەڕەنسی، هەڵوێستێکی توند و ڕەخنەگرانەیان بەرامبەر بە سیاسەتەکانتان هەبوو. ئەمە تەنها ڕەخنەی سیاسیی کاتی نەبوو، بەڵکو بانگەوازێکی قووڵ و فەلسەفی بوو بۆ گەڕانەوە بۆ بەها ئەخلاقی و ڕۆشنگەرییەکانی دامەزراندنی ئەمەریکا ، بۆ دادپەروەری. ئەگەر سەرۆکێک گوێ لە دەنگی قووڵی ڕۆشنبیری نەتەوەکەی خۆی نەگرێت، کە نوێنەرایەتی ویژدانی زیندووی ئەمەریکا دەکەن، ئەوا ڕێگەیەکی گرتووەتە بەر کە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی دابڕانێکی مێژوویی لەگەڵ بنەما سەرەکییەکانی وڵاتەکەی خۆی.

جەنابی سەرۆک، ئێستا کاتی ئەوەیە بە کردەوە بیسەلمێنن ئەمەریکا تەنها هێزێکی سەربازی پڕ چەک نییە، بەڵکو هێزێکی ڕاستەقینەیە بۆ چەسپاندنی دادپەروەریی گەردوونی.

میللەتی کورد، لە ئێستادا و لە چاوەڕوانییەکی مێژوویی و هەناسەسارد دا، داوای هەڵوێستێکی مرۆڤدۆستانە و یەکلاکەرەوەتان لێدەکات. پێویستە سنوورێکی زۆر تۆخ و نەگۆڕ بۆ ئەو هێز و سەرکردانە دابنێیت کە دژایەتی مافی مانەوەی ئەم نەتەوەیە دەکەن، بەتایبەتی لە ناوچەکانی سووریا. ئەحمەد جۆلانی (فەرماندەی ئێستای گرووپێکی توندڕەو کە ناوی شەرعی لەخۆی ناوە) یەکێکە لەو فیگەرانەی کە دەبێت بە یەکجاری و بێ دواکەوتن ڕێگە نەدرێت، لەژێر سێبەری بێدەنگی جیهاندا، هێرش بکاتە سەر نەتەوەیەک کە خۆڕاگرییەکەی بووە هۆی پاراستنی ژیانی هەزاران هاوڵاتی ئەمریکی و ئەوروپی لە مەترسی تیرۆر.

ئێمە چاومان لە (هیممەت)ی مرۆڤدۆستانەی تۆیە. بڕیارەکانتان لەم قۆناغەدا تەنها پەیوەندی بە دەنگی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکاوە نییە، بەڵکو لەسەر میزانی حوکمی مێژوو هەڵدەسەنگێنرێت، کە گەورەترین ڕووبەری ئەخلاقی دادەپۆشێت. مێژوو هەڵوێستی ئەو سەرۆکانە بە زێڕ دەنووسێتەوە کە ئازایەتی ئەوەیان هەبێت لە پێناو دادپەروەری و شکۆی مرۆڤایەتیدا دەست لە قازانجی سیاسی هەڵگرن.

کورد تەنها داوای ژیانێکی کەرامەتمەند دەکات؛ نەتەوەیەک کە شایستەی ژیانێکی ئارامە لەسەر خاکی خۆی، دوور لە داگیرکاری، ترس و خیانەت. هیوادارین ئەو دەسەڵاتە بێ وێنەیەی کە لە دەستتدایە، بەکار بهێنی بۆ گەیشتن بەو دادپەروەرییەی کە هەموو فەیلەسوفەکانی ئەمەریکا خەونیان پێوە بینیوە و نەتەوەکەی ئێمەش ماوەی سەدان ساڵە چاوەڕێی دەکات.

بەوپەڕی ڕێزەوە و چاوەڕوانی ئێمە کە لە خوێنی نەتەوەیەکی ماندوودا پەنگ دەخواتەوە،

لە ناخی نەتەوەیەکەوە کە تا ئێستا بێ پشت و پەنا ماوەتەوە و هێشتا هەر شانازی بە خۆڕاگرییەکەیەوە دەکات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×