قەیرانی مرۆڤبوون

فوئاد سدیق
  2026-02-05     386

   مرۆڤ تاكە بوونەوەرێکە دەتوانیت مەغزای بوونی خۆی بدۆزیتەوە، دەتوانیت دروستیبکات و تێکیبدات، عاشق بێت و رقی هەبێت، هەڵبسیتەوە و بکەوێت. نیچە دەیگوت: مرۆڤ لە نێوان ئاژەڵ و مرۆڤی باڵادا رایەڵەیەكە درێژکراوەتەوە. ئەمە ئاماژەیە بۆ توانای بێسنووری مرۆڤ بۆ تێپەڕاندنی خۆی، بۆ بەرزبوونەوە لەسەر سنوورە بایۆلۆژییەکان و گەیشتن بە قۆناخێکی باڵاتر لە وشیاری و لە بوون، بۆ داهێنان، بۆ خۆشەویستی، بۆ فیداکاری، بۆ بونیادنانەوە، ئەمانەن كە مرۆڤ دەکەن بە گەورەترین و بەنرخترین سەرمایە لەسەر زەوی. سەرمایەیەک هیچ سامانێکی ماددی یان هیچ دەسەڵاتێکی سیاسی ناتوانێت قەرەبووی بکاتەوە.

  کاتێک مرۆڤ لە ئەشکەوتەکاندا دەژیا و ئەویش لەگەڵ جوولەو گەشەی سروشتدا سەمای دەکرد، بنەماکانی مرۆڤایەتیبوونی وەک ئەستێرەکانی شەو دەدرەوشانەوە. سادەیی ژیان، هاوکاریی بێگەرد، رێزگرتن لە یەکتر، پابەندبوون بە ویژدان، جاران ئەمانە بنەمای ژیان بوون. مرۆڤبوون لەو کاتەدا پێکهاتەیەک بوو لە خۆشەویستی، لە سۆز، لە گیانفیدایی. ئەمە ئەو کاتە بوو مرۆڤ هێشتا بە قووڵی لەگەڵ سروشت و لەگەڵ ناخی بێگەردی خۆیدا دەژیا، پێش ئەوەی بەهای دەستکرد و بێماناکانی شارستانییەت بیرکردنەوە و رەفتارەکانی داگیر بکەن. نیچە زۆر هاواری بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو هێزە سەرەتایی و پاکەی مرۆڤ دەكرد، هاوار بۆ شکاندنی ئەو کۆت و بەندانەی لە بەردەم گەشەکردنی خودی راستەقینەی مرۆڤ رێگرن، خودێک کە خاوەنی ویژدانێکی زیندوو و ئەخلاقێکی پتەوە.

  شارستانییەتەکان گەشەیان کرد و پەرستگاکان دروستکران، فەلسەفە هاتە ئاراوەو هونەر گەیشتە لوتکە. مرۆڤ توانای داهێنان و بیری قووڵی خۆی نیشاندا. ئەفلاتۆن، سۆکرات، شکسپیر، دافنشی، كانت ، ماركس، هیگڵ و دەیانی دیکە، بەرهەمەکانیان وەک چەپکەگوڵێک بوون لە باخچەی مرۆڤایەتیدا و نیشانەی گەورەیی و جوانیی گیانی مرۆڤ بوون. ئەم سەردەمانە نیشانەی ئەو توانایەی مرۆڤ بوون بۆ بەرزبوونەوە، بۆ دروستکردنی مانایەک لە ناو بێمانایی وجوددا، بۆ ئەوەی ژیانی خۆی وەک هونەرمەندێک بتاشێت و بیگۆڕێت بۆ شاکارێک. ئەمەش ئەو ویستی هێز ە بوو کە نیچە باسی دەکرد، واتە حەزی مرۆڤ بۆ زاڵبوون بەسەر خۆیدا و دروستکردنی بەهاکانی خۆی، بەمەرجێک ئەو بەهایانە لەسەر بنەمای ویژدان و ئەخلاق بونیادنرابن.

  بێگومان وەك چۆن هەر گەشەسەندنێک سێبەرێکی هەیە، ئەم پێشکەوتن و شارستانیەتەش، وەک شمشێرێکی دوو دەم کاریگەریی خراپیشی هەبوو. لەگەڵ هەر هەنگاوێکی مرۆڤ بەرەو پێشەوە، سێبەرێکی تاریکتر شوێنی دەکەوت، سێبەری چاوچنۆکی، دەسەڵاتخوازیی بێسنوور، خۆپەرستیی قێزەون. ئەم سێبەرە لەگەڵ پێشكەوتنەكاندا زیاتر قووڵتر بووەوە، تا وای لێهات لە سەردەمی ئێمەدا کە تەکنەلۆژیا گەیشتووەتە ئاستێکی بێوێنە و زانست گەیشتووەتە ئەوپەڕی، بەڵام بەهاکانی مرۆڤایەتی تووشی داڕمانێکی زۆر سامناک هاتوون.

   کەواتە، کاتێک مرۆڤ لە ویژدان و ئەخلاق دادەماڵدرێت، چی روودەدات؟ لێرەدایە قەیرانی راستەقینە سەرهەڵدەدات. مرۆڤی بێ ویژدان وەک ئاژەڵێکی کێوییە، بەڵام ئاژەڵێک خاوەنی هۆش و ئامرازگەلێکی بێهاوتایە بۆ تێکدان. گەورەترین مەترسی بۆ مرۆڤایەتی لەوەدایە مرۆڤ، كە سەرمایە هەرە بەنرخەکەیە، دەگۆڕێت بۆ گەورەترین هەڕەشە. کاتێک ویژدان دەمرێت، ئەخلاق دەشێوێت و ، مرۆڤیش دەبێتە دڕندەیەکی هار  هیچ سنوورێک بۆ دڕندایەتییەکەی ناهێڵێتەوە. وەک ئاژەڵێکی تینووی خوێن، تەنها بەدوای ئارەزووە سەرەتایی و حەزە قێزەونەکانیدا دەڕوات، بە بێ هیچ گوێدانێک بە ئازاری ئەوانی تر یان بە پاشەڕۆژی مرۆڤایەتی. ئیتر هیچ رێزێک بۆ ژیان، بۆ ئازادی، بۆ کەرامەت نامێنێت. دیاردەکانی وەک بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، دەستدرێژی بۆ سەر منداڵان و توندوتیژی بێ ویژدان، پڕ بە مانای وشە رووخانی  مرۆڤایەتییە . نیشانەی ئەوەن مرۆڤ گەڕاوەتەوە بۆ دۆخی  ئاژەڵایەتی، تەنیا بەدوای ئارەزووە سەرەتاییەکانیدا دەڕوات و بەها باڵاکانی فڕێ داوە.

   نیچە دەیگوت: خودا مردووە. ئەم مردنە تەنیا مردنی خودای ئاسمانی نەبوو، بەڵکو مردنی بەهای باڵا و ئەخلاق بوو لە ناو مرۆڤدا. کاتێک خودا دەمرێت، مرۆڤ دەبێت خۆی ببێتە خودا، بەڵام نەک خودایەکی ستەمکار و دڕندە، بەڵکو خودایەکی داهێنەر، خودایەکی باڵا  کە بە ویژدان و ئەخلاقەوە ژیان بەرێوە دەبات. مرۆڤی کۆمەڵ یان پاوەند" (Herd Man)کە نیچە باسی دەکرد، ئەو مرۆڤەیە تەنیا شوێن پێوەر و یاسا بێ بنەماکانی کۆمەڵگا دەکەوێت و توانای بیرکردنەوە و بڕیاردانی سەربەخۆی نییە، بەتایبەتی لە کاتێکدا ئەو پێوەرانە لەسەر ویژدان و ئەخلاق بونیاد نەنرابن.

    لەم هەموو تاریکییەدا، پرسیارێک سەرهەڵدەدات: ئایا مرۆڤایەتی توانای ئەوەی ماوە جارێکی تر بەهاکانی خۆی بدۆزێتەوە؟ ئایا شۆڕشێکی فەلسەفی، شۆڕشێکی رۆحی پێویست نییە بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی لەم قوڕاوە شین و بۆگەنە بێتە دەرەوە؟ ئەم شۆڕشە دەبێت لە ناخی تاکەوە دەست پێبکات، لە گەڕانەوە بۆ بنەماکانی ویژدان و ئەخلاق.

   ئێستا کاتی ئەوە هاتووە چاوێک بە مێژووماندا بخشێنینەوە و بگەڕێینەوە بۆ ئەو بنەمایانەی مرۆڤی وەک بوونەوەرێکی بەرز و پیرۆز دەناساند، بەو مەرجەی پابەند بێت بە ویژدان و ئەخلاقی مرۆڤبوون. کاتی ئەوە هاتووە جارێکی تر رێز لە گیانی مرۆڤایەتی بگرین، رێز لە ژیان، لە ئازادی، لە ویژدان و ئەخلاق. مرۆڤ بەنرخترین گیانلەبەرە لەسەر زەوی ، دەبێت هەر وا  بمینێتەوە، نەک تەنها وەک بوونەوەرێکی دڕندەو رق هەڵگرتوو سەیر بكرێت، بەڵکو وەک سەرمایەیەکی گەردونی کە بەرهەمی رۆح و ئەخلاقییەتی.

    کاتێک ڕۆحەکان وەک تۆزی بەر رەشەبا پەرش و بڵاوە، پرسیاری بوون، وەک ڕەگێک لە ناخی زەویدا، گەشە دەکات. بەهای مرۆڤ، نەک هەر سەرمایەیەکی گرانبەها، بەڵکو خودی ئەو سەرچاوەی ژیانە کە کات و شوێن تێدەپەڕێنێت. قەیرانەکە لەو ساتەوە دەست پێدەکات کە ئەم بەهایە، وەک شلەیەکی پیرۆز، دەبێتە سووتەمەنی بۆ بڵێسەی ئارەزووە دڕندەییەکان.

  منداڵ، ئەو ڕۆحە پاکەی وەک گەڵایەکی ناسک لە باخچەی وجوددا دەلەرێتەوە، دەبێتە قوربانیی ئەم ڕاوچییە تاریکانە. بازرگانی بە جەستەی بێتاوانەوە، دەستدرێژی سێکسی، ئازاردان، یان کوشتن، ئەم کارانە نەک تەنها مرۆڤ لە مرۆڤبوونەکەی دادەماڵن، بەڵکو دەیگۆڕن بۆ ترسناكترین دڕندەی سەر ئەم زەمینە. راستە ئەم جۆرە  بوونەوەرانە شێوەی مرۆڤیان هەیە، بەڵام لە ناخیاندا لە هەموو بەها و بنەمایەکی مرۆڤایەتی داماڵدراون.

  لەوەش کارەساتبارتر، ئەوەیە کە ئەم نا مرۆڤانە بەرپرسیارێتییان هەبێت و وڵات بەڕێوەببەن. ئیتر ئەمە تەنها کارەسات نییە، بەڵکو بۆمبێکی ئەتۆمییە بە درێژایی ویژدانی مرۆڤایەتی دەتەقێتەوە. ئەمە بورکانێکە کە هەموو جیهان دەسووتێنێت، لافاوێکە هەموو مرۆڤایەتی دەخنکێنێت. کاتێک دەسەڵات لە دەستی کەسانێکدا دەبێت بەهای مرۆڤی تێدا مردبێت و ویژدانیان نەمابێت، ئیتر هیچ سنوورێک بۆ وێرانکاریش نامێنێت. لە بری دادپەروەری، بێدادی زاڵ دەبێت؛ لە بری ئارامی، پشێوی دێتە ئاراوە؛ لە بری گەشە،رووخان ڕوو دەدات. ئەوانەی دەبێت پارێزەری بەها پیرۆزەکان بن، خۆیان دەبنە خاڵی لەناوچوونیان. دەسەڵاتداریی بێ ویژدان، دەسەڵاتدارێتییەکە تەنها بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆی و حەزە دڕندەییەکانی دەڕوات، بە بێ گوێدان بە چارەنووسی گەل و نیشتمان.

  چۆن دەبێت لەم سەردەمەی کە فەلسەفە و زانست لەوپەڕی گەشەسەندنی خۆیاندان، مرۆڤایەتی ئاوا ئەتک بکرێت؟ ئەمە پرسیارێکە دەبێت وەک گڕکانێک لە ناخی هەمووماندا بتەقێتەوە. گەشەی بەهای مرۆڤ لە ماوەی پێنج ملیار ساڵدا، نەک تەنها لە بوونەوەرێکی سادەوە بۆ بوونەوەرێکی بیرکەرەوە، بەڵکو لە ناخی ئازار و خەبات و هیوادا، وەک ڕووبارێک کە بەناو بەردەڵانەکاندا ڕێگای خۆی دەکاتەوە، بەردەوام بووە. ئەم خەونی بەها لەکوێ ون بوو؟ لە کوێدا ڕووناکییەکان کوژانەوە و تاریکی جێی گرتنەوە؟

  ئەم دۆخە تاریکە، نیشانەیەکی مەترسیداری تێکشکانە لە پڕۆسەی گەشەسەندنی ڕۆحی مرۆڤایەتی. مرۆڤ، وەک بوونەوەرێکی ئاڵۆز، خاوەنی توانای بێسنوورە بۆ چاکە و خراپە. بەڵام کاتێک خراپە زاڵ دەبێت، کاتێک ویژدان دەخنکێنرێت و بەزەیی نامێنێت، ئیتر مرۆڤ لە چوارچێوەی بوونەکەی خۆی دەردەچێت. ئەوانەی ئەم کارە قێزەونانە ئەنجام دەدەن، تەنها تاوانبار نین، بەڵکو دەبنە هۆکاری رووخانی  گەردوونێک لە ناوەوەی هەر مرۆڤێكدا، ئەو گەردوونەی لەسایەی ئەو دڕندانەوە بەهای مرۆڤی تێدا مردووە.

  کاتێک ئەو کەسانەی لە پۆستی دەسەڵاتدان، خۆیان دەبنە هۆکاری ئەم کارەساتانە، ئیتر مانا و مەبەستی دەسەڵاتداریی گۆڕانکاری بەسەردا دێت. دەسەڵات دەبێت پارێزەری بەها پیرۆزەکان بێت، كەچی ئەوەتا  پلاتفۆرمێکە بۆ حەزە نەخۆشەکان. ئەمە نیشانەیەک نییە بۆ کۆتایی جیهان، بەڵکو بۆ کۆتایی مانا و بەهای بوونە. لەم کاتەدا، دەبێت هەست بە بەرپرسیارێتییەکی گەورە بکەین. دەبێت وەک ڕووناکییەک لەناو تاریکیدا بگەشێینەوە و جارێکی تر بەهای مرۆڤ بەرز ڕابگرین. ئەمە تەنها ئەرکی حکومەت یان ڕێکخراوێک نییە، بەڵکو ئەرکی هەر تاکێکە کە بەشێکە لەم مرۆڤایەتییە. چونکە لە کۆتاییدا، گەردوون بێدەنگ دەبێت، بەڵام ویژدانی مرۆڤایەتی قسە دەکات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×