هاواری کەرامەت لە سەردەمی بەربەرییەتدا(حەمە رەش)بە نموونە

فوئاد سدیق
  2026-05-18     809

  لە نێوان چەمکی وجود و چەمکی دەسەڵاتدا، پێوەندییەکی ئاڵۆزو تێكهەڵكێشراو هەیە تەنیا یاسا وەک ڕێکخەرێکی ئەخلاقی باڵا دەتوانێت هاوسەنگییەکەی بپارێزێت و مرۆڤ لە غەریزە دڕندەییەکانی دەسەڵات بپارێزێت. کاتێک جەستەی مرۆڤ دەکرێتە مەیدانی تاقیکردنەوەی دڕندەیی و ملهوڕی، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە ئێمە لەبەردەم قەیرانێکی سیاسیی سادەدا بین، بەڵکو لەبەردەم داڕمانی وجودو ئەخلاق و رووخانی تەواوی ئەو یاساو نەریتانەین كە كۆمەڵگایان لەسەر بونیاد نراوە. ڕووداوەکەی حەمە ڕەش، گوزارشتێکی ڕووت و بێپەردەیە لەو دۆخە بەربەرییەی کە کەرامەتی مرۆڤ دەکرێتە قوربانیی غەریزە فاشیستییەکانی دەسەڵاتێکی دوور لە هەموو بەهاو نەریتێكی ئەخلاقی. ئەم ڕووداوە ئاوێنەیەکی خاوێنە ڕووخساری ڕاستەقینەی حوکمڕانییەک دەردەخات کە یاسا نەک هەر ناتوانێت پارێزگاری لە مرۆڤ بکات، بەڵکو دەبێتە ئامرازێک بۆ شەرعییەت دان بە سڕینەوەی بەهاکانی مەردایەتی و ئازادی و شكۆ.

   ئاخر کەرامەت جەوهەری پیرۆزی بوونی مرۆڤە و هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر ئەم جەوهەرە، بە واتای هەڵوەشاندنەوەی هەموو جۆرە بەهایەكی مرۆڤایەتی و كۆمەڵگا دێت. حەمە ڕەش کاتێک لەژێر چەقۆ و لێداندا، بەو جەستە بریندار و شکاوەیەوە ڕوو لە دادوەر دەکات و هاوار دەکات، ئەو تەنیا بەرگری لە خۆی ناکات، بەڵکو بەرگری لە دوایین پاشماوەکانی ویژدانی گشتی دەکات لە نیشتمانێکدا کە مێرخاسی بەرەو ئاوابوون دەڕوات و، بە ئەسەفێكی قووڵەوە خەریکە دەبێتە ئەفسانەیەکی لەبیرکراو. حەمەرەش لەو ساتەدا دەبێتە تاقە نوێنەری ڕاستەقینەی مرۆڤی ئازاد، چونکە لەناو جەرگەی تاریکی و لەژێر هەڕەشەی چەقۆو مەرگدا، زمان دەپێچێتەوە بە دەوری ڕاستیدا و بێدەنگیی دادوەرەکان شەرمەزار دەکات. لێرەدا پرسیارە جەوهەرییەکە سەرهەڵدەدات ئایا دادوەرەکان لەو ساتەدا سەیری چییان دەکرد؟ ئایا ویژدانی ئەوان وەک دەزگایەکی پارێزەری حەق، چۆن توانی بەرگەی ئەو هاوارە بگرێت کە لە قووڵایی زامەکانەوە دەردەچوو؟ دادوەرێک نەتوانێت کەرامەتی مرۆڤێک لەناو هۆڵی دادگادا بپارێزێت، هەرگیز ئەو دادوەرە پارێزەری دادپەروەری نییە، بەڵکو بووەتە فەرمانبەرێکی تەکنیکی لەناو ئامێری سەرکوتکردنی دەسەڵاتێكی ملهوڕدا، کە تەنیا زمانی زەبروزەنگ تێدەگات.

  ئای لەو جەستەیەی حەمە ڕەش! ئەو جەستەیەی ئێستا بووەتە مەیدانی جەنگی نێوان ئازار و مەرگ. کێ دەتوانێت گرەنتیی ئەوە بدات لەم چرکەساتە بێدەنگەدا،ئێستا كە لە ژوورە تاریكەكەی زیندانە،  چەقۆکان خەریکی نووسینەوەی داستانێکی نوێی خوێناوی نین لەسەر پێستی ئەو مرۆڤە؟ هەر زامێک لەسەر جەستەی ئەو، پەنجەرەیەکە بەرەو دۆزەخێک کە ئێمە بە دەستی خۆمان دروستمان کردووە. چ نەفرەتێکی مێژووییە دامەزراوەکان، کە بڕیار بوو پەناگەی ڕۆح بن، بوونەتە قەفەزی ئاسنین و مرۆڤی تێدا دەکرێتە قوربانیی غەریزە دڕندەییەکانی سێبەری دەسەڵات.

  ئەرێ چۆن ئەم هاوارە کە لە قووڵایی برینەکانەوە سەرچاوەی دەگرت، نەبووە بوومەلەرزەیەک بۆ هەژاندنی پایە ڕەزیلەکانی ئەخلاقتان؟ ئایا ئەخلاق لای ئێوە تەنیا دەمامکێکی پلاستیکییە بۆ شاردنەوەی دەموچاوی بەربەرییەت؟ زۆر سەیرە!  ئێمە لەسەر تەرمی هەزاران خەون و قوربانی، بینایەکمان بە ناوی نیشتمان دروست کرد، کەچی ئێستا ئەو بینایە بووەتە شوێنێک کە هەمووان لەژێر چاودێریی بەردەوامدان ، لە راستیدا دۆزەخێكە کوردبوون و مرۆڤبوون لەناو تەنووری زوڵمدا دەسووتێنرێن. ئێمە خوێنمان بە مێژوو بەخشی تا ژیان بئافرێنین، کەچی ئێستا بەربەرییەتێکی کوردیمان بەرهەم هێناوە کە ئازادی، وەک حەمە ڕەش، لە ژێر پێڵاوی جەلادەکاندا دوا هەناسەکانی دەژمێرێت. ئەمە تەنیا کارەساتێکی یاسایی نییە، ئاخر ئەمە ئیفلاسی وجودە لە نیشتمانێکدا کە مەرگی خۆی پیرۆز دەکات.

  بێدەنگیی دەزگای دادوەری و بەتایبەت داواکاری گشتی، نیشانەیەکە بۆ مەرگی یاسا لەو وڵاتەدا. داواکاری گشتی لە هەموو سیستەمێکی یاسایی و مەدەنی جیهاندا، پارێزەری مافی گشتی و پارێزەری ئەو بەهایانەیە کە کۆمەڵگای لەسەر بونیاد نراوە. کاتێک ڕووداوێکی وەها توندوتیژ و نائینسانی دەبێتە ڕۆژەڤ و داواکاری گشتی بێدەنگی هەڵدەبژێرێت، ئەمە بەو واتایە دێت ئیدی شتێک نەماوە بەناوی یاسای سەروەر. ئەم ماتبوونە نەک هەر کەمتەرخەمییە، بەڵکو هاوبەشییەکی ڕاستەوخۆیە لەو تاوانەی بەرانبەر بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدرێت. کاتێک چەقۆ دەبێتە زمانی گفتوگۆ و، ترس دەبێتە کەشوهەوای ژیان، دەبێت داواکاری گشتی یەکەم دەنگ بێت کە ئەو بێدەنگییە دەشکێنێت، بەڵام کاتێک ئەویش دەبێتە بەشێک لە سێبەری دەسەڵاتە ملهوڕەکە، ئەوا کۆمەڵگا بەرەو دارستانێکی سیاسی هەنگاو دەنێت کە تەنیا دڕندەکان مافی ژیانیان هەیە.

 لەولایشەوە، دەستەی مافی مرۆڤ و ئەو دەیان و سەدان ڕێکخراوەی ناوی کۆمەڵگای مەدەنییان هەڵگرتووە، لە تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی و ئەخلاقیدا شکستیان خوارد. مافی مرۆڤ تەنیا دروشمێکی جوان نییە بۆ ناو کۆڕ و کۆبوونەوەکان، دامەزراوەیەكیش نییە تەنیا بۆ ئیمتیازات بەخشینەوە، بەڵکو مانیفێستێکی کردەییە بۆ پاراستنی جەستە و گیانی مرۆڤ لە هەرەشەی دەسەڵاتی فاشیست. بێدەنگیی ئەم دەزگایانە و دەرنەکردنی بەیاننامەیەکی توند کە جیهان بلەرزێنێت، ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەم ڕێکخراوانە بوونەتە پاشکۆی سیاسی و ناتوانن نوێنەرایەتی ئازارەکانی خەڵک بکەن. کاتێک مرۆڤێک بەو شێوە بەربەرییە ڕەفتاری لەگەڵ دەکرێت، پێویست بوو ئەم دەنگە بگاتە هەموو ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، نەک ئەوەی لەناو بازنەیەکی داخراودا دیزەبەدەرخۆنە بکرێت. ئەم ماتبوونە مانای وایە کەرامەتی مرۆفی کورد لای ئەم دەزگایانە نرخێکی ئەوتۆی نەماوە و بەرژەوەندییە حزبی و تایبەتییەکان هەموو بەها ئینسانییەکانیان قووت داوە.

  ئەگەر سەیری پێکهاتەی نوخبەی وڵات بکەین، لە ڕۆشنبیران و پیاوانی ئایینی، دەبینین ئەوانیش لەناو ئەشکەوتی بێدەنگی و ترسدا نوقم بوون. ڕۆشنبیرێک نەتوانێت لە ئاست ئازارەکانی حەمە ڕەشدا هەڵوێستێکی فەلسەفی و مرۆیی هەبێت،دڵنیابن خاوەنی هیچ بەهایەکی مەعریفیش نییە. ئایین کە بانگەشەی دادپەروەری و پاراستنی مەزڵووم دەکات، کاتێک لە بەرانبەر ئەم هەموو ئازارو و بەربەرییەتەدا بێدەنگ دەبێت، جۆرێک لە هاوبەشیی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ زۆرداردا نیشان دەدات. ئەم وڵاتە لەبەردەم هەڵدێرێکی گەورەدایە، چونکە کاتێک ویژدانی ڕۆشنبیر و پیاوی ئایینی دەمرێت، هیچ چرایەک بۆ ڕووناککردنەوەی ڕێگای ئازادی نامێنێت. ئەم نوستنە قووڵەی نوخبە، فەزایەکی بۆ دەسەڵاتی ملهوڕ ڕەخساندووە کە بە ئارەزووی خۆی کەرامەتی مرۆڤەکان پێشێل بکات و یاسا بکاتە گاڵتەجاڕی. كە ئێستا  لە قووڵترین  خاڵی گاڵتەجاڕیدا یارییەكی شێتانە دەكات.

  سلێمانی، ڕۆژانێک لانکەی ڕۆشنبیری و پێکەوەژیان و جوانی بوو، ئێستا خەریکە لەژێر سایەی ئەم حکومڕانییە فاشیستییەدا دەبێتە شارێکی خەمناک و تاریک،ئاخر ئەم شارە  بۆنی خوێنی لێ دێت!. کاتێک ناوی شارێک لەگەڵ ڕووداوی وەکو حەمە ڕەش و لالەزار و دیمەنە دڕندەییەکان گرێ دەدرێت، ئەوە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ لەدەستچوونی شوناسی راستەقینەی ئەو شارە. ئەو ڕەشەبایەی ئێستا لەم شارەدا هەڵدەکات، ڕەشەبایەکی سیاسیی ژەهراوییە دەیەوێت هەموو دەنگێکی دلێر کپ بکات و ترس لەناو دڵەکاندا بچێنێت. کاتێک خەڵک دەترسن بێنە دەرەوە و گوزارشت لە ناخی خۆیان بکەن، ئەمە گەیشتنە بە لوتکەی بەربەرییەت. وڵاتێک کە تاکەکەس هەست بە پارێزراوی نەکات و یاسا نەبێتە قەڵغان بۆی، ئەمە نیشتمان نییە، بەڵکو زیندانێکی گەورەیە کە جەلادەکان بڕیار لەسەر چارەنووسی قوربانییەکان دەدەن. 

   هەرێمی کوردستان لەم دۆخەدا لەژێر چەمکی دەوڵەتی بێ یاسا یان وڵاتی بێسەروبەردا پۆلێن دەکرێت. یاسا کاتێک مانا دەبەخشێت کە بتوانێت گەورەترین بەرپرس و بچوکترین هاوڵاتی لەبەردەم یەک تەرازوودا دابنێت، بەڵام ئەوەی ئێمە دەیبینین جۆرێکە لە فاشیزمی نوێ کە هێز جێگەی حەقی گرتووەتەوە. ئەم جۆرە حوکمڕانییە کە تەنیا پشت بە چەک و ترس و سەرکوتکردن دەبەستێت، مێژوویەکی ڕەشی هەیە و دەرەنجامەکەی هەرەسێکی گشتگیر دەبێت. کاتێک مرۆڤایەتی بۆ حاڵی حەمە ڕەش دەگریێ، لە ڕاستیدا بۆ حاڵی یاسایەکی سەربڕاو و دادپەروەرییەکی لەسێدارەدراو دەگریێ. حەمە ڕەش تەنیا قوربانییەکی جەستەیی نییە، بەڵکو گەواهیدەرێکی زیندووە لەسەر کۆچی دوایی ئەخلاق لەناو کایەی سیاسیی ئەم هەرێمەدا.

  ئەگەر مێرخاسی لەم وڵاتەدا مابێت، تەنیا لەو هاوارانەدایە کە لەژێر ئەشکەنجەدا دەکرێن، نەک لەو کورسییانەی بەناوی یاسا و دەسەڵاتەوە داگیر کراون. حەمە ڕەش وانەیەکی فەلسەفیی گەورەی پێداین، ئەویش ئەوەیە جەستەی مرۆڤ دەکرێت بشکێنرێت، بەڵام هاواری حەق هەرگیز کپ نابێت. ئەم بێدەنگییەی ئێستا باڵی بەسەر وڵاتدا بە تایبەت سلێمانیدا کێشاوە، بێدەنگییەکی کاتییە و لە ناخیدا گەردەلوولێکی گەورەی تێدایە. بەربەرییەت هەرچەندە بەهێز بێت، ناتوانێت بۆ هەتاهەتایە لەسەر خوێن و فرمێسک و کەرامەتی شکاو بژی. ڕۆژێک دادێت دەبێت هەموو ئەو دادوەرە بێدەنگانە و ئەو بەرپرسە ملهوڕانە لەبەردەم دادگایەکی ڕاستەقینەی گەلدا وەڵامی ئەو هاوارانە بدەنەوە کە نەیانویست بیبیستن. تا ئەو کاتە، حەمە ڕەش وەک سیمبولێکی بریندار و وەک ویژدانێکی بێدار لە مێژووی ئەم نیشتمانەدا دەمێنێتەوە و بایەقووشەکانیش لەسەر کەلاوەی ئەو دەسەڵاتە دەخوێنن کە ڕێزیان لە مرۆڤ نەگرت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×