لەتیف هەڵمەت  قسە بكە ئەمە جەنگی نێوان شكۆو  خیانەتە

فوئاد سدیق
  2026-06-15     4387

  مێژوو بۆ ئێمەی نووسەران دادگایەکی ئەبەدییە، مرۆڤ لەبەردەم ئاوێنەی ویژدانی گشتیدا ڕووت دەبێتەوە. کاتێک باس لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو دەکەین، باس لە تاقیگەیەکی گەورەی مرۆیی دەکەین کە جەوهەری مرۆڤەکان لەناو کوورەی ئاگر و ئاسندا تاقی دەکرایەوە. لەو سەردەمە تاریکەدا، دەسەڵاتێکی فاشیستی بەعس وەک ئەژدیهایەک دەیویست ڕۆحی نەتەوەیەک قووت بدات، جەمسەربەندییەکی قووڵی فەلسەفی و ئەخلاقی دروست بوو. لە لایەکەوە، شکۆی مرۆڤبوون لەناو زیندانەکاندا و لەژێر قامچی و زنجیردا، لەناو جەستەی ئەو قارەمانانەدا دەدرەوشایەوە کە مردنیان وەک دوایین جۆری ئازادی هەڵدەبژارد. ئەوان لەژێر توندترین ئەشکەنجەدا، نەک هەر تەسلیم نەدەبوون، بەڵکو بە خوێنی خۆیان مانا و چەمکی نیشتمانیان لە لەناوچوون پاراست. ئەو پێشمەرگانەش کە لە شاخەکاندا، لە سەنگەری بەرگریدا، لەگەڵ سەرما و برسێتی و مەرگدا دەستەویەخە بوون، تەنیا شەڕکەری سەربازی نەبوون، بەڵکو پاسەوانی ئەخلاقی نەتەوەیەک بوون. ئەوان دەیانزانی ژیان بەبێ کەرامەت، تەنیا جۆرێکە لە هەناسەدانێکی بایۆلۆژی ئاژەڵی بێبەها.

  لە بەرانبەر ئەم جوانییە باڵایەی قوربانیدان، دیاردەیەکی قێزەون و تاریک هەبوو، بریتی بوو لە جاشایەتی و خۆفرۆشی. ئەوانەی چوونە ناو سەنگەری دوژمن، یان بە قەڵەم و زمانیان خزمەتیان بەو مەکینە جەهەنەمییەی بەعس دەکرد، تەنیا خیانەتیان لە خاک نەکرد، بەڵکو خیانەتیان لە خودی خۆیان و لە جەوهەری مرۆڤبوونی خۆیان کرد. ئەوان لە قومارخانەیەکی گەورەدا، نەک هەر نیشتمان، بەڵکو کەرامەت و شەڕەف و شوناسی خۆیان زۆر بە هەرزان هەڕاج دەكرد. جاشایەتی تەنیا هەڵگرتنی چەک نییە لە دژی براکەت، بەڵکو هەڵوێستێکی روونە لەسەر بنەمای نزمبوونی ڕۆح و فڕێدانی مۆڕاڵ. ئەو کەسانەی لەو سەردەمەدا بە ناوی جۆراوجۆرەوە بوونە نۆکەری داگیرکەر، لە ڕاستیدا جەستەی خۆیان کردە بەشێک لە پەرژینی زوڵم. نەیانتوانی تێبگەن ژیانێکی کورت بە سەربەرزی، زۆر لە تەمەنێکی درێژ بە سەرشۆڕی، بەهادارترە. مێژوو ئەم جۆرە کەسانە فڕێ دەداتە ناو زبڵدانی مێژوو(ئەو زبڵدانەی حەشاماتێكی سەیری هەڵگرتووە) چونکە ئەوان نەیانتوانی لە ئاستی ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییەدا بن کە قۆناخەکە داوای لێ دەكردن.

  ئەمڕۆ کە لە پەنجەرەی مێژووەوە سەیری ئەو ڕابردووە دەکەین، دەبینین چۆن ڕێگای ئازادی بە تەرمی پیرۆزی ئەو گەنجانە داپۆشراوە کە نەیانویست کڕنۆش بۆ دیکتاتۆر بەرن. جەوهەری نیشتمانپەروەری لای شاعیرە گەورەکانی وەک گۆران و قانع و بێکەس و دڵدار و هەردی و....و.....، تەنیا ڕیزکردنی وشە نەبوو، بەڵکو گۆڕینی وشە بوو بۆ فیشەک و بۆ مەشخەڵی ڕێنماییكردن. کاتێک قانع باسی ئازادی دەکات، هەست بە گەرمیی ڕۆحی دەکەیت کە چۆن لەگەڵ ئازاری میللەتەکەیدا دەسووتێت. کاتێک بێکەسی گەورە هاوار دەکات، ئەوە تەنیا دەنگی ئەو نییە، بەڵکو هاواری هەزاران ساڵەی ستەملێکراوانە بۆ گەیشتن بە داری ئازادی. ئەم شاعیرانە بوونە ویژدانی نەتەوە، چونکە قەڵەمەکانیان تەنیا بۆ حەقیقەت و بۆ خاک دەنووسی. ئەوان فێریان کردین شاعیر ئەگەر لەگەڵ ئازاری خەڵکەکەیدا نەبێت، تەنیا پەیكەرێك لە وشەیەو هیچی دیكە.

  لەم نێوەندەدا، کەسانێک هەبوون قەڵەمەکانیان کردە خەنجەرێک و لە پشتی نیشتمانیان دا. عەبدوڵا عەباس، وەک نموونەیەکی باڵای ئەم بێمۆڕاڵییە، نەک هەر خزمەتی بەو سیستەمە کرد، بەڵکو تا ئێستاش لەناو پاشماوەی ئەو بۆگەنییەدا دەژی کە پێی دەگوترێت بەعس. ئەم جۆرە کەسانە، تەمەنیان لەناو نووشتاندنەوەی سەر و مل و ماستاوکردن بۆ ستەمکار بەسەر بردووە، هیچ کات ناتوانن لە مانا قووڵەکانی ئازادی تێبگەن. ئەوان ریسواکراوی مێژوون. عەبدوڵا عەباس کاتێک دەم دەکاتەوە، تەنیا بۆنی گەندەڵی و خیانەتی لێ دێتە دەرەوە. چونكە لە ناخەوە گەدەڵ و خائین بووە، مرۆڤێکی پووچە دەیەوێت بە ڕاکێشانی ئەوانی تر بۆ ناو زۆنگاوەکەی خۆی، کەمێک لەو شەرمەزارییە کەم بکاتەوە کە 50 ساڵە پێوەی دەناڵێنێت. قسەکردنی ئەم جۆرە کەسانە لەسەر کەسایەتییە ئەدەبییەکان، تەنیا هەوڵێکە بۆ شێواندنی ڕاستییەکان، بەڵام حەقیقەت وەک خۆرە و بە بێژنگی درۆ و بوختانی ئەوان قەت داناپۆشرێت.

ئەوەی جێگای ڕامانێكی قووڵ و هەڵوێستە لەسەر كردنە، ئەو ناوانەیە کە ئەو پاشماوەیەی بەعس دەیانهێنێت. ناوبردنی شاعیرێکی وەک لەتیف هەڵمەت بەوەی کە گوتارەکانی سەدام حوسێنی كردووە بە کوردی، برینێکی قووڵە لە جەستەی ئەدەبیاتی ئێمەدا. لەتیف هەڵمەت ڕۆژانێک بە دیوانەکانی وەک پرچی ئەو کچە رەشماڵی گەرمیان و كوێستانمە، ڕۆحی شۆڕشگێڕیی لەناو گەنجاندا دەخوڵقاند، چۆن دەکرێت لە هەمان کاتدا خەریکی کوردی کردنی گوتارەکانی سەرۆكێك بووبێت کە مێژووی ئەم وڵاتەی بە خوێن سوور کرد؟ ئەمە تەنیا پرسێکی سیاسی نییە، بەڵکو کێشەیەکی گەورەی بوونگەرایی و ئەخلاقییە. چۆن دەکرێت دەستێک کە باسی جوانی و ئەشق و ئازادی دەکات، لە هەمان کاتدا مەرگی میللەتەکەی وەرگێڕێت؟ ئەگەر ئەمە ڕاست بێت، گەورەترین کارەساتی ئەدەبی و مرۆیی لە مێژووی ئێمەدا ڕووی داوە.

  وشە بۆ شاعیر، پیرۆزترین شتە. وشە نامووسی فیکریی ئەدیبە. کاتێک شاعیرێک وشەکانی دەخاتە خزمەت دیکتاتۆرێکی فاشی و خوێنمژ، لە ڕاستیدا خۆی دەکوژێت. لەتیف هەڵمەت ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی گەورەدایە. بێدەنگی لەم کاتەدا، تەنیا جۆرێکە لە دانپێدانانی ناڕاستەوخۆ. ئەگەر ئەو شاعیرەی کە ئێمە بە شیعرە نیشتمانییە ڕۆمانسییەکانی دەمانناسی، لە پشت پەردەوە خەریکی ڕازاندنەوەی ڕووی ناشیرینی بەعس بووبێت، ئەوا ئەو 1400 لاپەڕەیەی نووسیویەتی، تەنیا کایەکی بێسوودن و دەبێت بسووتێنرێن. شاعیر ناتوانێت دوو ڕووی هەبێت؛ یان دەبێت لەگەڵ گەل بێت، یان لەگەڵ جەللاد. ناوچەی خۆڵەمێشی لە نێوان حەقیقەت و خیانەتدا بوونی نییە.

  ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین پێویستە هەموو شتەکان ڕوون ببنەوە. مانیفێستی ڕۆشنبیران کە من کاری لەسەر دەکەم، لە بەرگی دووەمیدا دەبێتە دادگایەکی ڕەخنەیی بۆ هەموو ئەو قەڵەمانەی کە لە کاتی تەنگانەدا پشتیان لە نیشتمان کرد. کەرامەت شتێک نییە بفرۆشرێت و دواتر بکڕدرێتەوە. ئەو نووسەرانەی لە هەشتاکاندا، لە کاتێکدا هەڵەبجە دەسووتا و ئەنفال جەستەی نیشتمانی پارچە پارچە دەکرد، ئەوان لە باوەشی بەعسدا خەریکی بەدەستهێنانی ئیمتیازات بوون، هیچ مافێکیان نییە ئەمڕۆ باسی ئەخلاق و نیشتمانپەروەریمان بۆ بکەن. ئەوان بە شەرمەزارییەوە شەویان کردەوەو بە سەرشۆڕییەوە دەژین و هەر بە سەرشۆڕیشەوە  دەمرن.

عەبدوڵا عەباس، ئەو جاشە قەڵەمفرۆشەی پەنجا ساڵە لەناو زۆنگاوی خیانەتدا مەلە دەکات،كە تەنیا زۆنگاوەكە پڕ نەبوو لە بەكتریا، بەڵكو ناخی عەبدوڵا عەباسیش  سەرتاپای بەكتریایە، چۆن دەبێت ئێستا وەک قارەمان دەربکەوێت. ئەمە نیشانەی تێکچوونی بەهاکانە لەم وڵاتەدا. ئەگەر دادپەروەری هەبووایە، دەبوو ئەم نا پیاوە لەناو گرتووخانەدا تاوانەکانی بژاردبایە، نەک ئێستا لە شاشەی میدیاکانەوە ژەهری خۆی بڕێژێت. بەڵام ریسواییەک کە مێژوو پێی بەخشیوە، لە هەموو گرتووخانەیەک توندترە. ئەو بۆ هەتاهەتایە لە زیندانی ویژدانی گشتیدا بەندکراوە و هیچ ئاوێک ناتوانێت پیسییەکانی ڕۆحی بشواتەوە.

  لەتیف هەڵمەت دەبێت بێتە دەنگ. ئەو بەرپرسیارە لەبەردەم ئەو نەوەیەی کە بە شیعرەکانی ئەوەوە گەورە بوون. ئەگەر ئەو قسانەی عەبدوڵا عەباسی بەعسی ڕاست بن، ئەوا لەتیف هەڵمەت نەک هەر ڕوورەشی دنیا و قیامەتە، بەڵکو خیانەتێکی گەورەی لە خودی شیعریش کردووە. چۆن دەکرێت شاعیری گورگەکان،گەردەلوولی سپی، سروودی هەژاران،  خۆی ببێتە یەکێک لەو گورگانەی کە جەستەی ئەم نیشتمانەیان دادڕی؟ ئەمە پرسیارێکی کوشندەیە و تەنیا بە ڕاستگۆییەکی بێوێنە وەڵام دەدرێتەوە. ئاخر وشەکان وەک چۆن دەبنە تاجی سەر، ئاوەهاش دەتوانن ببنە پەتی سێدارە بۆ ئەوانەی خیانەتیان لێ دەکەن. نیشتمان پێویستی بەو ڕۆشنبیرانەیە بەرگەی ئازارە قوڕسەكان بگرێت و سەنگەری نەتەوەكەی چۆل نەكات، چۆن دەبێت  وەک سێبەر لەگەڵ ستەمکاردا بە رێگادا بڕوات، ئەمە خیانەتە، خیانەت لە نیشتمان، خیانەتە لە ژیان و، ئەوەی ئەمەی کردبێت، بۆ هەتاهەتایە لە دەرەوەی بازنەی مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە.

  مرۆڤ لە جەوهەردا جگە لە هەڵوێست هیچی تر نییە و ئەوەی ئەم جەوهەرە لە نەبوون دەپارێزێت تەنیا ڕاستگۆییە لەگەڵ خود و نیشتماندا. کاتێک باس لە مێژووی خوێناوی نەتەوەیەک دەکەین کە لە نێوان بەرداشی فاشیزم و ئیرادەی ڕزگاریدا دەهاڕدرا، دەبێت تێبگەین نووسین لەو ساتانەدا تەنیا ڕەفتارێکی جوانناسی نەبووە، بەڵکو واژۆکردنی پەیماننامەیەک بووە لەگەڵ مەرگ یان خیانەت. ئەدیب ئەگەر نەتوانێت لە ساتە وەختە گەورەکاندا ببێتە دەنگی بێدەنگەکان و قیژەی برینەکان، ئەوا بوونی ئەو تەنیا زیادەیەکی بێمانای ناو سروشتە. لێرەوەیە ئێمە دەبێت بە چاوێکی زۆر ڕەخنەیی و قووڵەوە سەیری ئەو دەمامکانە بکەین کە ساڵانێکی درێژە ڕووخساری ڕاستەقینەی هەندێک لە ناوە ئەدەبییەکانیان شاردووەتەوە.

  عەبدوڵا عەباس وەک کارەکتەرێکی ڕزیو لەناو مێژوودا تەنیا نوێنەرایەتی خۆی ناکات بەڵکو ئەو جۆرە لە بوون دەخاتە ڕوو کە مرۆڤ دەبێتە پاشکۆی ستەمکار و وەک سێبەرێکی بێڕۆح لە دوای جەللادەکان دەگەڕێت. ئەو کەسەی پەنجا ساڵی تەمەنی لەناو بۆگەنی بەعس و جاشایەتیدا بەسەر بردبێت نەک هەر ناتوانێت حەقیقەت بڵێت،بەڵکو هەموو وشەیەکی کە دەیشڵێت ئاڵودەی ئەو ژەهرەیە کە لە ناخیدا نیشتووە. بەڵام مەترسییەکە لەوەدا نییە کە خائینێک قسە دەکات چونکە خائین پیشەی هەر ئەوەیە کە مێژوو بشێوێنێت و ڕاستییەکان سەرەوژێر بکاتەوە ،بەڵکو کارەساتەکە لەو گومانە قووڵەدایە کە دەیخاتە سەر هێما ئەدەبییەکانی ئێمە. کاتێک ئەو باسی وەرگێڕانی گوتارەکانی سەدام حوسێن دەکات و ناوی لەتیف هەڵمەت دەهێنێت ئێمە لەبەردەم درزێکی گەورەی فیكری و ئەخلاقی و جوانیدا ڕادەوستین. ئاخر چۆن دەکرێت مرۆڤێک لە هەمان کاتدا خاوەنی دوو ڕۆح بێت یەکێکیان بۆ ئازادی شیعر بڵێت و ئەوی تریان بۆ ستەمکار کۆیلایەتی بکات؟

  ئەم دووفاقەییە ئەگەر ڕاست بێت گەورەترین شکستی ئەخلاقییە لە مێژووی ڕۆشنبیریی کوردیدا. شاعیرێک کە ئێمە بە شیعرەکانی گورگی ئەو و هاواری گەرمیان و کوێستانی ئەوەوە فێری یاخیبوون بووین، چۆن دەکرێت لە تاریکە ژوورەکانی موخابەراتی بەعسدا خەریکی داڕشتنەوەی گوتارە فاشیستییەکانی سەدام بووبێت؟ وەرگێڕانی گوتاری دیکتاتۆر تەنیا گوازتنەوەی وشە نییە لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر، بەڵکو بەشدارییەکی ڕاستەوخۆیە لە شوشتنەوەی مێشک و چەسپاندنی زوڵمدا. ئەمە جۆرێکە لە جاشایەتیی سپی کە زۆر مەترسیدارترە لە جاشایەتیی چەکداری، چونکە ئەمەیان ڕۆح و هۆشی نەتەوەیەک دەکاتە ئامانج.

 پێویستە ئاماژە بەو مەشخەڵە پیرۆزانە بکەین کە ڕێگای حەقیقەتیان بۆ ڕۆشن کردینەوە. شاعیرانی وەک بێکەسی باوک و قانعی شاعیری چەوساوەكان و گۆران ی نوێخوازو پێشكەوتنخواز  تەنیا بۆ ناو ناوبانگ نەیاندەنووسی. ئەوان دەیانزانی وشە دەبێت ببێتە قوربانی تا بژیت. کاتێک شاعیرێک لەپێناو خاکەکەیدا دەبێتە سووتەمەنی ئەو تەنیا شیعرێکی نەنووسیوە، بەڵکو مێژوویەکی بۆ شکۆ دروست کردووە. ئەو پێشمەرگانەی لە شاخەکاندا بە هەناسەیەکی سارد و بە دڵێکی گەرمەوە بەرگرییان لە کەرامەتی كورد دەکرد، باشترین وەرگێڕی مانیفێستی ئازادی بوون. ئەوان بە خوێنی خۆیان مانایان بە نیشتمان بەخشی، نەک بە ماستاوکردن بۆ ئەوانەی مەرگی ئێمەیان دەویست. جیاوازی نێوان سەنگەری شەرەف و زۆنگاوی جاشایەتی تەنیا لە هەڵبژاردنی جۆری ژیاندا نییە بەڵکو لە تێگەیشتنە لە مانا ئەبەدییەکانی مرۆڤبوون.

  لەتیف هەڵمەت دەبێت تێبگات بێدەنگبوونی لەم ساتەدا هیچ مانییەکی نییە جگە لە ڕاکردن لە حەقیقەت. ئەو کە خاوەنی دیوانێکی 1400 لاپەڕەییە و هەموو تەمەنی خۆی بە شیعر بەخشیوە، دەبێت بزانێت ئەگەر تەنیا یەک ڕۆژ وەک وەرگێڕی گوتارەکانی سەدام کاری کردبێت ئەوا هەموو ئەو مێژووە ئەدەبییەی خۆی بە دەستی خۆی تیرۆر کردووە. ناوی شاعیر ناتوانێت لە تەنیشت ناوی جەللاددا بنووسرێتەوە، مەگەر شاعیرەکە بووبێتە بەشێک لە ئامێری کوشتنی جەللادەكە. ئەگەر ئەو قسانەی عەبدوڵا عەباس بوختان بن ئەوا دەبێت بە توندترین شێوە و بە بەڵگەی ڕوونەوە وەڵام بدرێنەوەو، ئەو جاشە ڕیسوایە زیاتر ڕیسوا بکرێت و، پەلكێشی دادگا بكرێت. بەڵام ئەگەر ئەو قسانە خاوەنی تۆزێک لە ڕاستی بن، ئەوا ئێمە دەبێت سەرلەنوێ پێناسەی چەمکی ڕۆشنبیر لای خۆمان بکەینەوە.لەتیف هەڵمەتیش بەو پیری تەمەنییەوە  فڕێ بدەینە ناو زبڵدانی مێژووەوە بە خۆی و بە  دیوانە 1400 لاپەڕەییەكەی.

مانفێستی ڕۆشنبیران کە ئێستا بەرگی یەكەمم نووسیوەو لە ژێر چاپدایە، تەنیا بۆ پیاهەڵدان نییە بەڵکو وەک تێغێکی تیژ وایە بۆ جیاکردنەوەی گۆشتی ساغ لە گۆشتی گەنیو. لەم نیشتمانەدا زۆرن ئەو نووسەرانەی کە بە ڕۆژ باسی نیشتمانپەروەرییان دەکرد و بە شەویش لەسەر سفرەی بەعس دانیشتبوون. ئەوانەی کەرامەتی خۆیان بە ئیمتیازاتێکی کاتی فرۆشت و نەیانزانی مێژوو هەموو شتێک تۆمار دەکات. بەرگی دووەمی مانیفێستی رۆشنبیران م بۆ ئەو كەسانەیە. ئەو کەسانەی لە هەشتاکاندا کە نیشتمان لە لێواری مەرگدا بوو، خۆیان دزییەوە و بوونە پیاوی رژێم، ئێستاش قەت ناتوانن ببنە ڕێبەری فیکری و ئەدەبی ئێمە. کەرامەت شتێک نییە لە بازاڕی سیاسەتدا مامەڵەی پێوە بکرێت؛ یان هەیتت یان نیتت.

  ریسواکردنی عەبدوڵا عەباس ئەرکێکی نەتەوەیی و ئەخلاقییە چونکە ئەو وەک تاقمەکەی تری جاشەکان دەیەوێت وێنەی خیانەت وەک کارێکی ئاسایی نیشان بدات. ئەو کەسەی پەنجا ساڵە لەناو بۆگەنیدا دەژی و پاشماوەكان دەخوات، دەیەوێت هەموو جیهانیش وەک خۆی بۆگەن بکات. ئەو دەیەوێت بڵێت هەمووان وەک ئەو بوون، بەڵام ئەوە هەڵەیەکی خۆ كوژییە دەیکات. لەم خاکەدا هەزاران گەنج هەبوون تەنیا بۆ ئەوەی وشەیەکی خیانەت نەڵێن گیانی خۆیان كردە قوربانی نیشتمان. هەزاران دایک هەبوون کە بە سەربەرزییەوە تەرمی ڕۆڵەکانیان وەرگرتەوە و کڕنۆشیان بۆ دیکتاتۆر نەبرد. ئەو قارەمانانەی لە زیندانەکاندا لەژێر توندترین ئەشکەنجەدا ورەیان نەڕووخا،باشترین بەڵگەن بۆ ئەوەی کە خیانەت هەڵبژاردەیەکی ناچاری نییە، بەڵکو هەڵبژاردنی مرۆڤە بچووکەکانە.

  ئەگەر لەتیف هەڵمەت ئەو کارەی کردبێت وەک ئەوە وایە ژەهری کردبێتە ناو شیری ئەو نەوەیەی کە بە شیعرەکانی پەروەردە بوون. شاعیری گەورە بەرپرسیارێتییەکی گەورەشی لەسەر شانە. ناتوانێت بڵێت من تەنیا شاعیرم و کاری سیاسەتم نییە، چونکە نووسین لە ژینگەیەکی فاشیزمدا خودی سیاسەتە. هەر دێڕێک کە دەینووسیت یان دەبێتە خزمەت بە ئازادی یان دەبێتە خزمەت بە کۆیلایەتی بكات. چۆن دەکرێت دەستێک کە باسی ئەشقی کچە کوردێکی گەرمیان دەکات لە هەمان کاتدا خەریکی ڕازاندنەوەی گوتاری ئەو کەسە بێت کە ئەو کچەی ئەنفال کردووە؟ ئەمە تەنیا دژبەری نییە، بەڵکو لووتکەی هیچ و پووچی و بێ ئەخلاقییە.

پێویستە ئەم بابەتە بگاتە ئەنجامی کۆتایی. ناکرێت مێژووی ئەدەبی ئێمە بە لێڵی بمێنێتەوە. ئەگەر لەتیف هەڵمەت بێدەنگی هەڵبژێرێت ئەوا بێدەنگییەکەی دەبێتە گەورەترین بەڵگە لە دژی. نیشتمان پێویستی بەو قەڵەمانە هەیە کە وەک شمشێر ڕاست بن نەک وەک کەوان بچەمێنەوە. ئەو کەسانەی لە سەنگەری جاشایەتیدا بوون چ بە چەک و چ بە قەڵەم، چ ئەوانەش كاغەزێكی رێگەپێدراوی جاشایەتییان لە گیرفان نابوو، دەبێت لە لاپەڕە گەشەکانی مێژوو بسڕدرێنەوە. ئێمە لە مانیفێستی ڕۆشنبیراندا جێگایەک بۆ هیچ کەسێک ناهێڵینەوە کە کەرامەتی خۆی بە دوژمن فرۆشتبێت. ئەوانەی لەپێناو خاکدا شەهید بوون ئەوانە ڕێبەری ڕاستەقینەی ئێمەن، نەک ئەوانەی لە باوەشی بەعسدا خەریکی نووسینی شیعری ڕۆمانسی و چیرۆكی رۆمانسی بوون.

  دادگای مێژوو زۆر لە دادگاکانی ئێستا دادپەروەرترە. عەبدوڵا عەباس و هاوشێوەکانی پێشتر لەلایەن مێژووەوە حوکمی ڕیسواییان بۆ دەرچووە و هیچ قسەیەکی ئەوان ناتوانێت ئەو پەڵە ڕەشە لە ناوچاوانیان پاک بکاتەوە. بەڵام بۆ ئەوانەی کە وەک هێمای ئەدەبی دەردەکەون تاقیکردنەوەکە زۆر سەختترە. با لەتیف هەڵمەت بێتە دەنگ و ڕاستییەکان وەک خۆی بڵێت چونکە حەقیقەت تەنیا ڕێگایە بۆ ڕزگاری ئەگەرچی زۆر تاڵیش بێت. مێژوو تەنیا ڕێز لەوانە دەگرێت کە لە ساتە تاریکەکاندا بوونە مەشخەڵ نەک ئەوانەی بوونە بەشێک لە تاریکی و قێزەونی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×