گفتوگۆیەكی فیكرییە لەگەڵ حەمە فەریق حەسەن
دوێنێ برای بەڕێزم كاك حەمە فەریق حەسەن، كۆڕێكی بەناونیشانی(كێ رووناكبیرە)لە یەكێتی نووسەرانی كورد-هەولێر پێشكەش كرد. دیارە هەر ئەم ناونیشانە نووسینی كتێبێكی بەڕێزیانەو ناوەرۆكی كتێبەكەی بە حیساب بۆخستینە روو.
لەبەر ئەوەی حەمە فەریق سیمینارەكەی زۆر پەرت و بڵاو بوو، نەیتوانی ئامانجی راستەقینەی ناونیشانەكە بپێكێ، سەرەڕای ئەوەش كەوتبووە نێو هەندێك هەڵەی فیكرییەوە(كە من چاوەڕوانی ئەوەم لێی نەدەكرد)، بۆیە من لێرەدا ئەو دەروازەیە دەكەمەوە، بەو هیوایەی سەرئەنجام ببێتە گفتوگۆیەكی جدیترو قووڵترو سەردەمانەتر لەبارەی ئەوەی كێ رۆشنبیرە.
ئەگەر بۆ ئەم بابەتە بگەڕێینەوە، نزیكەی 250 ساڵ پێش ئێستا ئەمانۆیل كانت جەوهەرەكەی باس كردووەو ئەمیل زۆلاش لە كێشەی دریفۆس 128 ساڵە ئەم بابەتە وردتر خراوەتە روو. لە دوای ئەم رووداوە، هەر لەلایەن رۆشنبیرە گەورەكان و فەیلەسووفانەوە لێشاوێك لە ناساندنی رۆشنبیریان بۆ هێناوینەتە بەر باس و لێكۆڵینەوە. بەڵام هێشتا چەمکی ڕۆشنبیر یەکێکە لەو چەمکە ئاڵۆزانەی کە لە مێژووی فەلسەفە و فیکری هاوچەرخدا گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە. بۆیە ئەگەر بمانەوێت لە دیدێکی فەلسەفییەوە پێناسەی ڕۆشنبیر بکەین، ناتوانین تەنها بە کەسێکی پڕ لە زانیاری یان خاوەن بڕوانامە ناوی ببەین، چونکە ڕۆشنبیری پیشە نییە، بەڵکو پێگەیەکە بەرامبەر بوون و کۆمەڵگا.
كاتێك باسی رۆشنبیر دەكەین، ناكرێ باسی ئەو سەرچاوە سەرەكی و بنچینەییانە نەكەین كە لەوبارەیەوە لەبەردەستمانن، سەرچاوەی راستەوخۆ لە فەلسەفەی کانتەوە دەست پێ دەكات، كانت كە باس لە ڕۆشنگەری دەکات وەک دەرچوونی مرۆڤ لەو نەفامییەی کە خۆی لێی بەرپرسە. ڕۆشنبیر ئەو کەسەیە بوێریی بەکارهێنانی ئەقڵی خۆی هەیە بەبێ ڕێنوێنی کەسانی تر. بەڵام لە سەدەی بیستەمدا، ئەمە گۆڕا بۆ ئەرکێکی قورستر. ڕۆشنبیر ئەو کەسەیە ئەرکی هەڵوەشاندنەوەی متمانەی لە ئەستۆیە؛ واتە ئەو گومان دەخاتە سەر هەموو ئەو شتانەی کە کۆمەڵگا و دەسەڵات وەک ڕاستی ڕەها دەرخواردی خەڵكی دەدەن. بەم پێیە، ڕۆشنبیر نەفرەتلێکراوێکی هەمیشەیی یە، چونکە ئارامیی گشتی تێکدەدات بۆ ئەوەی ڕاستییەکی قووڵتر دەربخات.
دوای كانت كەم نین ئەوانەی لەسەر رۆشنبیر قسەیان كردووە، راستە هەر یەكەو بە دید و بە شێوازێك تاوتوێیان كردووە، بەڵام دەتوانین هەموویان بە جۆرێك كۆ بكەینەوە، لەگەڵ واقیعی ئەمڕۆ بگونجێ. رەنگە ئێدوارد سەعید باشترین رۆشنبیر بێت كە لەوبارەیەوە قسەی جدی خۆی كردووە. ئەو دەڵێت ڕۆشنبیر ئەو کەسەیە ڕاستی بە ڕووی دەسەڵاتدا دەڵێت. ڕۆشنبیر لای سەعید کەسێکی پیشەگەرو پرۆفیشنال نییە. پڕۆفیشناڵ؛ بەو مانایەی ئەكادیمی نییەو بۆ پارە و پلە و پۆستیش کار ناکات، بەڵکو لەبەر شەیدایی بۆ ڕاستی و دادپەروەری گوتاری هەیە.
لە جیهانێکدا کە تەکنۆلۆژیا و سەرمایەداری دەیانەوێت هەموو شتێک بکەنە کاڵا، ڕۆشنبیر ئەو کەسەیە بەرگری لە مانا دەکات و نایەڵێت مرۆڤ ببێتە ئامێر. ئەرکی رۆشنبیر تەنها گوازتنەوەی مەعریفە نییە، بەڵکو بەرهەمهێنانی پرسیارە. ڕۆشنبیر پێناسە دەکرێت بەوەی کە لە کوێدا وەستاوە؟ واتا پێگەی ئەو لەناو كۆمەڵگاو لەناو ئەو سیستەمە سیاسی و كۆمەڵایەتییەی كە هەیە لەكوێدایە؟ چونكە رۆشنبیر دەبێت لەو شوێنەدا بوەستێت کە ستەمی لێیەو،ئەقڵ تێیدا غایبە.
ڕۆشنبیر مرۆڤێكی وشیارەو لە نێوان سێ جەمسەردا دەژی، ئەقڵێکی ڕەخنەیی و ویژدانێکی بێدار و بوێرییەکی مەدەنی. رۆشنبیر پردێکە لە نێوان هەردوو جیهانی تیۆر و پراکتیکدا. ڕۆشنبیر ڕێگە نادات ڕابردوو بمانچەوسێنێتەوە و ڕێگەش نادات ئێستا هەڵمانخەڵەتێنێت. ترووسکەیەکی تاقانەیە لە تاریکییەكی دەستەجەمعیدا، ئەرکی نیشاندانی ڕێگا نییە بە قەد ئەوەی ئەرکی هۆشداریدانە لە چاڵەکان.
بەهۆی ئەوەی رۆشنبیر ترووسسكەیەكی تاقانەیە، تەنانەت لەناو نیشتمانی خۆشیدا هەمیشە وەک غەریبە دەمێنێتەوە، چونکە ناتوانێت بچێتە ناو قاڵبی هیچ ئایدیۆلۆژیایەکی حیزبی یان دەسەڵاتێکی سیاسییەوە کە ئازادیی بیرکردنەوەی سنووردار بکات. بەکورتی، کاتێک هەمووان دەڵێن بەڵێ، ڕۆشنبیر دەڵێت نەخێر ، چونكە ئەو نەخێرە مەرجی پاراستنی شکۆی مرۆڤایەتییە.
لێرە دەچینە ناو پرسیارێكی قووڵتر، ئایا پرۆفیسۆرەكانی هارڤاردو ئۆكسفۆرد و هاوتاكانیان، رۆشنبیرن؟ بێگومان نەخێر. چونكە لە ڕوانگەی فەلسەفەی سیاسی و کۆمەڵناسییەوە، کەسێک دەکرێت لە باشترین زانکۆی جیهان زانایەکی گەورەی فیزیا، پزیشکی، مێژوو بێت، خاوەنی دەیان کتێب و خەڵاتی نۆبڵیشی وەرگرتبێت، بەڵام تەنیا وەک پسپۆڕ (Expert) یان تەکنۆکرات دەمێنێتەوە. لەبەرچی؟ چونکە ئەو کەسە زانیارییەکانی تەنها لە چوارچێوەی کارەکەی خۆیدا بەکارهێناوەو، دەستی نەخستۆتە ناو کێشە ئەخلاقی و گشتییەکانی کۆمەڵگا. ئەو تەنیا بەرهەمهێنەری مەعریفەیە، ئەكادیمیستێكی بەتوانایە، خاوەنی مەعریفەیەكی زۆرە، بەڵام هەڵوێستی سیاسی و كۆمەڵایەتی و مەعریفی نەبووە. تیۆرەکانی و کتێبەکانی تەنها لە خزمەت پاساودانەوەی سیاسەتەکانی دەسەڵات بووەو هیچ کات ڕەخنەی لە ستەم و نادادی و چەوسانەوە نەگرتووە، ئەوائەمەش بەپێی پێناسەی ئێدوارد سەعید و سارتەرو بۆردیۆو زۆری دیكە ، ئەو كەسە تەنیا کارمەندێكە خاوەنی مەعریفەیەكی بەرزە بەڵام رۆشنبیر نییە، چونكە بە هەموو پێوەرێك ئەركی رۆشنبیر مەعریفەو رەفتارە، بەتەنیا مەعریفە یان بەتەنیا رەفتار قەت ناتكات بە رۆشنبیر. با بابەتەكە زیاتر ورد بكەینەوە، دوو ئوستادی گەورە لە زانكۆیەكی وەك هارڤارد یان هەر زانكۆیەكی بەرز وانە بڵێنەوە، یەكێكیان زانایەکی گەورەی بواری فڕۆکەوانییە، کتێب لەسەر گەشەپێدانی فڕۆکەی جەنگی دەنووسێت و تەنها بیر لەوە دەکاتەوە چۆن فڕۆکەکە لە كاتژمێرێكدا بتوانێ چەند هەزار كیلۆمەترێك ببڕێت. دووەمیان زانای فیزیا نییە بەڵكو رۆشنبیرێكی گەورەیە،بۆنموونە وەك ئالتۆسێر یان چۆمسكی یان ڤیتگنشتاین، ئەمانە زمانناسی گەورەن لە هەمان ئاستی زانا فیزیاییەكە، بەڵام ئەركی رۆشنبیرەكە جیاوازە، دێت و کتێب لەسەر ئەوە دەنووسێت چۆن حکومەتەکان خەڵک هەڵدەخەڵەتێنن و چۆن ئەم چەکانە بۆ کوشتنی خەڵکی بێتاوان بەکاردەهێنن، ئەمە ڕۆشنبیرە. هیچ مەرجیش نییە رۆشنبیر بەردەوام رەخنە لە حكومەت بگرێت و بەردەوام بڵێت نا، نەخێر، بەڵام مەرجە کۆیلەی ئایدۆلۆژیا نەبێت. ڕۆشنبیر ئەگەر لە ناو جەرگەی دەسەڵاتیشدا بێت، کاتێک دەبینێت هەڵەیەک دەکرێت، پێگەکەی خۆی بەکاربێنێت بۆ ڕەخنەگرتن، رۆشنبیرە. ئەگەر کەسێک لەبەر خاتری پارە، پۆست یان ترس، ڕاستییەکان بشارێتەوە، لێرەدا شوناسی ڕۆشنبیرییەکەی لەدەست دەدات و دەبێتە تەکنۆکرات. كەواتە ڕۆشنبیر بوون ئازایەتییەکی ئەخلاقییە پێش ئەوەی بڕوانامەیەکی زانستی بێت. بە کورتی: هەموو ڕۆشنبیرێک دەبێت زانا بێت، بەڵام هەموو زانایەک مەرج نییە ڕۆشنبیر بێت.
کاتێک پڕۆفیسۆرێک لێکۆڵینەوەیەکی قووڵ لەسەر شاعیرێک یان ڕۆماننووسێک دەنووسێت، لێكۆڵەرەكە خەریکی دەوڵەمەندکردنی زمانی نەتەوە و پاراستنی ناسنامەی مرۆڤە. ئەمە بە جۆرێک لە جۆرەکان خەباتە دژی فەرامۆشی و دژی ئەوەی مرۆڤ ببێتە بوونەوەرێکی بێ ڕۆح. ئەگەر ئەو پڕۆفیسۆرە لێكۆڵەرە لە ڕێگەی ئەو شاعیرەوە مانا بۆ ژیان بدۆزێتەوە و دیدگای ئێمە بۆ جوانی و حەقیقەت بگۆڕێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە ڕۆشنبیرە. چونکە لێرەدا ئەو تەنیا زانیاری نەگوازتۆتەوە، بەڵکو تێگەیشتنی ئێمەی بۆ جیهان فراوانتر کردووە. بەڵام شاعیرێك تەنیا باسی مانگی 14 و رووبارو مەمك و باڵای ژن بكات، ئەو كەسە لەوانەیە شاعیرێكی بەتوانا بێت، بەڵام رۆشنبیر نییە. بۆ رۆماننووسیش هەمان پێوەر دروستە. بەڵام ئەحمەدی خانی و حاجی قادر دوو شاعیرو دوو رۆشنبیری گەورەن لەناوماندا.
خاڵێكی دیكە لەبارەی رۆشنبیرەوە هەیە كە زۆر گرنگە: رۆشنبیر مەرج نییە هەمیشە لە شەقام بێت و هاوار بكات، یان لە سۆشیال میدیا تەخسیری بە هیچ شتێك نەكات. رۆشنبیر لەو شوێنەدا دەوەستێت کە بەها مرۆییەکان لێیەوە سەرچاوە دەگرن. هەندێک ڕۆشنبیر لە ناو پەرتووکخانەکاندا گەورەترین کاریگەری لەسەر هۆشیاریی نەتەوە دروست دەکەن، چونکە پاسەوانی لە مانا دەکات. گرنگ ئەوەیە مەعریفەکەی لە خزمەت حەقیقەت و مرۆڤایەتیدا بێت، نەک تەنها وەک پیشەیەک بۆ کۆکردنەوەی پارە یان پلەی زانستی سەیری بکات.
ئیمانوێل کانت، ئەم فەیلەسوفە گەورەیە لە هەموو ژیانیدا لە شارەکەی خۆی کە ناوی کۆنیگسبێرگ بوو دوور نەكەوتۆتەوە. بە پێچەوانەی سارتەر نەچۆتە ناو هیچ خۆپیشاندانێک، قەت لەسەر شەقامیش قسەی بۆ خەڵک نەكردووە. بەڵام کانت لە ناو ژوورەکەیدا کتێبی ڕەخنەی ئەقڵی پەتی نووسی. ئەو بەو کتێبانەی شۆڕشێکی لە ناو مێشک و وشیاری مرۆڤدا دروستکرد تا ئەمڕۆش کاریگەرییەکەی هەر بەردەوامە. كانت فێری کردین چۆن بە سەربەخۆیی بیر بکەینەوە، بەبێ ئەوەی پێویست بکات لە ناو جەنجاڵی سیاسەتدا بین.
تەها حوسێن، بە ڕابەری ڕۆشنگەری عەرەبی دادەنرێت، بەهۆی نابیناییەوە نەدەچووە سەر شەقامەکان بۆ ململانێی فیزیکی. بەڵام لە ناو کتێبخانەکەیدا کتێبی لەبارەی شیعری جاهیلی نووسی. بەو کتێبە توانی هەموو سیستەمی بیرکردنەوەی چەقەبەستووی هەزار ساڵەی ناوچەکە بهەژێنێت. تەها حوسێن تەنیا بە قەڵەمەکەی و لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەی ئەکادیمییەوە، وشیارییەکی نوێی بۆ نەتەوەکەی دروست کرد و بووە هۆی گۆڕانکاری لە سیستەمی پەروەردە و فیکردا.
خۆرخێ لویس بۆرخیس مرۆڤێکی سیاسی نەبوو بە مانای چالاکوانی شەقام، بەڵام چەمکی کتێبخانەی کردە جیهانبینییەک. لە ڕێگای چیرۆک و وتارە فەلسەفییەکانییەوە، تێگەیشتنی ئێمەی بۆ کات، بۆ مێژوو، بۆ شوناس گۆڕی. بۆ هەموومانی سەلماند دەکرێت مرۆڤ لە ناو کتێبەکاندا بژی، بەڵام کاریگەرییەکەی هەموو سنوورەکان ببڕێت.
میشێل فوکۆ ساڵانێکی زۆری ژیانی لە ناو ئەرشیف و کتێبخانە نیشتمانییەکانی فەرەنسادا بەسەر برد بۆ ئەوەی مێژووی شێتی و زیندان و پزیشکی بخوێنێتەوە. لە ناو ئەو کتێبە کۆنانەدا توانی تیۆرێک دەربارەی دەسەڵات دابڕێژێت کە جیهانی تێگەیاند دەسەڵات تەنها حکومەت نییە، بەڵکو لە ناو زمان و مەعریفەشدا هەیە. فۆكۆ لە ناو کتێبخانەوە چەکێکی فیکری دایە دەست مرۆڤایەتی بۆ ئەوەی ڕەخنە لە هەموو دامەزراوەکانی دەسەڵات بگرن.
سپینۆزا فەیلەسوفێکی گۆشەگیر بوو، بژێوی ژیانی لە ڕێگەی تاشینی هاوێنەی چاویلکەوە Lens – عدسة دابین دەکرد. ئەو لە ناو ژوورە بچووکەکەیدا خەریکی نووسینی کتێبی ئەخلاق بوو. لە کاتێکدا هەمووان خەریکی شەڕی ئایینی و سیاسی بوون، لەناو کتێبەکەیدا باسی لە ئازادیی بیرکردنەوە و لێبوردەیی دەکرد. کتێبەکانی ئەو دوای مردنی بوونە هەوێنی دیموکراسی و ئازادیی ویژدان لە ئەوروپادا.
ئەم کەسانە نیشانیان داین ڕۆشنبیر دەکرێت بەرهەمهێنەری ئەو بیرۆکە گەورانە بێت کە دواتر خەڵکی تر دەیبەنە سەر شەقام. بەبێ کارە قووڵەکانی ئەوان لە ناو پەرتووکخانەکاندا، جوولەی سەر شەقامەکان بێ ئامانج و بێ مانا دەبوو. تۆ دڵداری شاعیر بێنە بەرچاوی خۆت، دڵدار لەسەر شەقام شیعری ئەی رەقیب ی نەنووسی، بەڵام ئەو شیعرەی بە هەزاران كەسی رەوانەی سەرشەقام كرد. ئەمە بۆ گران و بێكەس و هەردی و زۆری دیكەش راستن.
بەڵام بابەتێكی دیكەشمان هەیە كە جولیان پێندا ناوی ناوە خیانەتی ڕۆشنبیران. نموونەی ئەوانەش زۆرن، بۆنموونە: هایدگەر وەک فەیلەسوف کاریگەریی تەواوی لەسەر سارتەر و فۆکۆ و دریدا هەبووە. ئەو لە ڕووی مەعریفییەوە بلیمەت بوو. بەڵام کاتێک هایدگەر چووە ناو حزبی نازی و 12 ساڵ لەگەڵیان بوو، یان ئەزرا پاوەند پشتگیری لە فاشیزمی مۆسۆلینی کرد، ئیتر ئەوان ئەو شوناسە ڕۆشنبیرییەیان لەدەست دا کە لە سەرەوە باسمان کرد. ئەمانە مەعریفەی گەورەیان هەبوو، بەڵام بوێریی ئەخلاقییان نەبوو. بوونە خزمەتکاری دەسەڵاتێکی دڕندە. لێرەدا جیاکارییەک دروست دەبێت: ئەمانە لە ڕووی بەرهەمی زانستییەوە بەرزن، بەڵام لە ڕووی پێگەی ڕۆشنبیرییەوە وەک پاسەوانی ڕاستی شکستیان خوارد. هەندێک لە مێژوونووسانی فیکر دەڵێن ئەمانە تەکنۆکراتی فیکری بوون. واتە بۆ داڕشتنی فیكر مێشکێکی گەورەیان هەبوو، بەڵام ویژدانێکی بێداریان نەبوو بۆ ئەوەی بزانن ئەو فیكرەیە لە خزمەت کێدایە. سارتەر دەڵێت ڕۆشنبیر ناتوانێت بێلایەن بێت، ئەگەر پشتگیری لە ستەم کرد، ئەوا لێرەدا خیانەتی لە شوناسی خۆی کردووە.
بە كورتی هایدگەر و پاوەندو ئەوانەی تریش كە وەك ئەو دووكەسە وان وەک بلیمەتی فیکر لە مێژوودا دەمێننەوە، بەڵام وەک نموونەی ڕۆشنبیر ناویان نابرێت. ئەوان بوونە نموونەی ئەو مەترسییەی کاتێک ئەقڵ دەبێتە کۆیلەی دەسەڵات، چ کارەساتێکی لێ دەکەوێتەوە. ڕۆشنبیری ڕاستەقینە تەنها ئەوە نییە خاوەن تیۆر بێت، بەڵکو ئەوەیە تیۆرەکەی نەبێتە چەک بۆ کوشتنی مرۆڤەکان.
مێژووی فیکر و ئەدەب پڕە لەو کەسایەتییە گەورانەی کە خاوەنی ئەقڵێکی گەورە بوون، بەڵام لە تاقیکردنەوە ئەخلاقییەکاندا تووشی شکستی گەورە هاتن. بۆنموونە: کارڵ شمیت، کنۆت هامیسۆن، لویس فێردیناند سیلین، جیۆڤانی جێنتیلی ....هتد. ئەمانە پێمان دەڵێن مەعریفە و زانیاری زۆر، مەرج نییە مرۆڤ بکاتە خاوەن ویژدانێکی بێدار. دەکرێت مرۆڤ لە لووتکەی تیۆریدا بێت، بەڵام لە نزمترین ئاستی هەڵوێستی مرۆییدا بێت. ئەمانە ئەو کەسانەن کە مەعریفەیان هەبوو، بەڵام شوناسی ڕۆشنبیریان وەک ویژدانی گشتی لەدەست خۆیان دا.خۆ ئەگەر كەسێك خاوەنی مەعریفەیەكی بەرز نەبێت و بەردەوامیش رووبەڕووی دەسەڵات ببێتەوەو بە دەسەڵات بڵێت نا، بێگومان نابێتە رۆشنبیر، بەڵكو دەبێتە چالاكوانێكی سیاسی .
با باشترو وردتر روونی بكەینەوە،تۆ فرۆكەیەك بێنە بەرچاوی خۆت، ئەو فڕۆکەیە دوو باڵی هەیە؛ وا دابنێ رۆشنبیر ئەو فڕۆكەیە، باڵێکیان مەعریفەو فیکرە، باڵەکەی تریان هەڵوێستی ئەخلاقی و سیاسییە. ئەگەر تەنیا مەعریفەت هەبێت و هەڵوێستت نەبێت، ئەوا دەبیتە ئەکادیمیستێکی بێدەنگ یان خزمەتکاری دەسەڵات. ئەگەر تەنها هەڵوێستت هەبێت و مەعریفەت قووڵ نەبێت، ئەوا دەبیتە چالاکوانێکی سۆزدار یان پۆپۆلیست.
ڕۆزی بڕایدۆتی Rosi Braidotti تا ئێستا لە ژیاندایە، ئەم فەیلەسووفە پێناسی ڕۆشنبیری دوای مرۆڤ دەکات. پێیوایە لە سەردەمی AI و پێشکەوتنی بایۆلۆژیدا، ڕۆشنبیر ئەو کەسەیە پێمان دەڵێت بێ ئەوەی ببینە کۆیلەی تەکنەلۆژیا چۆن مرۆڤایەتی خۆمان بپارێزین. ئەرکی ڕۆشنبیر لای برایدۆتی دروستکردنی پێوەندییەکی ئەخلاقی نوێیە لە نێوان مرۆڤ و سروشت و ئامێرەکاندا بۆ ئەوەی شکۆی مرۆیی تێدا ون نەبێت.
ڕوتگەر بێریگمان Rutger Bregmanئەم رۆشنبیرە گەورەو گەنجە، پێیوایە ڕۆشنبیر ئەو کەسەیە ئازایەتی ئەوەی هەیە بیرۆكەیەكی نوێ بۆ مرۆڤایەتی دروست بکات. لای ئەو ڕۆشنبیر تەنها ڕەخنەگرتن نییە کە کەموکوڕییەکان نیشان بدات، بەڵکو ئەو کەسەیە پێشنیاری گەورە و کرداری دەخاتە ڕوو بۆ ئەوەی چیرۆکی ژیانی مرۆڤ لە نائومێدییەوە بۆ ئومێد و دادپەروەری بگۆڕێت.
حەمەفەریق حەسەن لە سیمینارەكەی ، بابەتێكی ورووژاند، بەڵام بە داخەوە نەیتوانی تێیدا سەركەوتوو بێت، ئەویش ئەوەبوو، گوتی هەر كەسێك عەلمانی نەبێت ناتوانرێ پێی بگوترێ رۆشنبیر!، كاتێك ئەو قسەیەی كرد، من بیرم بۆ غەزالی و ئیبن تەیمییەو عەلی شەریعەتی و مەولانا رۆمی و ئیبن عەرەبی رۆیشت.
پێویستە لەو تێگەیشتنە چەقبەستووە بێینە دەرەوە كە رۆشنبیری تەنیا بە عەلمانییەتەوە گرێ بدرێت. لە فەلسەفەی هاوچەرخدا، رۆشنبیر ئەو كەسەیە خاوەنی پڕۆژەیەكی فیكرییە، بەرهەمهێنەری واتایە، هەڵوێستێكی ڕەخنەگرانەی بەرانبەر بە واقیع هەیە. ئەگەرچی زاراوەی رۆشنبیر وەك چەمكێكی مۆدێرن لە فەرەنسا سەری هەڵدا، بەڵام كاركردی رۆشنبیری لە ناو مێژووی ئیسلامیدا لە لایەن كەسایەتییە گەورەكانەوە ئەنجام دراوە. غەزالی و ئیبن تەیمییەو شەریعەتی و مەولاناو ئیبن عەرەبی، تەنیا گێڕەرەوەی دەق نەبوون، بەڵكو دەقیان بۆ گۆڕینی كۆمەڵگا یان داڕشتنەوەی جیهانبینی مرۆڤ بەكار هێناوە. ئەمە رێك ئەركی رۆشنبیرە. غەزالی كتێبی تهافت الفلاسفة پڕۆژەیەكی ئیپیستمۆلۆژییە بۆ دیاریكردنی سنوورەكانی ئەقڵ. وەك رۆشنبیرێك توانی كۆی ئەقڵی ئیسلامی دابڕێژێتەوە. غەزالی بەوە بوو بە رۆشنبیر كە پرسیاری لە ئامرازەكانی ناسین كرد و گومانی وەك میتۆد بۆ گەیشتن بە یەقین بەكار هێنا.
ئیبن تەیمییە دەتوانرێت وەك رۆشنبیرێكی ئۆرگانی یان كارا بناسرێت. ئەو خۆ تەنیا فەقێ نەبوو، بەڵكو كەسایەتییەكی ڕەخنەگر بوو دژی هەموو ئەو چەمكە فەلسەفی و مەنتیقییانە وەستایەوە كە پێیوابوو بوونەتە كۆسپ لە بەردەم تێگەیشتنی ڕاستەقینە. لە كتێبی الرد علی المنطقیین، مەنتیقی یۆنانی هەڵوەشاندەوە. ئەمە كارێكی رۆشنبیرییە، چونكە ڕەخنە لە سیستەمی باڵادەستی فیكری گرت. ئیبن تەیمییە رۆشنبیرێكی سیاسی و كۆمەڵایەتیش بوو، بەڵام بە مانا مەعریفییەكەی رۆشنبیر بوو، چونكە خاوەنی پڕۆژەی گۆڕانكاری بوو.
عەلی شەریعەتی روونترین نموونەی رۆشنبیری ئایینی مۆدێرنە. هەر خودی خۆی ئاشكرا باسی چەمكی رۆشنبیر ی كردووە و لە مەلا و زانای ئایینی جیای كردۆتەوە. لای شەریعەتی، رۆشنبیر ئەو كەسەیە ئازاری كۆمەڵگاكەی هەست پێ دەكات و دەیەوێت ئایین وەك ئامرازێك بۆ ڕزگاری و دادپەروەری بەكار بهێنێت. شەریعەتی پردێك بوو لە نێوان سۆسیۆلۆژیای ڕۆژئاوا و فیكری ئیسلامی. شەریعەتی هات ئیسلامی لە فۆرمە كۆنەپارێزەكەی دەرهێنا و كردی بە ئایدۆلۆژیایەكی شۆڕشگێڕانە. دەیگوت رۆشنبیر مەرج نییە پسپۆڕ بێت، بەڵام دەبێت كۆمەڵگا بە ئاگا بهێنێتەوە، بۆیە شەریعەتی مۆدێلێكی تەواوی ئەو رۆشنبیرەیە عەلمانی نییە بەڵام مۆدێرنە.شەریعەتی زوو كۆچی كرد، دەنا مەزهەبێكی نوێی بۆ شیعەگەرایی دادەنا، وەك پێغەمبەری شیعەكان دەناسرا، بەڵام مردن زەفەری پێ بردو لە 44 ساڵی كۆچی دوایی كرد. ئێستاش تەرمەكەی لەئاوارەییەو لە سوریایە. كاكە حەمە فەریق حەسەن ئەمە چۆن رۆشنبیر نییە؟!
مەولانا رۆمی ، هات رەهەندە رۆحی و مرۆییەكەی ئیسلامی زیندوو كردەوە. رۆشنبیری لێرەدا واتە تێپەڕاندنی سنوورە تەسكەكانی مەزهەب و نەتەوە بۆ گەیشتن بە جیهانبینییەكی گەردوونی. رۆمی لە ڕێگەی شیعر و فەلسەفەی ئەشقەوە، ڕەخنەی لەو ئەقڵە گرت كە تەنیا لە ڕووكەشدا دەمێنێتەوە. ئەو رۆشنبیرێكە مرۆڤی لە جەهل و دەمارگیری ڕزگار دەكرد.
ئیبن عەرەبی گەورەترین سیستەمی فەلسەفی لە مێژووی ئیسلامدا دامەزراند ئەویش یەكێتیی بوونە. ئیبن عەرەبی وەك رۆشنبیرێك، هەوڵی دا واتایەكی قووڵتر بۆ بوون و خودا و مرۆڤ بدۆزێتەوە كە لەگەڵ لۆژیكی باوی فەقێكاندا نەدەگونجا. ڕەخنەی لە تێگەیشتنی ڕووكەشانەی ئایین گرت. داهێنەری زمانێكی نوێ بوو بۆ دەربڕینی حەقیقەت. كەسایەتییەكی ئیسلامییە بەڵام لە هەمان كاتدا فەیلەسووفێكی جیهانییە، چونكە پڕۆژەكەی تەنیا بۆ موسڵمانان نەبووە، بەڵكو بۆ تێگەیشتنە لە كۆی گەردوون.
ئەو پێنج كەسایەتییەی باسمكردن، هەر یەكەیان لە سەردەمی خۆیدا شۆڕشێكی فیكرییان بەرپا كردووە و كۆمەڵگایان لە دۆخێكەوە بۆ دۆخێكی تر گواستۆەتەوە، هەر ئەمەشە جەوهەری كاری رۆشنبیری. ئەوان ئەگەرچی عەلمانی نەبوون، بەڵام لە ناو بازنەی ئاییندا پانتاییەكی فراوانیان بۆ عەقڵ و ڕەخنە و داهێنان دروست كرد، ئەمەش بەرزترین ئاستی رۆشنبیرییە
هەڵەیەكی گەورەیە ئەگەر رۆشنبیری تەنیا بە عەلمانییەت ببەستینەوە. رۆشنبیری پێوەندی بە سەرچاوەی مەعریفەوە نییە، بەڵكو پێوەندی بە شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ مەعریفەدا هەیە. رۆشنبیر ئەو كەسەیە ئەم سیفاتانەی خوارەوەی تێدایە: خاوەنی پڕۆژەی فیكرییە و دەیەوێت گۆڕانكاری لە ئەقڵ یان واقیعدا بكات. ڕەخنەگرە و هیچ شتێك وەك خۆی بەبێ لێكۆڵینەوە وەرناگرێت. بەرهەمهێنەری واتایە بۆ ژیان.