هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، پڕیشکی ئاگری راستەقینەی بە زۆربەی گەلانی ناوچەکە و، ئاگری مەعنەویی بە ئابووریی گشت جیهان گەیاندووە. لە عێراقدا، سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش، بە فەرمی خۆیان لە تەرەفگیری بەدوور گرتووە. بەڵام وەکو حاڵی زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە، ئەم جەنگە، بۆتە هۆی ئەوەی هەناردەی نەوت، کە سەرچاوەی سەرەکیی بژێویی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و عێراقە، بە رادەیەکی ترسناک کەم بێتەوە و، لە هەمان کاتدا، هێزی پڕۆکسی و راستەوخۆی هەردوو لایەنی جەنگ، بەرژەوەندییەکانی یەکترییان، لە هەموو عێراقدا کردۆتە ئامانج و رۆژانە ئارامی لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق زەود دەکەن.
لەم دۆخە ئاڵۆزەدا و، لە هەڕەتی پەلەقاژێی دەسەڵاتدارانی هەرێم و هاوتا فێدراڵییەکانیان لە عێراق، بۆ زامنکردنی هەرچی زیاتری هەناردەی نەوت و بەدەستهێنانی سەرچاوەی دارایی ئەوتۆ کە وڵات، بە هەرێمیشەوە، لە ئەگەری درێژخایاندنی شەڕ و قەیرانی ئابووریی جیهانگیر بپارێزێت، لە هەڕەتی ئەو پلەقاژێیە دووقۆڵییەدا، دەسەڵاتدارانی هەرێم بڕیاریان دا، کە ئەم کاتە کاتی رێگرتنە لە هەناردەکردنی نەوت لەو بۆرییەوە کە بە ناو هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت!!
لە سەرەتا وەک هەموو جارێک ئەم هەڵوێستە بە کوردایەتی و داکۆکی کردن لە مافە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و، بە داوای «گێڕانەوە»ی بەشێک لەو «شایستە» داراییانەی هەرێم کە ساڵانی پێشوو، دەسەڵاتدارانی بەغدا نەیانداوە و بە بۆنەیەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم مووچەی چەندین مانگی مووچەخۆرانی هەرێمیان حەپەلووش کردووە، گرێ درا…هەروا، بۆ ترش و خوێی زیاتریش، بە قەرەبوو کردنەوەی کەسوکاری قوربانیانی کیمیاباران و ئەنفالەکان ەوە گرێ درا. ئیتر کوردایەتی عال لەوە زیاتر دەبێت چی بێت؟…
دوای بۆردوومانکردنی یەکتر بە «مووشەکی بالیستی» بەیاننامە و لێدوانی رۆژنامەوانی، تەپ و تۆزی ئەم شەڕە زوو نیشتەوە و وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند کە گەیشتنە ئەنجام و، بەم زووانە هەناردە کردن لەم بۆرییە و لە بۆرییە کۆنەکەی کەرکوک-جیهان (کە لە ئێستادا چوار هەزار کونی نەوت دزینی تێدایە) دەست پێدەکاتەوە.
جا مووچەخۆرانی بەڕێز، کەس وکاری کیمیابارانکراوان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، پێش ئەوەی هەلهەلەی گەیشتنی بەم زووانەی شایستەکانتان لێبدەن، فەرموون با بزانین لەسەر چی رێککەوتن…
بە پێی زانیارییەکانی (نبیل المرسومي)، ئابووریزانی ناسراوی عێراق، کە سەرچاوەی هەواڵی متمانە پێکراوە، دەسەڵاتدارانی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق رێککەوتن کە وەزارەت بڕی دوو دۆلار بۆ هەر بەرمیلێکی نەوت بدات بە کرێی بەکارهێنانی بۆریی نەوتەکەی هەرێمی کوردستان، کە لە رووی یاساییەوە موڵکی گشتیی هەرێمی کوردستانە.
ئەمجارەش، پێش ئەوەی هەلهەلەی زیادبوونی سەرچاوەی دارایی گشتی هەرێمی کوردستان لێ بدەین، با لەم زانیارییانەی خوارەوە ورد ببینەوە:
یەکەم: سەرەڕای ئەوەی ئەم بۆرەییە لەسەر کاغەز موڵگی گشتی هەرێمە، بەڵام بە شێوازی کۆنسێشن (امتیاز)، بۆ ماوەی بیست ساڵ، دراوە بە کۆمپانیای (رۆزنەفت) ی رووسی وکۆمپانیای (کار) ی ناوخۆ، کە بۆ ئەم مەبەستە کۆمپانیایەکیان لە سەنگافورا پێکهێناوە بە ناوی کۆمپانیای هێڵی بۆریی کوردستان (KPC).
پێش ئەوەی سیستەمی سزاکان، لە دوای دەستپێکی شەڕی ئۆکرانیا، کۆمپانیا رووسییەکانی جیهان بگرێتەوە، رۆزنوفت خاوەنی 60٪ ی بۆرییەکە بوو، بەرامبەر بە 40٪ ی کۆمپانیای کار. لەبەر ئەوەی سزا ئابوورییەکان هەر کۆمپانیایەکی دەگرتەوە کە خاوەندارێتیی رووسی تێیدا زیاترلە 50٪ بێت، لە ساڵی رابوردووەوە، کۆمپانیایەکی نوێ بە ناوی (DEX holding) ەوە، لە زۆنی ئابووریی ئازادی دوبەی، دروست کراوە و کراوە بە خاوەنی 11٪ ی پشکەکەان. ئەمەش بە کەم کردنەوەی پشکی رۆزنەفت بۆ 49٪. ئەم کۆمپانیای DEX holding ە خاوەنەکانی نادیارن و، گومانی ئەوەی لێ دەکرێت تەنها قاوغێک بێت بۆ دەرباز بوون لە سزا نێودەوڵەتییەکان و هیچ دوور نییە سەرانی دەسەڵاتی هەرێم یان کەسانی بنەماڵەکەیان خاوەنی هەندێک لە پشکەکانی بن. هەرچی ئەو بەشەی بۆرییەکەیە کە بە خاکی تورکیادا تێدەپەڕێت خاوەنەکەی تورکیا خۆیەتی و کۆمپانیای حکومیی (بۆتاش BOTAS) بەڕێوەی دەبات. ئەو کۆمپانیایە، لەوەتەی عێراق کەیسی دژ بە تورکیای لە دادگای پاریس بردەوە، بە فەرمی لەگەڵ کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) مامەڵە دەکات.
دووەم: پێدەچێت کۆمپانیای KPC بە جۆرێک گرێبەستی بۆ کرابێت کە توانایەکی ئێجگار زۆری هەیە بەسەر دانانی نرخی خزمەتگوزارییەکانی. بەپێی راپۆرتی دارایی کۆمپانیای ژمێریاری یاسایی (دیلۆیت)، کە بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم ساڵانە ئامادەی دەکردن، نرخی خزمەتگوزایی بۆرییەکە بە تێکڕا 3.2 دۆلار بووە بۆ هەر بەرمیلێک، بەڵام لە دوای 2021 ەوە بەرزکراوەتەوە بۆ 4.3 دۆلار.
سێیەم: لە دوای رێککەوتنی ساڵی رابوردوو، لە نێوان دەسەڵاتدارانی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق، نرخی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک (لە دەرەوەی یاسای بودجەی عێراقی) سەپێنرا بۆ قەرەبووی تێچوونی نەوتی بەرهەمهاتوو لە هەرێمی کوردستاندا تا دەگاتە خاڵی دەستاودەست لە فیشخابوور، کە لە دوای ئەوەوە بە ناوی نەوتی عێراقەوە بەرەو جیهان بڕوات و بفرۆشرێت. بەپێی سەرچاوەکانی عێراق، لەو 16 دۆلارەدا، دوو دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک خەمڵێنراوە بۆ کۆمپانیای بۆرییەکە، واتە بۆ KPC. بەڵام KPC بەوە رازی نەبووە و نییە! بۆیەش فشار دەخاتە سەر حکومەتی هەرێم کە لە پشکی بەرهەمهێنەران، ئەوان بگەیەننە چوار دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. کۆمپانیا بەرهەمهێنەکانیش بەم داوایەی KPC رازی نین.
ئەوجا لەبەر ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم، کە لە بنەڕەتدا کۆمپرادۆر و خزمەتکاری بە ئەمەکی کۆمپانیا بیانییەکانن، نەیاندەتوانی ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن، فشارەکەیان گواستەوە بۆ سەر کۆمپرادۆرەکانی وەزارەتی نەوت لە بەغدا، بە بێ گوێدانە ئەوەی ئەو جۆرە هەڵوێستە لە کاتێکی وەهادا چ جۆرە گرژییەک دەخاتە سەر باری گرژیی زۆری پەیوەندیی هاووڵاتیانی هەرێم بە هاووڵاتییانی بەشەکانی دیکەی عێراقەوە. بێ گومان کۆمپرادۆر لە زمانی کۆمپرادۆری دیکە تێدەگات و، دوای فشکردنەوەی باڵۆنی شایستەی دارایی مووچەخۆران و قوربانیانی کیمیاباران و ئەنفال، هەردوولا رێککەوتن کە دوو دۆلاری زیاد لە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە، KPC هێور دەکاتەوە، بە بێ ئەوەی دەرەبەگەکانی دیکەی پیشەسازیی نەوتی هەرێم زیز ببن. زیاد کردنی ئەم دوو دۆلارە هیچ بنەمایەکی لەیاسادا نییە و تەنها لە «دڵی باشی» وەزیری نەوتی عێراقەوە سەرچاوەی گرتووە!
دارایی گشتیی هەرێم رەنگە لەو دوو دۆلارە بڕێکی زۆر کەمی، بەناوی رۆیاڵتی ەوە، دەستکەوێت، بەڵام دەبێت نیوەی ئەو بڕە کەمە، وەک هەموو داهاتێکی ناوخۆ، بداتەوە بە بەغدا. کەواتە ئەو بڕە پارەیەی، دوای ئەم سینگ کوتانەی دەسەڵاتدارانی هەرێم، دێتە گیرفانی دارایی گشتی هەرێمەوە، زۆر لەوە کەمترە کە لە رووی قازانج و زەرەرەوە قەرەبووی ئەو گرژی زیادکردنە بداتەوە کە لە پەنایدا رۆژانە لە ناو خودی عێراقەوە بۆردمان دەکرێین بە بۆنەیەوە…
بەڵام کەی هەڵسەنگاندنی عەقلانی بنەمای کرداری دەسەڵاتدارانمان بووە تا ئێستە ببێت؟ بۆ ئەوان، هەموو بەرژەوەندییەکانی هاوڵاتیانی کوردستان و عێراق بە قوربانی خاوبوونەوەی برۆی گرژ و، پشکووتنی زەردەخەنەی سەر لێوی بەڕێوبەری کۆمپانیایەکی پیشەسازیی نەوتی بیانی بێت!