کێ لە کوردستان، یان لە عێراقدا، مافی ئەوەی هەیە بڕیار بدات چ جۆرە گوتارێک یان دەربڕینێکی فیکری یێڕێزییە بە ئایین؟
ئەگەر بڵێن دەزگای دادوەری، ئەوا دەبێ بیسەلمێنن چ جۆرە خوێندنێکیان تێپەڕاندووە کە توانای ئەو جۆرە بڕیارەیان پێ بدات و، مافی ئەو بڕیارەیان لە کوێی گرێبەستی کۆمەڵایەتییەوە سەرچاوەی گرتووە.
ئەگەر بڵێن وەزارەتی ئەوقاف ، یان هەر دەزگایەکی فیقهی کە وەزارەت پەسەندی کردبێت، ئەو ماف و توانایەی هەیە، ئەوا ئەو جۆرە کەسانە، پێیان وایە دەزگایەکی سیاسی، کە دەرئەنجامی مەیلی دەنگدانی زۆرینەیەک بێت لە کات و زەمانێکی دیاری کراودا و چانس هەیە لەزەمانێکی دیکەی زۆر نزیکدا قڵپ بێتەوە و، ئەو دەسەڵاتە لە دەست بدات، ئەو دەزگایە، مافی بریاردان و لێکدانەوەی نییەتی زاتیێکی ئیلاهی بۆ خۆی قۆرغ کردووە. ئەمەش پێچەوانەی هەر قودسییەتێکە کە بۆ ئایین دابین بکرێت.
پاشان، گەر بڵێن قول الفصل با لە دەستی دەزگایەکی «سەربەخۆ» دا بێت کە کەسانی دانپێنراو بە خۆیان و خوێندنیان، نەک لە لایەن جمهوری دیندارەوە، بەڵکو بە هەر مێکانیزمێکی دیکەی بڕیاردان، ئەو دەسەڵاتە بگرنە دەست تێیدا، ئەوا بە هەمان شێوە بڕیاری داننان بە (اعلمیة) ی هەر یەکێکیان بڕیارێکە تەنها ئیلزامی خاوەنەکانی دەکات و گەر لە هەر زەمانێکدا دەسەڵاتیان بەدەست بێت، ئەوا، مێژوو دەیسەلمێنێت، بوون و دەبن بە بەڵا بۆ ئەو ئایینەی دەیانەوێت لە بێڕێزی بیپارێزن. ئاوڕێک لە ئێرانی دراوسێ بدەنەوە دەزانن ئەوە چی دەگەیەنێت.
کێ دەتوانێت رێ لە دیندارێک بگرێت بڕوا بە تەفسیری محمد شحرور یان کەمال الحیدری بۆ ئایینەکەی بکات؟ بە چ پێوەرێک هەر مێزەر بەسەرێک کە بۆ ئەم کارە دانرابێت، لەم کۆڵەکانەی فیکری نوێگەریی ئایینی، (اعلم) ترە؟ چەندی ئەو پێوەرە داهێنانی بەشری خطاء ە و چەندی دەربڕینی تەفسیر هەڵنەگرتووی زاتێکی موقەددەسە؟
ئینجا بابێینە سەر ئەوەی لە وڵاتێکی فرە ئایین و مەزهەبدا بێ رێزی بە ئایین چ مانایەکی هەیە؟ ئیسلام خۆی بە میراتگری مسیحییەت و یەهودییەت دەزانێت بەڵام گوتاری رۆژانەی سەر مینبەری مزگەوتەکانمان لای خەڵکی مەسیحی و یەهودی بێ رێزییە بە ئایینەکەی ئەوان. بە هەمان شێوە هەموو گوتارێکی کەنیسەی مەسیحییان جۆرێک لە بیروباوەڕی تیایە کە لای موسوڵمانان و یەهودییەکان فەرامۆش و بێڕێزییە بە ئایینەکەی ئەوان. بە هەمان شێوە، طقوس و گوتاری سینەگۆگەکانی یەهودییان لای موسوڵمانان و مەسیحییان بێ رێزییە بە بنەماکانی ئایینی ئەوان! ئەم تۆپەڵە ئاڵۆزکاوەی بێڕێزی، کە تەمەنی بۆ هەزاران ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە، کێ دەسەڵاتی دادوەریی هەیە شیی بکاتەوە و خەڵکیی پێ تاوانبار بکات؟
ئینجا با بێینە سەر جیاوازیی خوێناویی نێو سێکتەکانی هەر ئایینێک لەمانە...چ دەسەڵاتێکی دادوەری بۆی هەیە شیعەیەک تاوانبار بکات کە بیروباوەڕی داوای لێ دەکات لەعنەت بۆ معاویة و دەوڵەتی ئەمەوییەکان بنێرێت؟ یان کە زەیدییەک، یان ئیسماعیلییەک بڵێت فڵان ئیمامی ئیثناعەشەری بە ئیمامی خۆم نازانم، یان (مەعازەڵڵا!) بە مەعسوومی نازانم، کێ بۆی هەیە پەلکێشیان بکات بۆ دادگای تاوان؟
ئینجا با بێینە سەر پەیوەندیی ئیبراهیمییەکان بە ئایینەکانی ترەوە... کێ لە ئێزیدییان هەموو وشەیەکی ئیبراهیمییەکان دەربارەی ئایینەکەی ئەمان بە بێڕێزی دانانێت؟ ئەمە مشتێکە لە خەرواری ئەو تۆڕە ئاڵۆزەی پەیوەندییە ئایینییەکان لە وڵاتێکی فرە ئایین و فرە مەزهەبی وەک عێراق و کوردستاندا. کێ بۆی هەیە و بەپێی چ دەسەڵاتێکی دەستووری ببێت بە حەکەم لە کەیسی جزائی بۆ بەکلاکردنەوەی دەعوای بێڕێزی لەم تۆڕە ئاڵۆزکاوەدا؟
ئینجا ئەگەر «بلیمەتێک» هەموو ئەم تۆڕە ئاڵۆزکاوەی لە «فکری ئایینی» دا کۆکردەوە و بڕیاری دا بێڕێزی بە هەموو جۆرەکانی فیکری ئاینی تاوانە، ئەوا ئەو بلیمەتە دەبێت بزانێت ئیلحاد و فرە-خودایی ش بەشێکن لەو زاراوەیە...ئەی ئەوسا کێ بڕیاردەدات کام بەشەی فکری ئایینی بۆی هەیە فکری ئەویتر بە بێڕێزی بزانێت؟
خۆ گەر بڵێن ئەمڕۆ چەرخی رۆژگار بۆ کێ سووڕا، ئەوا ئەو بڕیار دەدات! دەبێت بیر بکەنەوە: ئەم دەسەڵاتەی پابەند بە زەمانە، کە سوننەتی ژیان پێمان دەڵێت بەردەوامیی بۆ کەس نییە، چ فڕێکی بەسەر موقەدەسی بێ ئان و زەمان هەیە؟ ئەوانەی، کە بۆیان لوا، بێ شەرمانە، خۆیان بکەن بە پارێزەری موقەدەسیان ، کە رۆژگار وەرچەرخا و، ژێرچەپۆکانی پێشووی ئەوان لەوە بە دواوە، ئەوان بخەنە ژێر چەپۆکیانەوە، دەبێ نەگرین و نەناڵێنن بەدەست زوڵمی رۆژگارەوە. بەڵام، ئای چ کۆمەڵگایەکی وێرانەیە ئەو کۆمەڵگایەی کە لە هەر ئان و زەمانێکدا دەستەیەک خۆیان بکەن بە دەسەڵاتی پاراستنی موقەدەسی خۆیان و هەموو کۆمەڵگا بەو ناوەوە تێرۆر بکەن!
موسڵمانی راستەقینە، پێش هەموو کەس دەبێت بە گومانەوە بڕواننە ئەو «وەکیل» انەی خواوەند کە بە ناوی موقەددەسەوە ئایینەکەی ئەوان لە چاوی کۆمەڵگادا دەکەنە ئامڕازی تۆقاندن و کۆت و بەندکردنی بیرکردنەوەی ئازاد.