*) سەردێڕی وتارەکەم لە چێژی سەرەکیی کە منداڵان لە بنێشت جوین بەدەستی دێنن، دێت، کە ئەویش دروستکردنی بڵقی با، یان بە قەولی منداڵانی سلێمانی، (گڵۆپ)ە بە بنێشتەکە.
لە کۆمەڵگای تەمەڵ و نیمچە خوێندەواری ئێمەدا، نزیکەی نیو سەدەیە ئاستی خوێندن و مەعریفەت و کولتوور، بەگشتی، لە داڕمانێکی بەردەوام دایە. لای ئێمە، وای لێهاتووە رۆشنبیریی تاکەکان بە ژمارەی ئەو زاراوانە دەپێورێت کە ئەو کەسە دەتوانێت، بە هەق و ناهەق، بیانئاخنێتە نێو گوتاریەوە.
مەرجیش نییە خاوەن گوتار خۆیشی بزانێت چی دەڵێت، گرنگ ئەوەیە ئەوەی دەیڵێت وشەی گڕداری نێو ئەدەبیاتی جیهانی ئەو کاتە بن کە خاوەن گوتار تێیدا بەهرە "فیکری"یەکانی نمایش دەکات.
جا کە ئەم رەفتارە بوو بە باو، ئیتر زۆری پێ نەچوو ئەو زاراوە و دەستەواژانە، لەبەر زۆر دووبارە بوونەوەیان، بوونە نوشتەی سیحرئامێزی ئەوتۆ کە لێکدانەوەی نیمچەخوێندەوارانەی باو بۆیان بووە بە بەڵگەنویست و جێگرەوەی کاری ماندووکەری بەرهەمهێنانی مەعریفەت. ئەم دەردە، لای ئێمە، هەموو رێبازە "فیکری" یەکانی بە یەکسانی پەکخستووە و، ئەوەی پێی دەگوترێت چەپ لەم دەڤەرەدا، شەویش، بەشی خۆی، گرفتاری ئەم دەردە بووە.
یەکێک لە نموونە زەقەکانی ئەم جۆرە زاراوانەی بوونەتە بنێشتەخۆشەی ژێر زمانی رەوتی چەپی تەمەڵی کۆمەڵگاکەمان، زاراواەی "نێۆلیبرالیزم"ە. ئەم زاراوە سیحراوییە هەر کە لە زاری کەسێکی سەر بە "چەپ" بەربۆوە، ئیتر لای نیمچەخوێندەروانی موریدی ئەو زات و رەوتە، دەبێتە چەمکێکی بەڵگەنەویستی ئەوتۆ، کە رەخنەگرتن لە بەکارهێنانی، چ جای لە خودی زاراوەکە خۆی، دەبێتە هەڵگەڕانەوە لە شاخێک لە لێکۆڵینەوە و شانامەی فیکریی جیهانی کە خاوەن گوتار و موریدەکانی، هیچیان لێی نەدیوە.
لە ئەدەبیاتی جیهانیدا، زارەوەی نێۆلیبرالیزم هێندە مینڕێژکراوە بە ئایدیۆلۆژیا، کە تەنانەت قەبوڵ کردن بە ناوەکەی سەرەتای کارکردنی مێکانیزمی هەژموونییەتی بەسەر بیرکردنەوەی باوی کۆمەڵگاکاندا. لە درێژایی ئەم نووسینەدا هەوڵی روونکردنەوەی زیاتر دەدەم.
بە جیا لەوەی لە ئەدەبیاتی چەپی جیهانیدا ئەم زاراوەیە چۆن بەکار هاتووە، چەپی نیمچە خوێندەواری ئێمە وا تێیگەیشتووە کە نێۆلیبرالیزم سیستەمێکی گشتگیری بەڕێوەبردنی دەوڵەتە و لە سەرتاپای جیهاندا، بە رادەیەک باڵادەست و کار پێکراوە، کە یەکسانە بە سەرمایەداری و، سەرمایەداریش یەکسانە بە نیۆلیبراڵیزم. هەر بۆیەش وا دەزانێت هەموو سیستەمێکی لۆکاڵیی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی سیاسی، لە هەر سووچێکی دونیادا بێت، هیچ شتێکی دیکە نییە جگە لە ڤێرژنی لۆکاڵی نێۆلیبرالیزم. پێیشی وایە کە بۆ تێگەیشتن لە پێکهاتەکانی نێۆلیبراڵیزم، تەنها پێویستمان بە خۆ-پێناسەکردن و جیهان بینیی نێۆلیبراڵیزم خۆیەتی. بە واتایەکی دیکە، چەپی تەمەڵ پێی وایە کە لەخۆتێگەیشتنی ئەم رێبازە پێناسی واقیعییەتی لە دونیایەکدا کە خۆی وێنای کردووە. بەم مێکانیزمە شڕەی بیرکردنەوە، نێۆلیبرالیزم، لای نیمچەخوێندەوار، بۆتە سیستەمی هەژموونی بازاڕی ئازاد و پیادەکردنی ئاسایی و رۆژانەی سیستەمی سەرمایەداری و… ئاو بێنە و دەست بشۆ!
ئەی مەگەر وا نییە؟!
با لە زۆر سەرەتاوە دەست پێ بکەین: نێۆلیبرالیزم، ئەوەی لە ناوەراستی حەفتاکای سەدەی رابوردووەوە هەوڵی سەپاندنی هەژموونی دەدات بەسەر رەوتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و کار دەکات بۆ لەقاڵبدانی رای گشتیی کۆمەڵگاکان. ئەم رەوتە فیکرییە، نە بە شێوەیەکی گشتگیر لیبراڵە و نە نوێیە!
ئەوەی بە لیبرالیزمەوە دەیبەسنێتەوە پرۆژەیەکی (دیستۆپی: پێچەوانەی یۆتۆپی) یە کە بەشێوەیەکی نەخشە بۆ داڕێژراو هەوڵی ئەمەی خوارەوە دەدا:
بەو پێیەی سەرمایەداری فۆرمێکی نوێی بازاڕی هێنایە کایەوە، کە مێکانیزمی کاری جیاواز بوو لە بازاڕی تەقلیدی. لەبەر ئەوە، بۆ ئەوەی سەرمایەداری زاڵ بێت، پێویستە فۆرمی بازاڕەکەی لە ژێر دەسەڵاتی کۆمەڵگا دەربێنرێت، یان لە هەناوی کۆمەڵگا دەربکێشرێت و دەستێوەردانی کۆمەڵگا لە بازاڕدا رابگیرێت.
کاری ئەم دیستۆپیایە بەمە ناوەستێت بەڵکوهەنگاوی دووەمی بریتییە لە ئاخنینی کۆمەڵگا و پەیوەندی و بەها کۆمەڵایەتییەکان لە ناو مێکانیزمی بازاڕدا. واتە دەرکێشانی بازاڕ لە هەناوی کۆمەڵگا و ئاخنینی کۆمەڵگا لە هەناوی بازاڕدا.
ئەم پڕۆژە یە بۆیە دیستۆپیایە چونکە دەیەوێت سروشت و کۆمەڵگا، گشت کۆمەڵگا، بە کۆی هەست و سۆزە ئینسانییەکانیشەوە، بکاتە کاڵا لە بازاڕدا. مێژووی ئەوروپا و جیهانی پێشکەوتووی سەرمایەداری، لە کۆتایی سەدەی نۆزدوەهەمەوە تا ئەمڕۆ، بریتییە لە شاڵاوی هەوڵی سەپاندنی ئەم دیستۆپیایە، لە هەڕەتی قەیرانی ئابووریدا، لە لایەک و، بەرەنگاربوونەوەی هەمەلایەنی کۆمەڵگاکان لە دژی ئەو هەوڵە، لە لایەکی دیکە.
ئەم پرۆژەیە پێگەی هاوبەشی هەموو رەوتەکانی لیبرالیزم ە. بەڵام جگە لە باوەڕ هێنانی بە کۆمەڵ، هەریەکە، بە ڤێرننێکی ئەم دیستۆپیایە، جیاوازیی گەورە و بەرچاو، لە نێوانی رەوت و باڵەکانی ئەم رێبازە، هەر لە سەرەتاکانی گەشە سەندنی فیکری لیبراڵییەوە، هەیە.
لیبراڵ؟ کام لیبراڵ؟
مەرجی سەرەکیی بەدیهێنانی پڕۆژەی لیبرالیزم، کە هەر لە سەرەتا فیکرییەکانییەوە، دامەزرێنەرانی ئەم فیکرە لێی غافڵ نەبوون، بریتییە لەوەی بۆ ئەوەی بازاڕ بەو شێوەیە کار بکات کە لیبراڵەکان باسی لێوە دەکەن، دەبێت بازاڕ لە قۆرغکاری بپارێزرێت. هەر لە سەرەتاشەوە گەورە بیرمەندانی فیکری ئابووری درکیان بەوە کرد کە ئەگەر مێکانیزمی پێشبڕکێی بازار بێ دەستکاری کار بکات، ئەوا قۆرغکاریی سەرمایەداری دەبێتە دیاردەیەکی حەتمی و بازاڕ بە ئازادی نامێنێتەوە. هەر لە سەرەتاوە رەوتێک لە لیبرالیزم بڕوای بەوە بوو کە گرێبەستی کۆمەڵایەتی دەبێت دەسەڵاتی بەسەر بازاڕدا بشکێت و، بەرەنگاریی مەیلی مێکانیزمی ناوخۆیی بازاڕ بەرەو قۆرغکاری بکات. جان جاک رۆسۆ پێی وابوو تەنانەت گەر موڵکایەتی تاکەکەسی (بڕبڕەی پشتی مێکانیزمی کارکردنی بازاڕی سەرمایەداری)رێگر بوو لە سەروەریی گرێبەستی کۆمەڵایەتی، ئەوا ئەو فۆرمە لە موڵکایەتی دەبێت مل بدات. ئەم رەوتە لە لیبرالیزم، ئەو رێچکەیە لە فیکری مرۆڤایەتی دەست پێدەکات کە چەپی مێژوویی و جیهانی سەرچاوەی لێوە هەڵدەگرن. لە بەرامبەر ئەوان هەر لە دەیڤد هیومەوە تا ڤۆن هایک و تا میلتۆن فریدمان و ئەودوای بیرمەندانی فیکری ئەم ڤیرژنە باوەی نێۆلیبرالیزمی ئەمڕۆ، بڕوایان وایە ئەرکی گرێبەستی کۆمەڵایەتی و سیستەمی سیاسیی دەرهاوێشتەی ئەو گرێبەستە (: دێمۆکراسی) تەنها پاراستنی موڵکایەتی تاکەکەسییە بە هێزی تریناکی دەوڵەت. واتە پێیان وایە مێکانیزمی بازاڕ پێویستی بە هێزی داپڵۆسێنەر و ترسناکی دەوڵەتە بۆ ئەوەی دەستی واڵا بێت و بە دروستی کار بکات. پێشیان وایە کەهەر دەست تێوەردانێک بە ناوی سەروەریی کۆمەڵگا لە بازاڕدا، ئاکامەکەی بریتییە لە بەکۆیلەکردنی کۆمەڵگا!!
لە فیکری سیاسیدا, هەر لە ڤۆن هایک ەوە, سەرانی ئەم رەوتەی لیبرالیزم خۆیان لە چەمکی دێمۆکراسی دابڕیوە و دوانەی دژواری (ئازادی/دێمۆکراسی) و (کۆماریزم/دێمۆکراسی) لە بەرامبەر رەوتە باوەکەی دیکەی لیبرالیزم قوت دەکەنەوە. هەر لە بەر هەژموونی ئەمانە بەسەر کولتووری فیکری سیاسی لە ئەمریکادا، لەوێ لیبراڵیزم وەک هاوتای چەپ بەکار دێت. واتە لای وان لیبراڵیزم چەمکێکی تایبەتە بەو رەوتە کە گرێبەستی کۆمەڵایەتی بە سەروەر دەزانێت.
بەڵام لەبەر هەژموونی بەردەوامی فیکری لیبرالیی ئابووری، دەربارەی مێکانیزمەکانی کاری سیستەمی ئابووری، کە بەرهەمهێنی وەهمی سەرەکیی (سەروەریی بازاڕی ئازاد)ە، لە بواری ئابووریدا، ڤۆن هایک و میلتۆن فریدمانەکانی جیهان خۆیان لە چەمکی لیبرالیزمی ئابووری دانەبڕیوە و، لە ناوەڕاستی حەفتاکانەوە، بە ئەرکی خۆیان دەزانن چەمکی لیبرالیزمی ئابووری بۆ خۆیان بسەنێتەوە، بە تایبەتی پاش ئەوەی لیبراڵە "چەپەکان" لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم و قەیرانی ئابووریی نێوان جەنگە جیهانییەکان، قوتابخانەی لیبرالیی کلاسیکیی ئابوورییان، لە دەوڵەتداری وسیاسەتی ئابووریدا، بەجێهێت.
ئەو ناوەی هەڵيانبژاردووە، دزیویانە!
یەکەمین بەکارهێنانی چەمکی نیۆلیبراڵیزم، موڵکی ئەوانە نییە کە لە دوای ناوەڕاستی حەفتاکانەوە، وەک رەوتێکی سیاسیی دژ به "قۆرغکاریی ساندیکاکانی کرێکاران" و "دەستوەردانی دەوڵەت لە مێکانیزمی کاری بازاڕی ئازاد"، لە پێناوی واڵاکردنی دەستی (: قۆرغکاری)ی بزنسە زەبەلاحەکان بە ناوی "بازاڕی ئازاد"ەوە هاتە مەیدان.
نزیکەی چل ساڵ پێش ئەمان چەمکی نێۆلیبراڵیزم لە لایەن (ئەلیکساندەر روستۆو)، کە بیرمەندێکی ئەڵمانییە و، سەر بە قوتابخانەی فیکریی (فرایبۆرگ) ە، داڕێژرا. پاش دەوڵەمەند کردنی چەمکەکە، لە رووی تیۆری یاسایی، ئابووری و، ئیدارەی دەوڵەتەوە لەلایەن بیرمەندانی ئەو قوتابخانەیەوە، بوو بە سیستەمێکی ئابووریی یاسایی ئامادە بۆ جێبەجێکردن و, زۆری پێ نەچوو، لەلایەن (کۆنڕاد ئێدەناوەر) چانسلەر و (لودڤیگ ئێرهارد) وەزیری ئابووریی یەکەمین دەسەڵاتی ئەڵمانیای خۆرئاوا بە فەرمی بە سیاسەتی پەیڕەوکراوی ئەو وڵاتە ناسێنرا، کە تازە لە ژێر ئیدارەی داگیرکاریی ئەمریکا دەهاتە دەرەوە. هەرچەندە ئەو کاتە ناوی چەمکەکە گۆڕدرا بۆ (ئۆردۆ لیبرالیزم), تەنها لەبەر ئەوەی هێڵە سەرەکییەکانی ئەو سیاسەتە لە گۆڤارێکی فیکریدا بڵاو کرایەوە کە ناوی (ئۆردۆ) بوو. واتە بە لیبراڵیزمەکەی گۆڤاری ئۆردۆ ناسرا.
باشە، بۆ گرنگە بزانین پێش نێۆلیبراڵیزمی باوی ئەمڕۆ، نێۆلیبراڵیزمێکی دیکە هەبووە؟ چونکە نێۆلیبراڵیزمەکەی کۆتایی سییەکان کە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە، بەرپرسیاری سەرەکییە لەوەی پێی دەڵێن موعجیزەی ئابووریی ئەڵمانی و دەوڵەتی ئاسوودەیی دوای جەنگی کاولکاری. ئەو نێۆلیبراڵیزمە قۆرغکاریی سەرمایەداریی بە هەڕەشەی سەرەکی بۆسەر بازاڕی ئازاد داناو، بیرمەندانی بڕوایان وابوو بازاڕ تەنها کاتێک ئازاد دەبێت کە ئەو ئازادییە بە یاسای دژە قۆرغکاریی توند و تۆڵ کۆنترۆڵ بکرێت و ئازادی و مافە ئابووری و سیاسییەکانی بەرهەمهێنەران تێیدا، بە هەمان گورزی یاسایی بپارێزرێن.
کەواتە قەبوڵ کردن بە ناونانی ئەم رەوتەی لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی رابوردووەوە کارایە، بە نێۆلیبراڵیزم، قەبووڵ کردنە بە سڕینەوەی مێژووی ئەوەی پێشوو و، دزییەکی زانستی و مێژوویی کە شەرمە خەڵکی چەپ بەشداریی تێدا بکەن. هەر بۆیە زۆرێک لە نووسەران و بیرمەندانی چەپ، ئەمەی ئێستە باوە بە لێبراڵیزمی دڕندە (Savage Liberalism)، نەک (نوێ) ناوی دەبەن. جۆزێف ستیگلیتس ئەم رەوتە بە ئوصولیبەتی بازاڕ (Market Fundamentalism) ناو دەبات، بەو پێیەی کە هەموو ئوسوڵییەک لە هەر رێبازێکی فیکری ئیدیعای ئەوە دەکات کە گەڕاوەتەوە بۆ سەرچاوە ئەسڵییەکانی بیرو ڕاکەی، بەڵام لە راستیدا وێنایەکی زۆر شێواو و
سياسەتەکانی نێۆلیبراڵیزم، یان هەماهەنگیی واشینگتۆن؟
لیبراڵیزم بە هەموو باڵەکانیەوە، هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانیەوە، لە جیهانێکدا هاتە کایەوە، کە کۆڵۆنیالیزم و داگیرکاری و کۆیلەکردنی گەلان بەشێک بوون لە چیرۆکەکەی. هاواری (لێگەڕی کار بکات، لێگەڕێ تێپەڕێت) ی کلاسیکەکانی لیبراڵیزم، بۆ گەلانی ژێر دەستە بریتی بوو لە مافی کۆمپانیاکانی هاوشێوەی کۆمپانیای هنیدی رۆژهەڵات کە بەناوی هەموو ئیمپراتۆریەتی بەریتانی، بەزەبری بۆردومان دەرگای بازاڕی وڵاتانی ژێردەستە بکاتەوە.
ئازادیی تاکە کەسی و گرێبەستی کۆمەڵایەتیی تاکە ئازادەکان بۆ وڵاتانی ژێردەستە، لە ریزی پێشەوەی ئەولەویات نەبوون. بیرمەندانی لیبراڵیزمی ئیمپراتۆرییەتەکانی ئەوروپا، پێیان وابوو تێکشکاندنی بازاڕە تەقلیدییەکانی وڵاتانی ژێردەستە و بەستنەوەی ئابوورییان بە پێداویستییەکانی سەتنەری ئیمپراتۆریەتە جیهانییەکان، ئەگەرچی خوێن و فرمێسکی نەوە دوای نەوەی وڵاتانی ژێر دەستە بڕێژێت، لە کۆتاییدا دەیانگەیەنێت بەو رۆژەی کە بازاڕی ئازاد تێیاندا سەروەر بێت! لەبەر ئەم هەماهەنگییەی باڵ و رەوتەکانی لیبراڵیزم دەربارەی گەشەسەندنی ئابووری لەو وڵاتانەدا کە کۆنە کۆڵۆنییان بوون، بە تایبەتی لە سەروبەندی داڕمانی بلۆکی سۆڤێتییەوە، کەسێک بە ناوی جۆن ولیەمسۆن، ساڵی 1989 لە وتارێکدا هەوڵی دا لیستی کورتەی نەخشەڕێگایەک بنووسێتەوە کە رەوتە جیاجیاکانی لیبراڵیزمی جیهانی دەربارەیان هەماهەنگن و، دەزگا ئابوورییە زەبەلاحەکانی جیهان لە پشتییەوەن. ئەو لیستەی ناو نا (هەماهەنگیی واشینگتۆن)، بەو پێیەی بارەگای سەرەکیی ئەو دەزگا ئابوورییانە لە واشینگتۆنی پایتەختی ئەمریکان.
ئەم لیستە کە لە 10 خاڵ پێکدێت، پوختکراوەی ئەو رەچەتەیەیە کە دەزگا زەبەلاحەکانی وەکو بانکی نێودەوڵەتی و سندووقی دراوی نێودەوڵەتی رووبەڕووی هەر دەوڵەت یان کیانێکی سیاسیی دەکەن کە لە کاتی قەیراندا لە دەرگایان بدات. سەرەڕای ئەوەی ئەم 10 خاڵە لە 1989 دا نوسراونەتەوە، بەڵام بە کردەوە لە ناوەڕاستی حەفتاکانەوە، رەنگە لە زووتریشەوە، پەیڕەو دەکرێن.
کورتکراوەی ئەم دە خاڵە و ئامانج لێیان ئەمەی خوارەوەیە:
1) بچووکردنەوەی قەوارەی خەرجیی دەوڵەت بە ڕادەیەک کە لەبەر هیچ هۆیەک پەنا بۆ زیادکردنی داهات لەڕێی باج زیادکردن لەسەر دەوڵەمەندان یان پارە چاپ کردن نەبرێت.
2) سووککردنی باری بودجەی بچووکراوەی دەوڵەت بە لابردنی پشتگیریی نرخی شمەک و پێداویستییە سەرەکییەکان بۆ گشت هاوڵاتیان،
3) بنکەی باجەکان فراوان بکرێت (واتە زۆرینەی خەڵک ناچار بکرێن بەشداریی زیاتر بکەن لە باجداندا) بۆ ئەوەی باری باجدانی دەوڵەمەندان کەمتر بکرێتەوە!!
4) یەکخستنی سوودی قەرز وکەمکردنەوە و نەهێشتنی جیاکاری لە قەرزدا (قەرزی هەرزان بۆ هەژاران و ئەوانەی تازە ژیان پێکەوە دەنێن لاببرێت)
5) یەکخستن و جێگیرکردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دراوی نیشتمانی.
6) "ئازاد کردن"ی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دیکە. بە واتایەکی دیکە وەلانانی پاراستنی گومرگی بۆ بەرهەمە ناوخۆییەکان.
7) هەڵگرتنی هەموو ئاستەنگەکان لەبەردەم وەبەرهێنە بیانییەکان و یەکسان کردنیان لە رووی یاساییەوە لەگەڵ وەبەرهێنە خۆماڵییەکان
8) بەکەرتی تایبەت کردنی دەزگا بەرهەمهێن و خزمەتگوزارییەکانی کەرتی گشتی.
9) نەهێشتنی ئاستەنگییە یاساییەکان لەبەردەم کەرتی تایبەت (واتە سنووردارکردن و لاوازکردنی سەروەریی کۆمەڵگا لە ئاستی کەرتی تایبەتدا).
10) فەراهەمکردن و پاراستنی مافی موڵکایەتیی تایبەت بە بێ بارگران کردن بە تێچوونی زۆر. داننان بە مافی موڵکایەتی تەقلیدی لە دەرەوەی یاسا! (پاداشت دانەوە و بە نۆرماڵ کردنی تاوان).
جا سەرەڕای ئەم هەماهەنگییە، هێشتا جیاوازیی قووڵ هەیە لە نێوانی باڵەکانی لیبراڵیزم دەربارەی چۆنێتی پیادەکردنی ئەم خاڵانە. هەرچی لیبراڵە دڕندەکانە ، هەر کاتێک زاڵبوون بەسەر دەزگا ئابوورییە زەبەلاحەکاندا پاڵیان بە وڵاتاندا ناوە کە ئەم خاڵانە زۆر بە خێرا و بێ رەچاوی ئەوەی کێشانەوەی خزمەتگوزارییەکانی دەوڵەت بەبێ ئامادەباشیی کەرتی تایبەت، چ رۆڵێکی کوشندەی هەیە لە ژیانی هەژارانی وڵاتێکدا. هەروا بێ رەچاوی ئەوەی ئەو خێرا گواستنەوەی کەرتی گشتی بۆ باوەشی کەرتی تایبەت، باندی تاوان و قۆرغکاریی بێ رەحمانەی کەرتی تایبەت دروست دەکات…گەلێکی دیکەش لەو رەخنانەی کە پێش هەموو کەس لە لایەن باڵی لیبراڵی سەروەریی گرێبەستی کۆمەڵایەتی دەربارەی ئەم هەماهەنگییە و، شێوازی پیادەکردنی، نووسیویانە. بۆ نموونە، بڕوانە وتارەکانی کەسێکی وەکو جۆزێف ستیگلیتس (خاوەن خەڵاتی نۆبڵ لە ئابووری دا) دەربارەی ئەم بابەتە. (بە مەرجێک ستیگلیتس هاوڕایە لەگەڵ داڕێژەی هەماهەنگیی واشینگتۆن، لە بارەی رۆڵی پۆزەتیڤی پتەوکردنی مێکانیزمیەبازاڕ لە دەرەوەی بەشداریی راستەوخۆی دەوڵەت.
خولاسە چی؟
خوڵاسە، با لە نێۆلیبرازیزم تێبگەین پێش بەکار هێنانی وەک بنێشتە خۆشە. چەمک و زاراوەکان سیستەمی بیرکردنەوەی ئاڵۆز و مێژوویەکی ئاڵۆزتریان هەیە. گەر هەر بەڕێزێک تاقەتی نییە فێری بیت، با گوێگربێت و، خۆی لێ نەبێت بە تێۆریساز و ڕێنیشاندەری خەڵک.
نمونەیەکی خراپی کاری تیۆریسازی بە بنێشتە خۆشەی بێۆلیبراڵیزم، وتارێکی هیوا عومەر، جێگری سکرتێری یەکەمی حزبی شیوعیی کوردستانە بە ناوی (نیۆلیبڕاڵیزمی کوردی و چەپی کوردی)، کە لە هەفتەنامەی حزبەکەیدا بڵاوی کردۆتەوە. پێشتر روونم کردۆتەوە بۆچی بە دەستێکی قورس لەسەر ئەم زاتە (کە لەسەر ئاستی شەخسی مرۆڤێکی زۆر بەڕێزە) دەنووسم و، لێرە دووبارەی ناکەمەوە.
بەڕێزی دوای ئەوەی وەک بەڵگە نەویست تێگەیشتنی فیکری نیۆلیبراڵی بۆ (بازاڕی ئازاد) بە واقیع لە قەڵەم دەدات و، نێۆلیبراڵیزم بە مەزهەبی سەرمایەداریی جیهانی دەزانێت و، واقیعی کۆمەڵگای "كوردى، نەک کوردستانی" بە ڤێرژنێکی ئەو نێۆلیبراڵیزمە دەزانێت…درکی بەوە کردووە کە نێۆلیبراڵیزمەکەی ئێمە بڕەک جیاوازە لە مۆدێلە جیهانییەکە. لێرەوە قەڵمی تیۆرسازیی تیژ کردۇە و، جیاوازییەکەی نێۆلیبراڵیزمی کوردی و جیهانیی لە پێنج خاڵدا داڕشتووە، کە بۆ خۆیان بەڵگەی خوێندەوارییەکی خراپن.
لە خاڵی بەکەمدا نووسەری بەڕێز پێی وایە کە نێۆلیبراڵیزمی کوردی جیاوازە لە نێۆلیبراڵیزمی جیهانی، بەوەی کە کوردییەکە قۆرغکارە! ئەمە ناحاڵی بوونێکی خەتەری لە پشتەوەیە کە پێی وایە شتێک لە سیستەمی سەرمایەداریی جیهانی ئەمرۆ باڵادەستە ناوی بازاڕی ئازادە. بۆیە جیاوازە لەوەی ئێمە کە بازاڕی قۆرغکارییە!
لەخاڵی دووەمدا جیاوازییەکی دیکەی دۆزیوەتەوە کە نێۆلیبراڵیزمی کوردی پەل بۆ سێکتەرە "هەرە هەستیارەکان"، وەک تەندروستی وپەروەردە و کارەبا وئاو دەبات. بەو مانایەی مۆدێلە جیهانییەکە بانگەشە و هەوڵی ئەوە نادات. بەڵام ئەوەی بەسەرزارەکیش ئەدەبیاتی نێۆلیبراڵیزمی خوێندبێتەوە دەزانێت ئەو کەرتانە بابەتی هێرشی سەرەکییانە بە مەبەستی دستکێشانەوەی دەوڵەت لە بازاڕی کاڵا گشتییەکان. کەواتە ئەمەش جیاوازی دەرنەچوو.
لە خاڵی سێیەمدا باسی جیاوازیی مامڵە لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی لە هەڵوێستی نێۆلیبراڵیزمی کوردیدا، وەک ئەزموونێکی دەگمەن یان بێ هاوتا، دەکات. بەمەرجێک گەڕانی زۆری ناوێت تا بزانێت مێژووی هاوبەشی لیبراڵیزەکردنی سیستەمی ئابووری دوای رووخانی بلۆکی سۆڤێتی لە رووسیا و زۆربەی ئەوروپای خۆرهەڵات هەر وا بوو. کەواتە ئەمە ئەزموونی هاوبەشی زۆربەی ئەو وڵات و کیانانەن کە لەماوەی سی ساڵی رابوردوودا لە ژێر هەژموونی لیبراڵیزمی دڕندە کاریان کردووە.
خاڵی چوارەمیش بریتییە لەوەی نێۆلیبراڵیزمی کوردی بایەخ بە پیشەسازی و کشتوکاڵ نادات…ئەمەشیان هاوشێوەی خاڵی پێشوو بێئاگاییە لەوەی گەورە کارگەکانی وڵاتانی ئەوروپای خۆرهەڵات بە نرخی ئاسنەکەی دەفرۆشران و دەتوێنرانەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پێشبڕکێیان پێ نەکرێت لەگەڵ کاڵاکانی ئەوروپای خۆرئاوا.
خاڵی پێنجەم بە تایبەتی سەرسوڕهێنە. پاش ئەوەی باس لەوە دەکات کە نێۆلیبراڵیزمی ڤێرژنی جیهانی هەوڵی تێکشکاندنی ساندیکاکان و بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان و ئۆپۆزیسیۆن دەدات، ئینجا دەڵێت کە جیاوازییەکەی ئەوەی ئێمە لەوەدایە کە ئەو ساندیکا و رێکخراوانە یان نین، یان لاوازن! تەنها لێکۆڵینەوەم بۆ لۆژیکی ناوخۆیی ئەم خاڵە ئەوەیە کە پێی وایە نێۆلیبرڵیزمی جیهانی ئەگەر ساندیکا هەبێت دژایەتی، بەڵام ئەگەر نەبێت، ئەوا دروستی دەکات؟؟ کەچی کوردە حەیاتەکە دروستی نەکردوون تا تێکیان بشکێنێت؟؟
جا خوێنەری ئازیز، سوپاس کە تا ئێرە لەگەڵما هاتیت. لێرەدا رادەوەستم. هەوڵم دا بابەتێکی ئاڵۆز، هەقی شیاوی خۆی بدەمێ و پیشانی بدەم نیمچە خوێندەواری چ بەڵایەکە، بە تایبەتی گەر لە ئاستی سەرکردایەتی رەوتێکەوە نمایش بکرێت کە رابوردوویەکی زۆر جیاوازی هەبوو لەمەی ئێستە هەیە… داخەکەم!