پێشتر مەترسی خۆجڵەوکردنی هەندێک لە نووسەر و توێژەرانی کوردم لە سێ زنجیرە بابەتدا خستۆتە ڕوو، مەترسییەک کە ڕاستەوخۆ دەمانباتەوە ناو فەزای دژە کۆلۆنیالیزم؛ واقیع و چارەنوسی ئێستا و داهاتووی کورد دەخاتەوە ناو هەمان ئەو فەزا فیکرییەی کە لەکۆتاییدا بە قازانجی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان دەشکێتەوە.
نووسەری "نیشتمان وەکو فەزایەکی بێ شوێن"، بەرێز ئەحمەد فاتیح محەمەد، بەڕوونی لەژێر کاریگەری مارکسیزمی نوێ و ڕەخنەی نیولیبڕالیزمدا، وا لە دۆخەکە دەڕوانێت کە مۆدێلی ئابووریی سەرمایەداریی ئازاد (نیولیبڕالیزم) هەموو شتێکی کردۆتە کاڵا. "بەکاڵاکردنی مرۆڤ"، "تەنی لۆژستی"، "مەکینەی قازانج" و "بەکاربەر" چەمکگەلێکن لە سەرچاوەی فیکریی بیرۆکەکانی مارکس وەکو "نامۆبوون" و "بەکاڵاکردنی پەیوەندییە مرۆییەکان" لەگەڵ ڕەخنەکانی چەپی نوێ بۆ گەشەی عاقارات و کەرتی تایبەت هاتوونەتە ئاراوە. لێرەدا ڕەخنەگرتن لە وتارەکە لە گۆشەنیگای مەترسی دیموگرافی و پرسی بەعەرەبکردنی کوردستان کێشە سەرەکییەکەیە، نەک دابەزاندنی کێشەکە بۆ شوێنکەوتنی چەمکە فەلسەفی و ئابوورییە جیهانییەکان، کە ڕەنگە هۆکارێک بن بۆ گۆڕینی سەرنج لەسەر بنەمای کێشە سەرەکییەکە.
ئەگەر لە ڕوانگەی ئاساییشی نەتەوەیی دیموگرافیای کوردستانەوە، تەماشای وتاری "نیشتمان وەکو فەزایەکی بێ شوێن" بکەین، لە پاڵ بەکارهێنانی ئامرازە فیکرییە مۆدێرنەکان و چەمکەکانی سەرمایەداری، نیولیبرالیزم و بەکاڵاکردنی مرۆڤ، وتارەکە دەکەوێتە ناو چەند هەڵەیەکی مەترسیدارەوە، کە دەبنە هۆی فەرامۆشکردنی ئاریشە ڕاستەقینەکە، کە خۆی لە نەتەوەیەکی چەندین جار جینۆسایدکراوی بێ دەوڵەتدا دەبینێتەوە، نەتەوەیەک تا ئەو چرکە ساتەش هەر چوار دەوڵەتی داگیرکەری کوردستان ئامادە نین دان بە مافە مرۆیی و نەتەوەییەکانیدا بنێن. لێرەدا هەوڵ دەدەم لە چەند بڕگەیەکدا دەرەنجامە مەترسیدارەکانی ئەو جۆرە ڕوانگە و گوتارە ڕوون بکەمەوە:
یەکەم: پەردەپۆشکردنی بەعەرەبکردنی کوردستان بە بیانووی "نیولیبرالیزم".
نووسەری بەڕێز دەفەرموێت "ئەم شەپۆڵە گەورەیەی مرۆڤەکان لە باشوور و ناوەڕاستەوە بەرەو جوگرافیای ئێمە دێن، لە ڕاستیدا نە داگیرکەرن، نە گەشتیار، بەڵکو ئەوان مرۆڤە بێ ناونیشانەکانی ناو ماکینەیەکی گەورەن، کە تەنیا زمانێکییان هەیە ئەویش زمانی "بێبەهابوون و قازانجە". ئەم دەقە لە گۆشەنیگای فیکریی چەپ (چەپی ڕادیکاڵ یان مارکسی) و هیومانیزمی مارکسیستییەوە نووسراوە، بە تایبەتی لەژێر کاریگەری مۆدێلی شیکاریی "نێودەوڵەتگەرایی چەپ" و ڕەخنەگرتن لە سەرمایەداریی. لەلایەک شیکارییەکی چینایەتییە نەک نەتەوەیی، چونکە لەبڕی ئەوەی بڕوانێتە کێشە ڕاستەقینەکە وەک ململانێیەکی نەتەوەیی (کورد بەرامبەر عەرەب)، وەک ململانێیەکی چینایەتی دەبینێت. لای نووسەر ئەم کۆچبەرانە وەک "نەتەوەی عەرەب" یان نوێنەری دەوڵەتی عێراق نایەن، بەڵکو وەک پرۆلیتاریا و چینی چەوساوە دەیانبینێت، کە سیستمی سیاسی و ئابووریی بێ بەهای کردوون. لە کاتێکدا ئەو باش دەزانێت کە کۆمەڵگەی عێراقی تا بینەقاقای کۆمەڵگەیەکی ئایینی، خێڵەکی و تائیفییە. ڕاستە دەستەبژێرێکی سیاسی گەندەڵ دۆخی عێراقییان بە ئاڕاستەیەکی خەمناک و دژواردا بردووە، بەڵام ململانێکە هێندەی تائیفی و قەومییە، بەهیچ پێوەرێک پەیوەندی بە سەرمایەداری و چینایەتییەوە نییە. زۆرینەی ئەوانەش کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، خەڵکە سەرمایەدار و بەتواناکانن، نەک هەژارەکان، وەکو نووسەری بەڕێز بانگەشەی بۆ دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، مەبەستی نووسەر لە ماکینە گەورەکە، سیستمی سەرمایەداریی، گەندەڵی و حوکمڕانی ناوچەکەیە، کە مرۆڤەکانی دەکاتە ئامرازێک بۆ قازانجی ئابووری و هێزی کارێکی هەرزان. بە چ پێوەرێک کۆمەڵگەی خێڵەکی عێراق بەو ئاڕاستەیەدا بردراوە؟ هێندەی (یا عەلی و یا حوسەین) کۆمەڵگەی عەرەبی شیعە دەجوڵێنێت، چ چەمکێکی چەپگەرایی و چینایەتی هێندە دەیجوڵێنێت؟ لەهەمان کاتیشدا وەها دەقێک، بەئاشکرا ڕەدکردنەوەی چەمکیی داگیرکەرە. نووسەری بەڕێز جیاوازی ناکات لە نێوان "سیاسەتی بەرنامە بۆ داڕێژراوی دەوڵەتی داگیرکەر بۆ بەعەرەبکردن (کە دەستەڵاتی بەعس دەیکرد) و دواتریش شەڕی تائیفی و شەڕی دەولەی ئیسلامی (داعش)، لە نێوان کۆچی ناچاری خەڵکی هەژار بۆ دەستکەوتی نان. لای ئەو، ئەم خەڵکە هۆشیاریی سیاسیی یان ئایدیۆلۆژییان نییە بۆ داگیرکاری، بەڵکو قوربانیی هەمان ئەو سیستمەن کە خەڵکی کوردستانیشی بێبەش کردووە. ئەم جۆرە ڕوانگەیە یەکسانکردنی قوربانی و تاوانبارە. یەکسانکردنی نەتەوەیەکی جینۆسایدکراوی بێ دەوڵەتە بە خەڵکێک کە دەکرێ زۆرینەی ئامادە و گەواهیدەری پاکتاوکردنی کوردە فەیلییەکان بووبن لە بەغدای پێتەخت، دەکرێت ڕێژەیەکی زۆریان سەربازی ناو شاڵاوەکانی ئەنفال بووبن، بەشێکییان بەعسییە دەستەڵاتدارەکانی دەستبەخوێنی ئازادیخوازانی کورد بوون.
ئینجا دەفەرموێت: "ئەمە تەعریب نییە، بە مانا نەتەوەییەکەی، بەڵکو بەکاڵاکردنی مرۆڤە". ئەم ڕستەیە جەوهەری کێشەکەیە لە وەها وتارێکدا. بەکارهێنانی هەندێک تیۆری ڕۆژئاوایی ئاراستە چەپ؛ دەربارەی سەرمایەداری "کە بۆ کۆمەڵگەیەکی سەقامگیری وەک فەڕنسا، یان بەریتانیا داهێندراون" و جێبەجێکردنییان لەسەر هەرێمی کوردستان، بەهەڵەداچوونێکی مەعریفی و میتۆدۆلۆژی مەترسیدار لەسەر درککردن بە واقیع و چارەنووسی هەرێمی کوردستان دروست دەکات. ئەگەر لە پاریس یان لە لەندەن کۆچبەران ببنە بەشێک لە مەکینەی ئابووریی، ئەو وڵاتانە خاوەنی دەوڵەت، زمان و سیستمی بەرگریی بەهێزی کولتووریی خۆیانن، هیچ مەترسییەک لەسەر ئێستا و ئایندەی ئەو وڵاتانە دروست ناکەن. بەڵام هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی تەواو جیاواز دایە؛ هاتنی شەپۆلی زەبەلاحی دانیشتووان لە باشوور و ناوەراستی عێراقەوە بۆ هەرێمێک کە خۆی لەژێر هەڕەشەی بەردەوامی ناهاوسەنگی "دیمۆگرافیا"دا دەبینێتەوە، ئەنجامەکەی لە وەها دۆخێکی وەکو ئێستای هەرێمی کوردستان "بەعەرەبکردنێکی نەرمە؛ (Soft Arabization). گۆڕینی ناوچە و شارەکان، تەنیا بەهۆی فەزای ئابوورییەوە ڕوونادات، بەڵکو کۆمەڵێک هۆکاری هەنووکەیی دوورمەودا هەن، بۆیان هەیە سیمای زمان، چاند و دیمۆگرافیی شارەکانی باشووری کوردستان بەرەو بە عەرەببونێکی مەترسیدار ببات. هۆکارەکانیشم لە نوسینێکی پێشووتردا ڕوونکردوونەتەوە
دووەم: یەکسانکردنی "پەلاماردەر/ سوودمەند" و قوربانی
وتارەکە هەوڵ دەدات، کورد و عەرەب بخاتە یەک تای تەرازوو و وەکو دوو "قوربانی یەکسان"ی مەکینەی سەرمایەداری، بخاتە سەر شانۆ؛ کورد لێرەدا بووەتە پاسەوانێکی ماندوو، عەرەبەکەش کڕیارێکی نامۆ. ئەم جۆرە لە زمانە مرۆڤدۆستییە گشتگیرە، کورد دەکاتە قوربانیی و هاوسەنگی هێز و دەرەئەنجامە سیاسییەکان فەرامۆش دەکات. عەرەبێک کە دێتە کوردستان و بە گیرفانێکی پری دارایی یان توانایەکی زۆری کڕین لە سیتییەکاندا نیشتەجێ دەبێت، زمانی خۆی و کولتووری خۆی لەگەڵ خۆی دەهێنێت؛ دوای ماوەیەک داوای خزمەتگوزاری بە زمانی خۆی دەکات و فێری زمانی زۆرینە نابێت. ئەنجامی ئەمە بۆ کورد، کە خاوەنی جوگرافییایەکی گەمارۆدراو، کێشەلەسەر و مەترسیدارە، بچووکبوونەوەی قەڵەمڕەوی زمان و دەستەڵاتی نەتەوەیە. یەکسانکردنی هەردوو لا لە ژێر ناوی "مرۆڤی بێ ناونیشان"، سڕینەوەی بەرەی نەتەوەیە لەژێر پێی کورددا. مرۆڤی عەرەب لە عێراق، مرۆڤێکی بێ ناونیشان نییە، شانازی بە عێراقیبوونیی و بە تائیفەکەیەوە دەکات، قەومییەکانییشیان خودی ئەو کوردستانە بە بەشێک لە نیشتمانی عەرەبی دەزانن، بۆیە ئەوەی کە بێ ناونیشانە عەرەبی عێراق نییە، تەنها کوردە، کە ڕێژەیەکی زۆری خۆی بە عێراقی نازانێت و لەولایەشەوە بێ دەوڵەتە، خراپی بەڕێوەبردن و حوکمداریش لە هەرێم، کێشەی وابەستەیی و ژێبەندیی نیشتیمانی ئاڵۆزتر کردووە.
سێیەم: ونکردنی ئەژەندای جیۆپۆلیتیکیی لە پەنا خۆدزینەوە لە ڕاستیی
وتارەکەی نووسەری بەڕێز وای نیشان دەدات، کە ئەم کۆچ و گۆڕانکارییانە تەنیا ئەنجامی "سوود و قازانجی کۆمپانیاکانی عەقاراتن". ئەگەرچیش چاوچنۆکی کۆمپانیا ناوخۆییەکان و سەرگەردانیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، هۆکارێکی گەورەی ئاسانکارین بۆ ئەو کۆچە نەرمە، بەڵام پشتگوێخستنی ئاستە جیۆپۆلیتییەکەی کارساتبارە بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان. لەسەر ئاستی مێژوویی و ئێستاش گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان ئامرازێکی ستراتیژی بووە بۆ لاوازکردنی قەوارەی سیاسی کورد. کاتێک وتارەکەی بەرێز ئەحمەد فاتیح؛ دۆخی ئەمرۆی هەرێمی کوردستان تەنیا وەک تەمێکی جیهانی ناوزەد دەکات، خوێنەر لەوە بێئاگا دەکات کە دەرەنجامی ئەم شەپۆڵە، تێکدانی دیمۆگرافیای کوردستان و بەکەمینەکردنی دانیشتوانی کوردە لە شارە سەرەکییەکاندا لە ئایندەیەکی نێوەنددا. بۆیە لەجیاتی ئەوەی بەتەنها لە ڕوانگەیەکی سوود و قازانجی عەقاراتەکان دۆخەکە هەڵبسەنگێنین، پێویستە هەموو ڕووەکانی کێشەکە ببینین. هەندێک جار پلان بۆ کارێکی دیاریکراو دەکێشرێت، بەڵام دەرەنجامی دیکەی دەبن کە نۆربێرت ئەلیاس بە بێ پلان (unplan) ناوزەدییان دەکات. وەکو دروستکردنی ئۆتۆمبێل، بەشێوەی پلان بۆداڕێژراو؛ بە مەبەستی ئاسوودەیی مرۆڤ دروستکراون، بەڵام لە کۆتاییدا هەمان ئەو ئۆتۆمبێلە ژینگەی مرۆڤیش پیس دەکات و هۆکارێکە بۆ دروستبوونی شێرپەنجە و لە پلانی مرۆڤەکاندا نەبووە. دەکرێت ئەوەش هەمان دەرەنجامی لێ بکەونەوە.
چوارەم: زمان وەک کۆدێکی سارد یان ئامرازی زاڵبوون!
نووسەر ئاماژە بەوە دەکات کە زمان تەنیا بووەتە "کۆدێکی سارد بۆ کڕین و فرۆشتن". ئەم تێگەیشتنە، خەبات و تێکۆشان بۆ پارێزگاریکردن لە زمان و چاند، دەخاتە قالبێکی زۆر لاوەکی و مەترسیی بەکەمینەبوون و بەعەرەببون چەند قات دەکاتەوە. لێرەدا واقیعەکە پێمان دەڵێت لە بازاڕ، سیتییەکان و شوێنە گشتییەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، چیتر فەزایەکی کوردی نین، زمانی کوردی بەرەبەرە پاشەکشە دەکات و زمانی عەرەبی دەبێتە زمانی زاڵ بۆ ڕازیکردنی "کڕیارە نوێیەکان". ئەمە تەنیا پرسیارێکی فەلسەفی سەردەمی مۆدێرنە نییە، بەڵکو پاشەکشەی ڕاستەقینەی زمانێکە لەسەر خاکی خۆیی.
لە ئاکامدا، "نیشتمان وەکو فەزایەکی بێ شوێن"، نموونەیەک لەو نوسینانەیە، کە دیاردەیەکی نەتەوەیی و ئاساییشی نەتەوەیی داپۆشیوە بە بەرگی تیۆرییە فیکرییەکانی ئاڕاستەی چەپ و ئەنارکیزم. خاڵی بەهێزی وتارەکە لە ڕووی ئەدەبییەوە؛ دەربڕینی هەستی نامۆبوونی مرۆڤە لە سایەی باڵادەستی سەرمایە و گەشەی تەندروستی شارەکان. لە بەرامبەریشدا مەترسی سەرەکی وتارەکە، کاڵکردنەوەی چەمکی بەعەرەبکردنە و گۆڕینی لە "مەترسییەکی بوونگەرایی بۆ نەتەوەیەک" بۆ "کێشەیەکی فەلسەفی گشتگیر دەربارەی بێبەهاکردنی مرۆڤ لە سەرمایەداریدا.
لە بەشێکی زۆری دەقەکەدا، جۆرێک لە بێئومێدی فەلسەفی بەرامبەر بێمانابوونی ژیانی مۆدێرنە دەبیندرێت، ژمارەیەک چەمکی جیاواز بەکارهاتوون لەجۆری "پووچگەرایی"، "مێژووی بێ ڕۆح"، "کۆمیدیای بێ بایەخی" و "تەنیایی بە کۆمەڵ"، کە چەمکگەلێکن پەیوەندییان بۆ قۆناغی پۆست مۆدێرنە و ئاڵۆزبوونی ژیانەوەیە. لێرەدا کورتەی کێشەکە لە ستایلی بیرکردنەوەی نووسەری بەڕێزدا، قالبێکی تیۆریی ئامادەکراوی رۆژئاوایی بۆ ڕەخنەکردنی شارە گەورەکانی وەکو پاریس، لەندەن، یان نیویۆرک دروستکردووە، ڕاستەوخۆ تێکەڵیکردووە بە دۆخی کوردستان. ئەمەش وایکردووە کێشەیەکی هەستیاری جیۆپۆلیتیکی و دیمۆگرافی، کە تایبەتە بە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و پرسی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتی وەکو کورد، بچووک بکاتەوە بۆ مەترسییەکانی سەرمایەداری لەسەر مرۆڤی مۆدێرن. هەر هەمان ئەو هەڵە مەعریفی و میتۆدۆلۆژیانەن کە پۆست کۆلۆنیالیستە کوردەکان تێی دەکەون و کوردستان لە کاتێکدا زیاتر لە سەد ساڵ لەژێر هەژموون و داگیرکارییەکی ڕاستەوخۆی سێ نەتەوە و چواردەوڵەتی داگیرکەردا دەناڵێنێت، تێکەڵی دەکەن بە دۆخی پۆست کۆلۆنیالیزمی ئێدوارد سەعید و هەندێک نووسەری دیکە، کە نەک هەر باوەڕیان بە مافی کورد و نەتەوەکانی غەیرە عەرەبی ناوچەکە نییە، بەڵکو بە بەشێک لە پیلانی ئیمپریالیزمیشی دەزانن و وەکو گەورەترین مەترسی هەژمار دەکەن لەسەر ئایندەی ئەوەی کە ناویان لێناوە "دابەشکردنی دابشکراو".