ئەوەی لە کۆچی دوایی کەمال شاکردا گوترا و قابیلی بێدەنگ بوون نییە لێی!

ئالان م. نوری
  2026-09-29   

رۆژی 16 ی ئەیلول، مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی کوردستان -حشک- لە راگەیەندراوێکدا هەواڵی کۆچی دوایی کەمال شاکر، سکرتێری پێشووتری حزبەکەیانی راگەیاند.

وەکو نۆرمی دەقی لەم جۆرە راگەیەندراوانە، مەکتەب سیاسیی حزبەکە ماتەمینیی راگەیاند و، هەوڵی دا پۆشاکێکی پۆزەتیڤ بە بالای مێژووی سیاسیی کۆچکردوودا بکات. ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە واقیعی مێژووی دوای کۆتایی حەفتاکانی ئەو بەڕێزەدا، بەو ساڵانەشەوە کە سکرتێری حزبەکە بوو، و بەوانەیشەوە کە وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان بوو، شتێکی ئەوتۆ لە نامەی ئەعمالیدا نییە، کە شایانی باس بێت. بەڵام ئەمە لە مافی ئەو ئۆرگانەی حزبەکەی  کەمناکاتەوە کە شانازی بەو (هیچی نەبوو) ەوە بکەن، چونکە حاڵی ئێستایان لەەسەردەمی سەرکردایەتیی کۆچکردوو باشتر نییە.

لەوە دەگەڕێم کە لە سەردەمی سەرکردایەتیی ئەم بەڕێزەدا زۆرترین جەماوەر لە حزبەکە ترەکییەوە و ئەوەی لێی مایەوە حزبۆکەیەکی شۆڤێنیی پەراوێزخراو و چأو لە دەستی دەسەڵاتە بۆ بژێویی خزم و خوێش و خانەوادەی سەرکردەکانی و، بە تەواوەتی سیمای حزبێکی چەپ، چجای شیوعی، ی لەدەست داوە. ئەوەیان بۆ ئەوانە جێدێڵم کە تا ئێستا لەناو ئەو حزبەدا ماونەتەوە و شەرم لە ماهییەتی ئێستای حزبەکەیان دەکەن. بەڵام شتێکم لەو راگەیەندراوەدا بەدی کرد، کە پێم وایە کارێکی زۆر قێزەونە و ناکرێت لە سەرکردایەتی هیچ حزبێک قەبوڵ بکرێت.

مەکتەبی سیاسیی حشک، لەو 15 دێڕەی راگەیەندراوەکەدا، توانیی دوو ئیدیعای زەبەلاح دەربارەی نامەی ئەعمالی کۆچکردوو بئاخنێتە دەقەکەوە، کە باس لە مێژوویەکی زۆر دووری ئەوتۆ ناکات، نەتوانرێت بە ئاسانی بەدرۆ بخرێنەوە. سەیریش لەوەدایە پێشتر لە 90 ساڵی مێژووی سەربەخۆ و ئاوێتە بە حزبی شیوعیی عێراقەوەیاندا، هیچ دەستەیەکی سەرکردایەتیی ئەم ئۆرگانە، بۆ کۆچی هیچ سەرکردەیەکیان، ئەوها بێشەرمانە پەنایان بۆ ساختەکاری نەبردووە.

ئیدیعای یەکەم بریتییە لەوەی گوایە کۆچکردوو خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە و بڕوانامەکەی لە مۆسکۆی پایتەختی ئەوسای یەکێتی سۆڤێت و ئێستای روسیا  بەدەست هێناوە. لە دەم ئەمانیشەوە هەندێ دەزگای راگەیاندن ئەم نازناوی دکتۆر ەیان خستە پێش ناوی کۆچکردوو، بێ ئەوی لە خۆیان بپرسن لەو هەموو ساڵەی بوونی لە گۆڕەپانی سیاسەت و حکومەتدا، بۆ کەسێکیان نەدی پێی بڵێ دکتۆر؟ تەنانەت لە راگەیەندراوی حزبی شیوعیی عێراق و حکومەتی هەرێمیشدا، دەربارەی کۆچی دوایی، هیچ لایەکیان ئەم نازناوی دکتۆرەیان بەکار نەهێنا! (تۆ بڵێی بوونی بڕوانامەیەکی وا لە نامەی ئەعمالی کۆچکردوودا لە حکومەتەکەی کە ئەو لە ناویدا وەزیر بوو، شاراوە بێت؟)

کەمال شاکر کە تا گەڕانەوەی لە ژووری سێدارە و جێهێشتنی وڵاتی لە سەرەتای هەشتاکاندا، خاوەنی هیچ بڕوانامەیەکی خوێندنی باڵا نەبووە، لەمۆسکۆ ناوی لە جمعیة الطلبة العراقیین دا نەبووە. ئیتر چۆن لەماوەی کەمتر لە 10 ساڵدا، پێداویستییەکانی سێ بڕوانامەی یەک لە دوای یەکی تەواوکرد، لە بەکالۆریۆسەوە تا دەگاتە دکتۆرا، بێ ئەوەی کەسێک لە رێکخخراوی خوێندکارە عێراقییەکانی وابەستەی حزبەکەی خۆی ئاگایان لێی بووبێت و، تەنها وەک بەرپرسێکی حزبی بۆ ئیشراف لەسەر کۆبوونەوەکانیان ئامادە بووبێت؟

چ زانکۆیەکی سۆڤێتی ئەوسا ئامادەبوو خوێندکارێک کە بە ئاشکرا لە سۆڤێت بووبێت، بە نهێنی بخوێنێت لەلایان؟

هەندێک لە دۆستانی نزیکی کەمال شاکر ئاماژە بە بڕوانامەیەک دەکەن کە بە زمانێکی سڵاڤی نووسرابێت و، دوای زیاد لە دە ساڵ لە رووخانی رژێمی بەعس، لە ماڵەکەیدا بینرابێت. ئەمە عوزرێکە کە لە قەباحەتی ئەسڵی خراپترە. چونکە ئەوە دەگەیەنێت کە کۆچکردوو راستەوخۆ دەستی هەبووە لە بڵاوکردنەوەی ئەو ناراستییەدا.

دەربارەی ئەو بڕوانامەیە، هەوادارێکی کۆچکردوو رایگەیاند کە بڕوانامەکە دکتۆرایە و لە رۆمانیا، نەک لە مۆسکۆ-روسیا وەریگرتووە. ئەمەشیان لە بابەتی (ویستی کل بکاتە چاوی، کەچی کوێری کرد)ە، چونکە کۆچکردوو زۆر کەمتر لە ئەوروپای رۆژهەڵات بووە، لە چاو مۆسکۆدا، کە توانیبێتی بە هۆی هەر بلیمەتییەکەوە بێت، سێ بڕوانامەی ئەکادیمی بە قەڵەمباز تەواو بکات! دیسانەوە ئەندامانی رێکخراوی ئەوسای خوێندکارانی عێراق لە ئەوروپای رۆژهەڵاتیش هێندە زۆرن کە دەبێت لە بەڵگەنامەیەکدا، یادەوەرییەکدا ناوی وەک خوێندکار هاتبێت!

پێش ئێمەومانان، کە لە دەرەوەی حزبەکەین، دەبێت هاوڕێیانی کەمال شاکر، ئەوانەی کە دەستیان لە داڕشتن و پەسەندکردنی ئەم ئیدیعایەدا نییە، وەکو لانی کەمی ئەرکی ئەخلاقییان، دەبێت بەدوادا چوون بۆ ئەم مەبەستە بکەن…چونکە گەر بۆیان دەربکەوێت کۆچکردوو دکتۆرای هەرگیز نەبووە، ئەوا لەبەردەم دوو لێکدانەوەدان: یان ئەوەتا لە ژیانی خۆیدا، کۆچکردوو بەشدار بووە لە کارێکی زۆر ناشرینی ساختەکاریدا بە هەر مەبەستێک بێت. یان، دەستەی مەکتەب سیاسیی حزبەکەی ئەم بابەتەیان لە هیچی نەبووەوە بۆ هەڵبەستوە. ئەمەش یان لەبەر ئەوەی بێئاگان لە نامەی ئەعمالی سکرتێری چەند ساڵەی حزبەکەیان، یان ئاستیان گەیشتووە بەوەی هێندە هەست بە کورتی بکەن، بە دکتۆرای تەزویر بیانەوێ دیواری لاری ماڵیان راست بکەنەوە.

ئیدیعای دووەمیان کە لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەوەیە کە لەپاش بەربوونی لە زیندانە تاریکەکانی بەعس، خۆی گەیاندۆتە شاخ و «چەکی پێشمەرگایەتیی کردۆتە شان». ئەمەشیان وەک ئەوەی پێشوو، ئەوەندە دوور نییە کە کەسێک نەمابێت راست و هەڵەیی ئەم ئیدیعائە شیتەڵ بکاتەوە. راستە، بەڵگە هەیە کە کۆچکردوو لە کاتی دروستکردنی بنکە سەرەتاییەکانی حزبی شیوعی لە کوردستان ، دوای ئازاد بوونی، گەیشتووە بە بنکەی سەرەکیی حزبەکەی کە دراوسێی خێوەت بە خێوەتی یەکێتیی نیشتمانی بوون لەو کاتەدا. هەروەها راستیشە و، شاهید هەیە، کە کاتێک لەوێ بووە، چووە بۆ سەردانی هاوشاریی خۆی، مەلا بەختیار. ئەم سەردانش لەلایەن مەلا بەختیار خۆیەوە پشتراست کراوەتەوە. ئەوەی لەم چیرۆکەدا نییە ئەوەیە کە کۆچکردوو بە نییەتی چوونە دەرەوەی عێراق لە رێی بنکەکەی حزبی شیوعییەوە گەیشتبووە ئەوێ و بە هیچ شێوەیەک نە بە نیازی پێشمەرگایەتی بووە و نە بە فیعلی رۆژێک پێشمەرگایەتیی کردووە.

ئاگادارێک لەو وردەکارییەی مێژووی پارتیزانیی حزبی شیوعی، تەنانەت ئەوەی بە بەندە گەیاند کە هۆکاری سەردانەکەی بۆ لای مەلا بەختیار ئەوە بووە کە سەرکردایەتیی عەسکەریی حزبەکەی پێیان وتبوو لەو هەلومەرجەیاندا توانای دەستبەجێ ناردنییان نییە بۆ دەرەوەی وڵات و دەبێت بمێنێتەوە تا دەرفەت دەخوڵقێت. بۆیە چووە بۆ لای هاوشارییەکەی بۆ سۆراغی ئەوەی ئایا یەکێتی نیشتمانی دەتوانێت یارمەتیی بدات لە دەرچوون بۆ ئەوروپا؟ هەموو ئەمانە تا رادەیەک ئاسایین و رەنگە سەرکردایەتیی حزبەکەی وایان پێ باش بووبێت کە ئەو بنێرن بۆ ئەوروپا بۆ گێڕانی رۆڵێکی گرنگتر لەوەی توانیبێتی وەک پێشمەرگەیەک بیبینێت. بەڵام شەرمەزارییە باسی هەڵگرتنی چەکی پێشمەرگایەتی بکرێت لە بارەی کەسێکەوە تەنانەت یەک شاهیدیش نەبێت لەسەر ئەوەی بۆ رۆژێکیش لە هیچ سەنگەر و کارێکی سەربازیدا بینرابێت. هیوادارم، پێشمەرگە دێرینەکان کە بەراستی پێشمەرگە بوون، بێنە دەنگ و حزبەکەیان و هەموومان وشیار بکەنەوە لەو چالاکییانەی کە کۆچکردوو بەشداریی تێدا کردوون. مەلا بەختیاریش کە ئەو شەهادەتەی بۆ دا لە شاخ یەکترییان بینیوە، هیوام وایە ئەو مێژووە وەک خۆی، چۆنە، باسی بکات و، پێمان بڵێ پاش دۆعا و سەلام بابەتی سەرەکیی ئەو دیدارە چی بوو.

سەرکردە کۆچکردوو و شەهید کراوەکانی ئەم داربەڕووە رەگ داکوتاوەی ناوی بزوتنەوەی کۆمۆنیستییە لە عێراقدا، زۆربەیان بێباکانە و ئازایانە لاپەڕە و چامەی پڕ شکۆی خۆیان لە مێژووی عێراق و کوردستاندا نووسیوەتەوە و لە ویژادانی هەژاران و یەکسانیخوازانی وڵاتدا جێگەیان پارێزراوە. کەس داوای بڕوانامەی دکتۆرا و کەسیش داوای نامەی ئەعمالی فۆرمێکی دیاری کراو لە خەباتیان لێ نەکردوون …حزبەکەشیان، رۆژێک لە رۆژان خاوەن بڕوانامە باڵاکانی بەرزتر نەنرخاندووە لە تێکۆشەرەکانی دیکەی…بەڵام دیارە لە دونیای سیاسییە خاوەن دکتۆراکانی بە جوملەەکڕاوی لوبنان و رۆمانیای ئەمڕۆی عێراقدا، ئەم سەرکردایەتییەیان، بە پێویستی زانیبێت کە وشەی دکتۆرا بە ناوی کۆچکردووەکەیانەوە بنێت و لە هیچی نەبوو مێژووی پێشمەرگایەتی بۆ نامەی ئەعمالی زیاد بکات، بەڵکو ئەمە خوایە، کەمێک زیاتر رێزیان لێ بگیرێت.

جا لەبەر ئەوەی مەرگ لە ڕێی هەموومانە، چاوەڕێم بزانم کام لەمانەی ئێستە ئەندامی مەکتەب سیاسیی ئەو حزبە داماوەن، کاتێک مەرگ لە دونیای سەندنەوە، ئەوجا بە تەعزێنامەکەیدا بزانین کە بەڕێزی دکتۆرای لە بواری ناوکە-کوولەکە-ناسیدا هەبووە!... رۆژگارێکی سەیرە گوڵم!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
لەسەر هێرشەکانی دژی کورد و پارەدارکردنی حەماس، نەتەنیاهۆ سکاڵا دژی ئەردۆغان تۆمار دەکات
"عێراق له‌به‌رده‌م دو بژارده‌دایه‌ كه‌ شیرینتره‌كه‌یشیان هه‌ر تاڵه‌"
پەردە لەسەر هێرشەکەی سەر بۆری نەوتی سعوودیە لادەدرێت؛ عێراق گروپەکانی سەر بە ئێران و حوسییەکان تۆمەتبار دەکات
عێراق بارەگای هێزەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی بەغداد وەردەگرێتەوە و جەخت لە سەروەریی بڕیاری ئەمنی دەکاتەوە
باڵاپۆشی زۆرەملێ لە زانکۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خرایە بواری جێبەجێکردنەوە
ده‌سته‌ی راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كان: بڕیاره‌كه‌ی دادگا كۆمپانیای كۆڕه‌ك تیلیكۆم ناگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ كاركردن
وەزارەتی خوێندنی باڵا هۆشداری دەداتە زانکۆ تایبەتەکان: وەرگرتنی پێشوەختەی کرێی خوێندن قەدەغەیە
منداڵ لە جینۆسایدی ئەرمەندا
​لە هێرشێکی مووشەکیی ئێراندا ٨ سەربازی ئەمریکی بریندار بوون
میدیای ره‌سمی عێراق: گه‌شته‌كانی نێوان فڕۆكه‌خانه‌ی نه‌جه‌ف و فڕۆكه‌خانه‌كانی ئێران ده‌ستیانپێكرده‌وه‌
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×