ئەنفالی کانی بەردینە

د. شوان عەبدوڵا حەمەد ​
  2023-04-12   

سبەینێ ساڵڕۆژی ئەنفالە بەدناوەکەیە. بۆ یادی ئەم کارەساتە ئەم ڤیدیۆیەی ساڵی ١٩٨٦ی گوندی خۆمان، کانی بەردینەی سەرچنار پۆست دەکەم. ئەم گوندە کە ئێستا گەڕەکی کانی بەردینەیە، دەکەوێتە ناوچەی دۆڵەڕووت، نزیک لە پارکی هەواری شار.

لەم ڤیدیۆیەدا دەبینن کە گوندەکە تێکڕای خاپوور کراوە و سووتێندراوە. ئەو پیاوەی قسەکان دەکات، ناوی حاجی یاسین بوو، گیانی شادبێت، ئێستا نەماوە. کەسوکاری ئێمە لە مێژوودا بەم شێوەیە باجی کوردبوونیان داوە، ئێستاش منداڵەکانیان دوای تەواوکردنی زانکۆ لە ماڵەوە دادەنیشن؛ یاخود دەبێت هانا بۆ بەغدا و لای حکوومەتی عێراقی ببەن کە لە دائیرەیەکدا بە کەچەموچەیەک دایانبمەزرێنێت. یاخود خراپتر، هەریەکەو بەلایەکی وڵاتانی غەریبیدا پەراگەندە بوون.

باوباپیرانی ئێمە چەندانجار خانوماڵیان ڕوخێنراوە و سوتێنراوە. چەندان مرۆڤی بێتاوانمان تێدا چووە و گیانیان بەخەساردراوە. لە خێزانی خۆمان، مامێکی دایکم بەناوی (مامە حسێن) یەکەم قوربانی دەستی مەلایی و جەلالییە. ساڵەکانی شەستەکان لە مەخفەرێک پۆلیس بووە، کاتێک پێشمەرگە هێرشیان دەکەنەسەر، خۆی ڕادەست دەکات و بە تفەنگی خۆیەوە دەبێت بە پێشمەرگە. کاتێکیش بەزمی مەلایی و جەلالی لە ساڵی ١٩٦٦ پەیدا دەبێت، لەسەر مەلاییبوون مامە حسێن شەهید دەکرێت. کوڕەکەشی بەناوی (عوسمان) کە ئامۆزای دایکمە چەند ساڵێک دوای شەهیدبوونی باوکی و لە ساڵانی حەفتاکاندا، کاتێک جەیش و جاش دەدەن بەسەر کانی بەردینەدا، دەیگرن و دەیبەن. هەتا ئێستاش هیچ دەنگوباسێکی نییە؛ نە تەرم و نە گۆڕیشی دیار نییە. کەواتە یەکەمین ئەنفال بەسەر خێزانی ئێمە و بنەماڵە و گوندی ئێمەدا لە ساڵانی حەفتاکاندا هاتووە.

من خۆم لەکاتی وێنەگرتنی ئەم ڤیدیۆیەدا تەمەنم هەشت ساڵان بوو و زۆرینەی ئەو پێشمەرگانەم لە کانی بەردینە بینیووە. زۆرجار یاریم بە تفەنگەکانیان ئەکرد کاتێک لە هۆدەکەی ئێمە لەبەردەم لرفەی سۆپا دەرەکەدا دائەنیشتن و چاوەڕێبوون ساوەر و گۆشتی بەرخیان دەرخوارد بدرێت. نۆشیان بێت، نەیانزانی ئاوامان بەسەردێت.
ئێمە دەستبەرداری کوردبوونی خۆمان نابین، بەڵام نەفرەت دەکەین لە زۆڵەکورد کە چارەنووسی ئەم نەتەوەیەیان بەم دەردە برد. هیچ کاتێکیش ئامادەنین ئاوات بە سەردەمی دەسەڵاتی بەغدا بخوازین، بەڵام هێندە بێزارین لە دەسەڵاتی داڕزیووی کوردی، پێمان شەرمە بڵێین ئێمە ڕۆژێک لە ڕۆژان نانمان بەم نمەک بەحەرامانە داوە.


تێبینی: ئەم قسانە تەنها بەناوی خۆمەوە دەکەم، خەڵکی گوندی کانی بەردینە لێی بەرپرسیار نین و ئاگاداری نین.
ئەو مرۆڤانەیشی، جا چ چەکدار یان بێچەک بووبن و لەم زۆرانبازییە خوێناویە لەگەڵ بێویژدانترین ڕژێمی مێژوودا گیانیان بەخەسار ڕۆیشت، ڕێز لێ دەنێین و یادیان بەخێر دەکەینەوە.

هیوام سەلامەتی هەموولایەکە.

زۆر سوپاس بۆ پەیجی شلێروناوخوان بۆ ڤیدیۆکە، ڕاستەوخۆ بۆیان ناردم.

https://www.facebook.com/dangymnwto/videos/1770027370066337

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×