ئایا دروستکردنی منداڵ وەکو کوشتنی وایە؟!

د. شوان عەبدوڵا حەمەد ​
  2024-04-25   

وەکوو باس دەکرێت، ژنە ئەکتەری کوەیتی، شەمس ئەلکوەیتی سکاڵای لەسەر دایکی تۆمار کردووە، گوایە بێپرسی خۆی هێناویەتە دونیاوە. شەمس وتوویەتی، «چۆن من دەهێنیتە دونیاوە بێ ئەوەی پرس بە خۆم بکەیت؟!»

باسەکە لای زۆرینەمان سەیروسەمەرەیە، بەڵام ئەم بابەتە، واتە بابەتی تاوانبارکردنی دایکان و باوکان بۆ هێنانەدونیای وەچەکان، بابەتێکی نوێ نییە. زۆرن ئەوانەی لە مێژوودا کە دژایەتی وەچەخستنەوەیان کردووە و هەندێکیش زیاد ڕۆیشتوون و هێنانەدونیای منداڵیان بە تاوان هەژمار کردووە. تەنانەت کار گەیشتووەتە ئەوەی لە دونیای مەعریفە و فەلسەفەدا دەستەواژەیەک بۆ ئەو کەسانە داتاشراوە کە خۆیان بە دژبەری وەچەخستنەوە دەزانن.

ئەنتینەیتاڵیزم، یاخود دژەلەدایکبوون، ئەو تێڕوانینە فەلسەفییەیە کە ڕەخنەی تووند لە وەچەخستنەوە دەگرێت و هێنانەدونیای منداڵان بە کارێکی خراپ و بێمۆڕاڵانە حساب دەکات. ئەنتینەیتاڵیستەکان، واتا ئەوانەی دژەلەدایکبوونن، پێیان وایە مرۆڤ دەبێت خۆی بەدووربگرێت لە وەچەخستنەوە، لەسەر ڕوناکایی کۆمەڵێک لەم بنەمایانەی خوارەوە: ژیان لە کۆتاییدا بریتییە لە ئازارچەشتن، مردن دوائەنجامە، مرۆڤەکان بێخواستی خۆیان و بێ ئەوەی پرسیان پێ بکرێت، دەهێنرێنە دونیاوە، هەرچەندە هەندێک کەس لە ژیاندا دڵخۆش دەبن، بەڵام دواجار کەس ناتوانێت دڵخۆشی بۆ هەموو مرۆڤەکان مسۆگەر بکات. لەبەرئەوە وەچەخستنەوە لە دەرئەنجامدا قومارکردنە لەسەر ئازارچەشتنی ڕوحلەبەرێک.

لە گۆشەیەکی ترەوە دژەلەدایکبوونەکان ڕوونی دەکەنەوە، ژیان هەردووک خۆشی و ناخۆشی تێدایە. مرۆڤ کە لەدایک دەبێت دەکرێت ئازار بچێژێت و خۆشیش ببینێت. بەڵام گەر هەر لە بنەچەدا لەدایک نەبێت، مسۆگەر نە ئازار دەچێژێت و نە خۆشیش دەبینێت. ئازارنەچەشتن کارێکی باشە، بەڵام ئازارچەشتن خراپەیە، لەگەڵ ئەوەش خۆشیبینین خۆشە، بەڵام خۆشینەبینین کارێکی خراپ نییە. کەواتە بەرئەنجام لەدایکبوون خراپەی لە چاکەی باشترە.

ناسراوترین فەیلەسوفەکانی جیهان، ئارثەر شۆپینهاوەر یەکێک بووە لەوانەی باوەڕی بە دژەلەدایکبوون هەبووە و بە ئاشکرا لە نووسینەکانیدا، تایبەت لە کتێبی «جیهان وەک ئیرادە و نوێنەرایەتی» دژایەتی وەچەخستنەوەی کردووە.
لە دونیای ڕۆژهەڵاتیشدا، بەناوبانگترین مرۆڤ کە دژایەتی وەچەخستنەوەی کردبێت و لە زۆر حاڵەتیشدا وەکوو تاوان باسی کردووە، نووسەر و شاعیری ناودەنگی عەرەب، ئەبوعەلای مەعرییە. لەگەڵ ئەوەی تا مردن، نە هاوسەرگیری کرد و نە منداڵی خستەوە، وا باس دەکرێت کە تاهەتایە خۆی لە تێوەگلان لە کردەی سێکیش بەدوورگرتبێت. تەنانەت لەسەر پێشنیازی خۆی، لەسەر کێلی گۆڕەکەی ئەبوعەلای مەعری نووسراوە:

هذا جَنَاهُ أبي عليَّ وَمَا جَنَيتُ عَلَى أَحَدِ

واتا:
ئەمە تاوانی باوکمە دژی من، کە من خۆم لە دژی هیچ کەسێک ئەنجامم نەداوە.

دواجار پرسێک لێرەدا خۆی قوت دەکاتەوە، ئایا دروستکردنی منداڵ وەکو کوشتنی وایە؟!


 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×