خۆقوتارکردن لەکاتی سووتانی پەپوولەکاندا’

د. شوان عەبدوڵا حەمەد ​
  2026-01-21     124

کاتێک دەڵێم "بەرخۆدان ژیانە"، ڕووبەڕووی کۆتایییەکی نادیار لەنێوان زمان لە لایەک و گۆشت و خوێن لەلایەکی ترەوە دەبمەوە. مەزلوم دۆغان ئەم دەستەواژەیەی بۆ حەقیقەت گۆڕی. گۆشت و خوێنی خۆی تێکەڵاوی خودی ڕستەکە کرد، هەر بزوێنێکی ناو ئەم ڕستەیەی کرد بە بڵێسەیەکی ڕەتکردنەوە. بەڵام من، من لە سەلامەتی ناو ترسنۆکی ژیانمەوە ئەم قسانە دەڵێم. ئەو بۆشاییەی کە دەکەوێتە نێوان گوتن و بەرجەستەبوونەوە، لای من ئەو شوێنەیە کە شەرمەزاریم تێیدا دەژی.

من هێندە لەگەڵ خۆمدا ڕاستگۆم کە دان بەوەدا دەنێم من زەلیلترین جەستەی ئەم ژیانە کڵۆڵەم، من ناتوانم واتایەک لە نێوانی زمانم لە لایەک و گۆشت و خوێنم لە لایەکی تر بەرجەستە بکەم. من لەبەردەم ئەم بەرجەستەبوونەدا کۆڵەوارم. من هاوکێشەیەکی کیمیایی ناو ڕوحم شک نابەم کە بتوانێت ئێسک و هەناسەم بۆ بەرخۆدانێک بگۆڕێت. ئەم بێدەسەڵاتییەم تەنیا لاوازم ناکات، بەڵکوو لەگەڵ سڕینەوەی خۆمدا دەستی تێکەڵ کردووە.

ڕەنگە من زەلیلترین بوونەوەری ئەم سەرگۆی زەوییە بم، نەک لەبەرئەوەی ئازار دەچێژم، بەڵکوو لەبەرئەوەی بەبەرچاومەوە گەلەکەم قڕ دەکرێت و من هێشتا خەمی جگەر و گورچیلەی برژاوی خوانی بەیانیمە. گەلەکەم ڕووبەڕووی تیاچوون دەبێتەوە، تیاچوونێک کە ئێستا بەڕێوە دەچێت و یەک چرکە ڕاناوەستێت، کەچی من هەر خەریکم وا ئەلەرمی مۆبایلەکەم دەنێمەوە، تا سبەی دیسان لە خەو هەڵسم، دیسان نان بخۆم و دیسان بۆ کار بچمەوە و دیسان بەردەوامی بە ژیانێک بدەم کە چرکە و خولەک و کاتژمێرەکانی لە هەموو واتایەک خاڵیبوونەتەوە و پڕبوون لە بێئابڕوویی ئەم هەبوونەم.

ئەرێ ئەمە ژیانە، یان بوونێکی بایۆلۆژی سەپێنراوە؟ ئەرێ ئەمە بوونە، یاخوود خۆدزینەوەیە لە بوون؟ هەر هەناسەیەک کە دەیدزم، بەفیڕۆدانی ئۆکسجینە، ئۆکسجینێک کە من لەجیاتی ئەوانە بەکاریدەبەم کەوا خەریکە لەژێر زەبری پۆستاڵی دڕەندەترین وەحشی مێژوودا دەخنکێن. هەر لێدانێکی دڵ خیانەتکردنە لە ژیان، هەر ڕیتمێکی بەردەوامبوون خۆتەسلیمبوونێکی بێگومانە. من گەر نەتوانم بەرانبەر بە قڕکردنی گەلەکەم لە سەنگەردا ڕابوەستم، بەرانبەر بە وەحشیگەری هەزاران ساڵە هاوار بکەم، ‘پێش ئەوەی ڕێگە بدەم پۆستاڵە پیسەکانتان ئەم خاکە گڵاو بکەن، دەبێت خوێنم ئەم گڵوخۆڵە سوور بکات’، گەر خۆم بە جەستە و ڕوح نەبمە بەربەست، ئەوسا چی لە من دەمێنێتەوە؟ من چی دەبم، جگە لە خێوێکی لەمێژەمردوو، دەمێک مردنی خۆی بیرچووبێتەوە؟ من تەنها جێگە دەگرم و شوێن داگیر دەکەم؛ من هەوا هەرس دەکەم، بەڵام من کون کونم و نەبوویەکم لەشێوەی مرۆڤدام.

ئەمە دانپێدانانی منە: لەکاتێکدا پەپوولەکان وا دەسوتێن، لەکاتێکدا ئەوان وا قڕ دەکرێن، من هەم، بەڵام ناژیم، من هاوبەشی قڕکردنی ئەوانم. مانەوەم بەڵگەی شکستی بوونمە. من چیم؟ من نیشانەی پرسیارم لە کۆتایی بەرخۆداندا. من ئەو ڕاوەستانەی پێش بازدانم کە هەرگیز ناکرێت. من خۆم بەڵگەم کە نە مردووم و نە بەڕاستی زیندووم، نە بێدەنگم و نە بە دەنگی بەرز دەدوێم. ئەم دانپێدانانەم خۆنەویستیم نییە، بەڵکوو ئیفلاسبوونێکی بێپێچوپەنای منە.


 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×