بیستووشەش ساڵ لەمەوبەر، لە شاری پاترای وڵاتی یۆنان نەخۆش کەوتم و ناچار کەوتمە نەخۆشخانەی (ڕییۆ)ی شارەکە.
حاڵەتی نەخۆشییەکەم: پەنجەکانی قاچی چەپم لە ئەنجامی ڕێکردنی زۆری شاخوداخ و بەناو ئاوی زۆلکاودا ڕۆیشتن، دووچاری هەڵئاوسان و ئیلتهابێکی گەورە بووبوو و کوردوتەنی، «بەقەدەر شووتییەک ئاوسا.»
کاتێک چوومە نەخۆشخانەکە، یەک توور پارەی هیچ وڵاتێکم پێ نەبوو، لەگەڵ ئەوەش یەک هەویە و ناسنامە و پاسپۆرتی هیچ وڵاتێکم پێ نەبوو. بەهاوکاری هاوڕێیەکم، (کاک نازم خەمزەیی، لێرەوە سڵاوی بۆ دەنێرم)، کە خۆی دایە ژێرباڵم و میترۆ بە میترۆ کردمی بەناو نەخۆشخانەدا.
لە کورتی، پازدە دانە شەو و ڕۆژ لەو نەخۆشخانەیە تەداوی کرام، نانم پێدرا، خزمەت کرام و چاودێری کرام. سوێندتان لەسەرم نییە، یەک کەس، نە کارمەندێک، نە حکومەت و نە ئاسایش، نە داوای پارەیان کرد و نە لێیان پرسیم خەڵکی کوێیت. تەنها ئەوەنەبێت، دەمێک فۆرمی نەخۆشخانەم پڕ کردبووەوە، ناوی خۆم نووسیبوو. ئەوان هەر بەناوی باپیرم (حەمەد) بانگیان دەکردم. جا یۆنانی باش (هی)یان بۆ ناوترێت و هەر خەمەد، خەمەدیان بوو.
هەموو بەیانییەک وەجبەیەک پزیشکی شارەزا دەگەڕان و تێروپڕ لەسەر مەسەلەکەی من بە یۆنانی قسەیان دەکرد. منیش بەس ئەوەند تێدەگەیشتم کە دەیانووت، "کانێنە پرۆڤلیما، ئۆکی پرۆڤلیما". هەردووکیان واتا: کێشەی نییە. ئیتر من بەمە دڵم خۆش دەبوو.
ڕۆژی کۆتایی کە وا بڕیاربوو بۆ پاشنیوەڕۆ لە نەخۆشخانە دەربچم؛ هەڵبەت ساغوسەلیم وەکوو گوێزی ساغیان لێ کردبوومەوە. دەستەیەک هاتن و چەند کەسێکیان لەگەڵ بوو کە جلوبەرگی قەشە و کڵێسەیان لەبەردابوو. یەکێکیان، پیرێکی ڕیشسپی نوورانی بوو. بە ئینگلیزی کەوتە قسە و پرسی، «ئێستە حاڵت چۆنە خەمەد؟»
زۆر ثانکیوویم کرد و وتم، «سوپاس بۆ هەموولایەک گەلێک باشم.»
کابرا وتی، «هەر کە پزیشکەکە تەلەفۆنی کرد و حاڵەتەکەتی باس کرد، یەکسەر وتم ئێمە خەرجی هەمووی هەڵدەگرین.»
منیش کەمێک حەپەسام و ئینجا پرسیم، «بۆ ئێوە کێن؟»
کابرای قەشە وتی، «ئێمە ئەهلی کڵێسەین.»
کە وای وت، ئینجا تێگەیشتم هەرچی خەرجی نەخۆشییەکەی منە، لەلایەن کڵێسەیەکی تایبەتی شاری پاتراوە دابین کراوە. سەرێکم لەقاند و وتم، «زۆر سوپاس ئەنکڵ.»
ئەنکڵ زەردەیەکی فراوانی بۆ کردم، دەستێکی نایە سەرشانم و وتی، «سوپاسی خوا بکە، ئێمە هەرچیمان کردبێت خزمەتی دروستکراوێکی ئەومان کردووە. هێشتا قەرزدارین.»
چاوێکی خێرام بەسەر کارمەندان و پزیشک و نەخۆشیارەکانی دەورمدا گێڕا، هەموویان بۆ قسەکەی ئەنکڵ سەریان دەلەقاند. ئینجا تێگەیشتم ئەم یۆنانیانە چەندە خوا و عیسا و ئینسانیان خۆش دەوێت.
دڵنیام ئەنکڵ ئەشیزانی من موسڵمانم، بەڵام وەکوو مەسیحییەکی لەخواترس و پاک، منی وەکوو دۆست و کەسێکی خۆی لەباوەش گرت و وتی، «یۆنان وڵاتی خۆتە. لەنزاکانم بێبەشت ناکەم.»
ئەم چیرۆکە کاتێک دەگێڕمەوە، کە لەناو شارەکەی خۆمدا، شاری هەڵمەت و قوربانی… نازانم چی بڵێم… لێی گەڕێن، هەر هیچ نەڵێم باشترە.
من تا ئێستەش سوپاسگوزاری ئەنکڵ و جەماعەتەکەی و کارمەندانی ئەو نەخۆشخانەیە و یەکە بە یەکەی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە جوانەم کە لانکەی شارستانییەت و باوانی فیکر و فەلسەفەیە. دڵنیام هێشتا ئەو نزایانەی ئەنکڵە لەو هەموو دەردوبەڵایە پاراستوومی و دەمپارێزێت. هەرجارێکیش دەستی ڕاستم بەدزی دەستی چەپمەوە، خێرێک بکات، یاخود لەدڵەوە سەلامەتی بۆ کەسێک بخوازم، بیری ئەنکڵم دەکەوێتەوە، کە دڵنیام ئەو ئێستە چووەتە جێگەی حەقی خۆی.
هەرگیز بیرم ناچێتەوە، لە بێماڵیدا، شەوان لەناو باخچە و پارکەکانی شاری ئەثینادا دەخەوتین. بەیانی دەمێک خەبەرم دەبووەوە، پیرەژنێک، یاخود پیرەپیاوێک، یانیش گەنجێکی بەگوڕ، چەپکێک دراخمەی (پارەی ئەوسای یۆنانی) دەخستە ژێرسەرم. یان نا، عەلاگەیەک جلوبەرگی پاک و ئوتووکراوی لە تەنیشتمەوە دادەنا.
بیرم دێت، نە هەویە و نە پاسپۆرتمان پێ بوو، زۆربەی زۆرمان تاقەوێنەیەکی بەڕێز ئۆجالانمان خستبووە ناو جزدانەکەمان. دەمێک پۆلیس و ئەسفاڵییا (ئەمن) ڕایدەگرتین و داوای ناسنامەی لێ دەکردین، ئێمە جزدانەکەمان بە شانازییەوە بۆ دەکردنەوە. دەمێک وێنەکەی ئاپۆیان دەبینی، زەردەیەکیان دەکرد و دەیانپرسی، «ئەها کوردۆس؟»
ئێمەش بەدەم پێکەنینەوە بە شانازییەوە دەمانووت، «نەێ، کوردۆس.»
بەڵێ ئێمە کوردبووین، بەڵام چۆن پاداشتی ئەو هەموو مرۆڤە جوانە یۆنانییەمان دایەوە؟ دەستمان کرد بە تلیاک و هێرۆین فرۆشتن و لایەک لە منداڵی یۆنانمان موعتاد کرد.
پۆلیس و ئەسفاڵییاش هاتنە وێزەمان و دەستیان لێ نەپاراستین. ئیتر نە وێنەی ئۆجالان ئەیخوارد و نە پێکەنینەکانمان، بەڵکوو گرتووخانەکان پڕبوون لە کوردۆس. ئێستەش ژمارەیەکی زۆر کوردۆس لە گرتووخانەکانی یۆناندا حەپسن.
ئێمەش، بەداخەوە، هەموو شانازییەکمان لەدەستدا و لەم ڕۆژانەی دواییشدا، لە مەرگی کچێکی جوانخاسی مەهابادیدا کەرامەتمان شکا!