بەخێر بێن بۆ جهەنەم, دروشمێك لەسەر دەرگای هاتنە ژورەوە بۆ سەربازگەی نگرە سەلمان بە خەتێكی گەورە نووسرابوو, باشترین دەربڕین بووە بۆی, بۆ ژیانی ئەوانەی لە نێوان 2 بۆ 8 مانگەی تێیدا ژیان, هاتنە ژورەوە هەبوو, دەرچوون تەنها بەهۆی عارەبانە یەك تایە بچوكەكانەوە بوو, ئەویش بۆ گۆڕستانەكەی, بۆ ناشتنی مردووان و مردووەكانی ناو عارەبانەكە, لەو زیندانە بێبایەخترین پێداویستی ژیان نەبووە, ئەوەی دەهات بۆ ئێرە كەمێك خوێندەواری بزانیایە دەبوایە بیزانیایە بۆ جهەنەم هێنراوە.
قەڵای نگرە سەلمان سەربازگەیەكە لە سنووری نێوان هەردوو وڵاتی عێراق و مەملەكەتی عەرەبی سعودیە لە پارێزگای سەماوە, لە ناو بیابانێكی پان و بەرینی كاكی بە كاكی وشك و برینگی گەرمی ژینگە دۆزەخی, بە هۆی شەپۆڵی گەرماو شەپۆڵی لمەكەیەوە, بە تایبەتیش لەو وەرزەی ئەنفالكراوان تێیدا ژیان لە ترۆپكی دۆزەخی خۆیدایە, بە تایبەتیش بۆ هاووڵاتیانی كوردستان كە ئاووهەوای ناوچەكانیان فێنك و وڵاتی سەوزاییە, ئەوێ بۆیان جهەنەمە راستەقینەكەیە.
لێرە لە دەرگای سەرەكییەوە هەر دەهاتیتە ژورەوە, لە گۆڕەپانی گەراجەكە جوت دەكران, بەخێرایی ناو، پیشە و شوێنی نیشتەجێ بوونی رابردوو تۆمار دەكرا, فڕێ دەدرایتەوە ناو هۆڵێكی گەورە لە ژورەوە, ئیتر مەگەر لە پەنجەرە بچووكە قایمكراو بە شیشە ئەستورەكانەوە دەرەوەت ببینیایە, ئەویش گڕەی گەرماییەكەی وەك تارمایی نیشانی دەداو شارۆچكە تۆزاوییەكی نگرە سەلمان لەناو گڕەو گەردەلولی لمدا زۆرجار شوێنەوارەكەی بە چاو نابینرا.
ئەو خەڵكەی لێرە بوون لە مرۆڤایەتی خرابوون, ڕێگە بە حەجاج و دارودەستەكەی درابوو دیلەكانی ئەنفال وا لێبكەن لە بارودۆخێكی زۆر نامرۆڤانەدا بژین, لە جێگای زۆر قەرەباڵغدا، بەبێ سەرچاوە و ئاوی خواردنەوە و لە ژێر بارودۆخی برسێتیدا, نەبوونی چارەسەری پزیشكی و رایەخی خەو بان و بن و دەستشۆر حەمام و فێنككەرەوەو گەرمای بەتین و تەنانەت بێ ئۆكسجینی و ..... درێژە بە ژیان بدەن ئەگەر شانسی مانیان هەبووبێت.
قەلای نگرە سەلمان
زیندانی نگرە سەلمان, كە پێشتر یەكێك بووە لەو سەربازگە قەڵاییانەی لە زۆر ناوچەی كوردستان وەك سوسێ, حەسار, قەرەبەگ, چەمچەماڵ, قۆڕەتوو, ئاكرێ, نزاركێ....هەن. لە كۆتایی ساڵی ( 1976 ) ەوە لە سەرتاسەری عێراق دەست بە دروست كردنیان كراوە, لە ماوەی 5 ساڵ تەواو كراوە, لەسەر رووبەری 15000 مەتر چوار گۆشە, لەسەر دیزاینی سۆڤییەتی, كە لە هەر چوار لاواوە دژە فڕۆكە پاراستوونی, شێوەی لاكێشەییە, درێژییەكەی كەمترە لە دووجاری پانییەكەی درێژی 192 شەقاو پانییەكەی 118 شەقاو.
بەشێك لەمانە بۆ زیندانی دیلەكانی ئێران بەكار هێنراون, جگە لە زیندانی نگرە سەلمان, سەربازگەی قەڵاكانی سوسێ و قۆڕەتوو و ئاكرێ و نزاركێش كرانە ناوەندی كۆكردنەوەی ئەنفالكراوان و زۆر بەسەرهات و چیرۆكی رەشیان هەیە, بەتایبەت قەڵای نزاركێ و قەڵای نگرە سەلمان.
زیندانی قەڵای سەربازگەی نگرە سەلمان 144 كم لە شاری سەماوەوە دوورە, كەمتر لە 2 كیلۆمەتر لە شاری سەلمان, لە باشووری رۆژئاوای قەزای سەلمانەوەیە, هەر بە ناوی قەزای سەلمانیشەوە ناو نراوە, كەوتۆتە ناوچەیەكی كەم دانیشتووانی پان و بەرینی خێڵەكییەوە, سەلمان بە خۆی و هەر 16 ناحیەكەیەوە ژمارەی دانیشتووانی ناگاتە 10هەزار كەس, بەڵام پانتایی خاكەكەی 46928 كیلۆمەتری چوارگۆشەیە.
ئەم سەربازگەیە, زیندانی بەناو بانگی كۆنی نگرە سەلمان نییە وەك هەندێك وا ئاماژەی پێ دەدەن, كە ئینگلیزەكان لە ساڵی 1928 لە سەردەستی كلوب باشا دروست كراوە, ئەمە 73 ساڵ دواتر بەعس بۆ سەربازگە دروستی كردووە.
هێنانی ئەنفالكراوان
زیندانەكانی ناو قەڵای سەربازگەی نگرە سەلمان لە 3 جێگاوە هێنران بۆی, بەڵام بە چەندین كاروان.
1-لە سەربازگەی تۆبزاوەوە: سەربازگەی نگرە سەلمان لە تۆبزاوەوە نزیك بە 674 كیلۆمەتر دوورە, ئەمانە ئەو ژن و پیاوانەی قۆناغەكانی 7 پرۆسەی ئەنفالەكانن جگە لە كۆتا ئەنفال, كە تەمەنیان لە سەروی پەنجا ساڵەوە بووە, لە گەڵ هەموو ئەو زیندانیانەی ئەنفالی هەڵەبچە كە پێش لێبوردنە گشتییەكەی 6-9-1988خۆیان تەسلیم كردۆتەوە پێكەوە بێ جیاكردنەوە بردراون بۆ ئەو زیندانە.
سەفەرە شومەكە لە گوندی تۆبزاوەی 10 كیلۆمەتری باشووری كەركووكەوە بۆ سەربازگەی قەڵای نوگرە سەلمان، نێوان 14 بۆ 17 كاتژمێری خایاندووە، هەندێك جاریش تا شەو و رۆژێك, ئۆتۆمبیلی ئەمن و ئیستیخباراتیش كەوتبوونە پێش و پاشی كاروانەكان بە بێتەلەوە, بەردەوام لە پەیوەندیدا بوونە لەگەڵ سەرەوەی خۆیان.
لە ڕێگا لە هیچ جێگایەك وەستان نەبووە, هیچ سەرئاوییەك نەبووە, هیچ نان و ئاوێكیان بە گیراوەكان نەداوەو بۆیان دابین نەكردوون, بە تەنگە نەفەسی و تەنگاوی و تێنوێتی و برسێتی ئەو سەفەرەیان بردۆتە سەر, تا ئاستی مندالڵان ناو ئۆتۆمۆبیلە سەربازییەكان بێ مامان لە دایك بوونە, بوورانەوەو لە هۆش خۆ چوون و پیسایی كردنە خۆ بەربڵاو بووە تەنانەت لە بردنیان بۆ زیندانی نگرە سەلمان منداڵ لە دایك بووە بەر بۆتەوە هەڵیان نەگرتۆتەوە.
2-بەشێك لەو ژن و منداڵانەی لە زیندانی دوبس بوون, دوو كاروانیان لە ناوەڕاستی مانگی شەش نێردران بۆ زیندانی سەربازگەی نگرە سەلمان, لە ناوەڕاستی یۆنی بۆ ناوەڕاستی یۆلی, دوای ئەم دوو كاروانە ناردن بۆ نگرە سەلمان راوەستا, ناردنەكان لەوێوە بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان گواسترانەوە لە رێگای ناردنیان بۆ سەربازگەی تكریت.
" لێرە هەر ماوە نا ماوەیەك و بە پێی وەختێكی دیاریكراو كۆمەڵە پاسێكی داخراو خۆیان دەكرد بە بنكەكەی دووبزدا و ژمارەیەكی زۆریان لە گیراوەكان باردەكرد. لایكەمەكەی دوو جاریان ئەو كۆمەڵە خەڵكەی ناوچەی كەلاری باشووری گەرمیان بوون، كە بە پێی مەزەندەیەك تێكڕا نزیكەی پێنج سەد ژن و منداڵ دەبوون و گوێزراونەتەوە بۆ بەندیخانەی نوگرە سەلمان ".
3-ئەو ژن و پیاوە پیرانەی زیندانی تكریت تەمەنیان لە سەروی 50ساڵییەوە بووە, ژن و منداڵیان لەم زیندانەوە بەهەمان پێوەری تۆبزاوەو دووبز نەهیناوە بۆ زیندانی نگرە سەلمان.
واتا زیندانیەكانی تۆبزاوەی قۆناغەكانی ئەنفال و سەربازگەی تكریت بژاردە كراون, پیرەكانیان راگواستووە بۆ سەربازگەی نگرە سەلمان, بەشێكی تۆبزاوە نێردراون بۆ دووبز, لە تكریتیش پیرەكان بۆ نگرە سەلمان بوونە, گەنجەكانیش بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان, بەڵام لە قۆناغی ئەنفالكراوانی هەڵەبجەدا كە لە مانگی ئابی 1988 پێش لێبوردنە گشتییەكەی بڕیاری 736 تەسلیم ببوونەتەوە, هەموویان پێكەوە هێنراون بۆ سەربازگەی نگرە سەلمان. بە پێی نامەی نەخۆشخانەی سەماوە, لە ناو مردووەكاندا زیندانی 110 ساڵانە هەبووە.
یەكەم زیندانەكانی نگرە سەلمان كەی هێنران و كێ بوون؟
بە پێی گێڕانەوەی زیندانیان, رۆژی گەیشتنی یەكەم كاروانی ئەنفالكراوان بۆ سەربازگەی تۆبزاوە دیاری دەكرێت, چونكە بەڵگەنامەی وامان لەبەردەستدا نییە سەڵمێنەری ئەوە بێت كەی یەكەم زیندانی بۆ قەڵای نگگرە سەلمان نێردراوە.
پیاوێكی خەڵكی گوندی تەپە سورە لە دایك بووی ساڵی 1931 دەگێڕێتەوە, دوای دەستگیركردنەكەیان دوو رۆژ لە تەواری سلێمانی ماونەتەوە, دوو رۆژیش لە سەربازگەی تۆبزاوە, بۆ سێیەم رۆژ گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەی نگرە سەلمان, كە گەیشتوونەتە ئەوێ چۆڵ بووە, بەڵام خەڵك پێشتر لەوێ بوونە شوێنەواریان دیار بووە, بە پێی لێدوانی ئەو بێت, ئەوان ئێوارەی پێش یەكەم رۆژی رەمەزان گەیشتونەتە نگرە سەلمان, واتا رۆژی شەممە رێكەوتی 16-4-1988 بۆ شەوەكەی گەیشتونەتە سەربازگەی قەڵای نگرە سەلمان.
جەبار محەمەد ساڵەح خەڵكی گوندی چیمەنی جەباری دەڵێت "دوای گرتنیان براونەتە قەرە تاموور, لەوێوە بۆ چەمچەماڵ و دواتر بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, ئەوان یەكەم گروپ بوونە براونەتە سەربازگەی نگرە سەلمان, كە گەیشتوونەتە ئەوێ, كراونەتە دوو هۆڵەوە, یەك بۆ ژنان یەكیش بۆ پیاوان, دوای دوو شەو كاروانی دیكە هێنراوە بۆ زیندانەكە. ئەویش بەهەمان شێوە دەڵێت كە گەیشتوونەتە سەربازگەی نگرە سەلمان, بە پێی شوێنەوارەكانیان پێشتر خەڵكی لێبووە, هەموو پیاو بوونە, ئەمانیان بردۆتە جێگای ئەوان, بە پێی وتەی ناوبراو خواردنە باشەكەی مانگی رەمەزان كە داویانە پێیان, پێشبینی دەكرێت بۆ زیندانەكان پێشوو بوو بێت, بەڵێندەر گرتبێتی بۆ ئەوان, لە سەرەتا تا كۆتایی مانگی رەمەزان خواردنیان باش بووە. بە پێی وتەی ئەو سەرەتا سەربازگەكە موبەریدەو ئاویشی لێبووە, هی زیندانەكان پێشوو بوون بەجێ مابوو, تەنانەت ئەوان كشتوكاڵیشیان بۆ خۆیان كردووە ... ئەویش بە هەمان شێوە دەڵێت پێش رەمەزان گەیشتوونەتە ئەوێ.
سەبری عومەر ئیسماعیل لەو زیندانیانە بووە كە براونەتە قەرەتامور دەڵێت" ئێمە یەكەم كەس بووین چوینە نگرە سەلمان, سەرەتا ژورەكە هەموو شتی تێدابوو, لە جلوبەرگەوە بۆ دۆڵمەو كەرەوس و ...." , هەروەها خەڵكی ناوچەكەش لە مانگی رەمەزان شوتی و نانیان بۆیان بردووە. ئەو دەڵێت"زیندانی دیكە پێشتر لە نگرە سەلمان بووە, ئەگەر هەیە دیلی ئێرانی بووبێتن, نگرە سەلمان دوو رۆژ پێشتر بۆ ئێمە چۆڵكراوە؟؟؟".
كەچی هیومان ڕایتس وۆچ/ میدڵ ئیست وۆچ - لە پەرتووكە بەناو بانگەكەی بە ناوی "جینۆساید لە عێراقدا ..پەلاماری ئەنفال بۆ سەر كورد" بە پێَچەوانەی ئەوانەوە دەڵێت "ئەوانەی كە یەكەمجار لە ناوەڕاستی نیساندا لە تۆپزاواوە گەیشتبوون تەماشایان كردبوو نوگرە سەلمان تاریك و چۆڵە", هەروەها دەنووسێت "چەند ساڵ بوو بە چۆڵی مابووەوە و كۆچەرە عەرەبەكان مەڕوماڵاتیان تێدەكرد. سەر دیوارە ڕووتەكانیش تێكەڵ و پێكەڵ یاداشتنامەی زیندانییە سیاسییەكانی لێنووسرابوو". بەلام پێی دەچیت پێش زیندانییە ئەنفالەكان زیندانی یان دیلی ئێران یان سەربازی عێراقی تێدا بووبێت, ئەو زیندانە جیایە لە زیندانی زیندانییە سیاسییەكان وەك بەناو بانگە.
ژمارەی زیندانیان
تا ئێستا ئامارێكی ورد نەكراوە بۆ ژمارەی ئەو زیندانیانەی لە قەڵای نگرە سەلمان و زیندانەكانی دیكەدا بوونە, ئەمەش خەمساردییەكی گەورەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەردەخات.
هیومان ڕایتس وۆچ/ میدڵ ئیست وۆچ لە پەرتووكی جینۆساید لە عێراقدا .. پەلاماری ئەنفال بۆ سەر كورد پێی وایە ( بەندییەكان بە چوار كاروانی سەرەكی گەیشتن. سەرجەم گیراوەكانی نوگرە سەلمان لە سەردەمی ئەنفالدا پێدەچێت 6 تا 8 هەزار بووبێتن", هەرچەندە ئەو زانیارییەی كە ئەنفالكراوان بە چوار كاروان گەیشتبێتنە نگرە سەلمان زۆر هەڵەیە, راستییەكەی ئەوان 4 گروپن" تۆبزاوە, دووبز, تكریت, هەڵەبجە, نەك چوار كاروان, چونكە ژمارەی كاروانەكان زۆر لەوە زیاترن, تەنانەت روونیش نییە بە چەند كاروان گەیشتبێتن".
یەكێ لە زیندانیكراوان خەڵكی گوندی گۆپتەپە, ساڵی لە دایك بوونی 1935 ە, لە رێكەوتی 2-1-2005 لە وتەی بۆ دادگای باڵای تاوانەكان داوە دەڵێت " ئێمە هەموو 10 بۆ 12 رۆژ جارێك ئامار كراوین, بە پێی ئەو زانیارییەی وەرم گرتووە لە سەربازەكانەوە , ئێمە ئەنفالكراوان ژمارەمان ( 8706 ) كەس بووە لە زیندانی نگرە سەلمان".
ئەو زیندانیانەی هەڵەبجە كە بردراون بۆ نگرە سەلمان ژمارەیان 1205 كەس بوونە, ئەوان زیندانیانی ئەنفالی خۆیان بە رێكوپێكی ئامار كردووە.
پێی دەچێت ژمارەی زیندانیانی نگرە سەلمان لە نێوان 8000 بۆ 9000 هەندێكیش بە 11000كەسی دەدەنە قەڵەم, زیندانیان ئەوانەی لەوێ بوونە لەسەر ژمارەیەك دیاریكراو كۆك نین.
سەربازگەكە چۆن بوو؟
نەخشەی ئەم سەربازگەیە وەك لە ئاسمانەوە دیارە, تەلارێكی دوو نهۆمی لاكێشەییە, باكوورو باشووری كەمتر لە دووجاری رۆژهەلات و رۆژئاواكەیەتی, وا دەردەكەوێت نزیك بە ئەندازەی یاریگایەكی تۆپی پێ بێت, بە جێگای سەیركەرانەوە, چەند هۆڵ لە سەرەوە بووبێت, هەمان ژمارەی هۆڵیش لە خوارەوە هەبووە, هەرچەندە لەمەشدا هیومان ڕایتس وۆچ/ میدڵ ئیست وۆچ كەوتۆتە هەڵەوە كە دەڵێت " پاسەكان لە یەكێك لە دوو دەروازە گەورەكەوە چوونە ژوورەوە و لە ناوەڕاستی حەوشەیەكی پان و پۆڕدا وەستان كە "سێ ئەوەندەی یاریگاكەی تۆپی پێی سلێمانی بوو", هەموو زیندانییەكانیشیان لە دەروازەی پێشەوە بردۆتە ژورەوە, لایەنە فەرمییەكانی ژماردن, ناو نووسین و وەرگرتن لەوێ بوونە.
بۆ ژمارەو قەبارەی هۆڵەكان ژمارەی جۆراو جۆر دەوترێت بە پێی وتەی گیراوەكان, كە هەر یەكەی ژمارەیەك دەدەن" 34 هۆڵ, 24 هۆڵ, 48 هۆڵ,56 هۆڵ......", بەپێی دیزاینی وێنەی سەرەوەش بێت 24 هۆڵ و 4 كۆمەڵ تەوالێتی 3 ژوری و حەمام و دەستشۆری.... هەبووە, لەگەڵ ژمارەیەك ژوور بۆ بەڕێوەبەرایەتی و كارە كارگێڕییەكان.
هۆڵە ڕەقوتەقەكان هەر یەكەی چەند پەنجەرەیەك بچووكی تێدا بوو, لە قەبارەدا جیاواز بوون، بۆ قەبارەی هۆڵەكانیش كۆمەڵێك ژمارە لە لایەن زیندانییەكانەوە دەوترێن لەوانە " بردینیان بۆ نهۆمی دووەم و لەوێ شەست و چوار كەسیان لێمان خستە ژوورێكەوە كە بە ئەندازەی نزیكەی 8 × 6 مەتر دەبوو - هیومان".
یەكێكە دیكە دەڵێت "هۆڵەكان قەبارەیان 12 بە 24 مەتر بوو", یەكی دی دەڵێت 10 بە 12 مەتر بوو.
هۆڵەكان هەموو وەك یەك نەبوونە, هەبووە گەورەتر بوو لەوەی دی....زیندانییەك دیكە دەڵێت "لە هۆڵەكەی ئێمە 448 كەسی تێدا بوو", بەڵام پێی دەچێت بەشێك لە جیاوازی ژمارەی زیندانییەكان ناو هۆڵەكان پەیوەندی بە خودی پێكهاتەی زیندانییەكان و ئەو جێگایەی لێوە هاتوون بووبێت, نموونە زیندانییەكان هەڵەبجە هەموو بەشی سەرەوەیان بۆ تەرخان كراوە خۆشیان 1205 زیندانی بوونە, زیندانییەكان قۆناغەكانی ئەنفال زیاتر لە پێنج جاری ئەوان بوونە خراونەتە خوارەوە.
لە هەموو سووچێكی زیندانەكەشەوە قولەی چاودێریی پاسكردنی خڕی هەبووە بۆ دژە فڕۆكە, كە خوارەوەی وەك گۆڕەپانێكی بچووك وابوو, جارێكیان حەجاج منداڵەكانی لە خوارەوەی ئەو قولانە زیندانی كردووە وەك سزادان.
زیندانەكە دوو حەوشەی هەبووە, حەوشە گەورەكە گۆڕەپانی دوو گۆڵی تێدابووە, شیشی گۆڵەكەیان بۆ ئەشكەنجەو بەستنەوەی ئەنفالكراوان بەكار هێناوە, حەوشە بچوكەكە كە لە لای دەرگا سەرەكییەكەوە بوو, پێی دەوترا ساحەی گەراجەكە. لە دیوای گۆڕەپانی گەراجەكە لە رۆژهەڵاتی ئیستخبارات, لە رۆژئاوا هۆبەی پۆلیس هەبووە, هەروەها چواردەوری زیندانەكە پەرژینی تەلدڕك بووە.
گەیشتن و دابەش كردن بەسەر هۆڵەكاندا
وەك وتمان یەكەم گروپ ئەنفالكراونی گەرمیان لە رێكەوتی 16-4-1988 گەیشتنە نگرە سەلمان, دوا گروپیش هەڵەبجەییەكان لە رێكەوتی 10 یان 12ی ئۆگەست گەیشتونەتە سەربازگەكە, واتا 4 مانگ دواتر.
سەرەتا ژن و پیاو لە نگرە سەلمان هەیوان و حەوشەكانیان تێكەڵ بووە, تەنها هۆڵەكانیان جیا بووە, دوای مانگی رەمەزان هەیوان و حەوشەكانیان جیاكراوەتەوە, بە بەرمیل دیوارێكیان لە نێوان هەیوانی بەردەم هۆڵەكانیان دروست كردووە, دوای هاتنی دوو كاروانەكەی زیندانی دووبز, ئەو منداڵ و ژنانەیان لێك جیا نەكردۆتەوە, بەڵكە ئەوانیان پێكەوە بردۆتە بەشی سەرەوە, بەڵام بە هاتنی هەڵەبجەییەكان كچ و ژنە گەنجەكان كە خرابوونە بەشی سەرەوە, هێنایاننە خوارەوە بۆ لای ژنە پیرەكان, ئیتر ئەنفالكراوان لە خوارەوەو ئەنفالكراوە هەڵەبجەییەكانیش لە سەرەوە.
دەرگاكان لە كاتژمێر 10ی شەوەوە بۆ 7ی بەیانی دادەخران، لە وەختی تردا گیراوەكان بە سەربەستی لە هۆڵ و بەرهەیوانەكان دەسووڕانەوە.
لێ هەڵەبجەییەكان كوڕو كچی گەنجیشیان لە گەڵدا بوو, هەموو پێكەوە بوونە, ژن و پیاو, گەنج و پیر و منداڵ لە یەكتر جیا نەكراونەتەوە, خۆشبەختانە ئەوان گەنجەكانیان نەبردراوون بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان سزاكەیان سوكتر بووە.
كەم ئەندامەكان
لە پۆلێنكاری ئەنفالكراوان لە سەربازگاكانی تۆبزاوەو تكریت, تەنها لەسەر بنچینەی تەمەن زیندانییەكان لە یەكتر جیاكراونەتەوە, ئەوانەی لە پەنجا ساڵ بە سەرەوە بوونە نێردراون بۆ سەربازگەی نگرە سەلمان, جگە لە دوو كاروانی زیندانی دووبز كە نێردراون بۆ نگرە سەلمان كە نزیك 1000 زیندانییەك بوونە, لە گەڵ بەشێك لەوانەی تا لێبوردنە گشتییەكە لە دووبز ماونەتەوە, ئەوانی دی بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان نێردراون, خوارو سەروی 15 ساڵ نێر و مێ پێكەوە كۆمەڵكوژ كراون, واتا جیاوازی زۆر نەبووە لە نێوان ئەو منداڵەی بە 15 ساڵ یان كەمتر دراونەتە قەڵەم, لە پۆلێنكردنی تۆبزاوەو تكریت, كەم ئەندامیش مامەڵەی مرۆڤی ساغیان بۆ كراوەو گەنجەكانیان بە ناوی پێشمەرگەوە كۆمەڵكوژ كراون, پیرەكانیش نێردراون بۆ نگرە سەلمان.
نگرە سەلمان زیندانی كوێر و شەل و شێت و سەقەتی تێدا بووە, نزیك 50 كوێری تێدا بووە, لە پێشدا كوێرەكان كەوتوونەتە مردن بە هۆی برسێتی و نەتوانینی خزمەتكردنی خۆیان, چاویان نەیبینیوە خۆیان لە ئەسپێ و پیسی پاك بكەنەوە, تا گەیشتۆتە ئەوەی كرم لێیانی داوە, نەشیان توانیوە لە بەر قەرەباڵغی و پاڵە پەستۆ و نەبوونی بینایی ئاو و خۆراك بۆ خۆیان وەربگرن بەردەوام تێنوو برسییان بووە, زۆریشیان كەسی خۆیان لەگەڵ نەبووە خزمەتیان بكەن.
كێشەی ئاو
ئەنفالكراوان بۆ دواجار هەر لە ماڵ خۆیان دەرچونە, كێشەی تێنویەتیان هەبووە, لە هەموو قۆناغەكانی زیندانیدا وەك سزا تێنوو كراون.
لە ناوەڕاستی مانگی یۆنی بە دواوە, بە دوو كاروان ئەنفالكراوانی ژن و منداڵی دووبزیان كە هێناوە بۆ نگرە سەلمان, بە پێی وتەی شایەتحاڵەكان لە رێگا منداڵ لە تێنوەتیدا مردووە.
لە سەرەتا ئاوی بۆڕی لەناو سەربازگاكە هەبووە, دەڵێن كاتێك ئاوی بیرەكەمان دەخواردەوە, لێومان سپییەوە دەبوو, بەهۆی زۆری خوێی ئاوەكەوە, ئاوێكی گەرم و شوێر و تاڵ وەك دەگێڕنەوە وەك ژەهری مار بووە.
ئەم ئاوە نە بۆ خواردنەوەو نە بۆ خۆشوشتن و جل شوشتن بەكار نایات, تەنها بۆ ئاوڕشێنی زەوی بەكار هاتووە, وەلێ ئەم ئاوە بۆ ئەنفالكراوان نیعمەت بووە.
لە پێش مانگی تەموزەوە ئاوەكەیان گرتۆتەوە, ئیتر بە تەنكەر ئاویان لە شاری سەماوەوە بۆیان هێناوە, دەگێڕنەوە كە ئاوی تەنكەرەكە خراپتر بووە لە ئاوی بۆڕییەكە. تەنانەت دەڵێن لە جەژنی قوربان تكێ ئاوی شۆریشیان پێمان نەداوە.
رۆژانە دوو جار ئاو هاتووە, ئاوەكە لە بەر پیسی و شوێری تاڵ بووە, دەڵێن كە دەڕشا زوو دەبووە قەوزە, پڕی كرم بووە, بە جەمەدانی و قوماش پاڵیویانە, لە بەر گەرمی بە كارتۆن باوەشێنیان دەكرد تا سارد بێتەوە ئەوجا بیخۆنەوە.
كە ئاو هاتووە سەجانەكان " هەر هۆڵێك دوو نوێنەری هەبووە, بۆ وەرگرتن و دابەشكردنی خۆراك" و زیندانییە بەهێزەكان زۆربەیان بۆ خۆیان بردووە, لاوازەكان زۆرجار دەستیان نەكەوتووە, زیندانییەكان هەنندێك جار لەسەر ئاو لە یەكترییان داوە.
وەك دەگێڕنەوە جاری وا هەبوو ئاویان لە دۆلكەو سەتڵدا دەهێنا لە یەك كاتدا چەندین كەس سەریان دەخستە ناو سەتڵەكەوە بۆ ئاو خواردنەوە، دەبووە راكێش راكێش ئاوەكە لەو نێوەدا دەڕشا. ئەم ئاوە پیسە سەرچاوەی سەرەكی بەشێك لە نەخۆشییەكان بوو لە زیندانەكە. لە هەمان كاتدا ئاو فرۆشیش پەیدا بووە, شۆفێری تەنكەرەكان ئاویان بە زیندانەكان فرۆشتووە, سەتڵی تا چوار دینار فرۆشراوە.
ئەی خواردن چۆن بووە؟
وەك وتمان سەرەتا لە مانگی رەمەزان خواردنیان داوە بە ئەنفالكراوان زیندانی سەربازگەی قەڵای نگرە سەلمان , هەرچەندە یەكەم رۆژی رەمەزان بۆ پارشیو هیچیان نەداوە پێیان بیخۆن, بەڵام ئەو مانگە سەرتاپا تاكو رەمەزان تەواو بووە خواردنیان باش بووە, تەنانەت خەڵكی ناوچەكەش لە مانگی رەمەزان شوتی و نانیان بۆیان بردووە, لەو ماوەیەدا برنج و شلەو جارجارە گۆشت و میوەش دراوە پێیان.
كاروانێكی ئەنفالكراوانی ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی چوار, كە خەڵكی بناری خاڵخالان و شێخ بزێنی سەرو و كۆیەو ناوچەكانی ئەنفالی چوار بوونە, 3 رۆژ پێش جەژن رەمەزان گەیشتۆتە نگرە سەلمان, ئەو ژنەی لە تەق تەق كە منداڵەكەی گریاوە بەهۆیەوە دۆزراوەتەوە, لە گەڵ ئەو كاروانە بووە دەڵێت ئەو 3 رۆژە تەماتەو باینجان و برنجی وەرگرتووە و لێی ناوە, دواتر خواردن گۆڕاوە بۆ سەمونی وشك و ئاوی سوێر.
كە رەمەزان تەواو بوو, شلەو برنج و خۆراكیش تەواو بوو, ئەمە وای كرد دوای رەمەزان, زیندانییەكان لە برسان بكەونە دەرهێنانی كۆنە نانی بە كەڕە شیفەو پیسی ناو بەرمیلی پاشماوەكان پێشووتری خۆیان.
رۆژانە هەر یەكەی نیوەڕوان دوو بۆ سێ سەمونی بچووكی بێ خوێی بۆری رەق و ئاوی خوێیاویان داوە پێیان بۆ تەواوی رۆژەكە, لەبەر بێ خوێیی سەمونەكانیان بە خوێوە خواردووە, یان بەهۆی رەقی كوتاویانە ئەوجا خواردوویانە, یاخود دواتر كە ئاوتەماتە پەیدا بووە, بە ئاو تەماتەوە خواردوویانە, ئاو تەماتە و پیاز بە لەزەتترین خۆراكیان بووە, تەنانەت لە جەژن خواردنیان نەداوە پێیان, ئەمە وایكردووە سكی خۆیان توند لە برسان بگوشن بۆ ئەوەی خەویان لێبكەوێت.
بەهۆی خراپی خواردن و كەمی ئاوەوە ژنان شیریان نەبووە, شیری قوتوش نەبووە, داوای شیریان بۆ منداڵە ساواكانیان كردووە نەیان داوە پێیان, بۆیە منداڵان لە برسان زۆریان مردوونە.
حەنیفە فەتاح عومەر بە رەگەز عەرەب ئەنفالكراوی گەرمیان , منداڵی كچی بووە, خۆی ناوكی بڕیووە لە ئاو دەست, منداڵەكەی داوەتە سەگ بیخوات لە نگرە سەلمان, لەبەر برسێتی و نەبوونی شیر.
فرۆشتنی خۆراك
سەرەتا شت فرۆشتن نەبووە لە سەربازگەكە, نەنها ئەو خواردنەی دراوە بە زیندانییەكان هەبووە, فرۆشتنی خۆراك دوای نزیك 3 مانگ پەیدا بوو, واتا لە ناوەڕاستی یۆلییەوە, دوای هاتنی ژن و منداڵەكان دووبز بە ماوەیەك پاسەوان و شۆفێری تەنكەرەكان بۆ قازانجی خۆیان كەوتوونەتە هێنانی شت و مەك و خۆراك بە پارەیەكی زۆر, نزیك بە 10 جار زیاتری نرخی بازاڕ.
خزمێكی حەجاجیش یەكێك بوو لە ئەوان, تا گەیشتە ئەوەی لەناو سەربازگەكە چەندین وردە بەقاڵیش پەیدا ببوون, بە كۆ خواردن و پاكەتەكەیان لێیان دەكڕییەوە و بە قازانج دەیان فرۆشتەوە بە زیندانییەكان دیكە.
نرخی شت و مەكەكان زیاتر لە 10 جار قیمەتی بازاڕ بووە, كیلۆی رۆن لە 3 پەنجاییەوە فرۆشراوە بە دینارو نیوێك تا دوو دینار, پیاز سەلكی بە دینارێك و زیاتریش, ئاوی تەماتە بە زیاتر, برنج كیلۆی لە 125 فلسەوە بۆ 2 دینارو بەرەو بان, شیری قوتوو پاكەتی جگەرەو شەربەتی وشك و تەنانەت برنج و شەكریش بە فەردە فرۆشراوە.
برنج و ئاتەماتە و جار جارە گۆشتیش هەبووە بۆ فرشتن, بەلڵام كێشەی لێنانیش هەبووە, نەبوونی ئاگر كێشەی سەرەكی بووە, بایی كوڵاندن نەبووە تەنها بایی گەرم كردن هەندێك جار هەبووە, ئەویش بە پارچە پەڕۆی دامێن كراس و كەواو جلی ژێرەوە و خوارەوەی قاچ دەست و ملیوانی جل و بەرگەكانیان ئەنجامیان داوە, یان لە دەرەوە پوش پەڵاشیان كۆكردۆتەوە, هەندێكیش باس لە بوونی تەباخێكی غازی یەكچاو دەكەن لەناو قەڵاكە.
ئەوەی پارەی نەبوایە لە نگرە سەلمان وەزعی خراپ بوو, نایتوانی شت بكڕێت, كەس قەرزی بە كەس ناداوەو هەشبووبێت زۆر كەم بووە, هەندێك لە زیندانییەكان ناچار بوونە جل و بەرگی بەری خۆیان بفرۆشن بۆ كڕینی خۆراك, زۆربەی ئەوانەی كە مردوونە, ئەوانە بوونە پارەیان پێ نەبووە.
هەندێك لە زیندانەكان پارەیان پێ بووە, چونكە لە هەموو قۆناغەكان گیرفانیان گەڕاون و ئەوەی پێیان بووە لێیانیان سەندووە, بەڵام لە سەربازگەی تۆبزاوە, بەڵگەنامەو پارەكانیان لە پیرەكان نەسەندووە, بۆیە بەشێكیان پارەیان پێ مابوو لە نگرە سەلمان.
ئەشكەنجەدان
ئەشكەنجەدان لە هۆڵی گەراجەوە كە تازە ئەنفالكراوانیان بۆی هێناوە, تا رۆژی گەڕانەوە لەو زیندانە بەردەوام بووە, چەندین كەس بە لێدان مردوونە ناویان ئاشكرایە.
پیاوێك خەڵكی كەریم باسان بووە, عەبدی ناو بووە, نەخۆش بووە, لە كاتی ناو خوێندنەوە, ناوی باوكی نەوتووە, بە دار كوشتویانە, كەڕێكی هاواری لای هەڵەبجەش گوێی لێ نەبووە ناوی خوێنراوەتەوە, بە هەمان دەرد براوە.
شێخ ساڵەح شێخ نەسرەدین هاوولاتی گوندی سماقەی سەر بە قەزای تەق تەق بە لێدان مردووە لە نگرە سەلمان, لێدان بە كێبڵ دیاردە بووە رۆژانە, تەنانەت وەك زیندانییەكان دەگێڕنەوە منداڵی 4 ساڵان بە لێدان كوژراوە.
لە مانگی تەموز, تەموزی سەلمان, زەلامیان بە عامودی دوو گۆڵییەكەوە لەبەر خۆرەتاو بەستاوەتەوە, پێست بە گیانییەوە داماڵاوە لەبەر گەرما.
كێبڵ وەشاندن و فەلاقە كردنی زەلامی بە تەمەن, شێت, منداڵ, ژنان رۆژانە بەردەوام بووە تا مردن.
حەجاج بە گەرمای مانگی تەموز لە كاژێر یەكی نیوەڕۆوە تا چواری عەسر خەڵكەكەی دەهێنایە بەر خۆرەتاوەكە وەك شێوازێك لە ئەشكەنجە دان.
لەو زیندانە زۆر شێوازی ئەشكەنجەو سوكایەتی بە پیاوەكان كراوە, كە خێزانەكان لە یەك جیا كراونەتەوە, بە بەرمیل و سیم بەین كراون, لەسەر ئەوەی پیاوەكە چۆتە لای خێزانەكەی بۆ بینینی چەند خولەكی لە پیسایی ئاو دەستەكانیان وەرداوە, لە كاتێك ئاو و بەرگی زیادەی نەبووە. ئەشكەنجەدانی جەستەیی و ئەشكەنجەدانی كەرامەت شكاندنی زیندانیان بەردەوام بووە.
پیسی و ئەسپێ
بەهۆی پیسی ژورەكان و نەبوونی پاككەرەوە و ئاو و قەرەباڵغی زۆر, نەهاتنە ژورەوەی خۆرەتاو, نە شوشتنی خۆیان و جل و بەرگەكانیان و نەگۆڕینی, بووە هۆی ئەوەی ئەسپێ لەناو زیندانەكە پەیدا ببێت, بە ئاستێك جگە لەوەی لە زیندانییەكانی دابوو و هەراسانی كردبوون, وەك دەگێرنەوە لەسەر زەوییەكە رێی دەكرد, بە گسك رایان دەماڵی, ئەسپێ جگە لەوەی مرۆڤ هەراسان دەكات, هاوكات هۆكاریشە بۆ گواستنەوەی نەخۆشی.
هەروەها تەواڵێتەكانیش زۆر پیس بوونە, پیسایی تیایدا پەنگی خواردۆتەوە, لە ناوی بەسەر بەرددا رۆیشتوونە, دوای چوونە سەر ئاو دەست شوشتنیش نەبووە, جار جارە ئەوانەی پارەیان نەبوووە لە بەرامبەر پارەیەكی كەم پاكیان كردۆتەوە.
رۆژە ترسناكەكە
بەردەوام دەردو نەخۆشی ئاسایی لە سەربازگەكە هەبووە, وە پزیشك و داودەرمانی چارەسەری نەبووە, چونكە خەڵكانێكی لاواز و بە تەمەن لێرە كۆكرابوونەوە, وێڕای پیسی و خراپی خواردن و خواردنەوەو نەبوونی چارەسەر لە داو دەرمان, بۆیە بەردەوام نەخۆشی و مردن رۆژانە هەبووە, بەهۆی خراپی خۆراكەوە شەو كوێری زۆر بووە, بەهۆی كەم ئاوییەوە پێست وشك بۆتەوە, تیفۆئید و حومە ماڵتاو كولێراش بڵاو بۆتەوە, كوێرەكان بەهۆی نەبوونی بینایی و نەتوانینی خزمەتكردنی خۆیانەوە سەرەتا ئەسپێ و كرم لەوانی داوە.
هەروەها لە زۆر حاڵەتدا دژە چارەسەری كراون, نموونە ژنێك دەگێڕێتەوە كە دەرزیان لە منداڵەكەی داوە, ناو دەمی رەش بۆتەوەو بە هۆیەوە مردووە.
دوای هاتنی هەڵەبجەییەكان بە تایبەت لە نامەی نەخۆشخانەی سەماوە تایبەت بە مردنەوە دەردەكەوێت, رێكەوتی 19-9-1988 ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی مردوونە.
ئەوان دەڵێن, لەو رۆژەدا بەهۆی ئاوەكەوە هەموو توشی رشانەوەو سك چوون بووین چاومان چوو بوو بە قوڵا, دەردەكە وابوو تەراِیی لە جەستەدا ناما, نەخۆشییەكە بتیگرتایە بە بیست خولەك دەتیكوشت, لە رۆژی مردنە زۆرەكە كەس نەیوێراوە بچێ بە لای تەرمەكاندا, كە لەناو سەربازگەكە لە هەموو كونج و لایەكی سەربازگەكە تەرمەكان وەك تارماییەكی ترسناك كەوتبوون, ئەو رۆژە ترسناك بوو, مەرگ باڵی بەسەر سەربازگەكەدا كێشابوو, راكردن لەو رۆژە ئەستەم بووە.
ئەو رۆژە دوای هاتنی تیمی تەندروستی لە شاری سەماوەوە, هەر یەكە لە نەخۆشەكان یەكی دوو حەبی زكچوویان داوە پێیان, سەرەتا زۆریان ترساون نەیان خواردووە, وایان زانیوە دەرمان خواردیان دەكەن.
هەرچەندە لەو كاتە نزیك دوو هەفتە بوو لێبوردنە گشتییەكەش درابوو, ئەو رۆژە تاك تاكە خەڵكیان بردووە بۆ نەخۆشخانەی سەماوە, وە هۆڵێكیشیان لە نهۆمی سەرەوە لە ناو هەڵەبجەییەكان چۆڵكردووەو تەرخانیان كردووە بۆ چارەسەری بە پەلە, موغەزیان بۆ هەندێك نەخۆشی مەترسیدار بەستاوە, كە هەموو وشكەوە بوبوون, ترساون دەردەكە بگوازرێتەوە بۆ دەرەوە, تیمێكی پزیشكییان لە سەماوەوە هێناوە بۆ چارەسەركردن, یەكێك لەوان كەسێك بووە بە ناوی سادات محەمەد سەرحان عەبدالموتەلیب ... یاریدەدری پزیشك خەڵكی دومیاتی میسر بووە, لە گەڵ نەخۆشەكان مامەڵەیەكی مرۆڤانەی كردووە.
دەستدرێژی سێكسی
یەكێك لەو زیندانیانەی كە كاری ئاشپەزخانەی بۆ حەجاج و شەمخی ملازم ئەمن و هاوەڵانی كردووە, ژووری حەجاجیش لە سەرەوە بووە, خۆی لە ئەنفالكراوانی هەڵەبجە بووە, دەڵێت چەند كچە گەنجێكی ئەنفالەكانیان جیاكردبوەوە, دەستدرێژییان لێیان دەكرد, هەروەها چەند ژن و پیاوێكیان بۆ كاری سوخرا دانابوو بۆ خزمەتی خۆیان, خواردنیان پێ لێ دەنان و خزمەتی تایبەتی خۆیانیان پێ دەكردن. وێڕای ئەوە كاریان بە منداڵەكانیش كردووە. هەروەها زیندانییەكان دەگێڕنەوە كچی سك پڕی بچووك لە نگرە سەلمان هەبووە.
مەراسیمە ئاینییەكان
حكومەت لە كاتی رەشبگیری ئەنفال, دەستی نە پاراست لە گرتنی پیاوانی ئاینی, بۆیە ژمارەیەك مەلا كەوتنە سەربازگەی نگرە سەلمانەوە, فەقێكانیش لە تۆبزاوەو تكریتەوە نێردران بۆ مەرگ, لە هۆڵەكان مەلا هەبووە بەیانیان بانگی داوەو پێش نوێژی بۆ زیندانییەكان بە بێ دەست نوێژو بەرماڵ كردووە, تەنانەت نوێژی جەژن و هەینیشیان بە جەماعەت كردووە.
لەبەر ئەوەی بەرماڵ و ئاویان بۆ دەست نوێژ دەست نەكەوتووە, بۆیە زۆربەی جارەكان تەیەمومیان كردووەو نوێژیان لە بان جل و بەرگ و جەمەدانی و پشدێنەكانیان ئەنجام داوە, تەنانەت لە بۆنە ئاینییەكان لە بری قوربانی هەندێكیان لەو برسێتی و نەبوونییە شەكرو برنجیان كردۆتە خێر بەسەر زیندانییەكان دابەشیان كردووە.
مردن دێوەزمەكەی نگرە سەلمان
مردن دێوەزمەی ئەنفالكراوان بوو لە زیندانی نگرە سەلمان, هەڵەبجەییەكان كە دەگەنە زیندانەكە, دەگێڕننەوە ئەنفالكراوانان هەموو رەنگی مردوویان گرتبوو, دیمەنیان ترسناك بووە, هەموو پێستیان ژەنگاوی و وشك ببوەوە, نەخۆشی پێستیان گرتبوو, لاوازو لات, كەمخۆری و نەخۆشی و گڕەی گەرما بڕستی لێ بڕیبوون, گەرمای ئەو بیابانە, مانەوەی شەو رۆژلەو هۆڵە گەرمانە بێ ئامێری فێنك كەرەوەو ئاو, نەبوونی كزەیەكی با وێرانی كردبوون, لە بەر گەرما یەكپارچە هاوار و زریكەو گریان بوو لە هۆڵەكان. لەو زیندانە ترسناكە لە ئاودەست منداڵ بووە, ژن لەسەر منداڵ مردووە منداڵەكە ماوە.
هیومان ڕایتس وۆچ/ میدڵ ئیست وۆچ لە پەرتوكەكەیان دەنووسێت:" عەبدولقادر كارێكی زۆر باشی كردووە كە ژمارەی مردووەكانی تۆماركردووە و تا سەرەتای ئەیلوول كاتێ كە لە بەندیخانە بەردرا، 517 قوربانیی بارودۆخی نامرۆڤانەی نوگرە سەلمانی ژمێرە كردبوو" , لە راستیدا زانیارییەكە بەشێكی هەڵەیە, سەرەتای ئەیلول هیچ زیندانییەك لە سەربازگەی نگرە سەلمان بەر نەدراوە, لە رێكەوتی 19-9 ەوە بڕیاری لێبوردنەكە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاو كراوەتەوە, دوای ئەوە دەست كراوە بە بەردانی زیندانیان, ئەوانیش دوای دەستپێكردنی پرۆسەكە هەفتەیەك بۆ زیاتریش لە سەماوە ماونەتەوە, هیچ كاروانێكیش لە سەماوە نەكوتونەتە یەك, وە شەوێكی دیش لە تۆبزاوە ماونەتەوە, واتا ئازادكردنییان یەكەم كاروانی ئەنفالكراوان لە سەربازگەی نگرە سەلمان كەوتۆتە كۆتایی سەپتەمبەر و سەرەتای مانگی ئۆكتۆبەرەوە, زیاتر ئەگەری مانگی ئۆكتۆبەری هەیە.
هەروەها شێخ عەبدالقادر زیندانی پرۆسەی ئەنفالی چوار بووە, ئەوان نزیك مانگێك دوای ئاوەدان كردنەوەی سەربازگەی نگرە سەلمان گەیشتونەتە ئەوێ, بۆیە ئامارەكەی ئەو كەماسی تێدایە.
شایەدحاڵێك دیكە دەڵێت "فەقێ عەلی خەڵكی گوندی چەوری یاداشتی 850 كەسی كردووە لە نگرە سەلمان مردوونە", یەكێكی دیكە شایەدحاڵی ناو نگرە سەلمانە ژمارەی مردووەكان بە 779 داوەتە قەڵەم.
زیدانییەكی جەلەمۆردی دەڵێت: لە نگرە سەلمان رۆژێك بەهۆی ئاوەوە 18 كەس مردن, فازڵ حەمە مەولود جەلەمۆرد و غەفور خەڵكی گوندەكەیان لەو مردووانە بوونە, دەڵێت كۆی گشتی تا ئیمە لەوێ بووین 770 كەس مردن.
شایەدحاڵێكی دیكە دەڵێت 355كەس لە نگرە سەلمان مردووە, یەكێك دی دەڵێت 360 كەس, بۆیە ژمارەیەك دیاریكراو نییە, بەلام هەژمار كردنی مردووان ئاماركردنی قورس نییە, دەبوایا بكرابایا.
خۆشبەختانە هەڵەبجەییەكان ئاماری مردووەكانی خۆیان كردووە لە زیندانی نگرە سەلمان, ژمارەیان 71 كەس بووە, 61یان ناویان زانراوە.
نەخۆشخانەی نگرە سەلمانیش لیستی ناوی 93 كەسی لابووە لە مردووان, ئەوانەی نەخۆشخانە یاداشتیانی كردووە, تەمەنیان لە چوار مانگەوە بۆ 110 ساڵ بووە, 40 كەسیان تەنها لە رێكەوتی 19-9-1988 مردوونە, ئەوانی دیكەش مردووی 14 رۆژی جیای دیكەن لە 14-6-1988 بۆ 19-9-1988ە .
ناشتنی مردووەكان و مەراسیمی ئاینی
مردن لەسەرەتای هێنانی زیندانییەكانەوە بۆ نگرە سەلمان هەر لە رێگاوە هەبووە, بەڵام دوای هاتنی گەرما لە كۆتایی مایسەوە بووە بە دیاردە, لە گەڵ هاتنی ژن و منداڵەكان لە دووبزەوە زیادی كردووە, بە هاتنی هەڵەبجەییەكان و بڵاوبوونەوەی تیفۆید و گرانەتاو حومە ماڵتا و شەو كوێری یەكجاری چۆتە سەر.
مردنی ژنان لەسەر منداڵ بوون چەندین جار هەبووە, بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری پزیشكییەوە, نموونە دانای بابا عەلی منداڵێك بوو, بیست رۆژ ژیا, دایكی بەسەر لە دایك بوونی ئەوەوە مرد. كوشتن بە لێدانیش نموونەی زۆرە لە منداڵی بەرباوەشەوە تا پیری بە تەمەن.
لە نگرە سەلمان مەراسیمی پرسەو شیوەنكردن بۆ مردووان قەدەغە بووە, كە شیوەنیان كردووە چونەتە گیانیان, كفن نەبووە سەرەتا, رزگار نەجمەدین تەمەن 12 ساڵانە مردووە كەشیدەی حاجییەكیان لێ ئاڵاندووە لە جیاتی كفن, زۆر جاران مردووەكان كە مردوونە بەتانی و پارچە قوماشی مردووەكەیان لێیان ئاڵاندووە لە بری كفنكردن.
بۆ مردوو شوشتن ئاویان لە زیندانییەكان كۆكردۆتەوە, بە قوتی ئاوتەماتەو ....دواتر كە شت فرۆشتن پەیدا بووە, لە دوای جەژنی قوربانەوە, كفن پەیدا بووە, ئیتر كفنێكی كەم بۆ زۆربەی مردووەكان دابین كراوە, كفن فرۆشیش لەناو زیندانەكە پەیدا بووەو هەندێك لە زیندانییەكانیش كفنیان كڕیووەو لە بەریان كردووە, ئامادە بوونە بۆ مردن.
مردووەكان كفن دەكران و دەشۆردران, سوچێك لە ناو سەربازگەكە بۆ كۆكردنەوەی تەرمی مردووەكان داندرابوو, هەفتانە تەنها شەمووان مردووەكانیان بە عارەبانەیەكی بچووكی یەك تایەیی دەبردرایە دەرەوە بۆ ناشتن, هەر جارەی چەند تەرمێكیان ناوەتە بان یەكەوە, هەندێكیش دەڵێن رۆژانە بردراون.
لەبەر ئەوەی ئەنفالەكان بێ هێز بوون, زۆر جار هەڵەبجەییەكان مردووەكانیان دەنایە قەبر, ئەوان هەم تازە هاتبوون, هەم كوڕی گەنجیان لە گەڵدا بوو, وە پارەو خۆراك و شتومەكیانیشیان لە گەڵ خۆیان هێنابووە ناو زیندانەكە , كەمتر برسێتی و نەخۆشی و گەرما پەی پێیان بردبوو.
زەوییەكە رەق بوو ناتوانرا بە دەست زۆر قول بكرێت بۆ لێدانی گۆڕ, شاخی رەقەن بووە, بۆیە سەگەكان دواتر تەرمەكانیان دەردەهێناو دەیان خوارد, دایك منداڵی خۆی دەبینی بە دەم سەگەوە.
بۆیە دواتر هەفتەی جارێك شۆفەڵ هاتووە لە سەماوەوە گۆڕەكانیان بە قوڵایی نزیك مەتریك وەك خەتێكی درێژ هەڵكەندووە, دوای ئەوەی پڕ كراون لە تەرم خۆڵی كردووە بە بان مەیتەكانا بۆ ئەوەی سەگەكان روفاتەكان دەرنەهێنن, هەرچەندە لەسەر داوای زیندانیان سەگە رەشەكە كوژراوە, ئەوجا شۆفەڵەكان خەتێكی دیكەیان لێداوە بۆ گۆڕی نوێ, گۆڕستانی ئەنفالكراوان لە رۆژهەڵاتی سەربازگەكەوە بوو بە دووری چەند سەت مەترێك لە سەربازگەكەوە, گۆڕەكان هیچ شوێنەوارێكی دەستنیشان كراویان نەبووە تا لە ئێستادا بناسرێنەوە.
هەرچەندە مەلای زیندانی هەبووە لە نگرە سەلمان, بەلام رێگای تەڵقین خوێندن و نوێژی مردوو خوێندن و پرسە نەدراوە, مەگەر بە نهێنی, تەنها چەند كەسێك لە گەڵ مردووەكان چوونە بۆ ناشتنیان, بە خێرایی گەڕاونەتەوە.
لێبوردنی گشتی
دوا نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە رێكەوتی 6-9-1988 بڕیاری لێبوردنی گشتی بە ژمارە 736 دەرچوو, بەڵام بڕیارەكە نەچووە بواری جێبەجێكردنەوە بۆ زیندانیانی نگرە سەلمان تاكو لە رۆژنامەی وەقائعی عێراقی ژمارە 3220 لە رۆژی 19-9-1988 بڵاو نەكرایەوە, بۆیە لە دیدار لە گەڵ زیندانییەكان هەموو باس لەوە دەكەن لە رێكەوتی 20-9-1988 هەواڵی لێبووردنە گشتییەكە دەگاتە ناو زیندان.
بەرتیل دان بۆ بەربوون
لە دوای رۆژی سێشەممە 20 سەپتەمبەرەوە, دوای ئەوەی بڕیاری لێبوردنی گشتی ژمارە 736 چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە, هەفتەی كاروانێك لە زیندانییەكان ئازادكراون, هەر كاروانەی 400 بۆ 500 كەس بوونە, بۆ پێشخستنی ناو بۆ دەرچوون ئەوانەی پارە یان زێڕیان پێ بووە بەرتیلیان داوە, بە تایبەت هەڵەبجەییەكان وەزعیان باشتر بووە لە ئەنفالەكان, زێڕ و پارە بەخشراوە بە حەجاج بۆ پێش خستنی كەسەكان.
یەكەمجار زیندانی ناو ئەو هۆڵانەی لە پێشەوە بوونە لە گەڵ كوێر و شەل و نەخۆش و منداڵە نەخۆشەكانیان ئازاد كردووە.
بۆ كاروانی یەكەم بەشێك زۆر لە زیندانییەكان نەیان وێراوە ناوی خۆیان بنووسن بۆ ئازادكردن, ترساون لە مەرگ بە تایبەت فڕێیان دەنە دەریاوە, بە پێچەوانەوە هەندێكی دیكە دڵیان خۆش بووە لە نگرە سەلمان بیان بەن ئەگەر بۆ زیندە بەچاڵكردنیش بووبێت, هەرچەندو پیاوانی بەعس وتوویانە دەردەچن و دەچنەوە لای كوڕو پیاوەكانتان, ئەوان خانوویان بۆتان ئامادە كردووەو چاوەڕێی ئێوەیانە.
قادر سدیق هاووڵاتی ناوچەی ئەنفالی یەك, كە یەكەم كاروان بەر كەوتووە, بەهۆی ئەوەی لە هۆڵەكانی پێشەوە بووە, دەڵێت رێكەوتەكەی لە 20-9-1988 بوو بردیانین بۆ ئازادكردن.
ئەنفالكراوان دووای بردنیان لە سەربازگەی نگرە سەلمان, دوو سێ رۆژ, بەشێك هەفتەیەك, هەندێكیش دەڵێن دوو هەفتە لە ناو شاری سەماوە ماونەتەوە, ئەو ماوەیە خواردنی باش و خۆشوشتنیان هەبووە, پشكنینی پزشكییان بۆ كراوە, لە بازاڕیش نوێنەرەكانیان شتیان بۆیان كریووە, هەر 100 كەس نوێنەرێكیان هەبووە, ئەمەش بۆ ئەوەی شوێنەواری ئەو مەرگە ساتە بە سیمایانەوە نەمێنێت, كەڵكی بردنەوەیان بۆ ناو خەڵك هەبێت.
هەموو رۆژێك كاروانی بەردان نەبووە, هەفتانە بووە یان زیاتر, هیچ كات دوو كاروان لە شاری سەماوە و سەرباگەی تۆبزاوا تێكەڵ نەبوونەو پێی ناچێت رۆژێكی دیاریكراو هەبووبێت بۆ ئازادكردن, یەكێك دەڵێت 27-10 بەردراوین كە دەكاتە رۆژی پێنج شەممە, یەكی دیكە دەڵێت 19-12 كە دەكاتە دووشەممە, یەكێكی دی وتی سێشەممە 20-9-1988.
دووشەمە 19-12-1988 كاروانی پێش كۆتایی دەهێنرێنە ناو شاری سەماوە, دوو هەفتە لەوێ دەمێننەوە, رۆژێكیش لە رێگاو رۆژێكیش لە سەربازگەی تۆبزاوە, كەواتە بەربوونیان كەوتۆتە سەرەتای ساڵی 1989, زیندانیان لەسەر ئەم زانیاریانە كۆك نین.
ئەگەر لە چوون بۆ نگرە سەلمان منداڵ لە دایك بووە, كە بەر بۆتەوە هەڵیان نەگرتۆتەوەو لە ڕێگا بەجێیان هێشتووە, لە ئازاد بوونیش لە كاتی هاتنەوە لە نگرە سەلمان, پیاوێك لە رێگا مردووە لە ئۆتۆمۆبیلەكە بەریان داوەتەوە, وتویانە لە سەر شارەوانییە بینێژن ئێمە نایبەینەوە ئەوان دەینێژن, لە رێگای بەربوون ژمارەیەكیان لێ مردووە, مردووش هەبووە, خاوەنەكەی دەنگی نەكردووە تا گەیشتۆتەوە كوردستان لەوێ رایگەیاندووە مردووە, بۆ ئەوەی روفاتەكەی ببەنەوە.
چەند كەس گەڕاونەتەوە
ئاماركردنی گەڕاوەكان و مردووەكان نگرە سەلمان سانا بوو, ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان بیكردبایا, وەك بە نافەرمی بڵاو كراوەتەوە بە گشتی نزیك 6400 كەسیان گەڕاونەتەوە لە ئەنفال رزگاریان بووە" لە ئۆردوگاكانی عەربەت, كەلار, شۆڕش, باینجان نیشتەجێكران" جگە لە ئەنفالكراوانی بادینان, یاخود رزگاربووانی ناو مەڵبەندی لاوان لە دوز" نزیك 2000 زیندانی تێدا بووە" و یان تەق تەق هەندێك هەڵاتوون یان بەر لێبوردن كەوتن "لە دوزو تەقتەق هەندێك جاش خەڵكیان رزگار كردووە", یاخود ئەوانەی لە دووبز بەر لێبوردنەكە كەوتن.
هەڵەبجەییەكان 1152 كەسیان نێردراوە بۆ نگرە سەلمان, لەو ژمارەیە 71 یان لەوێ مردوونە, ئەوی دیكە گەڕاونەتەوە.
گەڕاوەكانی ئەنفال سێیەكیان پیاون و زیاتر لە 80%یان تەمەنیان لە 10 ساڵ كەمتر یان لە شەست ساڵ زیاتر بووە, زیاتر 10%یان لە نگرە سەلمان گیانیان بەختكرد بەهۆی ئەشكەنجەدان و كەمخۆراكی و نەخۆشییەوە.
حوسێن رەشید و سەدام حوسێن لەكاتی دادگاییكردنیان باسی ئەوەیان كردووە, ئەم حەجاجە هەر ناوی دووبارە دەبێتەوە, مەعقولە بەم هەموو پارە و ئەم كات و دەسەڵاتە نەزانرا كێیەو نەدۆزرایەوە؟
مەعقولە بەڕێوەبەری هەردوو سەربازگەی تۆبزاوەو نگرە سەلمان نەدۆزرانەوە؟, پرسیارەكانیان لە جێی خۆیەتی, مەعقوڵە نەتان دۆزینەوە؟.
سەرچاوەكان
1- جینۆساید لە عێراقدا ..پەلاماری ئەنفال بۆ سەر كورد - هیومان ڕایتس وۆچ/ میدڵ ئیست وۆچ
2- هەڵەبجەییەكانیش ئەنفالكران - گوڵاڵەی گەرمیان - چاپخانەی كارۆ 2024
3- جینۆسایدی باشووری كوردستان: پرۆسەی ئەنفالی یەك بە نموونە 21-2-1988 - 19-3-1988
جەماڵ مەجید فەرەج
4- سی دی دۆسیەی ئامادەكراوی ئەنفال لە لایەن دادگای باڵای تاوانەكانەوە.
5- محكمە الانفال اعداد ریكار مزوری بمساعدە محامی ایاد كاكەیی
6- بەرنامەی بەڵگەنامەیی خۆم لەوێ بووم , تەلەفزیۆنی ئازادی,كەناڵی گەرمیان
7- پێوانی پانی و درێژی سەربازگەكە لە لایەن نووسەری بواری جینۆساید دلێر كەریم.