​ ”دیل گۆڕکێ“کەی نێوان پارتی‌و یەکێتی

مه‌ریوان وریا قانع
  2019-01-10   
ھەندێک دۆست پرسیاری ئەوەیان لە من کردوە ڕام بەرامبەر بەو ”دیل گۆڕینەوە“یەی نێوان پارتی و یەکێتیی و ڕۆڵی دادگاکان لە ھەرێمدا، چییە؟

١- لە ناو ھەر نوخبەیەکی سیاسیی حوکمڕاندا کە شەرم و ئەخلاق بەمانا ھەرە سادە و گشتییەکەی نەما، کە ھیچ جۆرە ھەستکردنێک بە بەرپرسیارێتی بوونی نەما، ئەودەم مرۆڤ دەبێت چاوەڕوانی ھەموو جۆرە سوکایەتیکردن و بێمافکردن و بەڵتجیەتیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیی بێت. پارتی و یەکێتی دوو ھێزی بەڵتەجیین و ئەوەی دەیانجوڵێنێت لۆژیکی شەقاوەیە نەک لۆژیکی دوو ھێزی سیاسیی خاوەن لانی ھەرە ھەرە کەمی بەرپرسیارێتیی و ئەخلاق و شەرمی سیاسیی.

٢- ساڵانێکی درێژە من بەرگریی لە تێزی سوڵتانیزمی سیاسیی لە ھەرێمدا دەکەم. یەکێک لە ڕەھەندەکانی ئەم تێزە پێداگرتنە لەسەر ئەو ڕاستییە کە ئەوەی حوکمڕانەکانی ھەرێم دەجوڵێنێت نە ئایدیۆلۆژیا، نە پرۆژەیەکی سیاسیی نیشتیمانیی، نە جۆرێک لە تەفسیرکردنی فیکرییە بۆ دونیا و کۆمەڵگا، بەڵکو عەقڵیەت و ئاکارێکی سوڵتانیی ڕووتە، کە وایکردوە حوکمڕانانی ئەم ھەرێمە ھەم خودی ھەرێمەکە و ھەم دانیشتوانەکەشی بە موڵکی شەخسیی خۆیان و بنەماڵە و مناڵەکانیان بزانن. بۆیە پێیان ئاساییە چیان بوێت لەم ھەرێمە و لە دانیشتوانەکەی بکەن. ئاخر سوڵتان ئازادە لە چۆنیەتی مامەڵەکردنی موڵک و ماڵ و پارە و سامان و ئاژەڵ و ڕەعیەتەکەیدا، ئازادە کێ دەگرێت و کێ ڕاودەنێت و کێ دەفڕێنێت، وەکچۆن ئازادیشە کێ ئازاد و کێش خەڵات و ئافەرین دەکات.

٣- ئەم ”دیلگۆڕکێ“یە جارێکی دیکە نیشانیداین لەدوای نزیک لە سی ساڵ لە حوکمڕانیی کوردیی، ئەم ئەزموونە شکستخواردوە تەنانەت یەک دەزگاشی دروستنەکردوە کە خۆیان و مناڵەکانیان ڕێزی بگرن و نرخی بۆ دابنێن، لە پێش ھەمووشیانەوە دەزگاکانی داوەرییکردن و ئەو لەشکرە لە داوەر و لە کەسانی یاسایی کە لەو دەزگایانەدا کاردەکەن.

٤- ئەم ”دیلگۆڕکێ“یە بە پلەی یەکەم ئیھانەیەکی گەورە و ھەمەلایەنە بە سیستمی داوەریی بەگشتیی و بە سەرجەمی ئەو داوەر و کارگەرانەی لەناو ئەم سیستمەدا کاردەکەن.

٥- لەم کەیسە ترسناکەشدا، وەکچۆن لەزۆر شتی تردا، ھەڵەیە تاوانەکان فیفێی بە فیفتی بەسەر دوو ھێزە حوکمڕانەکەدا دابەشبکەین، کادرەکەی پارتی لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی گیراوە و ئەوەی یەکێتی بە مەبەستی سیاسیی و وەک تۆڵەکردنەوە فڕێندراوە. لەمەشدا تاوانباری ژمارە یەک پارتی دیموکراتی کوردستانە. ئەمەش وەک پارتییەکان بێماندووبوون سەدبارەی دەکەنەوە، نە لە ”گرێی پارتی“ی و نە لە ”ڕق لە پارتی“ی و نە ھیچ شتێکی تری لەم بابەتەوە نەھاتووە. بەڵکو وەسفکردنێکی سادە و بێلایەنەی ئەوەیە کە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕوویدا. کە ئەمە دەڵێم ھاوکات دەشمەوێت ئەو خاڵە لای ھەمووان ئاشکرابێت کە ھیچ تاوان و ناشیرینییەک نییە پارتی بیانکات و یەکێتی توانای کردنیانی نەبێت، ھەردوو ھێزکە دەتوانن ھەر تاوانێک بیانەوێت و چۆنیشیان بوێت بەو شێوەیە ئەنجامیبدەن.

٦. ئەوەشی لەناو ئەم چڵپاوەدا جارێکی تر بێمانا و نابەرپرسیارانەیە، ھەڵوێستی ئەو لەشکرەیە لە ڕۆشنبیران لە وڵاتەکەدا، کە بەدەگمەن نەبێت، یەکێکیان نقەیەکی بچووکیشی لەدەمەوە نەھاتەدەر.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×