یەکێتی نیشتیمانی کوردستان: کام یەکێتیی؟ کام نیشتیمانیی؟

مه‌ریوان وریا قانع
  2019-01-13   

تا سەرەتای ساڵانی نەوەد یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ھێزێکی چەپگەر و ڕادیکاڵی ناو سیاسەتی کوردیی بوو. ھەم لەڕووی بەرنامەی سیاسیی و ئایدیۆلۆژییەوە جۆرێک لە بەرچاوڕوونی تێدابوو، ھەم لەڕووی ئۆرگان و پێکھاتی حیزبیشەوە. لە ھەمووشی گرنگتر ئەوەبوو ئەم ھێزە موڵکی ھەموو یەکێتییەکان بوو، ھێزی ھیچ خێزان و بنەماڵە و بەرەباێکی ناو یەکێتی نەبوو. شتێک بە ناوی سوڵتانیزمی سیاسییەوە لەناو ئەو ھێزەدا بوونی نەبوو. ئەگەر تاڵەبانی خۆشی وەک کەسی یەکەمی ناو ئەم ھێزە، ھەندێکجار وەک سوڵتانێک کاریکردبێت، ئەوا تا دوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەینیش تاڵەبانی “سوڵتانێک بوو بێ سوڵتانیزم“. ئەو لەشکرە لە کوڕ و کوڕەزا و برا و ئامۆزا و خزم و خێزان و ھتد... لەناو یەکێتیدا و لە پێگەی دەسەڵاتدا بوونیان نەبوو.

ئەگەرچی یەکێتییەکان تاڵەبانی وەک کەسایەتیەکی پیرۆز و بێھەڵە مامەڵەدەکەن، بەڵام تاوانی دروستبوون و چەسپاندنی ئەو سوڵتانیزمە سیاسییەی لە ئێستادا بووە بە شوناسی ھەرەسەرەکیی یەکێتی، لە ئەستۆی تاڵەبانی خۆیدایە. یەکێتی ئەمڕۆکە ھێزێکی پارچەپارچەی پڕ ناکۆکیی و پڕ ململانێ و ڕق و تەماحی سەرمایەدارانەی زەبەلاحە کە ھیچ شتێک ھیچ یەکێکیان ناباتەوە ناو سیاسەت وەک چالاکییەک کە پەیوەندیی بە قازانجی گشتییەوە ھەیە. یەکێتی بە کردەوە لەوە کەوتوە حیزبێکی سیاسیی بێت و تەواو گۆڕاوە بۆ کۆمپانیایەکی فرەپشک، پشک ھەڵگرە سەرەکییەکانیشی بەو شێوەیە بەکاریدەھێنن کە لەگەڵ سود و قازانج و تەماحەکانیاندا دەگونجێت. ئەگەر لۆژیکی سیاسەت لۆژیکی دروستکردنی ژیانێکی ھاوبەش و ھێمن و ئازاد بێت لەڕێگای پاراستنی پلورالیزمی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگییەوە، ئەوا لۆژیکی کۆمپانیا تەنھا یەک پرنسیپی سادە، بەڵام ترسناک، ئاراستەی دەکات: پرنسیپی بەدەستھێنانی قازانجی زیاتر و زیاتر بۆ خاوەنەکەی بەبێ گوێدان بە ھیچ پرنسیپێکی ئەخلاقیی و ئینسانیی و سیاسیی.

پەلاماردانی پارتێکی پەراوێزیی وەک تەڤگەر و گرتنی کادر و چالاکەوانەکانیان، داخستنی سینەمای سالم و پەنابردن بۆ ھێز لەھەر پێشھاتێکی چاوەڕوانکراو و چاوەڕواننەکراودا پەیوەستە بەو گۆڕانەوە کە باسمکرد: گۆڕانی یەکێتی لە پارتێکی سیاسییەوە بۆ کۆمپانیایەکی فرە پشک، کۆمپانیایەکی چەکدار. یەکێتی بەم دۆخەی ئێستایەوە ناتوانێت وەک ھێزێکی سیاسیی ئامادەبێت و کاربکات. بەڵکو کۆمپانیایەکی فرەپشکی چەکدارە و قازانجی بەڕێوەبەران و بۆردی سەرەکیی کۆمپانیاکە و پشکھەڵگرەکانی، ئارستەی دەکات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×