کاتێک نایانەوێت تێبگەن... کاتێک ناتوانن تێبگەن

مه‌ریوان وریا قانع
  2020-12-08   
پارتی و یەکێتی و گۆڕان: ”جەختكراوە لەوەی خۆپیشاندانی مەدەنیانەی دوور لە گرژی‌و پەلاماردانی دامەزراوە فەرمییەكان‌و سەروماڵی هاوڵاتیان، مافێكی رەوایە.“

ئەوەی ئەم ھێزانە ناتوانن و نایانەوێت لێیتێبگەن ئەو ڕاستییەیە کە کەس بڕوای بەم جۆرە قسە سواوانە نییە، ئەوان کێیان بۆگیرابێت گرتویانە و کێیان بۆ ئازاردرابێت ئازاریان داوە. زیندانەکانی بادینان پڕن لەو ڕۆژانامەنووس و چالاکەوانانەی کە ھەموو تاوانەکەیان ئەوەیە خۆپیشاندانی ھێمن و مەدەنیانەیان ئەنجامداوە. 

لەمەش بترازێت ھەموو منداڵێکی ئەو  ھەرێمە ئەو ڕاستییە ئەزانێت ئەم ھێزانە جگە لەزمانی فشاری گەورە،  لەتوڕەبوونی کۆنترۆڵنەکراو،  لەزمانی پەلاماردان و سوتاندن،  لە ھەڕەشەی توندوتیژ، زۆر توندوتیژ  لەھیچ زمانێکی تر ناگەن. نە لەزمانی خۆپیشاندانی ھێمن و مەدەنیانە دەگەن، نە لە نووسین و شیکاریی ڕەخنەگرەکانیان، نە لەڕاوێژو نەسیحەتی دۆستەکانیشیان، ئەوان لەدونیایەکدا دەژین کە دونیای خەڵکی ھەرێمەکە نییە، بەکۆمەڵێک کێشەو ململانێی ناوەکیی و دەرەکیی دەسەڵاتەوە سەرقاڵن کە کێشەی خەڵک و کۆمەڵگاکە نییە. ئەوەندەی خەریکی بازرگانیی و کەڵەکەکردنی سەرمایەکانیانن، سەد یەکی ئەوە خەریکی ئیدارەدان و پاراستنی قازانجی گشتیی کۆمەڵگاکە نین. 

 ساڵانێکە ڕۆژ نییە گروپێکی کۆمەڵایەتیی، کەرتێکی دانیشتوان، توێژێک لە توێژەکانی ئەو کۆمەڵگایە لەسەر شەقامەکان نەبن و بە شێوەی خۆپیشاندانی ھێمنانە داوای گۆڕانکاریی نەکەن. شەقامی شار و شارۆچکەکانی ئەم ھەرێمە لەم چەند ساڵەدا چۆڵ نەبووە. بە دەیان شێوە زەنگی خەتەر لێدراوە، سەرجەمی کێشەکان باسکراون و ناسێندراون. بەڵام ھیچیان ھیچ ئەنجامێکی پۆزەتیڤی نەبووە، ھەموویان بێ کاردانەوەیەکی ڕاستەقینە و وەک ھەواڵی سەر ھەسارەیەکی تر تێپەڕیون. کێشەی گەورە دروستدەبێت، وڵاتەکە لە ڕۆخی ئیفلاسکردن نزیکدەبێتەوە، فۆرمی کوشندە و نەناسراوی ھەژاریی دروستدەبێت، نائومێدیی دەبێتە ئاکاری سەرەکیی کۆمەڵگاکە، خەڵک لە توڕەییدا بایکۆتی ھەڵبژاردنەکان دەکەن، ھەڵەی ستراتیژیی لەدوای ھەڵەی ستراتیژیی ئەنجامئەدرێت، کەچی  ھەمان دەموچاو و ھەمان قات لەبەر و ھەمان نوخبە ھەر حوکمڕانن و ھەر ئەوان بڕیاربەدەستن. نەک ھەر ئەمە بەڵکو لەناو ئەو وێرانەیەدا و لەپاڵ ئەو ھەموو ناڕازەیەتیەدا، ئەوان وێنەی منداڵەکانیان  وەک جێگرەوە و حوکمڕانی دوای خۆیان، نیشانئەدەن.

ئەگەر خۆپیشاندانی مەدەنییانە و ناڕەزاییدەربڕینی ھێمنانە و ڕەخنەی ڕۆژانەی خراپەکارییەکان لانی ھەرەکەمی کاریگەریان ھەبووایە، ئەگەر سیستمێکی سیاسیی لە ئارادابووایە بیتوانیایە بەڕووی لانی ھەرەکەمی ڕەخنە و ناڕەزایەتییەکاندا کرانەوەی ھەبووایە، لەسەر درۆ و دزیی و خراپ بەکارھێنانێکی سیستماتیکی دەسەڵات کارینەکردایە، وڵاتەکە و دانیشتوانەکەی وەک ڕەعیەت و موڵکی شەخسی خۆی سەیرنەکردایە، ئەگەر ئینسانی ئێمەی وەک مرۆڤێکی خاوەن ماف و خاوەن ڕێز ببینیایە، ئەم دۆخەی ئەمڕۆ دروستنەدەبوو. ئێستا ئیتر نەوەیەک دروستبووە تاقەتی ژیانی لەناو ئەو دونیا گەندەڵ و ئیھانەکەر و داخراو و پڕ ھەژاریی و نەخۆشیی و برسیەتییەدا، نەماوە، نەوەیەک ئەمڕۆکە لە شارەکانی ھەرێمدا بە زمانی سوتاندن و ئاگرتێبەردان و بێباکی لە مردن قسەدەکات. نەوەیەک بەرھەمێکی لۆژیکی ئەو دونیا ناشیرینەیە ساڵانێکی درێژە دەسەڵاتادارنی ھەرێمەکە دروستیدەکەن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×