خێڵ یاخود پرۆسەی بەخێڵکردنەوە؟

مه‌ریوان وریا قانع
  2019-04-29   
یەکێک لە خورافەتە ھەرە گەورەکانی فیکری ئینشایی باڵادەست لەناو ڕۆشنبیریی ئێمەدا، فیکرێک کە نووقمە لەناو سەدبارەکردنەوەی پێشداوەرییە ھەڵەکانی فیکری”خۆرھەڵاتناسیی“ کۆن و ھاوچەرخدا، وێناکردنی کۆمەڵگای ئێمەیە وەک کۆمەڵگایەکی خێڵەکیی و بینینی خێڵیشە وەک یەکەی سۆسیۆلۆژیی سەرەکیی و نەگۆڕ و بنەڕەتیی ناو پێکھاتەی کۆمەڵگای ئێمە. یەکەیەک کە گوایە سەدەھا ساڵە بەبێ ھیچ گۆڕانکارییەک ئامادەیە و لەناوەوە مێژووی ئێمە بە خۆدوبارەکردنەوەیەکی ھەمەلایەن مەحکوم دەکات. ئەم فۆرمە لە بیرکردنەوە ھەرچییەکی تێدابێت بیرکردنەوەی تێدا نییە، بیرکردنەوەیەک کە لانی ھەرە ھەرەکەمی میتۆدییبوون و زانستیبوونی لەخۆیدا کۆکردبێتەوە.

بەشی ھەرەزۆری ئەوەی لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لەسەر ”ڤێستیڤاڵی ئێلی جاف“ گوترا نموونەی ئەو جۆرە بیرکردنەوەیەیە کە لەڕاستیدا جگە لە ئینشانووسی شتێکی تری نییە لەسەر دیاردە تازەکانی ناو دونیای ئێمە بیانڵێت. خوێندنەوە و نیشاندانی دیاردەی وەک ئەم ڤێستیڤاڵە وەک دەرکەوتێکی سروشتیی لە دەرکەوتەکانی خێڵگەرایی لە دونیای ئێمەدا، ئەوەی بە ئینگلزیی پێیدەگترێت Tribalism، یان وەک نمایشێک لە نمایشەکانی ھێزی بانمێژوویی خێڵ وەک یەکەیەکی سۆسیۆلۆژیی نەگۆڕ، نموونەی ئەو جۆرە فیکرەیە کە توانای خوێندنەوەی سادەترین دەرکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی دونیای ئێمەی نیە. ئەوەی لەو ڤێستیڤاڵەدا بینیمان نە درێژەدانە بە ”عەقڵیەت“ێکی خۆرھەڵاتی گریمانکراو، نە بەرھەمھێنانەوەی کۆمەڵگایەکە بۆ خۆی لە ڕێگای ھێزی خێڵەوە، نە قەدەرێکی کۆمەڵایەتیی خۆرھەڵاتیشە کە دەرچوون لێی مەحاڵە. نە ڕووداوێکی سروشتیی ناو خەیاڵ و عەقڵیەتی خێڵ خۆشیەتی.

ئەوەی بینیمان بەشێکە لەو ”ھەندەسە کۆمەڵایەتییە“ تازەیەی کە ھێزە سیاسییە سوڵتانییە حوکمڕانەکانی دوای ڕاپەڕین، بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خێزانە سیاسییەکانیان، لە ساڵانی ڕابردوودا دروستیانکردوە و گەشەیان پێداوە. ”ھەندەسەیەکی کۆمەڵایەتیی“ کە کاری سەرەکیی بریتییە لە ”پرۆسەی بەخێڵکردنەوە“ی پێکھاتە کۆمەڵایەتییە جیاوازییەکانی ناو کۆمەڵگای ئێمە. پرۆسەیەک بە ئینگلزیی پێیدەگوترێت retribalisation  لەپاڵ ئەم پرۆسەیەدا ئەوەی ڕوودەدات بەھیچ جۆرێک تەعبیر نییە لە ھێزی گریمانکراوی خێڵ وەک یەکەیەکی سۆسیۆلۆژیی، بەڵکو ھەوڵدانێکی پلانبۆدانراو و بیرلێکراوەی حوکمڕانانی کوردستانە بۆ وێرانکردنی تەواوی ئەو ”چینی ناوەڕاست“ەی لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا دروستدەبێت. ئەم حوکمڕانانە لەڕێگای ئەم پرۆسە تازەیەی ”بەخێڵکردنەوە“وە، retribalisation، بەشێکی زۆری ئەندامانی ئەو چینە ناوەڕاستە ناچار بە گەڕانەوە بۆ باوەشی خێڵ و ناچار بە بوونەوە بە بەشێک لەشی خێڵ، دەکەنەوە. میکانیزمەکانی ئەم گەڕانەوەیەش ئاڵۆزە و لێرەدا مەودای باسکردنیانم نییە. بەڵام ناچارکردنی چینی ناوەڕاست بۆ گەڕاندنەوە بۆ باوەشی خێڵ، پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی ئەندامانی ئەم چینە ھەم ئاسانتر دەکات و ھەم ڕێ لەوە دەگرێت ئەم چینە گەشەیەکی سەربەخۆ بکات و ببێتە ھێزێی کۆمەڵایەتیی سەربەخۆ. بەر لە حوکمڕانانی ھەرێم، لە ساڵانی نەوەد دا، ڕژێمەکەی سەدام حوسەین ھەمان پرۆسەی لە عێراقدا ئەنجامدا.

بە کورتییەکەی ئەوەی دەیبینین ھەم زنیدووکردنەوەیەکی بەمەبەستی خێڵە وەک ئۆرگانێکی کۆمەڵایەتیی، ھەم بەھێزکردنێکی ھۆشیارانەی سەرۆکەکانیانە، ھەم بەخشینی کۆمەڵێک وەزیفەی تازەیە بە خێڵ، لەناو ئەو ”ھەندەسە کۆمەڵایەتییە“ تازەدا کە سوڵتانیزمی سیاسیی لە ھەرێمدا پێویستیی پێیەتی.

نەبینینی ئەم پێدراوە سادانە نەک تەنھا سەتحیبوونی ئەو ھۆشیاریەمان نیشانئەدات کە بە ئارەزووی خۆی و بێ ھیچ دوودڵیەکی میتۆدیی لەسەر ھەموو دونیا قسەدەکات، بەڵکو نەزۆکی فیکرێکی ئینشانووسیشمان نیشانئەدات، کە وەک ”ڕێگرێکی ئەبستمۆلۆژیی“ گەورە لە دونیای ئێمەدا کاردەکات و تێپەڕاندنی یەکێکە لە ئەرکە سەرەکییەکانی بیرکردنەو ە لەو دونیایەدا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×