ژنکوشتن و ژینگەیەکی ئەخلاقیی نەخۆش

مه‌ریوان وریا قانع
  2019-09-01   
فەیلەسوفی بەریتانی سایمۆن بلاکبورن، Simon Blackburn ، (١٩٤٢-..)، لە کتێبی ”باشبوون“دا, Being good، دوو جۆر ژینگە لەیەکتری جیادەکاتەوە. یەکەمیان ئەو ”ژینگە فیزیایی“ سروشتییەیە کە بوونێکی بابەتی ھەیە و مرۆڤ خۆی لەناویدا ئەدۆزێتەوە. دووھەمیان ئەو ”ژینگە ئەخلاقیی“ەیە کە مرۆڤ خۆی دروستیدەکات و لەناویدا دەژیی. ئەم نووسەرە پێیوایە وەکچۆن پێویستە مرۆڤ لە خەمی ژینگەی یەکەمیاندا بێت بۆئەوەی وێرانی نەکات و ژیانی خۆی و نەوەکانی داھاتوو نەخاتە مەترسییەوە، بەھەمان شێوە پێویستە لە خەمی ژینگەی دووھەمیشیاندا بێت بۆ ئەوەی ئازاری مرۆڤەکانی تر نەدات و خۆشی وەک مرۆڤێکی باش و چاکەکار ھەبێت و بژیی.
”ژینگەی ئەخلاقیی“ ئەو کەش و ھەوا فەرھەنگیی و فیکرییە کە دەوری داوین و پێماندەڵێت چۆن بژین، دەستنیشانی ئەوە دەکات چی قبووڵبکەین و چیش قبووڵنەکەین، پێماندەڵێت چی قابیلی ئیعجاب و چی شوێنی نەفرەتلێکردنمان بێت. دستنیشانی ئیدراک و تێگەیشتنمان دەکات دەربارەی ئەوەی ئایا ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژین بە باشیی و بە چاکیی بەڕێوەدەچێت، یاخود لە دۆخی خراپبوون و داڕماندایە. لە پەیوەندیشماندا بە ئەوانیترەوە، ئەم ژینگە ئەخلاقییە، دەستنیشانی ئەوە دەکات چی لەسەر ئێمە پێویستە بەرامبەر بەوانیتر ئەنجامیبدەین و چیش پێویستە بەرامبەرمان ئەنجامبدرێت. ئەم ”ژینگە ئەخلاقیی“یە ” کاردانەوە عاتفییەکانیشمان دیاری دەکات، دەستنیشانی ئەوەدەکات چی مایەی فەخرکردنە و چی مایەی شەرمکردنە، چی توڕەمان دەکات و چی وامان لێدەکات سوپاسگوزار و ڕازیبین. پێمان دەڵێت دەکرێت چاو لە چی بپۆشین و چی لەبیرببکەین و چاو لەچیش نەپۆشین و کام شت لەبیر نەکەین. بە کورتیی، ئەم ژینگە ئەخلاقییە سەرچاوەی ”پێوەرە ئەخلاقیی“ەکانمانە.
ئەوەی ئەم دیاردەی ژنکوشتنە بەردەوامە لە کوردستاندا بە ئێمەی دەڵێت و نیشانمان ئەدات، بێگومان ئەگەر گوێمان ھەبێت بۆ بیستن و چاومان ھەبێت بۆ بینین، ئەوەیە ئەو ”ژینگە ئەخلاقیی“یەی لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئامادەیە، ژینگەیەکە لە ھەموو ڕوویەکەوە بۆگەنی کردوە، شتێکی تێدا نەماوە بەناوی ئەخلاقەوە، پێوەرەکانی لەوە کەوتون بتوان باش لە خراپ و ”ئەشێ“ لە ”ناشێ“ جیابکەنەوە. ”شڵەژانێکی پێوانەیی“ وا دروستبووە، ھەموو توانایەکی پۆلینکردنێکی ئەخلاقیی لەناوبردوە. ئەم ژینگە ئەخلاقییەی ناو کۆمەڵگای ئێمە، لە زۆر ڕووەوە لە دۆخی بەر لە دروستبوونی ئەخلاقدا دەژیی، لە دۆخی پەیوەندییەکی ڕووتی ھێزدا کە چاودێرینەکراوە و سنوورێکی تیادا نەماوە نەھێڵێت بەھێز ھەموو سوکایەتییەک بە بێھێز و توانادار ھەموو ناشیرینییەک بەرامبەر بە بێتوانا ئەنجامنەدات، تا ئاستی کوشتن و لەناوبردن. لەزۆر سەرەوە ئەم ژینگە ئەخلاقییە بۆگەنە، ژینگەی بەر لەدایکبوونی ئەخلاقە. ژینگەی بەر لەدایکبوونی ”ویژدانێکی ئینسانیی“ە کە بەرامبەرەکەی وەک ئینسانێکی یەکسان و خاوەن ماف ببینێت و مامەڵە بکات. ئەوەی دەبێت بگۆڕدرێت ئەم ژینگە نائەخلاقییەیە کە میکانیزمە سەرەکییەکانی بریتین لە دەستەبەرکردنی توانای سوکایەتیکردن بە بەشە لاوازەکانی ناو کۆمەڵگا، لە پێش ھەمووانیشەوە سوکایەتیکردن بە ژنان، وەک بوونەوەری پلە و دو و پلە سێی ناو ئەو کۆمەڵگایە، تا ئاستی سڵ نەکردنەوە لە کوشتنیان وەک ئاژەڵێکی بێماف. ھەنگاوی یەکەم و ھەرە سەرەتاییی ئەم گۆڕینە بەوە دەبێت نەھێڵدرێت تاوانبارانی ئەم کوشتنانە بە ئاسانی بۆی دەرچن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×