مەلا ھەڵۆکان: مۆدێلێکی تازە لە پیاوانی دین

مه‌ریوان وریا قانع
  2020-02-26   
لە ماوەی ڕابردوودا مەلا ھەڵۆ دوو سوکایەتی گەورەی بەرامبەر ژمارەیەکی ھێجگار گەورە لە مرۆڤ لە کۆمەڵگای ئێمەدا کرد. یەکەمیان ”بە گەواد“ ناونانی ھەموو ئەوانەی ژن و کچ و دایکیان بێحیجاب دەچنە دەرەوەی ماڵەکانیان بۆ ئەنجامدانی کر و دابینکردنی پێویستییەکانی ژیانی ڕۆژانە. دوای ئەوەش بە سۆزانی ناونانی یەکێک لە دەزگا رەسمییەکانی سیستمی خوێندن لە ھەرێمدا، ئەکادیمیای ھونەرە جوانەکان، و بە سۆزانی ناونانی ئەوانەی لەوێدا دەخوێنن و کاردەکەن. خاڵی سەرەکیی لە ھەردوو باسەکەدا مەسەلەی لەشە، لەشی ژن، لە یەکەمیاندا لەشی ژن لە دۆخی دانەپۆشراویدا، لە دووھەمیاندا لەشی ژن لە دۆخی سۆزانیبووندا.
لە خەیاڵی مەلا ھەڵۆ و ھاوشێوەکاندا، کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا لە گەشەکردن و زۆربووندان و تا دێت ڕۆڵێکی ترسناکتر دەبینن، لەش بە گشتیی و لەشی ژن بە تایبەتی لەشێکی سێکسیی و شەھوانییە. مرۆڤ خۆشی بوونەوەرێکی جنسییە و بابەتی سەرەکیی ژمارە یەک لە ژیانیدا، سێکسە. ئەمەش وادەکات چالاکی ژمارە یەکی مرۆڤ لەناو مێژو و جیھاندا چالاکی ئیغراکردن و فریودان بێت. لە خەیڵی ئەم مۆدێلە نوێیە لە ”پیاوی دین“ لە کۆمەڵگای ئێمەدا، لەشی ژن لە لەشی پیاو سێکسیتر و فریودەرترە، و بە زۆر مانا ژن خۆشی لەوەدەخرێت خودێکی عەقڵانیی و بیرکەرەوە و بەرھەمھێن بێت، بەڵکو کورتدەبێتەوە بۆ لەشێکی فریودەر و بۆ بنووەوەرێکی ئیغراکەر. لەم دیدەدا شتێک لە ژیانی ژندا بوونی نییە و بوونی نابێت، جگە لە ئیغراکردن و فریودان.
دەرەنجامی ئەم بە سێکسیکردنەی کەسایەتی پیاو و ژن، یان کورتکردنەوەی مرۆڤ بۆ ڕەھەندە جنسییەکەی بەتەنھا، ھاوشانە بە بە یەکسانکردنی لەش وەک ھەڵگری ھەموو گوناھەکان و ھەموو تاوانەکان و ھەموو لادانەکان لە پاکیی، لە دین، لە موقەدەس. ھاوشانە بە پێشنیارکردنی لەشێکی ئەلتەرناتیڤ و جئگرەوەی ئەم لەشە گوناھبارەش: ”لەشی دینیی“. ”لەشی دینیی“ لە فۆرمە سەلەفیەکەیدا ئەو ئەلتەرناتیڤەیە ئەمانە پڕوپاگەندەی بۆدەکەن و بەرگرییلێدەکەن. دیدێکیش بۆ ئەخلاق سەروەردەکەن تیایدا لەسەرێکەوە جنس وەک ھێزێک بۆ بەدڕەوشتیی و حەیاچوون وێنادەکەن و لەسەرێکی دیکەوە دین وەک ڕێگرێک لەبەردەم ئەو بەدڕەوشتیی و حەیاچوونەدا وێنادەکەن.بەمەش ھەم تێگەیشتن لە ئەخلاق و ھەم لە دین بە تەواوی سنووردار و ترسناک دەکەن.
وێناکردنی لەش وەک سەرزمینی ئیغرائات و فریو، کورتکردنەوەی پەیوەندییە ئینسانییەکان بۆ پەیوەندیی سێکسیی بەتەنھا، لەسەروی ئەمانەشەوە وێناکردنی کۆمەڵگا وەک ماڵێکی گەورەی پڕ سۆزانیی، ئەو ژێرخانە سایکۆلۆژییەیە کە ئەم مۆدێلە تازەیە لە مەلای سەلەفیی ئاراستەدەکات. ئەم سایکۆلۆژیا شێواوە لە ھەموو شوێنێکدا ھەڕەشە لە دین و لە خودا و لە پێغەمبەرەکانی دەبیننن و بە ئەرکی خۆیان دەزانن بەرگریی لە خودا بکەن. بۆیە ”لەشی دینیی“ وەک تاقە لەشێک نمایشدەکەن کە بتوانێت لەم ”بەحری گوناھ“ و لەم ”سۆزانیبوونە گەردونیی“ە و لەم ”گەوادیی خانە گەورەیە“ ڕزگارمانبکات.
خەلەلە سەرەکییە لای کەسانی وەک مەلا ھەڵۆ بەر لەوەی خەلەل بێت لە فیکر و بیرکردنەوە و بەرخوردا، خەلەلە لەم خەیاڵ و سایکۆلۆژیا بیمارەدا. مەلا ھەڵۆ و ھاوشێوەکانی ھەڵگری فۆبیا گەورەن کە لە فۆرمی فۆبیا لە لەش، لە ژن، فۆبیا لە ھەموو شتێک لە خۆیان نەچێت، بەرجەستەیە. ئەمانە ھێندەی کۆمەڵێک بیماریی دەرونین و پێویستیان بە چارەسەری سایکۆلۆژیی ھەیە، ئەوەندە کەسانێک نین لەناو ڕووبەری گشتیدا وەک نوێەری دین یان نوێنەری ھەرشتێکی تر قسەبکەن. لە یەککاتدا ھەم پێویستیان بە سەرلەنوێ پەروەردەکردنەوە ھەیە، ھەم بە چارەسەریی دەرونیی.


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×