لە جەنگی جیهانی یەكەمەوە كورد خەبات ئەكات لە پێناوی سەربەخۆییدا ، بەلام تا ئێستا كورد بە مافەكانی خۆی نەگەیشتووە . هۆكاری ئەوەش ئەوەندەی كورد خۆی هۆكارە دوژمن ئەوەندە هۆكار نییە . بە درێژایی ساڵانی خەباتی تا ئەم كاتەی ئێستا تێیدا دەژین كورد نەبۆتە خاوەنی سەركردەیەكی نیشتمانی كە بتوانێت هەموو كورد لە ژێر یەك ئاڵادا كۆبكاتەوە بۆ خەباتكردن .
لە هەموو قۆناغەكانی خەباتدا بەردەوام سەركردەكانی كورد ناتەبابون و شەڕی یەكتریان كردووەو بونە داردەستی دوژمنانی كورد دژی خۆیان . تا ئێستا زۆر هەلی زێڕینمان بۆ هاتۆتە پێشەوە بەڵام بەهۆی ناكۆكییە ناوخۆییەكان، نەتوانراوە سود لەو هەلە زێڕینانە وەرگیرێت بۆبەرژەوەندی گەل و نیشتمان . ئەو لەتبونەی لە نێوان باڵی مەكتەبی سیاسی و مەلا مستەفا لە ساڵی 1964 ڕویداو زاراوەی مەلایی جەلالی بەرهەم هێنا تا ئێستا كورد پێوەی دەتلێتەوەو بۆتەسەرەتانی ئەم میللەتە و هەموو ناكۆكیەكانی ئێستاش درێژكراوەی هەل و مەرجەی ئەو كاتەن كە بونە خوێنی سیاوەحش .
لەدوای ساڵی 1991 چەندین فرسەتی مێژوییمان بۆ ڕەخساو بە هۆی ئەو ناكۆكیانەوە نەتوانرا سودیان لێ وەرگێرێت . لە دوای ڕوخانی حكومەتی بەعس و نەمانی سەدامەوە بەردەوام ئەمەریكاو هاوپەیمانان داوا لە یەكێتی و پارتی دەكەن ڕێزەكانتان ڕیك بخەن و هێزی پێشمەرگە بكەن بە یەك و چیتر دژایەتی یەكتری مەكەن ، بەلام تا ئێستا ئەوە نەهاتۆدە دی . ئێستا وەكو سەردەمی بابانەكانی لێهاتوە چۆن ئەو كات نیوەیان ببونە لایەنگری دەوڵەتی عوسمانی و نیوەكەی تریان ببونە لایەنگری دەوڵەتی ساسانی ئێرانی ، ئێستاش بە هەمان شێوەیەو هەردوك لا یاری بە كورد دەكەن .
من نامەوێت زیاتر باسی ڕابوردوو بكەم و دەمەوێت باسی ئێستا بكەم وەكو ئەلێن : نان ئەو نانەیە كە ئەمڕۆلە خوانە. دوای شەڕی نێوان عەرەب و ئیسڕائیل بارودۆخێكی زۆر تازە هاتۆتە كایەوەو پێ دەچێت نەخشەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆرێت و ئەگەر كورد لە ئاستی پێویست دابێت و یەك گرتوبێت ، گومانی تێدا نابێت دەسكەوتی گەورەی دەبێت . ئەگەر سەرنج بدەین لە ئێستادا بارودۆخەكە بەم شێوەیە:
1-ئیسڕائیل براوەی یەكەمی جەنگە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هیچ گومانی تێدا نییە كە دەبێتە خاوەن دەسەڵات و بڕیاردەری یەكەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست . ئەوەتا بەچاوی خۆتان دەبینن كە حەماس و حیزبوڵای كۆتایی پێ هێنا . ئەوەتا بەردەوام پێش ڕەوی دەكات و خاكی سوریا داگیر دەكات و هەرچی ژێرخانی ئابوری و سەربازی توركیا هەیە وێرانی كردوو بە چەندین ساڵیتر نایەتەوە سەرخۆ .
2-ئێستا وا سەرەی حوسیەكان هاتوەو ئەوەتا خەریكە ژێرخانی ئابوری و سەربازی ئەوانیش لە گەڵ زەوی تەخت دەكات و بەردەوام موشەك بارانیان دەكات تا بێدەنگیان نەكات و تەسلیم نەبن وازیان ڵی ناهێنێت .
3-هیچ گومانی تێدا نییە كە دوای حوسیەكان سەرەی عێراق دێت و ئەمەریكا هۆشداری بە حكومەتی عێراق داوە كە حەشدی شەعبی حەل بكەن و چیتر ڕێگا نەدەن ئێران بەكاریان بهێنێت دژی ئیسڕائیل و بەرژەوەندیەكانی ئەمەریكا.
4-ئەم ڕوداوانە بەمانای كۆتایی هێنان دێت بە هەژمونی ئێران و هیلالی شیعی لەناوچەكە . واتە لێرە بەدواوە چیتر ئێران ناتوانێت شەرلەخۆی دوور بخاتەوەو دەبێ چاوەڕوانبێت شەڕ دەرگای پێ دەگرێت . ئەوكات دەبێ مل بدات بۆ داواكانی ئەمەریكا.
5-كەواتە لەم ڕۆوە هیچ دەوڵەتێك بە ئێرانیشەوە ناتوانێت ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئیسڕائیل و هەر وڵاتێكی عەرەبی ئەو هەڵەیە بكات و تەقە لە ئیسڕائیل بكات ، ئەنجامیان وەكو غزەو لوبنان و یەمن وسوریا دەبێت . كەواتە مەیدانەكە تەخت بووە بۆ ئیسڕائیل كە بە ئارەزوی خۆی ئەسپی خۆی تێدا تاو بدات .
6-ئەگەر جاران سۆڤیەت ڕێگربوبێت لەبەردەم ئەمەریكاو ئیسڕائیل ، ئەو مەترسیەش نەماو سوڤیەت ناوچەكەی بەجێ هێشت چونكە ئەو بە كۆستی خۆیدا كەوتوە بە هۆی شەڕی ئۆكرانیاوەو توانای نییە بەرەیەكی تری جەنگ دژی ئەمەریكاو هاو پەیمانەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكاتەوە . ئەوەی شایانی باسە ماوەیەكە كار بەدەستانی ڕوسیا و بە تایبەتی ڤلادێمیر پۆتین سەرۆكی ڕوسیا بە ئاشكرا پشتیوانی كورد دەكات و دەڵێت دەبی مافی كوردەكانی سوریا پێشێل نەكرێت و حەقی خۆیان بدرێتی و كورد هەر لە بنەڕەتەوە غەدری لێكراوە .
هەر چەندە بۆچونەكانی ڕوسیا زۆر مایەی دڵخۆشی نین بۆ كورد ، بەلام ئەم قسانەش لەخۆیانەوە ناوترێن. وەكودەریش دەكەوێت ڕوسیا لەگەڵ توركیا لە ئێستادا نێوانیان باش نییەو قسەكانی سەرۆكی ڕوسیا بەرامبەر توركیا دەچنە خانەی هەڕەشەوە . پی دەچێت ناكۆوكیەكانی ڕوسیا بەرامبەر بەتوركیا، وایكردبێت كە ڕوسیا پشتیوانی كوردەكان بكات .
7-گومانیشی تێدا نییە كە دوای ئەوگۆڕان كاریانەی لە ئایندەدا دێنە گۆڕی كە مەترسییەكانی حكومەتی عێراقی و ئێرانیش لەسەر كورد كەم نەبنەوە چونكە هیچ لایەكیان دەسەڵاتی پێشویان نابێت ، بەمەرجێك كورد یەك پەیامی یەكگرتوی هەبێت و بتوانێت سود لەم گؤرانكاریانە وەرگرێت .
8- وەكو دەڵێن : ڕوخانی حكومەتی سوریاو ڕاكردنی بەشار ئەسەد بەزیانی ئێران و بە قازانجی توركیا كەوتەوە . سەبارەت بە ئێران بە هۆی ڕوخانی سوریاوە ، چیتر ئێران ناتوانیێت هاوكاریەكانی بگەیەنێتە حەماس و حیزبوڵا . واتە كۆتایی هاتنی ئەوان و تێشكانی ئێران. بەڵام بە هۆی ئەوەی توركیا هاوكاری ئەم ئیسلامیانە بووە كە بەشاریان ڕوخاند بۆیە لە ئێستاوە پەیوەندییەكی باشی لەگەڵیان هەیەو ئەوەتا ڕۆژانە وەڤدەكانیان جەولەی مەكوكی بۆ سوریا دەكەن .
هەوڵەكانی توركیا لە ئێستا لەوەدا چڕ بۆتەوە كە شۆڕشی كوردانی سوریا كۆتایی پێ بهێنێت و ئەوەتا توركیا لەبری سوریا دەڵێت : نابێ جگە لە سوپا هیچ گروپێكیتر چەكدار بێت . توركیا نایشارێتەوەو بە ئاشكرا دەڵێت یان دەبێ كوردەكان چەك دانێن یان هەمویان لەناو دەبەین. ئەوەتا بەردەوام هاوكاری گروپە چەكدارەكانی سەر بەخۆی دەكات بۆ شەڕكردن لەگەڵ هێزە كوردیەكان .
توركیا زۆر ترسی هەیە لەو گۆڕانكاریەی كە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ڕێوەیە ڕوبدات و پێی وایە ئەوە كاریگەری زۆر نەرێنی لەسەر بارودۆخی ناو توركیاش دەبێت . ئەگەر لە بیرتان بێت ماوەی پێشو پێشنیاری ئەوە كرا كە ئاپۆ لە بەندیخانەوە بهێننە ناو پەڕلەمانی توركیاو لە وێوە داوا بكات پەكەكە چەك دانین . گومانی تێدا نییە توركیا پێش وەخت هەستی بە مەترسیەكان كردووەودەزانێت ئەگەر كوردەكانی سوریا دەسكەوتی باشیان هەبێت لە ڕوی سیاسیەوە ، ئەوە توركیا زیانی گورەی پێ دەگات بۆیە بەردەوام جەخت لەسەر كۆتایی هێنان بە پێشمەرگەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بهێنێت .
9- ئەوەی ئێستا لە سوریا ڕودەدات و هەڵ گەڕانەوە لەلایەن لایەنگرانی بەشارەوە دەستی پێكردوە، توركیاو كاربەدەستانی ئێستای سوریا هەرگیز چاوەڕوانی نەبون و بە بۆچونی من ئەوەش لە بەرژەوەندی كوردایە .
هەڵوێستی ئەمەریكاو هاو پەیمانان بەرامبەر بەكوردانی سوریا
شۆڕشگێرەكانی سوریا بە كردەوە سەلماندویانە كە خەڵكانی ئازاو دڵیرو شۆڕشگێڕو بەتوانان ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی ببنە جێی موتمانەی ئەمەریكاو هاو پەیمانان و بەردەوام هاوكاریان بكەن . كاتی خۆی زۆرێك لە بەرپرسە باڵاكانی ئەمەریكا نیگەرانی خۆیان نیشاندا بەرامبەر بەو بڕیارەی كەترامپ دای بۆ ڕادەستكردنی شاری عەفرین بە توركیاو هەندێكیان هەر ئیستیقالەیان كردو دەیانگوت ئەوە حەیاچونە بۆ ئەمەریكا كە ئەوان شەڕی داعشیان بۆ ئێمە كردوەو ئێمە تەنها 20 سەربازمان كوژراون بەڵام ئەوان 13 هەزار شەهیدیان بۆ ئێمەداوە.
ئێستا دەبینی بە گشتی بەرپرسانی ئەمەریكاو هەندێك لە سیناتۆرەكان بە ئاشكرا هەڕەشە لە توركیا دەكەن لەسەر كوردو خەریكن حەساریشی بخەنە سەر . دوای ئەوەی سۆڤیەت سوریای چۆڵ كرد فرسەتێكی باشە لەگەڵ ئیسڕائیل ببنە خاوەنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وبۆ سەركەوتنی ئەوكارەیان پێویستیان بەدۆستێكی ستراتیجی هەیە لە ناوچەكەو لە ئێستاشدا هیچ دۆستێك لە كورد باشتر نییە بۆ ئەوان ، بۆیە ئەمەریكا بە هەموو توانەیەكیەوە بەرگری لەكوردانی سوریا دەكات و ئەوەتا بەردەوام چەكیان بۆ دەنێرێت و بەو هۆیەوە سەركەوتنی گەورەیان بەدەست هێناوە .
بەڵام ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین هاوكاری و پشتیوانیەكان بۆ كوردانی سوریا هەر ئەمەریكا نییە بەتەنها . سەیركەن فەڕەنساو ئەڵمانیاو بەریتانیاو ئیتالیاو هۆڵەنداو یۆنانیش بەهەمان شێوە بە گەرمی لەسەر خەتن و داوای مافی كوردان دەكەن . ئەمە مایەی دڵخۆشییە كە لەسەر ئاستێكی باڵای نێودەوڵتی حەزێك هەیە بۆ یارمەتی كورد . ئەوەی مایەی دڵخۆشییە بۆ كورد ئەوەیە گومانی تێدا نابێت كە لەو گۆڕانكاریەی كە بڕیارە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكرێت ، كورد شوێنی هەیە لەو گۆڕانكاریە چونكە كورد وەكو حەلیفێكی ستراتیجی سەیردەكرێت لەلایەن ئەمەریكاو ئیسڕائیل و هاوپەیمانانەوە .دەبێ ئێمە بزانین كە بۆچونی باشی ئیسڕائیل بەرامەبر بەكورد زۆر گرنگە چونكە لۆبی جولەكە كاریگەری ڕاستەو خۆی لەسەر سیاسەتی ئەمەریكا هەیە .
ڕۆلێ كوردانی باشوور دەبێ چی بێت لەم هاوكێشەی گۆڕانكاریانەدا
چۆن دروستبونی هەرێمی كوردستان مایەی خۆشحاڵی بوو بۆ پارچەكانی تری كوردستان ، لە ئێستادا گەیشتنی كوردانی سوریا بە ئامانجەكانی خۆیان ، دەبێتە سەركەوتنێكی گەورە بۆ هەمو كورد . پێ دەچێت ئەوگۆڕانكاریەی كە چاوەڕوان دەكرێت ڕوبدات لەناوچەكە و گەیشتنی كوردانی سوریا بە ئامانجەكانیان زۆر گرنگتر بێت لە پێكهێنانی هەرێمی كوردستانی باشور .
چونكە لە ئێستادا فیدڕاڵیەتی هەرێمی كوردستان تەنها وەكو ناو ماوەو هیچیتر . ئەی كێ ناڵێت لە نەخشەی ئەم گۆرانكاریەدا بیر لەوە نەكراوەتەوە كە كورستانی باشورو ڕۆژئاوا لێك نەدرێن و حكومەتێكی كوردی پێك نەهێنرێت كە سنورەكەی بگاتە سەر دەریاو بەوكارە بۆ هەتا هەتایە ئیسڕائیلیش لە ئەماندا بێت . ئەگەر نەخشەكە بگۆڕێت ، دەوڵەتێكی بچوكی بێ چەكیش بۆ فەلەستینیەكان دروستدەكرێت بەڕابەرایەتی ڕێكخراوی فەتح كە محمود عباس سەرۆكایەتی دەكات بۆ ئەوەی چیتر كەس نان و ماستاو بە كێشەی فەلەستینەوە نەخوات و ئیسڕائیلیش بۆ هەتا هەتایە ڕزگاری دەبێت لە شەڕ .
من خۆم لەسەرچاوەیەكەوە ئەوەم زانیوە كە لە ساڵی 2025 ئەو گڕرانكاریە ڕودەدات و لەمێژە خەریكن نەخشەكەی بۆ دادەڕێژن . من ئەم قسەیە بۆ مێژوو دەكەم و هیوادارم خەونی كوردان بێتە دی. دوای ئەوڕونكردنەوەی سەرەوە ڕوی دەمم دەكەمە زۆر بەڕێزان : كاك مەسعود بارزانی و كاك بافڵ تاڵەبانی كە هەردوكیان كەسی یەكەمی دوو حیزبی سەرەكی ئەم هەرێمەن ودەتوانن بڕیاری گرنگ بدەن . داوایان لێ دەكەم كە هەرچی ناكۆكیان هەیە لەم كاتە هەستیارەدا بیخەنە لاوەو هەرچی زووە حكومەت پێك بهێنن و هێزی پێشمەرگە بكەن بە یەك و چیتر بیر لە وەرگرتنی پالەو پۆست نەكەنەوەو بەرژەوەندی باڵای گەل و نیشتمان بخەنە پێش بەرژەوەندی شەخسی و حیزبیەوەو واز لە دژایەتی یەكتری بهێنن و شەڕی كۆنەقین لەگەڵ یەكتری نەكەن و لەم كاتەدا هەوڵ بدەن هاوكاری كوردانی سوریا بكەن چونكە سەركەوتنی ئەوان سەركەوتنی هەموان دەبێت . خۆ ئەگەر ئامادەش نابن هاوكاریان بكەن ، بیكەن بە خاتری خوێنی شەهیدان و شؤڕشگێڕەكان ڵییان تێك مەدەن و بەربەستیان بۆ دروست مەكەن . بەڕێزان بیر لە خۆتان بكەنەوە كە ئێستا ئەمەریكاو چەندین دەوڵەتی گەورەی جیهان پشتیوانی لە كوردانلا سوریادەكەن و بەرگریان لێ دەكەن ، بەڵام ئێوەی بەناو سەركردەی كورد لە بری یارمەتی دانیان ، دژایەتیان بكەن ؟. باشە ئێوە بە خۆتان دڵێن چی ؟. سیاسەت مەداری كورد ، یان دژ بە كورد . باشە چۆن وەڵامی خەڵك ئەدەنەوە دەبی خەڵك چیتان پێ بڵێت ؟.
بۆ ئەوەی بزانن دڵنیابن ئەگەرنەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆرن و كوردانی سوریا لەو نەخشەیەدا جێگەیان بۆ بكرێتەوە ، دوای ئەوە ئەمەریكا هیچ كارێكی بە یەكێتی و پارتی نامێنێت و كۆتاییشتان پێ دەهێنێت . ئەوە بزانن ئێستا كە هەندێك جار ئەمەریكاو هاو پەیمانان لاتان لێ دەكەنەوە بە هۆی ئەوەیە كە بەتەواوی جێگیر نەبون و هەرێمی كوردستانیان پێویستە وەكو دەروازەیەك بۆ چونە ناو سوریا . كاتێك مەرامەكانیان هاتە دی وپێویستیان بە ئێوە نەما ، ئەوە ئێوەش نامێنن چونكە لەوە تێ گەیشتون كە ئێوە بەكەڵكی هیچ نایەن و سیاسەت نازانن .
ئەو كات بە دووری مەزانن یەكەم هەنگاویان دەست بەسەراگرتن و بلۆك كردنی هەموو ئەو پارانە نەبێت كە چەندین ساڵە بە تاڵان دەیبەن . ئەوانەی پشت بە توركیا دەبەستن وەكو ئەوە وایە گرەو لەسەر ئەسپی دۆڕاو بكەن . دەبێ سەركردەكانی هەرێمی كوردستان بزانن كە چەندین ساڵە خەبات دەكەن و ئەمەریكاو هاوپەیمانان هاوكاری زۆری هەرێمیان كردوە، بەڵام ئەمەریكا هەرگیز ڕۆژێك لە ڕۆژان ئامادە نەبووە بەرپرسێكی باڵای هەرێم ببینێت ، بەڵام سەیركەن چۆن كوردانی سوریا خۆیان كردە جێی موتمانەی ئەمەریكاو ئەوەتا كەسێكی وەكو مەزڵوم عەبدی بانگهێشتی ڕۆژی دەست بەكاربونی ترامپ كراوە لە ئەمەریكا و حسابی وەكو سەركردەیەكی جیهانی بۆ دەكرێت .
جارێكیتر داوا لەهەردوو بەڕیزان دەكەم كە ناكۆكیەكانیان بخەنە لاوەودەست بخەنە ناودەستی یەك لە پێناوی كوردا دوایی پەشیمانی هیچ دادتان نادات و مێژوو ڕوحمتان پێ ناكات . كاتی خۆی كە مامجەلال و كاك مەسعود ماوەیەكی زۆر نێوانیان ناخۆش دەبو ، لە پڕ مامجەلال خۆی دەكرد بەماڵی كاك مەسعودا. ئەوە لە خۆ بچوككردنەوە نەبوو ،ئەوە لە هەستی بەرپرسیاریەتییەوە بوو . ئێستاش ئەگەر كاك بافڵ كارێكی ئاوا بكات یان كاك مەسعود دەست پێشخەری بكات و دەست بۆ كاك بافڵ دێژ بكات ، ئەوە دەبێتە سەروەرییەكی گەورە بۆیان زۆری پێ گەورە دەبن و هەموشمان دڵخۆش دەكەن . چاوەڕوانی هیممەتێكی لەو جۆرەی مامجەلال لە هەردوو بەڕێزەكە دەكەین .